Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
په‌یامه‌ مه‌ترسیداره‌که‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌

په‌یامه‌ مه‌ترسیداره‌که‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌

Closed
by September 21, 2010 سەردەشت عوسمان

سه‌ره‌نجام ڕاپۆرته‌ پڕ درۆو شه‌رمه‌زاریه‌که‌ی “لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌” له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان ڕاگه‌ێندراو له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌. به‌ جیا له‌ درۆو ده‌له‌سه‌ی بێ ماناو سوکایه‌تی کردن به‌ سه‌رده‌شت‌و خێزانه‌که‌ی، هاوکات په‌یامێکی مه‌ترسیداری به‌رامبه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتوه‌.
ئه‌م لیژنه‌یه‌ که‌ به‌ فه‌رمانی مسعود بارزانی پێکهات، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاشکرابوو که‌ ئامانجی شاردنه‌وه‌ی تاوانبارانی ڕاسته‌قینه‌ بووه‌و هه‌وڵ بدات ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ فراوانه‌، که‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاتدارانی هه‌ولێر له‌ دوای تیرۆری ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان هاته‌ مه‌یدان، هێوربکاته‌وه‌. چاوه‌ڕوان ده‌کرا ئه‌م لیژنه‌یه‌ کات بکڕیته‌وه‌‌و به‌ شیوه‌یه‌ک کۆتای پێ بهێنیت، تا له‌ بیر خه‌ڵکی بچێته‌وه‌و هه‌ل‌و مه‌رجه‌که‌ بڕێک بگۆڕێت‌و ئارامی بکاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسی لێوه‌ ده‌که‌ن‌و ڕایانگه‌یاندوه‌، درۆیه‌کی هێنده‌ گه‌وره‌و شاخداره‌وه‌، که‌ پێویست به‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ناکات، به‌ڵکو ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ ڕیسواو ئیدانه‌ بکرێت.
دیاره‌ ناتوانریت هیچ بڕیارێک‌و وته‌یه‌کی لیژنه‌که‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت، چونکه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌م ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌که‌، له‌ لایه‌ن بکر عوسمان (ئارام عه‌لی) برای سه‌رده‌شته‌وه‌، ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر دراو چه‌ندین خاڵی تێیدا به‌ درۆ خرایه‌وه‌. کاتێک که‌ به‌رنامه‌ی درۆهه‌ڵبه‌ستن هاته‌ ناو کاری لیژنه‌که‌وه‌و درۆکان له‌ یه‌که‌م ڕاگه‌یاندنیاندا ده‌رکه‌وت، ناتوانریت هیچ یه‌ک له‌ قسه‌کان‌و لێدوانه‌کانی تری به‌ بێ نیشانه‌ی پرسیارێکی گه‌وره‌ مامه‌ڵه‌ بکرێت.
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆشنبوو که‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ کار بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی سه‌رده‌شت ناکات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شاردنه‌وه‌ی تاوانباره‌ ڕاسته‌قینه‌کان ئه‌و ئامانجه‌بوو‌ که‌ بۆی پێکهێنرا‌. ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌شیان، که‌ ‌هێنده‌‌ لاواز‌و پڕ له‌ درۆیه‌‌، له‌‌ که‌م تواناییانه‌وه‌ نییه‌، له‌ بێ ئاگایی‌و ساویلکه‌ییانه‌وه‌ نییه‌. بێ گومانم له‌وه‌ی که‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ ده‌یتوانی به‌ چه‌ندین ڕێگه‌ی گونجاوتر هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی تاوانباران بدات‌و بابه‌ته‌که‌ له‌ خه‌ڵکی بگۆڕێت‌، به‌ڵام زۆر ئاگاهانه‌ ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی تریان هه‌ڵبژارد، تا ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو ده‌نگێکی ناڕازی بکه‌ن!
تۆمه‌تی تێکه‌ڵبوون به‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ده‌ده‌نه‌ پاڵ ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه‌و هه‌ر ئه‌و ڕێکخراوه‌ش ده‌که‌نه‌ تاوانبار. ئه‌مه‌ مانای وایه‌ که‌ تازه‌ ده‌سه‌ڵات هیچ باکێکی به‌وه‌ نه‌ماوه‌ که‌ خه‌ڵکی چی پێ ده‌ڵێت‌و چۆن ته‌ماشای ده‌کات. ئامانجدارانه‌ درۆیه‌ک ده‌کات، که‌ ده‌زانێت نابێته‌ جیگه‌ی باوه‌ڕ‌، تا هه‌ڕه‌شه‌ بکات‌و ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێت: “ده‌توانم هه‌موو کارێک بکه‌م‌و هه‌موو تاوانێکیشت بخه‌مه‌ پاڵ.”
ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی پارتی له‌ ڕێگه‌ی ڕاپۆرتی “لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌”وه‌ له‌ درێژه‌ی ئه‌و زنجیره‌ کارانه‌یه‌ که‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌رامبه‌ر به‌ ده‌نگی ئازاد‌و ناڕازی‌و ڕۆژنامه‌نووسان‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان ده‌ستیداوه‌تێ‌. ده‌یه‌وێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی به‌رامبه‌ری‌ سووربوونی خۆی له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی پیشان بدات‌و دڵنیامان بکاته‌وه‌، که‌ هه‌موو کارێکی له‌ ده‌ست دێت‌و ده‌شیکات.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ زۆر ئاگاهانه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر ده‌ڵێن، که‌ ئێمه‌ ڕێگر نابین‌و به‌رپرس نین له‌و کاره‌ تیرۆرانه‌ی که‌ ئه‌نسار ئیسلام به‌رامبه‌ر هاولاتیان‌و به‌ تایبه‌تی ده‌نگی ناڕازی ده‌یکات. ئه‌نسار ئیسلام ده‌توانێت به‌ به‌رچاوی پۆلیس‌و هێزه‌کانی زێره‌ڤانی له‌ نێو جه‌رگه‌ی شارو له‌ به‌رده‌م زانکۆ ڕۆژنامه‌نووس بفڕێنێت‌و به‌ بازگه‌کاندا ده‌ریپه‌ڕێنێت، ئێمه‌ش دوای چه‌ندین مانگ له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌که‌وه‌، که‌ ئه‌گه‌ر بارزانی فه‌رمانی دروستکردنی بدات، ڕایده‌گه‌ێنین.
ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی پارتی زۆر مه‌ترسیداره‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا‌و ئازادیخوازان. ئه‌م هه‌وڵی سه‌رکوتکردنی ده‌نگی ئازاده‌ ده‌بێت هه‌ر زوو له‌ جێگه‌ی خۆی دابنرێته‌وه‌و له‌ لایه‌ن ئازادیخوازانه‌وه‌ پوچه‌ڵ بکرێته‌وه‌. ئه‌م سوکایه‌تیانه‌ی پارتی ده‌بێت کۆتاییان پێ بهێنرێت‌و بێ مه‌ترسی بکرێته‌وه‌!

16.9.2010
bnarmustafa@yahoo.co.uk

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.