من پێت ده‌ڵێم پارتی چی بکات باشه!
1. پارتی که ره‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێ ده‌بی مه‌ردانه ره‌فتار بکات نه‌ک ته‌ڕو وشک به‌یه‌که‌وه بسووتێنی، چونکه هیچ شتێ به‌قه‌ده‌ر ڕه‌خنه خزمه‌تی حیزب ناکات. که‌چی پارتی که‌ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێ جارێ به‌ر له‌هه‌موو شتێ ئینکاری ده‌کات و ره‌خنه‌که پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه، که نه‌یتوانی ئینجا ده‌ڵێ ده‌ستێک له پشت ئه‌وڕه‌خنانه‌وه‌یه، که زانی هه‌ر وایه ئینجا ده‌که‌وێته وه‌ڵام دانه‌وه‌و په‌رده پۆش کردنی به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه زۆر جار له‌به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کدا چه‌ندین ته‌سریحی جۆراو جۆر‌و دژ به‌یه‌ک له میدیاکانی پارتیه‌وه به‌رچاو ده‌که‌وێ.
2. پارتی باخۆی به‌مه هه‌ڵنه‌كێشێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی درێژه ئیتر هه‌ڵه ناکات و له‌به‌ر ته‌مه‌ن درێژی نابێ ره‌خنه‌ی لێبگیرێ ، مرۆڤ له‌ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییدا ئه‌قڵ و حیکمه‌ت په‌یدا ده‌کات و گه‌وره‌ترین حیکمه‌تیش ئه‌وه‌یه که له چڵه‌پۆپه‌ی گه‌وره‌ییدا خۆت پێ گه‌وره نه‌بیت و خۆت به‌ته‌مه‌نی خۆت هه‌ڵنه‌کێشی. که‌چی پارتی هه‌میشه خۆی به ته‌مه‌نه‌که‌ی هه‌ڵده‌کێشێ و هیچ کارێکی خۆیشی پێ هه‌ڵه نیه و له جیاتی دان پیانان و به‌خۆدا چوونه‌وه هه‌میشه پاکانه بۆ هه‌ڵه‌کانی خۆی ده‌کات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌کی ئه‌خلاقی بۆ سه‌ر جه‌ماوه‌ر دروست کردووه که جیاوازی له‌نێوان هه‌ڵه‌و راستیدا نه‌کات.
3. پارتی نابێ هێنده منه‌ت به‌سه‌رخه‌ڵکدا بکات و هه‌ر کارێکیان بۆ بکات وه‌کو خێر‌و سه‌ده‌قه له‌سه‌ریان حیساب بکات، یان میلله‌ت به کۆیله بزانێ و به‌جۆرێک له ملکه‌چ کردن زیاتر هیچیان پێ ره‌وا نه‌بینێ. که‌چی پارتی له‌کاتی بچووکترین ره‌خنه‌ی خه‌ڵک یه‌کسه‌رله راگه‌یاندنه‌کانی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی کوردستان و مه‌عاش و راتبی خه‌ڵک به چاوی میلله‌ت دائه‌داته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌رجیانه له گیرفان و خه‌زێنه‌ی خۆیان ده‌ر چووبن، خۆ ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایه، ئه‌و پاره‌یه هه‌مووی پاره‌ی خه‌لکی کوردستانه و منه‌تی هیچ که‌سی له‌سه‌ر نیه که له‌دوای روخانی رژێم به‌ر کوردستان ده‌که‌وێ، ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانه‌بێ بۆچی له نه‌وه‌ده‌کان که خه‌ڵک له‌برسان ده‌یان ناڵاند و ده‌سکه‌وتی برایم خه‌لیل چی له ئێستا که‌متر نه‌بوو، به‌و پاره‌یه کوردستانی ئاوه‌دان نه‌ده‌کرده‌وه؟
4. پێویسته دروشم و کرده‌وه‌کانی پارتی وه‌کو یه‌ک بن ئه‌و به‌ڵێن و قسانه‌ی به خه‌ڵکی ده‌دات له‌سه‌ر ئه رزو به کرده‌وه‌ش جێبه‌جێیان بکات ئه‌گه‌رنا ده‌که‌وێته به‌ر ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵک. که‌چی ئه‌و ساڵه سه‌رۆک بارزانی له‌سه‌ر ته‌له فزیۆن و له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر به رۆژنامه نووسانی وت ئه‌توانن به‌بێ ترس ره‌خنه له منیش بگرن، هه‌ر بۆ به‌یانی رۆژنامه نووسیکی پارتی خۆشباوه‌ڕ ره‌خنه‌یه‌کی بۆ نووسی یه‌کسه‌ر ویستیان نانبڕاوی بکه‌ن بۆیه ناچاریان کرد داوای لێ بووردن بکات. دیاره ئه‌ندامان و لێپرسراوانی پارتی له م وه‌زعه گه‌یشتوون بۆیه هیچ که‌سێ له‌ناو پارتی ناوێرێ ره‌خنه له‌پارتی بگرێ ئه‌گینا تڕ‌ۆ ده‌کرێ، خورشید شیره ئه‌و پیاوه تێکۆشه‌رو قاره‌مانه بوو له‌سه‌ر ره‌خنه‌یه‌کی حه‌قگۆیانه وه‌خت بوو ریسوای بکه‌ن ،ئێستاش له تۆڵه‌ی ئه‌و ره‌خنه‌یه رزگاری نه‌بووه. که‌س ناوێرێ ره‌خنه‌یه‌ک بگرێ که یه‌ک تۆزقاڵ له بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رۆک جیاواز بێت، بۆیه ئه‌ندامانی خودی حیزب دێن به ناوی خوازراوه‌وه ره‌خنه له حیزب ده‌گرن!!!!!!!
5. پێویسته پارتی خۆی به موقه‌دده‌س نه‌زانێ و ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ش له ناو فه‌رهه‌نگی خۆیدا بسڕێته‌وه، که‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا باوی شتی وه‌ها ماوه؟، هه‌موو شتێ جێگه‌ی ره‌خنه لێ گرتن و پێداچوونه‌وه‌یه مادام له دروست کردنی مرۆڤه. سه‌یری حیزب و سه‌رۆکه گه‌وره‌کانی جیهان بکه‌ن هه‌ر له لینکۆلن وغاندی و عه‌بدولناسر و هێلمۆت کۆل و ماندێلا کاری زۆر گه‌وره‌یان بۆ وڵاته‌کانی خۆیان کردووه که‌چی هه‌رگیز خۆیان به موقه‌دده‌س دانه‌ناوه ته‌نانه‌ت ئێستاش ره‌خنه‌یان لێ ده‌گیری و به‌م ره‌خنانه سووک نابن.بڵێی ئێمه له‌وان گرنگتر بین و ده‌سکه‌وتی له‌هی ئه‌وان گه‌وره‌ترمان بۆ نه‌ته‌وه‌ی خۆمان به ده‌ست هێنابێ تا میلله‌ت پێویست بێ ته‌قدیسمان بکات؟ ته‌نها رژیمه دیکتاتۆریه‌کان میلله‌ت ناچار ده‌که‌ن ئه‌م ده‌سته‌واژانه به‌کار بهێنن. فه‌ڕه‌نسۆ حه‌ریری ده‌یوت ئێمه قه‌بول ناکه‌ین سه‌رۆکمان ببێته سه‌رۆک په‌ڕله‌مان ئه‌مه له قودسیه‌تی ئه‌و که‌م ئه‌کاته‌وه!!!!.
6. پارتی ده‌بێت حیزبێکی شه‌فاف بێت، چونکه هه‌میشه نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت پرسیاری گه‌وره ده‌ورووژێنی، .که‌چی پارتی خۆی له‌ناو بوخچه‌یه‌کی داخراو حه‌شارداوه هیچ که‌سێ له پارتی و سیاسه‌تی پارتی تێناگات، هیچ ئه‌ندامێکی حیزب نازانێ له‌سه‌ره‌وه چی هه‌یه‌و چی ده‌کرێ چ جای جه‌ماوه‌ری بێ ده‌ره‌تان. ده ساڵ زیاتر سامانی. ئیبراهیم خه‌لیل بوه مه‌ته‌ڵ ئیستاش که‌س هیچ له‌و مه‌سه‌له‌یه حاڵی نه‌بوو، ئێستاش خه‌ڵکی تێناگه‌ن بۆچی شێخ زاناناو جه‌ماعه‌ته‌که‌ی هێنده به نهێنی موحاکه‌مه کران و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چۆن بوو کێی له پشته‌وه‌بوو ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ پارتی هیچی بۆ خه‌ڵک روون نه‌کرده‌وه، له‌م رۆژانه که مه‌سه‌له‌ی قاجاغی نه‌وت هاته گۆڕێ ئاشتی هه‌ورامی شتێکی ده‌وت ورۆژ نووری شاوێس شتێکی تری ده‌وت ومیدیاکانی پارتی شتێکی تر، پارتی له جیاتی وه‌ڵامێکی مه‌عقول به‌رامبه‌ر به‌م مه‌سه‌له‌یه شکاتی تۆمار ده‌کرد جاریکی تر مه‌سه‌له‌که‌ی زیاد له پێویست گه‌وره کرد و هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ش هه‌ر به زه‌ره‌ری خۆی ته‌واو بوو!!!!
7. پارتی ده‌بێ رێز له میلله‌تی خۆی بگرێ، هه‌میشه ئه‌وه بزانێ که ئه‌و پله‌و پایه‌ی هه‌یه‌تی شتێک نیه به دیاری له لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ یان له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ورووپاو ئه‌مریکا پێی به‌خشرابێ به‌ڵکو ده‌بێ بزانێ ئه‌وه میلله‌تی کورده ئه‌ویان له‌و پایه‌ی ده‌سه‌ڵاته داناوه، هیچ شتێ نه‌کات به‌بێ پرسی خه‌ڵک چونکه ئه‌و ئه‌مرۆ له چاره‌نووسی ئه‌و خه‌ڵکه به‌ر پرسیاره که‌چی به‌داخه‌وه هه‌زاران نامه‌و نووسین و ره‌خنه و وتار له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه لای پارتی یه‌ک پولی قه‌ڵپ ناهێنێ و هه‌مووی ده‌چنه ناو ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه، هه‌موو هاتنه سه‌ر شه‌قامێکیش که ره‌خنه له‌و بگرێ ئه‌وه به فیتی دوژمنان و ناحه‌زانی خۆی لێک ده‌داته‌وه، به‌ڵام نووسینی وتارێک ره‌خنه‌یه‌ک له‌ڕۆژنامه‌یه‌کی بیانی، یان لێپرسینه‌وه‌وی دیپلۆماتێکی بیانی کێج ده‌خاته که‌وڵیه‌وه، بۆ نموونه هه‌تا رۆژنامه‌کانی ئه‌مریکا و جیهان باسی مه‌سه‌له‌ی که‌مالی سه‌ید قادر و نه‌وتی قاچاغ و سه‌رده‌شت عوسمانیان نه‌ورووژاند پارتی هیچ وه‌ڵامێکی نه‌بوو که وه‌ڵامیشی هه‌بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ل دوژمنی خوێن خۆری خۆی بکات وا هه‌ڵسوو که‌وتی ده‌کرد بێ ئه‌وه‌ی حسابێک بۆ ئه‌وه بکات که ئه‌وانه رۆڵه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیین مافیان هه‌یه به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕه‌خنه بگرن و هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌زمانێکی ئه‌و په‌ڕی زبریش بێ. ئێستاش که له‌مه‌سه‌له‌ی ناره‌زایی خه‌ڵک دژی سیناریۆکه‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌رده‌شت بێ ده‌نگه له به‌ر ئه‌وه‌یه هێشتا رۆژنامه بیانیه‌کان باسیان نه‌کردووه.!!!!
8. پارتی ده‌بێت پێره‌وی له بنه‌ماکانی حیزبی بکات چونکه. جه‌ماوه‌ری کورد به ئه‌ندامانی پارتی خۆیشه‌وه تا ده‌گاته کاک سه‌رباز هه‌تا ئێستاش له‌وه حاڵی نابن ده‌سه‌ڵاتی پارتی له لایه‌ن حیزبه‌وه ئاراسته ده‌کرێت یان له لایه‌ن عه‌شیره‌ت و خانه‌واده‌ی سه‌رۆکه‌وه.؟ که‌س نازانێ سنووره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی مه‌کته‌بی سیاسی و ناوه‌ندی رێکخستن چین؟ که‌س نازانێ سنووره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی تا ئه‌ندام لق و ناوچه‌کان چین؟ سه‌دان که‌س هه‌ن له‌ناو پارتی ده‌سڵاتداریشن که‌چی وه‌ک حیزب پارتی نین. ته‌نها ئه‌وه‌ن له سه‌رۆک یان له خانه‌واده‌که‌ی نزیکن. که‌واته به‌داخه‌وه له ناو پارتی پله‌ی نزیکیت له خانه‌واده ی سه‌رۆک سنووری ده‌سه‌ڵاتت دیاری ده‌کات، ئه‌مه‌ش وای کردووه ئه‌ندامانی پارتی هیچ غه‌م و کێشه‌یه‌کی تریان نه‌بێ له‌وه‌ی زیاتر به هه‌ر نرخ و شێوه‌یه‌ک بێت خۆیان له خانه‌واده‌ی سه‌رۆک نزیک بکه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر بێت، له‌مه‌وه ڕێگه‌ی ماستاو چیه‌تی و جۆره‌ها شێوازی تر ده‌گیرێته به‌ر، ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌م رێگایانه ده‌یانگه‌یه‌نێته مه‌رام!! بۆیه که کێشه‌یه‌کی وه‌ک سه‌رده‌شت عوسمان یان قانیعی فه‌رد دێته پێشه‌وه وه‌ک بڵێ خوا موناسه‌به‌یه‌کی نارد تا بیقۆزنه‌وه‌و به دڵی سه‌رکردایه‌تی شت بنووسن تا خۆیان له بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک نزیک بکه‌نه‌وه.
9. پارتی نابێ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانی حیزب بدات به ئه‌ندامانی خانه‌واده‌که‌ی. ده‌بێ شه‌رعیه‌تی خه‌بات له‌پێش په‌یوه‌ندی خێزانیه‌وه بێت. که‌چی له واقیعدا ته‌واو پێچه‌وانه‌یه سه‌یر ده‌که‌ین ده‌سه‌ڵاته ستراتیجیه‌کان هه‌مووی له ده‌ست ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ن و که‌سێک نادۆزیته‌وه به پێی ئیستیحقاقی خه‌بات له‌و ده‌سه‌ڵاته ستراتیجیانه‌دابێت. هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم ده‌سه‌ڵاتی بریار دانه نه‌ک ده‌سه‌ڵاتی کارتۆنی، ئه‌گه‌رنا ده‌بێ پپرسین عه‌لی عه‌بدوڵلا و مه‌لا موحه‌مه‌د و خورشید شێره و جه‌وهه‌ر نامیق و بارزانی مه‌لا خالید و زۆری تر به هه‌موو ویژدانێکه‌وه له کوێن؟ ئه‌وکاته‌ی ئه‌مانه پێشمه‌رگه بوون و خه‌باتیان ده‌کرد که‌سانێکی وه‌کو کاک نێچیر و مه‌سرور له‌کوێ بوون؟ ئه‌وه‌ی سه‌یره بچووکترین که‌سێک له ناو خانه‌واده‌ی سه‌رۆک ده‌سه‌ڵات و قسه‌ی زیاتر ده‌ڕوات له کۆنترین ئه‌ندامی پارتی که هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له ناو ئه‌و حیزبه به‌سه‌ر بردووه. ئه‌وحاڵه‌ته‌ش جۆره ئیزدیواجیه‌تێکی له ناو ئه‌ندامانی حیزب دروست کردووه، له‌سه‌ره‌وه دیفاع له پارتی ده‌که‌ن و له ژێره‌وه‌ش له‌ملاو له‌ولا شیر‌و تیر له حیزب ده‌سوون. ئه‌و ماڵپه‌ڕو ڕۆژنامانه‌ی دژی پارتی ده‌نووسن ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆریان ئه‌ندامه‌کانی خۆیانن که ئه‌وه‌ی نا‌وێرن به ئاشکرا ده‌ری بڕن به ناوی خوازراوه‌وه ده‌ینووسن، ئه‌گینا ئه‌و هه‌موو نهێنیانه له کوێ ده‌که‌ونه ناوخه‌ڵکه‌وه که ئه‌گه‌ر له‌سه‌دا 99 ی درۆ بێت و ته‌نها له‌سه‌دا یه‌کیشی راست بێ یه‌کجار یه‌کجار زۆره بۆ خانه‌واده‌یه‌ک که خۆی به خاوه‌ن نیوقه‌ڕن خه‌بات و خۆی به ره‌مزی نه‌ته‌وه‌و به موقه‌دده‌س بزانێ.
10. پارتی ده‌بێ جیاوازی بکات له‌نێوان خه‌ڵکی خائینی نه‌ته‌وه فرۆش و خه‌ڵکی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر. به‌ڵام به‌داخه‌وه زه‌لامێک چونکه هێزو عه‌شیره‌تێکی له‌پشته چش له‌وه‌ی دوێنێ خیانه‌تی له‌و نه‌ته‌ویه کردووه و کوری کوردی به ئیعدام کردن داوه و ئه‌نفالچی بووه،ئه‌و که‌سه لای پارتی زۆر جێگه‌ی رێز‌و ئیحتیرامه، ده سه‌ڵات و پاره‌و دیوه‌خانی ده‌داتێ. ئه‌مه‌ش بارێکی ده‌روونی خراپی لای ئه‌ندامانی پارتی په‌یدا کردووه، که نازانن پێوانه‌ی کورد په‌روه‌ری چیه لای حیزب، ئایا خه‌بات و قوربانیدانه یان خیانه‌ت و خۆفرۆشیه. هه‌وه‌ها پرسیارێکی تر که هیچ که‌س له ئه‌ندامانی حیزب نازانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه ئایا ئێمه له پێناو حیزب خه‌بات ده‌که‌ین یان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی ؟، ئه‌گه‌ر له‌پێناو کوردستان خه‌بات ده‌که‌ین ئه‌و هه‌نگاوه‌ی 31ی ئاب له کوێی خزمه‌ت کردن بوو به کورد و کوردستان؟ ئایا ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی بوو که هه‌رگیز هه‌رگیز نه‌ده‌بوایه بکرێ یان ئه‌وه کارێکی کوردپه‌روه‌رانه بوو که ئێمه لێی تێناگه‌ین؟
11. پارتی نابێ له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵک هینده به غه‌شیم و نه‌خوێنده‌وار بزانێ که هه‌رچیه‌کی گوت بۆ په‌رده پۆش کردنی هه‌ڵه‌کانی پێی باوه‌ر بکرێ، ئه‌م حاڵه‌ته میسداقیه‌تی حیزب لای خۆیی و ئه‌ندامه‌کانی له‌ده‌ست ده‌دا، ده‌بێ پارتی له ئه‌نجامی نیوسه‌ده ئه‌زموونی خۆی ده‌رک به‌م ڕاستیه بکات، که‌چی ئه‌مه له پارتی نابینرێ، باشترین به‌ڵگه‌ش ڕاگه‌یاندنی لیژنه ی لیکۆڵینه‌وه بوو له شه‌هیدکردنی سه‌رده‌شت عوسمان. ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه له شه‌هیدکردنی سه‌رده‌شت عوسمان سیناریۆیه‌کی هێنده لاوازه، وه‌ک بڵێی پارتی هه‌موو خه‌ڵکی پێ گه‌وج و حه‌پۆله، ئه‌گینا منداڵیش باوه‌ڕ به‌م ده‌ر ئه‌نجامه ناکات.
12. پارتی ده‌بێ حیزبێکی دیموکراتی بێت. به‌و مانایه‌ی باوه‌ڕی به وه هه‌بێت ئه‌مرۆ له‌ناو ده‌سه‌ڵاته‌و به‌یانی له‌ده‌ره‌وه‌یه‌تی. ده‌بێ دیموکراتیه‌ت له‌ناو خودی خۆی وه‌کو حیزب و له‌مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی تر په‌یڕه‌و بکات. بانه‌وترێ پارتی له هه‌موو حیزبێک زیاتر هه‌ڵگری ناوی دیموکراتیه‌و له‌هه‌موویان زیاتر باوه‌ڕی پێی نیه. سه‌د کۆنگره ببه‌سترێ هه‌ر ئه‌ندامانی خانه‌واده سه‌رۆکن، له کوردستانیش ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رکه‌وتنیان به ده‌ست هێنا ئه‌وه هه‌ڵبژاردنه‌که شه‌فاف و بێ که‌م و کووڕیه به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتنه‌که به‌دڵی خۆیان نه‌بوو ئه‌وا ده‌بێ بڵێن ته‌زویری تێدا کراوه.
13. ده‌بێ پارتی به ئایدیۆلۆژیای کۆن کار نه‌کات که له‌و سه‌رده‌مه جێگه‌ی نابێته‌وه، پارتی نابێ چاو له میرو حاکمه عه‌شایه‌ریه‌کانی وڵاتانی که‌نداو بکات، ئه‌وانه له‌به‌رده‌م دونیای پێشکه‌وتندا ئاینده‌یان نیه و وه‌ها بۆیان ناچێته سه‌ر. نابێ به ده‌سته‌واژه‌ی وه‌کوو (ئاشی نه‌زان خوا ده‌یگێڕێ )، یان( میلله‌ت برسی بکه تا چاوی له‌ده‌ستت بێ) یان (حیزبی قائید) و ده‌یان ده‌سته‌واژه‌ی بێ ناوه‌رۆکی ناو دیوه‌خانان دوور که‌وێته‌وه، ئه‌م سه‌رده‌مه نه ساڵانی شه‌سته‌و نه ساڵانی شۆرشی 74 . به‌رده‌وامی به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژانه بوونه‌ته مایه‌ی گاڵته‌جاڕی له‌لایه‌ن خودی ئه‌ندامانی حیزب که له‌به‌رامبه‌ردا ده‌یان ده‌سته‌واژه‌ی وه‌کوو( په‌نده‌کانی گ.. شۆڕی ئه‌یلول)و هتد.. یان دروست کردووه.
14. پارتی ده‌بێ هه‌وڵ بدات به ئاسانی له لایه‌ن ئه‌ندامه‌کانی خۆیه‌وه کڵاوی نه‌نرێته سه‌ر، وه ئه‌و ئه‌ندامانه له خۆی دوور بخاته‌وه که هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌ده‌ن دوژمنی بۆ په‌یدابکه‌ن وکێشه‌کانی لێ گه‌وره‌تر بکه‌ن له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌کانی تر. چونکه ئه‌و جۆره که‌سانه ته‌نها له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه کاری وه‌ها ده‌که‌ن. بۆ نموونه که کێشه‌و ئاریشه‌یه‌ک په‌یدا ده‌بێ ئه‌و که‌سانه هه‌وڵ ناده‌ن هێمن و ئاشتی خوازانه و به گێانی لێبورده‌یی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی حیزب هان بده‌ن تا وتاری هێمن و ئاقڵمه‌ندانه‌ی هه‌بێ، به‌ڵکو هه‌میشه دێن نه‌وت به ئاگره‌که‌دا ده‌که‌ن، که کێشه‌یه‌کی وه‌کو قانیعی فه‌رد، یان سه‌رده‌شت عوسمان یان که‌مالی سه‌ید قادر یان نه‌وتی قاچاغ، دێته گۆڕێ له ئاسمانه‌وه ده‌یقۆزنه‌وه، که خیلافێک له نێوان پارتی و لایه‌نێک دێته گۆڕێ یه‌ک که‌سی به ویژدان له نێو پارتیدا نادۆزیته‌وه قسه‌یه‌کی خێر بکات به‌ڵکو هه‌تا دێت ئاگره‌که خۆشتر ده‌کات، ئامانجی ئه‌و که‌سانه‌ش له‌مه‌دا دیفاع کردن نیه له پارتی به‌ڵکو خۆ خۆشه‌ویست کردن و خۆ بردنه پیشه‌وه‌یه‌تی، سه‌ر ئه‌نجامیش ئه‌و که‌سانه پارتی به ئاڕاسته‌یه‌کی خراپ‌دا ده‌به‌ن و دوژمنی زیاتری بۆ دروست ده‌که‌ن.
ئاراس ئه‌نوه‌ر ره‌شید
arasanwar@rocketmail.com