سەرۆک و ئازادی .!
ئازادی بۆ هەمیشە لە بیر ناچێت . . ناخنکێنرێت .. وون نابێت.. بۆ هەتایە دیل ناکرێت ..!! وە ئازادی هەرگیز نامرێت و ناکوژرێت .. گەر ئازادی کوژرا ، ئەوا مرٶڤیش لەگەڵیدا دەکوژڕیت ..! چونکە ئازادی سیفەتی سروشتی مرۆڤە..!! وە مەرگ و کوشتن هەر چەند دژ بە بونی مرۆڤن و دەتوانن جەستەی زیندوو و هۆش و هەست و ئیرادە لە مرۆڤەکان وەربگرنەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئازادی لە هۆش و هەستی زیندووەکاندا بوەستێنن..!
تا ئێستا لە وڵاتی ئێمە وشە بە وشەی رۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان بە دەنگ و وێنە و نوسینەوە پێش بڵاو بونەوەیان دەبێت بە پشکنین و سانسۆر و فیلتەری بێ ڕەحمی یاسا هەمەجی و هەڕەمیەکیەکانی ئەم دەستەڵاتە بێ مەعریفەدا تێپەڕ ببێت..! دەبێت نوسینی نوسەرە ئازاد و سەربەخۆکان بە بەرچاوی زەق و پێوانەی هێڵی سور و عەقڵی بێ لۆژیکی سەرۆکدا تێپەڕ ببێت ..! گەرنوسینەکان ڕەخنە و ناڕەزایەتی تێدا بێت و پێچەوانەی خواستی نا عەدالەتی سەرۆک بێت ، ئەوا سەرۆک بە یارمەتی مەلاکانی غەزەب بە سەر وشەو ڵاپەڕەی ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا دەبارێنن و فتوای نەفی کردنی یەکە بە یەکەی نوسەرانی دەردەکەن ..وە بڕیاری دەرکردنە دەرەوەی وڵاتیان بۆ دەر دەکەن .. ئەگەر لە وڵات دەرنەچن ئەوا هەر خۆیان سەرنگومیان دەکەن و دەبێت لە شارێکی دی جەستەیان بە کوژراوی بهێنینەوە .
لە سایەی سەرۆکی وڵاتی ئێمەدا گەر وتە بە وتە و شیعار بە شیعار و خەیاڵ بە خەیاڵی بیر و دیدی هەر نوسەر و ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ، لەو وڵاتەی ئەو سەرۆکایەتی دەکات گەر وەک بیر و دیدی خۆی نەبێت .. جیاواز بێت و خوا نەخواستە دژی خەیاڵی بێ خەیاڵی سەرۆک بێت …. !! ئەوا بە زەبری چەک و شمشێر هەموو خەیاڵێکی جیاواز سەردەبڕێت و دەیکاتە یەک خەیاڵ .. خەیاڵێکی بۆش کە هیچ ڕۆشنایی و ئومێد و ئازادیەکی بۆ هاوڵاتیان تێدا نەبێت !
سەرۆکی وڵاتی ئێمە ، گەر هەموو لە گەڵیدا نەڵێین (بەڵێ) و نەڵێین (نا) وە هەموو لە گەڵیدا پێ نەکەنین و نەگرین .. ئەوا لە قاقای پێکەنیندا دەمانخاتە پرمەی گریان ..!! وە لە گریان و شیوەنی ئێمەشدا ئەو لە گەڵ مەیمونەکانیدا لە خۆشیدا قاقای پێکەنین لێ دەدا..! وە گەرخوێنمان .. گیان و ژیانمان.. لە پێناوی پیرۆزی جیهاد و دەستەڵاتی گەندەڵ و نایەکسانی سەرۆک و دەستەڵاتەکەیدا نەبێت ئەوا خوێن و گیان و ژیانمان بە زوویی بە نهێنی لە تاریکیدا لێ دەستێنێت و بە ڕێگای چاو سورکرنەوە و پیشاندانی وێنەی کوشتنی کوژراوەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی دەستی خۆی .. بە زۆر و زۆرداری ..بەڵێمان پێ دەکات بە(نا) وە (نامان) پێ دەکات بە بەڵێ!!!
لە وڵاتی ئێمەدا، سەرۆک بە ئارەزووی خۆی بە هەڵبژاردەی خۆی بە زەبر و جەبەڕوتی خۆی .. وە تەنها بە بڕیار و ویستی هەوەسی نامرۆڤانەی خۆی .. بۆ خۆشی و بەختەوەری خۆیی و بنەماڵەکەی هەوڵ دەدات چۆنیەتی ژیان و گوێڕایەڵی وسوجدە بردن و ماوەی تەمەنمان بۆ دیاری بکات و مەرگ و زیندووبونمان لە دەستی خۆی بنێت..!!!
سەرۆکە بە خوێن پێ گەیشتووەکانی دەستەڵاتی وڵاتی ئێمە کە بەردوام بە بینینی خوێن و کوشتنی هاوڵاتییەکانیان شاگەشکە دەبن .. هەرگیز ناتوانن عەدالەت و دیموکراتی و ئینسانی بن، وەسیفاتی خوێن ڕشتنی ئەم جۆرە سەرۆکانە ئەوە دەسەلمێنیت کە مۆراڵ و نۆرمی شەڕ و ئاشتییان هەر بە سەرکوت و کوشتن و خوێن ڕشتنی هاوڵاتیانی بێ تاوان، بەردەوام پێ بدەن..!
بەڵێ ئەم جۆرە سەرۆکانە بروایان بە دیموکراتی خوێناوی و ئازادی بە خوێن سورکراو و یاسای بێ مافیی مرۆڤ و نا ئارامی و ئاژاوەو نا ئەمنیەت هەیە ..!! چوونکە ئەمانە هەروەک مافیاو قاچاخچیەکان تەنها لەم ساتە شێواوەنەدا دەتوانن ببزوێن و گەشە بکەن و گەورە ببن و پلانی قازانج و دزی و گەندەڵییەکانیان بشارنەوە.
کەواتە لە هەر وڵاتێکدا خوین پێوەری ئازادی و دیموکراتی و بەڕێوە بردن و دەستەڵات گۆڕین بێت ، ئەوا ئازادی و داهێنان و پێشکەوتن و مەدەنیەت و مافی مرۆڤ و بەها مرۆیییەکان هەر بە زیندوویی لە ساتی لە دایکبونیدا .. پێش ئەوەی بێتە دەنگ و زمان بگرێت ، لە بار دەبرێت..!
سەرۆک ومەلاکان دەیانەوێت لەڕێگای سەرکوت کردن و بێدەنگ کردنی ڕۆژنامە و نوسەرە ئازادەکانەوە، حەقیقەت داگیر بکەن و حەقیقەتی نا حەقیقی خۆیان بە نا حەقی بە سەر خەڵکی بێ ماف و خاوەن حەقی کوردوستاندا تەحقیق بکەن .. بەڵام ئەم سەرۆک و مەلانە گەر زەڕەیەک ئاگایان لە مێژوو پڕۆسەی گەشەی عیلم و مەعریفە بێت و ئاگایان لە عەقڵی کۆنی ئایین و کەنیسەکان و دەستەڵاتی نازیەکان و بەعسیەکان بێت ، ئەو کات تێ دەگەن لە گەڵ ئەوەی گالیلۆ و ئەرستۆ و ڤۆلتێریان کوشت و سوتان و دەرمان خوارد کرد، کێ حەقیقەتی بردەوە و سەلماند؟! ئەوان بون یان قەشە نێرباز و منداڵبازەکانی مێژوو و ئێستای ئەورپا؟! لە هەمان کاتیشدا گەر ئاوڕێکی کورت لە مێژوو بدەنەوە و بزانن دەستەڵاتی ڕەهای هیتلەری نازیەکان و صدامی فاشیەکان بە کوێ گەیشت و ئەم دوو مرۆڤە دڕندەیە چیان بە سەرهات؟! لەم کاتەدا تێ دەگەن کە حەقیقەت لە ئەسڵدا بە ناوی کەسەوە نییە و کەس خاوەنی ئەبەدی حەقیقەت نییە..!! بەڵکو تەنها مرۆڤایەتی و پڕۆسەی ژیانی مرۆڤەکان خاوەنی حەقیقەتن..!! وەبەدەستهێنان و دۆزینەوەی ڕێگای ئازادی و حەقیقەتیش لە لایەن ئەو مرۆڤانەوە دەبێت ، کە دەیانەوێت بەهای مرۆڤ و ژیانێکی بەهادار بۆ مرۆڤایەتی بەدی بهێنن ..!!
بەڵێ سەرۆکی دەستەڵاتی ئێستای ئەم کوردوستانە، دەیەوێت ببێت بە دەزگای پشکنین و کۆنترۆڕۆڵ و فیلتەری دەروازەی ئەو ڕێگایانەی کە ڕووناکی مۆمی ئازادیان لێوە دەردەکەوێت و ئازادیان لێوە دیارە.. !! یان دەیەوێت لە سەر ڕێگاکانی ئازادی ببێت بە پاسەوان و مینی نهێنی و ئاشکرا بچێنێت، بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت هێڵە سورەکان بۆ بەدەستهێنانی حەقیقەت و ئازادی ببەزێنێت …!
بەڵێ ئازادیخوازان دەزانن کە ڕێگای ئازادی جۆرەها مینی قورس و سوکی ژەنگاوی خاوەن بیر و باوەڕە کۆن و بەسەرچوەکانی لە سەرە، وە هەمویان بەپێی وەزنەکانیان ئامادەیی و بەرگری و توانایی و کۆدی زانیاری خۆی پێویستە، گەر بە یەکەمین کۆد نەمانتوانی مینەکانی ژێر پێی هەر یەکەمان لە یەکەمجاردا پوچەڵ بکەینەوە ، ئەوا بە زوویی لە ژێر پێماندا دەتەقنەوە … چونکە ئازادی وفەزای ئازادی ئەو حەقیقەتانە کەشف دەکات کە نهێنی نا حەقی بون و نا ئینسانی بون و ناعەدالەتی دەستەڵاتی تا ئێستای ئەوان بۆ مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە ئاشکرا دەکات ، وە کەشفکردنی هەرحەقیقەتێک نا حەقیقەتێک کەشف دەکات ..!نزیک بونەوە لە هەر حەقیقەتێك مرۆڤەکان چەندین هەنگاو لە حەقەکانیان نزیک دەکاتەوە …! کەشف کردنی هەرحەقیقەتێک چەندین حەقیقەتی سواغ دراو بە وەهم و ئەفسانەی ئایینی و بیر وباوەڕی کۆن پاک دەکاتەوە … کەشفکردنی هەر حەقیقەتێکی داگیرکراو ، کۆت و بەندی نا حەقیانەتی داگیرکار دەپسێنێ… کەشف کردنی هەر حەقیقەتێک ، پیرۆزی سەرۆکێک دەخاتە ژێر پێی خاوەن حەقەکانەوە … کەشف کردنی حەقیقەتی درۆینەی هەر دەستەڵاتێک چەندەها دەستەڵاتدارانی تری ناحەق و ناعەدالەت دەخاتە لەرزینەوە ! بۆیە دەستەڵاتداران هەموو ڕێگاکانی ئازادی بەرتەنگ دەکەنەوە بۆ نەگەیەشتنی مرۆڤەکان بە ئازادی و فەزای ئازاد..!
لە کۆمەلگای ستەم دیدە و پڕ لە ناحەقی ئێمەدا زۆرن ئەومرۆڤانە بە دوای ئازادیدا چوون و دەچن بۆ ئەوەی حەقیقەتی مرۆڤ بون و ماف و ئازادیەکانی خودی خۆیان وکۆمەڵگاکەیان بدۆزنەوە و بناسێنن ، وە هیچ هێز و شێوازی کوشتنێک نەیتوانیوە چۆک بە ئازادیخوازان بدات و کۆڵیان پێ بدات وەک گوتم مەگەر کوشتن و جیهادی جەهەنمیانەی دەستەڵاتداران و جەهالەتخوازەکان بتوانێت بۆ ساتێ ئەم پڕۆسەی گەیشتن بە ئازادی ڕاوەستاندبێت..!
دەستەڵاتدارە نەگۆڕ و وەستاوەکان هاو شانی مەلاکان هەر لە هەوڵدان و بەزۆری چەک و زیندان و ترسی مەرگ و جەهەنم .. وە بە کڕین و دەستەمۆکردنی عەقڵی بەشێک لە مرۆڤەکان و بە ڕۆبۆرتکردنیان دەیانەوێت ئازادی ناشیرین بکەن .. ئازادی حەرام بکەن …!! دیل بکەن … پرسیارکردن لێی خەتەر بکەن..!! تا هەر کەس هەنگاوی بۆ بنێت و نزیکی بکەوێتەوە ، نەعلەت بکرێت …!! هەرکەس هاواری بۆ بکات بە زوویی دەنگی خەفە بکرێت …!! هەر نوسەرێک دەرگای قەفەزی ئازادی بکاتەوە …!! لەجیاتی ئازادی بکرێتە قەفەزەکەوە ..!! وە هەر ئازادیخوازێک ڕێگای ئازادی بگرێتەبەر لە خوێندا نقوم بکرێت ..!!هەر رۆژنامە و گۆڤار و پەڕتوکێک ڕۆشنایی و تروسکاییەک لە ماف و ئازادیەکان پیشانی مرۆکان بدەن ئەوا مەمنوع بکرێت و بسوتێنرێت!! وە هەرکەس گومان لە ناحەقیقەتێک بکات و نهێنی باوەڕ و دەستەڵاتی دەستەڵاتدارانی تێدا کەشف بکات ، ئەوا سەرنگوم بکرێت..!
بەڵام مێژووی حەقیقەتی زیندوو و ئازادییە بە دەستهاتوەکانی ئەمڕۆ چۆن خەیاڵ و خەونی دەستەڵاتە بەربەریەکانی دوێنێی پوچەڵ کردۆتەوە ..!! ئاواش تروسکایی حەقیقەت و ئازادییە بەدیناهاتوەکانی ئەمڕۆی جیهان و کوردوستان.. ، خەون و خەیاڵی ڕزیو و پوچی مێشکە بەسەرچوەکانی دەستەڵات و دەرەوەی دەستەڵات زۆر خێراتر لە جاران پوچەڵ دەکاتەوە ، چونکە زانست و تەکنەلۆژیای ئەلکترۆن و ئینتەرنێت و توانا عەقڵیەکانی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ هەموو سنورەکانی بەزاندوە و هەموو سەرچاوەی هەواڵە زانستییەکان بە کلیکێک لە سەریان زۆر خێرا تر لە پەلەپیتکەی چەکەکانی ئەوان دەگاتە بەر گوێ و چاوی یەک بە یەکی مرۆڤ و لاوەکانی ئەم سەردەمە..! کەواتە ئەو گەمژانە بە عەقڵی پوچ و وەستاویان چۆن دەتوانن ڕیگاکانی ئازادی کوێر بکەنەوە…؟!
ئەی گەمژەکانی باوەڕی کۆن و پارە و دەستەڵات تێ بگەن ..! کە تا مرۆڤ لە سەر گۆی ئەم زەویە بمێنێت ، بیرکردنەوە لە ئازادی ناوەستێت … وە بیرکردنەوە و گەڕان بە دوای حەقیقەتدا وەک یەک نابێت بۆیە نابێت.. هیچ حەقیقتێک بە سەر حەقیقەتەکانی دیدا بسەپێنرێت، بەڵام بەشێک لە حەقیقەتەکان، واتا حەقیقەتە مادی و زیندوو و واقیعی و ژیانییەکان هەرحەقیقەتە و حەقیقەتێکی هاوبەشی ئینسانییە … بۆ هەموومان هەروەک یەکە ، ئەو حەقیقەتانەش حەقیقەتی ئەو شتانەیە ژیان و مەرگ و مافی مرۆیی هەمووانی پێوە بەندە ، یان حەقیقەتی ژیانمانە … کە کەس ناتوانێت دەستبەرداری بێت و وازی لێ بهێنیت ، چونکە دەست بەرداری ئەم حەقیقەتانە مانای مەرگمانە ..!! وە سەرچاوەی مانەوە وگەشە و پێشکەوتن و زیندووبونمانە ، ئەم جۆرە لە حەقیقەت لە پەیوەندیەکی ئاسایی و ئینسانیدا هیچ هێز و ترسێکی واقیعی و وەهمی هەرگیز ناتوانێت لە ئینسانەکانی حەرام بکات و داگیری بکات !! وە ئەم حەقیقەتانە هەرگیز لە ئینسانەکان ون نابێت و لە نێو ناچێت و لە بیر ناچێت بەڵام لەوانەیە لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی تر دەرکەوتن و هاتنەدی دوا بکەوێت یان پێش بکەوێت….!
14.09.2010
کامەران عەزیز