پاسه‌وانه خاینه‌که …… نوری حه‌مه‌ئه‌مین
مام شوان ئه‌و به‌یانیه به کاتی ئاسای خۆی له خه‌و هه‌ستا، به‌ڵام جیاوازی ئه‌م به‌یانیه له‌وه‌دا بوو بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌ی لا درووست بوو بوو ده‌ست له بڕێک ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌ڵگرێت بۆ سه‌گه به وه‌فاکه‌ی، گوێزانه‌وه‌ی به‌شێک له ده‌سه‌ڵاته‌کانیشی، دوای مشتومڕێکی درێژ په‌یدا بوو بوو، ئه‌ویش له ئه‌نجامی ئه‌و دڵسۆزییه‌ی که سه‌گه‌که‌ی هه‌موو جارێک بۆی ده‌رده‌بڕی. هه‌موو جارێک که پاش مه‌ڕه‌کان ده‌رده‌که‌وت سه‌گه‌که‌ی به کلکه‌له‌قه لێی ده‌چووه پێشه‌وه‌و پاشی ده‌خوارد له ژێر پێیدا، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌سته‌ی لای شوان دروست ده‌کرد که‌وا هه‌ست به گه‌وره‌ییه‌کی بێ پایان بکات و متمانه‌ی لا په‌یدا ببیت له به‌رامبه‌ر سه‌گه به وه‌فاکه‌یدا، بۆیه ئه‌و بڕیاره‌ی به مێشک‌دا هات، چیتر خۆی به کارووباری تره‌وه خه‌ریک بکات و ئه‌رکی چاودێری و پاراستن و ژیانی مه‌ڕه‌کان به سه‌گه‌که‌ی بسپێرێت.
رۆژێک پاشای مه‌ڕه‌کان فیکه‌ی بۆ سه‌گه‌که‌ی کردوو سه‌گه‌که‌ش وه‌ک ڕه‌فتاری هه‌میشه‌ی به کلکه‌له‌قه هاتوو له به‌ر پێیدا که‌وت، وه‌ک بڵێت گه‌وره‌م ئاماده‌ی جێبه‌جێ کردنی فه‌رمانتم، شوان به زه‌رده‌خه‌نده‌یه‌که‌وه پارچه‌یه‌ک نانی چه‌وری پێشکه‌ش کردوو ووتی خۆشه‌ویست گوێ بگره؛ من بڕیارم داوه و جاڕیشم داوه له ئاوایدا که چیتر تۆ له جێی ڕاپه‌ڕاندنی به‌شێک له کار‌و باره‌کانم داده‌نیم و ئه‌رکی چاودێری کردنی ته‌واوی مه‌ره‌کانت پێ ده‌سپێرم، دیاره ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و وه‌فاو دڵسۆزیه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه که‌وا ده‌بینم، تا ده‌مه‌و به‌یان ئێشک ده‌گری و ناخه‌ویت و چاودیری مه‌ڕه‌کان ده‌که‌یت له ئه‌گه‌ری هه‌ر مه‌ترسییه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو. هه‌روه‌ها تۆ ده‌زانیت له‌وه‌ته‌ی مه‌ڕ ماڵی کراوه‌و بووین به چاودێریان، به‌رده‌وام له به‌رده‌م مه‌ترسی په‌لامار و له ناوچوندا بوون له لایه‌ن گوورگ و گیانله‌به‌ره دڕنده‌و کێویه که‌ڵپه‌داره‌کانه‌وه. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ت پێڕابگه‌یه‌نم، ئه‌و گیانله‌به‌رانه گیانله‌به‌ری کوشنده‌ن، بێ متمانه‌ن، زیانبه‌خشن، هه‌رکاتیک هه‌ڵکه‌وێت گورزی کوشنده‌ی خۆیان ده‌وه‌شێنن و خوێنێکی زۆری مه‌ڕه‌کانمان ده‌ڕێژن. جا کوڕم وه‌ک چۆن ئاگات لێیان بووه هه‌روا ئاگاداریانبه. سه‌گه‌که به پاڵکه‌وتنه‌وه وه‌ک له کڕنوشدا بێت کلکی به زه‌ویدا کێشاو قروسکه‌یه‌کی ڕه‌زامه‌ندی کرد.
یه‌که‌م هه‌فته کاره‌کان به باشی تیپه‌ڕین، له یه‌که‌م رۆژی هه‌فته‌ی داهاتوو یه‌کێک له مه‌ڕه‌کان له له‌وه‌ڕگا نه‌گه‌ڕایه‌وه،به‌ڵام به‌ته‌واوی بیده‌نگییه‌کی قووڵ و ترس و دڵڕاوکێیه‌کی نائاسای یه‌کپارچه کۆزه‌ی مه‌ڕه‌کانی داپۆشی بوو، ڕوخساری سه‌گه‌که‌ش چاوشۆڕییه‌کی ئاشکرای تیا به دی ده‌کرا. به‌ڵام ئه‌مه نه‌بوویه هۆی ئه‌وه‌ی که شوان هیچ گومانێکی خراپ بکات، بۆیه وه‌کو هه‌موو ئێواره‌یه‌کی دی زیاتر هه‌ستی به پایه‌ی پاشایه‌کی مه‌زن ده‌کرد. دوای جێهێشتنی کۆزه‌ی مه‌ڕه‌کان، سه‌گه‌که‌ی به خێراییه‌کی زیاتر له جاران خوولێکی خوارد به چوارده‌وری کۆزه‌که‌داو ده‌ستی به وه‌ڕین کرد، وه‌ک ئه‌و په‌یامه به گوێی شوان‌دا بدات که زه‌ینت به هه‌ڵه نه‌چووه‌و ئه‌وه‌ی به چاو‌دێر هه‌ڵتبژاردووه بێ وێنه دڵسۆزه.
بۆ به‌یانی که ڕۆژ بوویه‌وه شوان ده‌رگای کۆزه‌که‌ی واڵا کرد، تا مه‌ڕه‌کان ڕابدات، به‌ڵام ئه‌م جاره به پێچه‌وانه‌ی جاران هێچ مه‌ڕێک ئه‌و په‌رۆشییه‌ی جارانیان نه‌بوو ڕابده‌ن، ئه‌مه‌ش هیچ گومانێکی نه‌خسته دڵی شوانه‌که‌وه‌و هه‌ر هێنده‌ی گاڵۆکه‌که‌ی ڕاوه‌شاندو به زۆر پاڵینایه مه‌ڕه‌کانیه‌وه بۆ ده‌ره‌وه. ئه‌و ڕۆژه به شێوه‌ی ڕۆژی ڕابووردوو تێپه‌ڕ، به‌ڵام ئه‌مجاره که‌مێک به‌ر له زه‌رده‌په‌ڕ به به‌رچاوی مه‌ڕه‌کانه‌وه پاسه‌وانه دڵسۆزه‌که‌ی پاشا پڕی دایه‌و ملی مه‌ڕێکی شکاند. ئینجا تا بتوانێت لێی خوارد، چی مایه‌وه په‌لکێشی کرده ناو دۆڵه‌که‌ی ته‌نیشتییه‌وه‌و ده‌ستی به لووره لوورو وه‌ڕین کرد. مه‌ڕه‌کان له ترس و نائارامیدا وه‌ک گه‌واڵه‌یه‌ک هه‌ور گرمۆڵه بوو بوون چاوه‌ڕێی فه‌رمانی پاسه‌وانه درۆزنه‌که‌یان ده‌کرد بڵێت بڕۆن و ئه‌وانیش به سـمکۆڵان به‌ره‌و کۆزه دڵنیاکه‌یان ملی ڕێ بگرن و هه‌رچی زوو تره هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن به مات و بێ ده‌نگی و خیکه‌وه شوانه خه‌ڵه‌فاوه‌که‌یان تێبگه‌یه‌نن له ڕوداوه‌کانی ڕۆژانی ڕابوردو پێشهاته مه‌ترسیداره‌کانیش.
له ده‌موچاوی شوان‌دا هه‌ست به پێکه‌نینێکی پان ده‌کرا، به‌ڵام ئه‌و له به‌ر خۆیه‌وه بیری له پلانه‌که‌ی ده‌کرده‌وه‌و هه‌ستی به گه‌لێک که‌یف خۆشی ده‌کرد، چونکه پێی وا بوو له‌وه‌ته‌ی ئه‌و ئه‌رکه‌ی سپاردووه‌ته سه‌گه‌که‌ی به ئاسته‌میش گوێی له ده‌نگی گورگ نه‌بووه، له لایه‌کیش هه‌ستی به گوێ قوڵاخی و نائارامیه‌کی نامۆی له نێو مه‌ڕه‌کاندا ده‌کرد، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م حاڵه‌ته‌ی بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه که شتێکی سروشتیه له به‌ر ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌و هه‌ڵسوکه‌وتی شوانه‌کان به ئاسته‌م له یه‌ک ده‌چن، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له سه‌ر کۆی هه‌ڵسوکه‌وت و ده‌رونی مه‌ڕه‌کانیش، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌مان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانانه بن، دواجار له به‌ر خۆیه‌وه ووتی: ده‌ی مه‌ڕ جگه له کاوێژ چی ده‌زانێت؟
له به‌یانی ڕۆژی داهاتوو ڕێک له کاتی ڕادانی مه‌ڕه‌کاندا شوان توڕه بوونێکی بێ ئه‌ندازه له ناو چاوی ده‌باری سه‌باره‌ت به پێداگیری مه‌ڕه‌کان و ئه‌و باڕه‌باڕو هاواره‌ی که دار‌و به‌رد ده‌یزانی بێ مه‌به‌ست نیه، به‌ڵام شوانی خۆش باوه‌ڕ به دار و پاڵ دیسانه‌وه هه‌موویانی ڕاپێچ کرده ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها تا نیوه‌ی ڕێگاکه‌ش له ته‌کیاندا چوو. ئه‌و ڕۆژه‌ش له سڵه‌مینه‌وه‌و ترس ودڵه‌ڕاوکه‌دا، ڕانه مه‌ڕێک بوو بوو به یه‌ک تۆپه‌ڵ خوری، هه‌ندێک له مه‌ڕه‌کان پێیان وابوو گه‌ر مان بگرن و ده‌م بۆ زه‌وی درێژ نه‌که‌ن ئه‌وا قاپه‌غه‌یان ده‌قوپێ و به‌مه‌ش شوان هه‌ست ده‌کات به داماڵین و بێ ڕه‌ونه‌قی مه‌ڕه‌کانی و پێده‌چێت لێپێچینه‌وه له پاسه‌وان بکات، چونکه ده‌ڵێن زه‌وق و ڕه‌ونه‌قی مه‌ڕان به باشی شوانه‌وه‌یه! ئه‌و ڕۆژه تا زه‌رده‌په‌ڕ یه‌ک مه‌ڕ ده‌می به زه‌وییه‌وه نه‌داو هه‌میشه له ئاگاداری خۆیاندا بوون نه‌بنه قوربانی ئه‌و ڕۆژه تا شوان به‌م دۆخه ده‌زانێت.
شوان هیشتا توڕه‌ی به‌یانی ڕوخساری به‌ر نه‌دا بوو له به‌رده‌م کۆزه‌که‌دا به ده‌نگی به‌رز به خێر هاتنه‌وه‌ی مه‌ڕه‌کانی ده‌کردوو ده‌یگووت((کوڕڕڕڕڕڕوو))((دوب دوب دوب دوب دوب دوب)) ماڵه‌که‌من وه‌رن بچنه کۆزه‌که‌وه. مه‌ڕه‌کان هه‌موویان به یه‌کجار له دیمه‌نێکی حه‌په‌ساودا وه‌ستان و به بێزارییه‌که‌وه ته‌ماشای شوانیان ده‌کرد به یه‌ک ڕیتم ده‌یانباڕاند ((بااااااا)) وه‌ک ناڕه‌زایی پیشاندان. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مه‌ڕه‌کان شوانی خسته گومانه‌وه‌و بڕیاریدا ده‌ست به لێکۆڵینه‌وه بکات، له مه‌ڕه‌کان نزیک بوویه‌وه‌و ده‌ستی به پشتیاندا هێناو تێگه‌یشت ئینجا ووتی فه‌رموون بچنه ژووره‌وه. دوای ئه‌وه‌ی ده‌رگای له مه‌ڕه‌کان کڵۆم کرد گه‌ڕایه‌وه کوخه‌که‌ی و به ئه‌سپایی خۆی داگرت له هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌گه‌که‌ی تاریک داهات و سه‌گه‌که‌ی ڕوو له ئاسمان چه‌ند حه‌په‌یه‌کی بۆ کرد، ئینجا ده‌ستی به لووره لوور کرد‌و له چاو وون بوو، ئه‌مه وای له شوان کرد ئه‌مجاره کیشه‌که زیاتر به هه‌ند وه‌ر بگرێت، بۆیه ده‌نگی نه‌کرد تا به‌یانی، دیسانه‌وه مه‌ڕه‌کانی به زۆر ده‌ر کرد‌و گه‌ڕایه‌وه بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێت پاسه‌وان بزانێت سه‌ره‌تا ده‌ستی کرد به پشکنینی کولانه‌ی سه‌گه‌که، بینی ئه‌و هه‌موو نانه‌ی که چه‌ند ڕۆژه به سه‌گه‌که‌ی داوه هه‌ر وه‌کو خۆی ماوه‌و بێ ئه‌وه‌ی لێی خورا بێت، هه‌روه‌ها چه‌ند ئێسقانێکی ته‌ڕیشی له بن کولانه‌که‌دا دۆزییه‌وه که هێما بوون بۆ ڕوداوێکی دڵته‌زێن. دواجار ده‌نگی نه‌کرد به په‌له گه‌ڕایه‌وه کوخه‌که‌ی و گوریسێک و تێڵاکه‌ی دایه بن ده‌ستی و ڕۆشت بۆ ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی که مه‌ڕه‌کانی لێ بوون، که نزیک بوویه‌وه بێ ئه‌وه‌ی خۆی له پاسه‌وان و مه‌ڕه‌کان ئاشکرا بکات به ئه‌سپای خۆی داگرت و به ووردی سه‌رنجی دا هه‌موو مه‌ڕه‌کانی زۆر له دیمه‌نێکی سه‌یردا دی که قچه‌پا له دۆخێکی سڵه‌ماوه گرمۆڵه بووبن و پاسه‌وانیش چه‌ند مه‌ترێک ئه‌ولا تر پاڵکه‌وتبوو به قه‌پ مێشی له ده‌ورو به‌ری لووتی دوور ده‌خسته‌وه، له پڕ چاوی به گورگێک که‌وت نزیکی مه‌ڕه‌کان ده‌بێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی پاسه‌وان خۆی به خه‌به‌ر پیشان بدات، به به‌رچاوی شوانه‌وه گورگ ملی مه‌ڕێکی شکاند‌و ڕایکێشایه دۆڵه‌که‌ی ته‌نیشتیه‌وه، دوا به دوای ئه‌مه‌ش سه‌گه‌که هه‌ستایه سه‌ر پێ و چه‌ند حه‌په‌یه‌کی به ئاراسته‌ی گورگه‌که‌دا کرد بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ڕه‌کان چه‌واشه بکات له‌وه‌ی ئه‌و خه‌وتووه له‌و کاته‌دا ئه‌گه‌ر خه‌وی لێ نه‌که‌وتایه گوورگ حه‌دی چیه ده‌ست درێژی وا بکات، ئینجا به حه‌په حه‌پ به‌ره‌و ڕوی دۆڵه‌که چوو، بووبه شه‌ریکه به‌شی گورگ و به یه‌که‌وه ئه‌مڕۆشیان به پارویه‌کی چه‌وری بێ منه‌ت ڕه‌ت کرد.
مام شوان دوای بینینه‌وه‌ی ئه‌م دیمه‌نه له مه‌ڕه‌کان نزیک که‌وته‌وه‌و سه‌گه‌که‌ی هێنایه به‌رده‌میان و دوای دارکارییه‌کی باش به به‌رچاویانه‌وه که‌ڵپه‌و دگانه‌کانی هه‌ڵکێشاو ته‌وقێکی قورسی به گوریسه‌که‌ی به‌سته گه‌ردنیه‌وه‌و به‌ره‌ڵای کرد. دواجار ووتی: ده‌بڕۆ له‌مه‌و لا گه‌ر نه‌تتوانی گۆشت بخۆیت، گیا‌و پووش زۆره!… ئینجا ڕووی کرده مه‌ڕه‌کانی و ووتی: ئه‌مه‌یه ئه‌نجامی پاسه‌وانی خراپ! داوای لێبوردن ده‌که‌م و به‌ڵێنتان پێ ده‌ده‌م قه‌ره‌بووی ناخۆشییه‌کانتان بکه‌مه‌وه.