Skip to Content

Saturday, November 2nd, 2024
دیالۆگێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكدا

دیالۆگێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكدا

Closed

دوژمنانی ئازادی هه‌ر به‌ته‌نها له‌ودیو سنوره‌كانه‌وه‌ نایه‌ن، به‌ڵكو ده‌كرێت دوژمنی ئازادی ئه‌و كاره‌كته‌ر و هێزانه‌ش بن كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ئاماده‌ن. هێزی ئه‌نتی ئازادی ته‌نها ئه‌و هێزه‌ بیانیانه‌ نین كه‌ له‌و دیو سنوره‌كانه‌وه‌ له‌بۆسه‌دان، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌ هێزگه‌ل و كاره‌كته‌رگه‌لێكی ناوخۆیی بن كه‌ ئه‌وه‌ی دوژمنانی ئه‌ودیو سنور بۆیان ئه‌نجام نه‌داروه‌ وه‌زیفه‌كانی ئه‌وان به‌زیاده‌وه‌ ته‌واو بكه‌ن.
ئه‌زموونی ئێمه‌ هه‌روا نه‌خوڵقاوه‌. به‌ڵكو خه‌ونی زیاد له‌ هه‌شتاساڵی ئه‌دیبان و شاعیرانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یه‌ له‌پاڵ ڕووبارێك خوێنی گه‌نجه‌كانیدا. كه‌چی هێزگه‌لێك هه‌ن له‌ كوردستان ئه‌م خه‌ونانه‌ له‌گۆڕ ده‌نێن. كورد زیاتر له‌ هه‌شتا ساڵه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئازادی ده‌دات، كه‌چی ئێستا هێزگه‌لێك هه‌ن به‌ئاشكرا دژ به‌ ئازادین و دژ به‌ هه‌ر ده‌نگ و ڕه‌نگێكی ئازادن له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.
ئه‌م هێزانه‌ نزیكه‌ی بیست ساڵه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ حوكم ده‌كه‌ن، سڵیان نه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی كردۆته‌وه‌ نه‌ له‌ ئه‌منی قه‌ومی و نه‌ له‌ كوشتنی براكان به‌ده‌ستی یه‌كتر. كه‌چی ئێستا ئه‌وانن ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاواز له‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ مه‌ترسی بۆسه‌ر ئه‌منی قه‌ومی له‌قه‌ڵه‌م ده‌كه‌ن. زیاد له‌ بیست ساڵه‌ ئه‌م هێزانه‌ له‌سه‌ر لاشه‌ی برسی خه‌ڵك ده‌وڵه‌مه‌ند بوون كه‌چی ئێستا دادگاكانیان پڕ كردووه‌ له‌ شكات له‌و كه‌ناڵه‌ ڕاگه‌یاندنانه‌ی كه‌ وه‌كو ئه‌وان قسه‌ ناكه‌ن.
ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بیری لێده‌كه‌نه‌وه‌ به‌دوبه‌یكرنی هه‌رێمی كوردستانه‌. ئه‌و هه‌رێمه‌ی ڕووبارێ‌ خوێنی بۆئازادی ڕشتووه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت وه‌ك دووبه‌ی خاوه‌ن باڵه‌خانه‌ی به‌رز بێت و خه‌ڵكه‌كه‌شی وه‌ك دوبه‌ییه‌كان ده‌ستی سوڵتان ماچ بكه‌ن. به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌یانه‌وێت بیناكان به‌رز بن به‌ڵام مرۆڤه‌كان بچوك و كۆیله‌. ده‌یانه‌وێت موچه‌ی به‌لاش بده‌ن به‌ لایه‌نگرانی خۆیان و به‌ خه‌ڵكی تریش بڵێن بازاڕ ئازاده‌ بچن كار بكه‌ن. به‌ڵام له‌هه‌مووی مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزگه‌لێك هه‌ن ده‌یانه‌وێت مێژووی هێزه‌كانی خۆیان وه‌ك مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ ببینن، هه‌ربۆیه‌ پاره‌ی بێشومار ده‌ده‌ن به‌نوسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تاكومێژوو به‌دڵی خۆیان بۆبنوسرێته‌وه‌.مه‌ترسیدارترین دیارده‌یه‌ك كه‌ له‌م چركه‌ساته‌دا ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هێزانه‌ هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان به‌ ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رجه‌م كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ژمار ده‌كه‌ن.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌به‌رده‌م هێزگه‌لێكدایه‌ كه‌ به‌ڕاستی نایه‌وێت كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ وه‌كو خۆی ببینێت. ئێستا ئه‌و پانتاییه‌ی كه‌ ته‌عبیر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات بریتیه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه‌، كه‌ به‌راستی به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئه‌م هه‌موو ناڕه‌زاییانه‌یان له‌ سه‌ر په‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان پێ‌ هه‌زم ناكرێت. ئه‌وان نایه‌ن كار له‌سه‌ر ناڕه‌زاییه‌كان بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت هه‌رچۆنێك بێت ده‌نگی ناو ڕۆژنامه‌كان كپ بكه‌ن. نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ زیاتر له‌ شه‌ش مانگ پێش ئێستا هه‌ر له‌م ڕۆژنامه‌ ئازیزه‌وه‌ نوسینێكم به‌ناوی ” سه‌رۆك ناخۆشت كرد” نوسی. من چاوه‌ڕێم ده‌كرد له‌ دیوانی سه‌رۆكه‌وه‌ زه‌نگم بۆ لێبدرێ و ده‌ستخۆشیم لێبكرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت هه‌ڵه‌یه‌كی خیتابی سه‌رۆك ڕاست ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌چی له‌سه‌ر ئه‌م وتاره‌و هه‌وڵێك سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژارن له‌شاری هه‌ولێر، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی داوای 500 ملیۆن دینار له‌م كوڕه‌ گه‌نجانه‌ی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ ده‌كه‌ن.
هه‌م سه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسییه‌كه‌شی باش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی سه‌ر سفره‌كه‌ی خۆیانن نه‌ك ڕۆژنامه‌ نوسان. سه‌رۆك له‌من باشتر ده‌زانێت ئه‌وه‌ی  ئێستا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ربردنی سامانی میلله‌ت و ملئه‌ستوركردنی به‌رپرسانه‌ نه‌ك وتاری ڕه‌خنه‌ئامێزی سه‌ر په‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان.
سه‌رۆك دڵنیابه‌ ئه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرین، به‌ڵكو دڵنیابه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ منداڵێكی ده‌شتی هه‌ولێر بۆ موبه‌ڕیده‌ یان سه‌لاجه‌یه‌ك له‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی حزبه‌كه‌ته‌وه‌ سوپاسی ئیبراهیم تاتڵسه‌س بكات. من ده‌زانم سامانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ كه‌ گه‌ر به‌ یه‌كسانی بۆ خه‌ڵك بێت ئه‌وا پێویست به‌وه‌ ناكات سوپاسی كه‌س بكه‌ین.
سه‌رۆك هه‌ر له‌ كه‌ناڵی حزبه‌كه‌ی تۆوه‌ ئینسان له‌م ده‌ڤه‌ره‌ وا هه‌زیل كراوه‌ كه‌ ده‌بێت بۆ بردنه‌وه‌ی پازده‌ ملیۆنی به‌رنامه‌ی من جیاوازم، كوڕ خۆی بكات به‌ كچ و سه‌ما بكات، كچ باش بڕه‌قسێت تاكو پاره‌كه‌ به‌رێته‌وه‌. سه‌رۆك من له‌به‌ڕێزت ده‌پرسم ئه‌مه‌ تێكشانی به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ یان ڕه‌خنه‌ی جدی نوسه‌ر و ڕ‌وژنامه‌نوسان.
سه‌رۆك تۆ كاتێك ده‌توانی دادگا پڕبكه‌یت له‌ شكات له‌ ڕۆژنامه‌نوسان كه‌ ڕۆژێك یه‌ك شكاتت له‌ ده‌سته‌و دایه‌ره‌كه‌ی خۆت بكردایه‌، ڕۆژێك له‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆت بپرسایه‌ته‌وه‌ تاكو باوه‌ڕت پێ بكه‌ین كه‌ به‌راستی ده‌ته‌وێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت.به‌ڵام دڵنیابه‌ سه‌رۆك به‌م شكاتانه‌ هێنده‌ی تر سپه‌یسی نێوان خۆت و خه‌ڵك، خۆت و قه‌ڵه‌مه‌كانت فراوانتر كرد. داًنیابه‌ سه‌رۆك ئه‌وانه‌ خه‌می ئه‌زمونه‌كه‌یانه‌كه‌ ڕه‌خنه‌ی ئاراسته‌ ده‌كه‌ن نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان ستایشی ده‌كه‌ن.

 

عه‌زیز ڕه‌ئووف
Azizrauf2003@yahoo.com
 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.