Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
چه‌مكی ژیان و مه‌رگ له‌ گران تۆرینۆ دا

چه‌مكی ژیان و مه‌رگ له‌ گران تۆرینۆ دا

Closed
by September 28, 2010 سینەما

ئاخۆ ده‌كرێت ژیانێكی ئاسایی ببێته‌ بابه‌تی فیلمێك؟
ژیانێك كه‌ تاوانێكی تێدانه‌بێت یان به‌ده‌ربێت له‌ ده‌سدرێژیی سێكسی و ناجۆریی و مادده‌هۆشبه‌ره‌كان ،ژیانێك وه‌ك ژیانی هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌،كه‌ هه‌ندێك ئاسته‌نگی وده‌رده‌سه‌ری تێدایه‌،له‌هه‌مان كاتدا چه‌ند ساتێك  بێگه‌ردیی و خۆشنوودیشی به‌سه‌ردا زاڵه‌، له‌هه‌مووی گرنگتر، پڕه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و شه‌یدابوون و چاوه‌ڕوانی ،وه‌ك ئه‌م ژیانه‌ ساده‌وساكاره‌ی كه‌ ملیۆنه‌ها مرۆڤ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌یانه‌،ئاخۆ ده‌شێ‌ بكرێته‌ فیلمێكی سینه‌مایی؟ 
ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری ناودار كلینت ئیستود له‌ فیلمه‌ نوێكه‌یدا گران تۆرینۆ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ ئه‌داته‌وه‌ و ئه‌یسه‌لمێنێت كه‌ بابه‌تی هونه‌ر مرۆڤه‌،ئه‌م فیلمه‌ دووه‌م كاری ده‌رهێنانی ئیستوده‌ له‌ماوه‌ی ساڵێكدا كه‌ تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفێكه‌ له‌ باره‌ی چه‌مكی مه‌رگ و ژیانه‌وه‌ ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ته‌مه‌نی به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت و گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی 80 ساڵ.
فیلمه‌كه‌ باس له‌ پیره‌مێردێك ده‌كات ناوی ووڵته‌ر كوالیسكی یه‌ ،له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكاندا  سه‌ربازێك  بووه‌ له‌ جه‌نگی كۆریا  و وه‌ك كرێكارێكیش له‌ كارگه‌یه‌كی درووستكردنی ئۆتۆمبێلی جۆری فۆرد كاری كردوه‌، هه‌میشه‌ له‌ رێی خۆشه‌ویسترین شتیه‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌تی له‌ جۆری گراندتۆرینۆ مۆدیلی 1972 وابه‌سته‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانێتی ،ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ دوای مردنی ژنه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ دیمه‌نی سه‌ره‌تادا به‌ خاك ده‌سپێردرێت هه‌ست به‌ ته‌نهاییه‌كی زۆر ده‌كات ،ئیدی كه‌سێك نییه‌  لێی  تێبگات ، ته‌نانه‌ت كوڕ و كوڕه‌زا و ژنه‌كانیان خۆیان لێ‌ به‌دوورئه‌گرن ،چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ هه‌وڵێكی كه‌م بده‌ن بۆئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌ن و هۆكاری بێتاقه‌تییه‌كانی بدۆزنه‌وه‌.
به‌ڵام كوالیسكی قوربانییه‌كی بێده‌سه‌ڵات نییه‌ ،به‌ڵكو خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی توندڕه‌وانه‌یه‌ و ناتوانێت ره‌گه‌ز په‌رستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ به‌ دراوسێ‌ چینییه‌كانی بشارێته‌وه‌،ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندیی به‌ رابردووه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ئه‌و له‌كاتی جه‌نگدا چه‌ندین كۆریی كوشتووه‌،و تائێستایش ده‌مانچه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی و تفه‌نگه‌كه‌ی ماون و هه‌ڵیگرتوون، به‌رده‌وامه‌ له‌ تانه‌دانی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌و قه‌شه‌یه‌ی كه‌ داوای لێده‌كات په‌شیمانی بنوێنێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كڵێسا،كاتێك قه‌شه‌كه‌ باسی مه‌رگ و ژیانی بۆ ده‌كات ئه‌م به‌توندی پرسیاری لێده‌كات”تۆ چی له‌ باره‌ی ژیان و مردنه‌وه‌ ده‌زانیت؟” دواتر به‌شێك له‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی جه‌نگدا دووچاریان بووه‌ و تائێستایش كاریگه‌رییان هه‌یه‌ به‌ سه‌ریه‌وه‌، كاتێكیش قه‌شه‌كه‌ پرساری ژیانی لێده‌كات ،نازانێت چۆن وه‌ڵامبداته‌وه‌ به‌ڵكو دان به‌وه‌دا ئه‌نێت كه‌ ژیانی بریتی بووه‌ له‌ پووچی.
 (سوو)) ئه‌و كچه‌ هه‌ژاره‌یه‌ كه‌ له‌ گه‌لی كه‌مایه‌تی هیمۆنگه‌  ،به‌شێكیان  به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ تایلاند و به‌شێكی تریان بۆ چین ،ئه‌مان ناسراون به‌وه‌ی  هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی كۆمۆنیستیین و له‌كاتی شاڵاوه‌كانی له‌ناوبردنی كۆمۆنیسته‌كاندا له‌ ڤیتنام هه‌ڵاتوون. ئه‌م كچه‌ ئه‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی بتوانێت به‌سته‌ڵه‌كی پیره‌مێرده‌كه‌ تێكبشكێنێت و بخزێته‌ نێو ژیانیه‌وه‌،و گۆڕانی به‌سه‌درا بهێنێت،ئه‌گه‌رچی كوالیسكی هه‌میشه‌ خۆی لێ‌ دوورئه‌گرێت و  به‌توندی وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه‌،به‌ڵام ئه‌م هه‌میشه‌  خه‌م له‌ژیانی ئه‌خوات و ئازار ئه‌چێژێت و نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی  دابڕواه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ .ده‌رئه‌نجام وه‌ك  باوك و كچێكیان لێدێت و چه‌ند جارێك ژیانی كچه‌كه‌ و براكه‌ی  له‌ مردن رزگار ئه‌كات.
 (تاو) كه‌ برای كچه‌كه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی  به‌ پاڵشتی باندێك هه‌وڵ ئه‌دات (گراندتۆرینۆ)كه‌ برفێنێت و و له‌لایه‌ن كوالیسكی یه‌وه‌ ده‌سگیرئه‌كرێت شه‌رم و ترسێكی زۆر دایئه‌گرێت ، كوالیسكی فشاری بانده‌كه‌ی لێدوورئه‌خاته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام زۆر له‌ تاو ئه‌كه‌ن تا بگه‌ڕێته‌وه‌ نێوانیان ،ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ وه‌رچه‌رخانێكی تر له‌ ژیانیدا ،به‌ڵام له‌ رووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا بانده‌كه‌ له‌به‌رامبه‌رامبه‌ر داكۆكیكردنی كوالیسكی له‌ تاو، ده‌ستدرێژیی سێكسی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر (سوو).
كوالیسكی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان  بووه‌ و دڵنیایه‌ له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی مردنی،له‌ هه‌مانكاتدا   له‌ ئاست ئه‌و تاوانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ سوو ئه‌نجامدراوه‌ بێده‌نگ نابێت و رووبه‌رووی بانده‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌،به‌ڵام به‌بێ‌ به‌كارهێنانی چه‌ك ، كاتێكیش به‌ گوله‌ی بانده‌كه‌ ئه‌پێكرێت و گیانی له‌ده‌سئه‌دات به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی ژیان له‌ بكوژه‌كان ئه‌شێوێنێت وله‌ نێو زینداندا ژیان به‌سه‌ر ئه‌به‌ن، له‌ كۆتاییشدا تاو ده‌بێته‌ خاوه‌نی گراند تۆرینۆكه‌  ئه‌مه‌یش پاش ئه‌وه‌ی له‌ كوالیسكی یه‌وه‌  فێرئه‌بێت  كه‌ چۆن رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگییه‌كانی ژیان بووه‌ستێته‌وه‌ .

ئا/ كـــاردۆ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.