Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024

‌ ئەنجامی بڕیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە، جێگەی باوەڕی ئێمە نیە.

Closed
by September 28, 2010 سەردەشت عوسمان

 

”کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ به‌رگری له‌ ئازادی له‌ هۆڵه‌ندا” بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیاری لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆزی تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان دوێنی 25/09/2010 له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ کەسایەتی ناسراو و نوێنەرانی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ هۆڵه‌ندا کۆبووه‌وه‌.
ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیەی کۆمیتەی سەدەشت عوسمان بۆ تیشک خستنە سەر بڕیارەکەو وەڵام دانەوەو گرتنە بەری ڕێوشوێنی تازەبوو بۆ دژوەستانەوەو پێداگری جالیەی کوردی بە هاوکاری کۆمەڵەو ناوەندە سیاسیە هۆڵەندی و ناودەوڵەتتیەکان بۆ دۆزی شەهیدی ئازادی و ووشە سەردەشت عوسمان.
 به‌ کۆده‌نگی سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بڕانه‌وه‌ که‌، وه‌لامدانه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌و خودی لیژنه‌که‌ نابێته‌ جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵکی ئازادی خوازو لیژنه‌یه‌ك که‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌ پێکهاتووه‌ و ڕاستیه‌کیش که‌ په‌نجه‌ی گومان بۆ ده‌سه‌ڵاتی پارتی و سه‌رۆکی هه‌رێم ڕاده‌کێشرێن، ته‌واوی ئه‌م کاره‌و و لیژنەکەو پێکهاتنی و بڕیارەکانی خسته‌ گومانه‌وه‌، له‌لایه‌کیتریشه‌وه‌ خودی لیژنه‌ نهێنیه‌که‌و به‌شدار نه‌بوونی هیج که‌سایه‌تی و رێکخراوێکی بێلایه‌ن، نادیاری سه‌رجه‌م پڕۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌و، دوا هه‌نگاویش ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌که‌ له‌میدیاکانی هه‌ولێره‌وه‌ به‌و ناوه‌ڕۆکه‌وه‌ که‌ سه‌رده‌شت له‌ ڕۆژنامه‌نووسێکی ئازادیخوازی سته‌ملێکراوه‌و تیرۆرکراوەوە‌ ده‌کاته‌ هاوکاری گروپێکی تیرۆریست که‌ ساڵانێکه‌ نه‌ك هه‌ر توانای تیرۆریان به‌ڵکو ناویشیان نه‌ماوه‌، نه‌ك نابێته‌ جێگه‌ی باوه‌ڕی ئێمه‌و کۆڕو کۆمه‌ڵه‌کانی گۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی،و که‌سایه‌تی و خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و ناوچه‌ی زه‌رد بەتوندی دەخاتە ژێر پرسیارەوە هێڵی سور به‌ژێر سه‌رجه‌م کاره‌کانی تریاندا ده‌کێشێت له‌ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کان و هه‌ره‌شه‌و تیرۆرو تۆقاندنی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان و هه‌وڵدان بۆ کردنی کۆمه‌ڵگای کوردستان بە کۆمه‌ڵگایه‌کی ده‌سته‌مۆ و خێڵه‌کی و بێده‌نگ.
کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان له‌چه‌ند مانگی ڕابردوودا ناوه‌نده‌ هۆڵه‌ندیه‌کانی له‌م تاوانه‌ ئاگادارکرده‌وه‌ و له‌م پێناوه‌دا خۆپیشاندان و یادێکی بۆ شه‌هیدی قه‌ڵه‌مو ئازادی سه‌رده‌شت ڕێکخست و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و هه‌ولێری له‌م تاوانه‌ ئاگادارکرده‌وه‌و ناڕەزایەتی خۆی پێڕاگەیاندن، له‌ئێستاشدا هه‌موو هه‌وڵه‌کانی خۆی به‌ پشتیوانی ئازادیخوازان و ناڕازیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌م ناحه‌قیه‌ ده‌خاته‌ گه‌ڕ و جارێکیتر داواده‌که‌ین :
١- دۆزی تیرۆری سەردەشت عوسمان دۆزی ئازادی ڕۆژنامە نووسی و مافی مرۆڤەو لای ئێمە بەهەمان هێزی جارانی کاردەکات و ئەم لیژنەی لێكۆڵینەوەیە فاشل و لایاندارەو هەوڵەکانی تائێستای بەئاقاریکی زۆرخراپداچوون و ئێمە لامان وایە کەدەبێت لیژنەیەکی هەمەجۆرو پرۆفیشناڵ و ئاشکراو بێلایەن لەم دۆزەو هەروەها لەکارەکانی ئەم لیژنەیەش بکۆڵێتەوەو لەسەر هەڵەو لایەنگریەکانیان سزایان بدات .

٢- خوازیاری ئەوەین و کار بۆئەوە دەکەین کە کۆمەڵگای ئازادی ناودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتیە سیاسیەکان، پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپی و لیژنەکانی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەوروپاو بەرگری لەئازادی و لەم سیناریۆیە ئاگاداربکەینەوەو، هەموو توانای خۆشمان بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگای کوردی دەخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدانی کۆڕو و کۆبوونەوەو ناڕەزایەتی دەربڕێن دژی ئەم ناحەقیی و سینارێۆسازیەی دەسەڵاتدارانی هەولێر کە بەرانبەر دۆزی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان و مرۆڤی کوردو وشەی ئازاد دەکرێت ،دەمانەوێت هەموو لاپەڕە نادیارو گوماناوییەکانی ئەم دۆزە بخرێنە بەر ڕوناکی و تاوانباران لەهەر پلەو پایەیەکدابن سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

 
کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ به‌رگری له‌ ئازادی له‌ هۆڵه‌ندا

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.