
سنوور‌و غوربه‌ت ……
ته‌نیایی هه‌میشه ته‌نیایی،ته‌نیایی له‌وێ وته‌نیایی لێره، ئه‌و دوو نه‌وا نامۆ بوونه‌ی رۆح وخودو دێوه‌زمه نه‌بان وسیما کرێتهن، زمانمان ڵال وعیشق ومهزهندهی بهلهنگازمان بۆ ژیان لێخن تر ئه‌که‌ن…
ته‌نیایی له‌وێ دووپشکێکی (عه‌ربه‌ت)ی بوو، سهرینگانی ماڵ وبنه‌وانی باخچه‌و هه‌واری ته‌نی بووین، هه‌میشه خوێنی ژه‌هر خوارد ئه‌کردین و رۆحی به‌ره‌و هه‌ناوی خۆی نغڕۆ ئه‌کردین، به‌ڵام لێره ئه‌مجاره له بن ساباتی که‌ژاوه‌ی ئاڵی بوکی مه‌نفاوه، ته‌نیایی سهردوولکهو لاوکی غوربه‌تێکی لێک‌دابڕان وبه‌رده‌وامه. نه (کاوێس ئاغا) نه(سێوه‌ش) ئه‌توانن شه‌رحی ناوه‌وه‌ی ئێمه بکه‌ن، بێوه‌ژن ئاسا هه‌میشه خۆی ئه‌خواته‌وه‌و به حه‌سره‌تی زه‌نگی ده‌ستی زاواوه خۆی له خشته ئه‌بات، ئێمە یه‌کبینه خۆمان ئه‌خۆینه‌وه وخۆشمان له خشته ئه‌به‌ین…
ته‌نیایی ئه‌مجاره‌مان مۆرانهیهکی به‌رده‌وامه‌و به سوژنیێکی کۆر به‌ر بۆته جه‌سته‌مان، نه‌ک به‌ده‌م ژه‌نینه گیان ورۆحمان ئاو ناخواته‌وه، به‌ڵکو له سمینی ناوک ومۆخ ودڵمان ده‌ستی سه‌ر زگی برسی تێرنابێت…..
ئای له ته‌نیایی ئێره‌و ته‌نیایی ئه‌وێ، له نێوان ئه‌و هه‌موو تهنیاییانه، چه‌ند سه‌خته سه‌ره‌تاتکێ کردن وهه‌ناسه دان، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام بوونێکهو بوونمان ئه‌سه‌ڵمێنن وریتمی غوربه‌تێکی ئه‌زه‌لی له خۆی تاڵترمان به بێ ئۆرکسترا بۆ دووپات ئه‌کاته‌وه………
گیانه‌که‌م…جارجار که ته‌نیا ئه‌بم ته‌نیایی ئێره‌م گه‌لێک تهسکترو تهنگترو نووتهکتر دێته به‌رچاو، ته‌نانه‌ت زۆر جار له‌و مه‌نفا پان وپۆڕهدا ئێمه هه‌ست به زیندانی بوونی جه‌سته ده‌که‌ین ئه‌گه‌رچی رۆحمان ئازاده، چونکه ته‌نیایی ئێره بێ بن و سنوور دارێژو سنوور پارێزتریشه له‌وێ…. ئێمه‌ی کورد له هه‌ر شوێنێک بین سنوور دڕکێکهو له پێمان ئه‌چه‌قێت وههنگاومان شه‌ل وگۆج ئه‌کات..ئه‌وه‌تا هه‌میشه له ئاکامی ئه‌و سنوورانه‌ی چوارچێوه‌مان بۆ دروست ئه‌که‌ن ورێی (خۆناسین) و(خۆناسێن)مان لێ ئه‌گرن، ته‌نیا ئه‌بین وهه‌ست به ته‌نیایی خۆمان ئه‌که‌ین و وێلی ته‌نیایی خۆشمان ئه‌بینه‌وه…… بزانه ئێمه چه‌ند مرۆڤ گه‌لێکی به‌دبه‌خت وگوناهین، ئازاری سنوور‌و ته‌نیایی بوونی بێ وڵات وبێ کیان وبێواریی، ده‌ردێکی زگماکهو هه‌میشه فرچکمان پێ خواردووه‌و تا گه‌وره ئه‌بین وپیریش روومان تێئه‌کات ولێمان نابێتەوە، ناکرێ ده‌ستی لێ هه‌ڵگرین وله‌زه‌تی لێ وه‌رئه‌گرین…..
لێره‌ش دیسان سنووری ده‌ستکردی دیکه، زمانمان ته‌ته‌ڵه‌و هه‌ناسه‌مان ته‌نگ ئه‌که‌ن ئه‌که‌ن، ئه‌و سنوورانه‌ی ئێره‌ش وه‌همی ودرۆو کلاسیکی وسیاسی وجوگرافی نین،به‌ڵکو ئه‌و ته‌یمان وتانۆکهن له نێوان دوو زه‌مه‌ندا سه‌ریان ده‌رهێناوه، زه‌مه‌نی ئه‌وێ وزه‌مه‌نی ئێره که یه‌کبینه له نێوانیاندا ئێمه له هه‌ڵچوون وداچوون داین……
سنووری رابردوو وهۆشمهندیهکی توند، سنووری ئێستایه‌کی ئارام وه‌زرێکی خاو ، سنووری که‌لتووری ئه‌وروپی و که‌لتووری کوردی، هه‌موو ئه‌و سنوورانه چیلهبهردێکی مه‌شکانی ولاناچن…. هه‌موو شتێک لێره بۆنی سنووری لێ دێت، سنووریش هه‌ر سنووره جا چ ره‌نگێک بێت، ئێمه له‌وێ سه‌رمان هه‌ڵگرت لۆ ئه‌وه‌ی چیتر ده‌ستمان به ئه‌ستری ودڕکی سه‌ر سنوور نهگهزێت،به‌ڵام لێره هه‌موو سهرهساتێکمان به ده‌ست چقڵ و سنوورێکه‌وه گازمان لێ ئه‌گیرێت…..
سنووری ئاوێته نه‌بوونمان له‌گه‌ل ئێره‌و سنووری له بیر نه‌چوونی ئه‌وێ و سنووری خه‌سڵه‌تی ره‌سه‌ن وفرچکی دایک وتارمایی ره‌شی که‌لتوورو شه‌قڵی شارستانی ئه‌وروپی، دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵگایه‌کی کلۆم ونوقاو، دیارده‌و رێسا‌و پێڕه‌وکه‌ی راست ومۆدێرن، مێژووێکی سوور‌و ئاڵی پڕ له شه‌ڕی مان ونه‌مان وگرفتی شه‌ڕانگێزی، مێژوویه‌کی ساده‌و ئارام وسپی وه‌کو چۆڕی شیر، دوو عه‌قڵیه‌تی ناکۆک وهاودژو نامۆ به‌یه‌ک، وڵاتی گوڵ و وڵاتی سوتماک وسۆتهک ودۆزه‌خ……
بۆیه له نێوان ئه‌و دوو فه‌زاو دوو مه‌ودا دوور‌و نهبانانه، سنوورێکی ده‌ستکردی دیکه‌ی جیهانی (یه‌کانگیر نه‌بوون) له نێو ئاوه‌زو هزرو ناوه‌وه‌مان ده‌زێت وده‌رفه‌تێکی تری ئاساییمان پێ نادات، تا سه‌رله‌نوێ خۆمان له بیر بکه‌ین ورابردوومان له‌پێ بکه‌ین و بێ په‌روا تێکه‌ڵاو بین،به‌ڵام ئاسته‌مه‌و ناتوانین خۆمان بزرکه‌ین ئه‌وه مردنێکی نا موقه‌ده‌سه، خۆکوشتنه، ناچارین دیسان خۆشی بێ وترشی بێت، ئه‌گه‌ر به راکردن و ماڕاسۆن وڵاتمان به جێ هێشت، ئه‌وجاره به گاگۆله و زگه‌خشکێ
سه‌رله‌نوێ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه ئامێزی گه‌رم و وشک هەڵاتووی وڵاته پڕ نهگبهتیهکامان……. خۆشه‌ویسته‌که‌م…ئه‌وه‌ی ته‌نیا،ته‌نیام ناکات وتهنیاییشم ئه‌ڕه‌وێنێته‌وه، هه‌میشه سهحهرێکهو ئاسۆی شێلوو تهلخم هێور هێور ساف وسپی ئه‌کاته‌وه، یاده‌وه‌ری رابردووهکهمانه ئه‌یکه‌مه جگه‌ره‌یه‌ک وخۆمی پێ ئه‌سوتێنم، هه‌ر به‌و چڕه دوکه‌ڵه‌ش دڵم خۆش ئه‌که‌م وخۆم ئه‌دۆزمه‌وه‌و خۆم ون ناکه‌م ، ئاسۆیه‌کی ته‌ری گه‌شیش ئه‌بینم، هه‌ر له‌ناو ئه‌و دوکه‌ڵه‌ش سنوور له‌به‌رده‌مم رۆلی نامێنێ و هه‌ست ئه‌که‌م ته‌نیا نیم له‌گه‌ل تۆم وله‌گه‌ل خه‌ڵکی خۆم ، خودان وڵات وخاک وماڵی خۆم…..هه‌مووشیانم له‌گه‌ل دان له‌گه‌ل زیکرو لاوانهوهو حه‌یران ورهشبهڵهکم مێوان وهاوشانمن. ئاوێزانمن، ئاوێزانیانم، ئاوێزانی یه‌کترین وئنجا ئاوێزان وئاوێزان تا له‌گه‌ل یه‌کتر سه‌ر ئه‌نێینه‌وه…………………….
شوان عوسمان
هۆله‌نده-دێلفت
1997