Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ئازادی لێرە..ئازادی لەوێ‌!

ئازادی لێرە..ئازادی لەوێ‌!

Closed
by October 4, 2010 گشتی

 لەهەر وڵاتێك… شارو، شەقام و، شوێنگەلێكی زۆرت بینی بەناوی”ئازادی”ـیەوە، ناودێر كرابوون، بزانە لەو شوێن و، وڵاتە، لەو شارو شەقام و شوێنە پرسی ئازادی و، بەهای ئازادییەكان، پرس و بەهایەكی لەبنەمادا ڕواڵەتی و، لەژێر پرسیاردان.
 بەڵێ‌، وەها ناودێركردنێك نە مانای ڕسكانی ئازادییەو، نەتینوێتی خەڵكیش بۆ ئازادی دەشكێنێ‌، ئێرانییەكان و، زۆرێكی تر لەگەلانی خۆرهەڵاتی، ئەوەی بەتەواوی مانا لێی بێبەشن، ئازادی و، بەهاكانی ئازادییە، كەچی بەدەیەها لەشوێنە گشتیەكانی ئەم وڵاتانەیش بەناوی”ئازادی”ـیەوە ناودێركراون!..
 ئازادی لەهەرێمی كوردستان، ئەگەرچی جیاوازییەكی بەراورد نەكراوی ژینگەیی هەیە، لێ‌ هێشتا لەخوار پێویست و خواستی مومارەسەكردنەوەیەو، بتەوێ‌ یان نەتەوێ‌، جۆرێك لەم وێناكردە شەرقییە بەدی دەكەی، بەنمونە لێرەیش دەیان شوێنگەلی گشتی و تایبەتی هەن بەناوی ئازادییەوە ناودێر كراون، لێرەش حكومەت و پەرلەمان، هەڵبژاردن، سەفارەتخانە، فڕینگەو نیشتنەوەی نێودەوڵەتی، گۆڤارو رۆژنامەو، دامەزراوەی جیا تر هەن، لێرەش ناوچەی گەشتیاری، یاریگەو مەلەوانگە، لێرەش بازاڕو ناڕەزایەتییەكان هەن، دور لەنادیدگەرایی و، بەراوردكارییەكی كوێرانە، بێگومان ستەمكارییە سیاسی و كۆمەڵاتییەكانیش بەجیاوازییەوە هەن.
 لەوێ‌ ئازادییەكان بەسیستەمێكی تۆتالیتاری و، لێرە بەمیزاج رێكخراون، لەوێ‌ لەسەر ئازادی بیركردنەوەو، گوتن، بەرۆژی روناك، دادگا ملی خەڵكی پەتیار دەكاو، لێرەش ئەم هەموو ژنكوژی و خودكوژییەی ژنان، ئەم هەموو ڕفاندن و كوشتنەی رۆژنامەنوسان، لێشاوی دڵشكان و تاقەت پروكێنی گەنجان، دامەزراوەیەك نییە بەشوێن گێرانەوەی مافەكانیانەوەبێ‌ و، بییانپارێزێ‌، وەك دەبینین ئیشی دادگاش بەتەنها بووەتە خۆخەریكردن بەشتە بچوكەكانەوەو، رۆتین بەربینی گرتوون!..
 ئاشكرایە ململانێی نێوان ئازادی و‎‎‎‎‎‎ دەسەڵات، دیاردەیەكی مێژوییەو، هەمووان بەوە ئاشناین، ئێمەیش لەوەها راستینەیەك تێدەگەین، لێ‌ ئەگەر ئەوە بۆ گەلانی خۆرئاوایی، زیاتر ململانێیەكبوبێ‌ لەنێوان ‏حكومەت و خەڵك، بۆ خۆرهەڵاتییەكان و، ئێمەیەك لەو ناوچەیەدا، حاڵەتەكە دژوار ترە، لەم ناوچەیەدا، ئەوەی بكوژ یا سنورداركاری ئازادییەكانە، ئەوەی بەڕواڵەتگەرایی دەیەوێ‌ خەڵكی منەتبار بكات، تەنێ‌ هەر دەسەڵاتی سیاسی یان حكومەت نییە، كولتورو خێڵگەرایی، گۆم و حەوزەی سوننەتی، هزری بازوگەرایی و، تەشریفاتی، لەكۆسپە هەرە گەورەو گرانەكانی بەردەم كرانەوەی پرسی ئازادی و جێگربوونی بەهای ئازادییەكانن، لێ‌ ئێستا سەردەمێك هاتۆتە پێش مرۆڤ چیتر باوەڕی بەوە نەماوە فەرمانڕەواو، ئەم دەسەڵاتە ناوەكیە بۆماوەیخوازانەی كۆمەڵگە، بێچەوانەی بەرژەوەندییە گشتیەكان، پێچەوانەی ئازادی تاك و ئازادییە گشتیەكان، هەروا دەسەڵاتێكی بێپەروا پۆڵاینی سەربەخۆ بمێنن و، زۆرینەش بۆ ئەبەد بەژێر ئەو هەژمونەوە گەلەو ڕەعییەتی كەمینەیەكی كۆمەڵایەتی یا سیاسیبن، چونكێ‌ ئەمانە لەباری مەنتیقیشەوە، دەبێ‌ ئەوە بزانن، دەسەڵاتی ئەوان جگە لەدەسەڵاتی تاك تاكەی پێكهاتەی نەتەوە بەچڕكراوەیی، خۆ شتێكی تر نیە، یانی دیاردەیەكی ئیلاهی و ئاسمانی نییەو، لە ئەزەلەوە بۆیان بەجێنەماوە، بۆیە لەپێڕۆكردنی ئەم دەسەڵاتە دەبێ‌ رەچاوی هەڵبژاردنی گونجاوترین پرەنسیپەكانی دیموكراسی و، جێگیركردنی نوێترین سیستەم و یاسا بكەن، بێگومان پێچەوانەكەی بۆ هەریەك لەدەسەڵاتی باوگەرایی و دەسەڵاتی سیاسی، هیچشتێك لەبێبایەخییان ونناكاو، ‏بۆ هەمیشەیش لەژێر پرسیاردا دەمێننەوە، دیارە لەوەها دۆخێكیشدا تەنێ‌ روبەروبوونەوەی ستەمكاریی سیاسی بەس نابێ‌، دەبێ‌ چین و توێژە كۆمەڵایەتیەكان دژی ستەمكاریی هەست و ڕای باویش بجەنگن، مرۆڤی ئەم سەردەمە مەجبور نییە خۆی لەگەڵ هیچ دەسەڵاتێك بگونجێنێ‌، ئەوەی دەبێ‌ خۆی لەگەڵ هەژموونی ئەم مۆدێلگەراییە بگونجێنێ‌، دەسەڵاتە جیاكانن نەك خەڵك، تەواوی ئەو ئایینە ئاسمانی و، ئایدیۆلۆژییەتە ڕێسمانیانەی هاتوون و لە ئارادان، بۆ باشتر كردنی گوزەرانی مرۆڤ و، پێشخستنی ئەوانن، نەك بۆ سنورداركردنی بیركردنەوەو، گوتن و ژیانكردنیان.  
  كاریگەریی نەرێت، لەرێگەگرتنی هەر بەدگومانییەك سەبارەت بەیاساو رێساكانی رەفتار، لەنێوان ڕەعییەت و ڕەعییەت چێتیدا، لەنێوان دەسەڵاتدارو رەعییەتەكاندا، لەنێوان خانەوادەو عەوامدا، لەنێوان پیاوان و ژناندا، دەستكردی ئەو بەرژەوەندی و، هەژموونە تۆتالیتارییەن كە لەجێی دۆزینەوەو، كار لەسەركردنی ئامانجی هاوبەش بۆ داكۆكیكردن لەئازادی، گومڕایی ئاكاری و، گەندەڵی خوو ڕەوشت و ژیاری بەگشتی دەبەشنەوە، مرۆ لەوەها حاڵیكدا نابێ‌ بەوە ڕازیبێ‌ نیری نەرێتی سیاسی و كۆمەڵایەتی، بۆ ئەبەد لەملی خۆی بسوێی و، سەر هەڵنەبڕێ‌، هێزی حكومەت و دەسەڵاتە جیاكانی تری كۆمەڵگە، كاتێ‌ هێزی مرۆڤەكانە، ئازادی تاكەكەسی هەر تاكێك لەخەم ڕەخسابێ‌، بەهەمان شێوە، ئەو كاتە هێزی هەمووانە كەئامانجی فەراهەمكردنی كەشوهەوایەكی مۆدێرنی هەیە بۆ بیركردنەوەو ژیانكردنێكی باشتر، تا ئەو شوێنەی مرۆڤەكانیش لەرێگەی ئەومزنكردنێكی ئارەزومەندانەی ژیانكردنیانەوە، توانستەكانی باشتر بوونیش بەدەستنەهێنن، ئازادی شتێك نییە جێبەجێی سەر دیاردەو دەركەوتەكانبكرێت، لێ‌ لەبوونەوە تا گەورەبوون، كێ‌ لەئێمەومانێكی شەرقی، ئازادو ئارەزومەندانە، مافی وەها بریاردانێكی ئەزمونكراوی هەیە؟ كێ‌ ئازادی سوربوون لەسەر ئارەزووەكانی خۆی هەیە؟ كێ‌ ئازادی داڕشتنی پلانی ژیانكردنی گونجاو بەكەسێتی خۆی هەیە؟، ئایا ئازادی ئەوەی ئارەزوی دەكەی هەیە؟، من دڵنیام تێكڕای كەمینەی بەریاردەر لەكۆمەڵگەی شەرقی و، دەسەڵات لەم ناوچەیەدا هێشتا وا هەست دەكەن رەفتارو خواستی ئازادی تاكگەرایی مرۆڤ، خواستێكی لەبنەمادا شێتانەو قۆڕو هەڵەیە، هۆكارەكەیشی لەبێئاگاییەوە نییە، ئاشكرایە ئازادی تاك دواجار یەكسانە بە یەكگرتنی ئازادی كۆ، ئەمەیش پێچەوانەی دنیابینی نەسڵی كۆن و، ئامانجی خەڵكانی فریودەرە، ئەمانە وەها دێتە بەرچاویان ئازادی بیركردنەوە، ئازادی گوزارشتكردن، ئازادی بڵاوكردنەوە، ئازادی ڕاو بۆچوون، ئازادی جەستەیی، ئازادی رۆحی و…تاد، سەر بە پرەنسیپێكی جیا لەئازادین و، فەسادی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیاندا دەهێنن!..ترسیان لەوە هەیە مرۆ شتێكی گەورەتر بخاتە سەر بوونی خۆی، بۆیە نایانەوێ‌ وەك ئەوەی مرۆڤ خۆی دەیەوێ‌ ئاوا بژی، لەو باوەڕەدان دەبێ‌ پێڕۆی ئەو یاساو ڕێسا باوانە بكات كە دەسەڵاتی سیاسی و كۆمەڵاتی باو، بۆی دیاریكردون، ‏هەر پرینگانەوەیەكیش بەئینحراف و، هەڵگەڕانەوە لەكونی خۆی دەزانن، بەو عیبارەتەیش ئەوەی لەكونی خۆی هەڵگەرێتەوە گەڕ دەبێت!..لێ‌، هەڵگەڕانەوە لەسروشتی مرۆڤبوون، رێز نەگرتنی ئازادییەكان و، بەرپێگرتنی مافی هەڵسورانی ئارەزومەندانەی ئەوانی تری مرۆڤ و بوونەوەرە بەگشتی، هەر یاساو رێساو دەسەڵاتێكیش ئەو مافانە ئاوەڵە نەكات، ئەو كۆمەڵگەیە ئازاد نیە، یانی ئەو یاساو رێساو دەسەڵاتە، سەر بەڕەگەزێكی جیا لەلێورێژی كانیلەكانی ئازادین و، بەشوێن كۆنتڕۆڵكردنی ماف و، رەفتاری مرۆڤەوەن.

ئەرسەلان مەحمود

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.