به‌كر شوانی له‌باره‌ی پرسی وه‌رگێڕانه‌وه:
بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان له كوردستاندا پرۆگرامی زانستی و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌مه‌كی به‌ڕێوه ده‌چێت
وه‌رگێڕی به‌توانا به‌كر شوانی كه زۆربه‌مان له‌ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی شاكاره‌كانی ( ئورهان پاموك) ه‌وه ناسیمان، ماوه‌ی پانزه ساڵه له‌ولاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژی، ئه‌گه‌رچی خۆی كۆلیژی ئه‌ندازیاری له‌به‌غدا ته‌واو كردووه، به‌ڵام خاوه‌نی حه‌زێكی قوڵه بۆ ئه‌ده‌ب، هه‌ربۆیه به‌عه‌شقه‌وه ده‌ستی داوه‌ته ورهگێڕانو له‌و بواره‌دا خزمه‌تێكی به‌رچاوی به‌خوێنه‌رو كتێبخانه‌ی كوردی كردووه، له‌م دیداره‌دا ناوبراو وه‌لامی هه‌ندێك له‌پرسی وهرگێڕانو گرفته‌كانی ئه‌و هونه‌ره ئه‌داته‌وه.
پرسیار: له‌نێو چه‌ندین شاكاری ئه‌ده‌بی جیهانیدا بۆچی ئۆرهان پاموكت هه‌ڵبژارد بۆ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی؟
وه‌ڵام: وه‌ك ده‌زانرێت، شاكاره‌كانی ئه‌ده‌بی جیهانی زیاتر له هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه ده‌كرێن به كوردی. هه‌رچی منیشیم، لایه‌نگری وه‌رگێڕانم له زمانی یه‌كه‌مه‌وه. له‌م بواره‌شدا زیاتر گرانیم خستووه‌ته سه‌ر وه‌رگێڕان له زمانه‌كانی توركی و ئه‌ڵمانییه‌وه. له ناو نووسه‌رانی توركیشدا ئۆرهان پاموكم هه‌ڵبژارد و چه‌ند هۆكارێكیش هه‌بوون بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه. پاموك هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گران و خوێنه‌رانی تورك و جیهانی به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه. پاش ئه‌وه‌ی له ساڵی 2006دا خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیاتی وه‌رگرت، ئیدی به‌جارێك سنووره‌كانی توركیای تێپه‌ڕاند و پڕ به واتای وشه بوو به نووسه‌رێكی جیهانی. ئۆرهان پاموك درێژه‌پێده‌ری ڕێبازی هه‌ردوو نووسه‌ری كۆچكردووی تورك ئه‌حمه‌د حه‌مدی تانپینار و ئۆغوز ئاتایه له ورووژاندنی بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات-ڕۆژئاوادا. ئه‌م له‌و بواره‌دا ئه‌وانی تێپه‌ڕاند و گه‌یشته لوتكه و له ڕێی ڕۆمانه‌كانی وه‌ك “من ناوم سووره” و “قه‌ڵای سپی” و “به‌فر”ه‌وه سه‌رنجی دنیای ڕۆژئاوای بۆ سه‌ر خۆی ڕ‌اكێشا. پاموك ده‌كه‌وێته خانه‌ی نووسه‌رانی پۆست مۆدێرنه‌وه و وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی له ئه‌ده‌بیاتیی توركیدا ئه‌نجام داوه. ئه‌م نووسه‌ره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له نووسیندا هێڵه سووره‌كانی ئایدۆلۆجیای فه‌رمیی ده‌وڵه‌ت و تابووه دهقبهستووهكانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی به‌زاندووه، له وڵاته‌كه‌ی خۆی له هه‌مان كاتدا بووه به نیشانه‌ی تیری ڕه‌خنه‌ی ئیسلامییه‌كان و كۆنه‌پارێزان و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له نیشانه هه‌ره دیاره‌كانی لێهاتوویی و به‌هره‌مه‌ندیی ئه‌و نووسه‌ره. گشت ئه‌و هۆكارانه وایان كرد ده‌ست بده‌مه وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی پاموك و زۆر خۆشحاڵم كه شاكاره‌كانی نووسه‌ر له زمانی یه‌كه‌مه‌وه ده‌خه‌مه به‌رده‌ستی خوێنه‌ری كورد.
پرسیار: گرنگی رۆمانه‌كانی پاموك بۆ كورد له چیدایه.. ئایا نزیكایه‌تییه‌ك هه‌یه له‌نێوان سرووشتی ئێمه‌و دنیابینی ئه‌و رۆماننووسه‌دا؟
وه‌ڵام: پاموك زۆر بوێرانه په‌نجه‌ی بۆ دنیای سیاسه‌تی جه‌نجاڵ و پڕ له كێشه و گرفتی توركیا ڕاكێشاوه و ڕاده‌كێشێت و یه‌كێكه له‌و ڕۆشنبیره ده‌گمه‌نانه‌ی تورك كه مه‌سه‌له‌ی قڕكردنی ئه‌رمه‌نی و كوشتنی كوردی له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهاندا هێناوه‌ته ئاراوه. نووسه‌ر ماوه‌یه‌ك پێش وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیات له لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌یه‌كی سویسرایی ئاماژه‌ی كرد بۆ كوژرانی 30 هه‌زار كورد له سه‌روبه‌ندی قڕكردنی ئهرمهنییهكاندا له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای عوسمانی له ساڵی 1915دا. له ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌دی ڕابردووش‌دا زنجیره‌یه‌ك وتار و شرۆڤه‌ی سیاسیی بڵاو كرده‌وه و له‌و ڕێیه‌وه په‌نجه‌ی خسته سه‌ر برینه‌كانی ناو كۆمكهڵگهی دیموكراتی و به‌رده‌وام داوای دیمواكراسیی زیاتر و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤی ده‌كرد. ئه‌و هه‌ڵوێستانه، نووسه‌ریان به‌تۆمه‌تی سوكایه‌تیكردن به توركایه‌تی گه‌یانده به‌رده‌م دادگا، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رنه‌گرتایه، ئێستا حاڵی له حاڵی ئیسماعیل بێشكچی باشتر نه‌ده‌بوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه، كورد پێگه‌یه‌كی دیاری هه‌یه له هه‌ندێك له ڕۆمان و وتاره‌كانی ئۆرهان پاموكدا. بۆ نموونه، ڕوورداوهكانی ڕۆمانی “به‌فر” له شاری قارسی باكوری كوردستان ده‌قه‌ومێن و ڕۆڵی كورد به زه‌قی له‌و ڕۆمانه‌دا دیاره. ته‌نانه‌ت له‌و ڕۆمانی “مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی”یشدا كه ڕووداوه‌كانی له شاری ئیستانبوڵ ده‌قه‌ومێن و شاكارێكی تایبه‌ت به ئه‌ڤین و بیره‌وه‌رییه، چه‌ند جارێك ناوی كورد هاتووه. هاوكات ئێمه‌ی كورد به‌شێكین له‌و سیسته‌می ڕۆژهه‌ڵاته‌ی كه نووسه‌ر له ڕێی شاكارهكانییهوه به ڕۆژئاواوهی ده‌به‌ستێته‌وه. گشت ئه‌م هۆكارانه وا ده‌كه‌ن كه ڕۆمانه‌كانی ئۆرهان پاموك لای كورد و نه‌ته‌وه‌كانی هاوسێی تورك خاوه‌ن گرنگی بن و شایه‌نی ئه‌وه بن بۆ كوردی وه‌ربگێڕدرێن.
پرسیار: وه‌رگێڕ سه‌ركه‌وتوو كێیه، ئایا شاره‌زابوون له‌زمانێكی دیاریكراودا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی بكرێت؟
وه‌ڵام: به‌ڕای من، ته‌نیا زمانزانین به‌س نییه بۆ وه‌رگێڕان، به‌ڵكو باشتر وایه وه‌رگێڕ شاره‌زایی له ئه‌ده‌بیات و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دابونه‌ریتی ئه‌و گه‌له‌دا هه‌بێت كه بابه‌ته‌كه‌ی لێوه وه‌رده‌گێرێت. هه‌بوونی شاره‌زایی ده‌بێته هۆی تێگه‌یشتنی باشتر له نووسه‌ر و ده‌كرێت بیر و ڕامان و مه‌به‌سته‌كانی نووسه‌ری خاوه‌ن به‌رهه‌م به باشترین شێوه بۆ ناو زمانی پێ وه‌رگێڕدراو بگوازرێته‌وه. هه‌موو تێكستێكی ئه‌ده‌بی ئاوێنه‌ی باڵانمای نووسه‌ره و به‌رهه‌می هزری ئه‌و گوزاره له ژیان و ململانێ و ناكۆكی و بێنه و به‌رده‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات. بۆ وه‌رگێڕ كورد زانینی زمانی كوردی و هه‌بوونی شاره‌زایی له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا به‌ئه‌ندازه‌ی زمانه بیانییه‌كه گرنگه. وه‌رگێڕی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه كه به‌شێكی به‌رچاو له‌و تایبهتمهنمدییانهی تێدا بێت.
پرسیار: تۆ یه‌كێكیت له‌و وه‌رگێڕانه‌ی متمانه‌یه‌كی باشت به‌ده‌ست هێناوه له‌لایه‌ن خوێنهرانو نێوه‌ندی ئهدهبیو ده‌زگاكانی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌وه، به‌ڵام زیاتر ته‌ركیزت له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی پاموكه، ئایا به‌نیاز نیت ده‌ست بۆ ئه‌ده‌بی گه‌لانی دیكه به‌ریت؟
وه‌ڵام: جۆری ئه‌وه‌ی له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا ئاماژه‌م بۆ كرد، وه‌ك وه‌رگێڕ گرانیم خستووه‌ته سه‌ر وه‌رگێڕان له زمانه‌كانی توركی و ئه‌ڵمانییه‌وه. له ڕاستیدا جگه له وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی پاموك، كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می تریشم له توركییه‌وه وه‌رگێڕاوه. تا ئێستا نزیكه‌ی 30 چیرۆكی عه‌زیز نه‌سینم وه‌رگێڕاوه و به‌رده‌وامیشم له‌و بواره‌دا. به‌شێك له‌و چیرۆكانه له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی كوردستاندا بڵاو كراونه‌ته‌وه و به‌شێكی تریشیان چاوه‌ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ن. وا به‌نیازیشم هه‌ر كاتێك گه‌یشتنه 50 چیرۆك، له دووتوێی كتێبێكدا بڵاویان بكه‌مه‌وه. له‌وانه‌یه هه‌ندێك له‌و چیرۆكانه له‌لایه‌ن كه‌سانی تریشه‌وه كرابن به كوردی، به‌ڵام زیاتر له زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه كراون. هه‌رچی ئه‌وانه‌ی منیشن، هه‌مووم له توركییه‌وه وه‌رگێڕاون و نه‌مهێشتووه تام و به‌رامه‌ی خۆیان ون بكه‌ن.
هه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م ساڵدا شانۆنامه‌یه‌كی نووسه‌ری ناوداری تورك تونجه‌ر جویجهنئۆغڵوم به‌ناوی “هه‌ره‌سی به‌فر” له زمانی توركییه‌وه وه‌رگێڕا و له ده‌زگای ئاراس چاپ كرا. وه‌رگێڕانی ئه‌و شانۆنامه‌یه له‌سه‌ر داوا و پێشنیازی هاوڕێی هێژام كاك دانا ڕه‌ئوف بوو كه له ده‌زگای ئاراس سه‌رپه‌رشتیی وه‌رگێڕان و چاپكردنی كتێبه‌كانی زنجیره‌ی شانۆی بیانی ده‌كات و له‌و بواره‌دا كارێكی نایاب ئه‌نجام ده‌دات. جویجهنئۆغڵو نووسه‌رێكی ناسراوه له‌سه‌ر ئاستی جیهان و هه‌ندێك له شانۆنامهكانی له‌م ساڵدا له شانۆكانی ڕووسیا، فه‌ره‌نسا، ئیتالیا، ئه‌ڵمانیا، ئۆكرانیا، هندستان و چه‌ند وڵاتێكی تر نمایش ده‌كرێن. له ڕێی وه‌رگێڕانی ئه‌و شانۆنامه‌یه‌وه له‌گه‌ڵ جویجهنئۆغڵودا بووین به دۆست و ئێستا ئه‌و زۆر ئاره‌زوو ده‌كات “هه‌ره‌سی به‌فر” له كوردستانیش بچێته سه‌ر شانۆ و فره حه‌ز ه‌كات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ردانی كوردستان بكات.
پرسیار: وه‌ك لقه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب زۆری‌و بۆرییه‌ك له پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانیدا درووست بووه، ئه‌وه‌نده‌ی تۆ ئاگادار بیت ئه‌و كاانه تاچه‌ند به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دراون‌و غه‌دریان له‌خودی به‌رهه‌مه‌كه‌و خوێنه‌ریش نه‌كردووه؟
وه‌ڵام: دیاره له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گه‌لێك به‌رهه‌می جیهانی كراون به‌كوردی، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له‌و به‌رهه‌مانه له زمانی دووه‌مه‌وه، واته له عه‌ره‌بی یان فارسییه‌وه كراون به كوردی. به‌گشتی بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان له كوردستاندا بزووتنه‌وه‌یه‌كی سسته و دوور له په‌یڕه‌و و پرۆگرامی زانستی و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌مه‌كی به‌ڕێوه ده‌چێت. له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا، پێداویستی كۆمه‌ڵگه و بازاڕ بڕیار له‌سه‌ر چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی بابه‌تی هه‌ڵبژێردراو بۆ وه‌رگێڕان ده‌دات. لای ئێمه تا ئێستا وه‌رگێڕ خۆی بابه‌تی وه‌رگێڕان ده‌ستنیشان ده‌كات و وه‌ریده‌گێڕێت. ڕێكخراوێك یان سه‌ندیكایه‌ك له ئارادا نییه تا وه‌رگێڕ له ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه و له‌به‌ر ڕۆشنایی پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رنامه‌ی وه‌رگێڕانیان بۆ ده‌ستنیشان بكات. هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌ریی نه‌رێنیان به‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه له كوردستاندا هه‌یه.
چ ئێمه و چ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر، چه‌ندی ژماره‌ی نووسه‌رانی خۆماڵیمان زیاتر بن، ناتوانین له هه‌موو بواره‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فه‌لسه‌فه و هتد… به‌رهه‌ممان هه‌بێت. بۆیه ئێمه‌ی كورد وه‌ك به‌شێك له كۆی مرۆڤایه‌تی، پێویستمان به به‌رهه‌می هزری نووسه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی تریش هه‌یه. وه‌رگێڕی كوردیش تا ئێستا له ڕووی هه‌ستكردن به لێپرسراوی و هه‌ندێك جاریش وه‌ك ئاره‌زوویه‌ك ده‌ست ده‌داته وه‌رگێڕان، چونكه وه‌رگێڕان له‌ناو كورددا هێشتا نه‌بووه به پیشه‌یه‌ك كه ژیانی وه‌رگێڕ دابین بكات. لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه ئێمه پێویستمان به ڕێكخراوێك یان سه‌ندیكایه‌كی تایبه‌ت به وه‌رگێڕه‌كان و كاری وه‌رگێڕان هه‌یه كه هه‌م به‌رنامه و سیاسه‌تی وه‌رگێڕان دابڕێژێت و هه‌م مافی وه‌رگێڕانیش بپارێزێت. له زۆربه‌ی وڵاتانیشدا پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان به‌شێكه له به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ت و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆیه باشتر وایه په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان ئاوڕ له‌م لایه‌نه بده‌نه‌وه و به‌رنامه‌ی تایبه‌تیان بۆی هه‌بێت.
پرسیار: پڕۆژه‌ی تازه‌ت چییه له‌وه‌رگێڕاندا ئه‌گه‌ر بكرێت زانیاریمان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ت بده‌رێ؟
وه‌ڵام: له ڕاستیدا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش و تایبه‌تم به ده‌سته‌وه‌یه، یان له به‌رنامه‌دایه بۆ وه‌رگێڕان له توركی و ئه‌ڵمانییه‌وه بۆ كوردی و له كوردییه‌وه بۆ توركی (وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه). شاعیر و ڕۆرژنامهنووس خاتوو بێ‌ژان ماتوور كه به زمانی توركی ده‌نووسێت و ئێستا دیارترین شاعیری توركیایه، به زمانێكی شیعرئامێز كتێبێكی وێنه‌دار و قه‌واره گه‌وره‌ی سه‌باره‌ت به مێژووی شاری دیاربه‌كر نووسیوه و ناوونیشانی “دیاربه‌كر، ده‌روازه‌ی ڕۆهه‌ڵات”ی بۆ هه‌ڵبژاردووه. من له‌سه‌ر داوای بێ‌ژان و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆمیش زۆرم به‌دڵ بوو، ئه‌و كتێبه‌م وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی و ئێستا له قۆناغی مۆنتاج و ئاماده‌كردندایه بۆ چاپ.
ماوه‌یه‌كیش له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ هاوڕێی هێژام كاك سیروان ڕه‌حیم كتێبێكی عه‌زیز نهسینمان به ناوونیشانی “تورك له بولگارستان، كورد له توركیا” له توركییه‌وه بۆ ئه‌كادیمیای كوردی له هه‌ولێر وه‌رگێڕا و ئاماده كرد و ڕاده‌ستی ئهكادیمیامان كرد. ئه‌و كتێبه هه‌ڵوێستی عه‌زیز نه‌سین له به‌رامبه‌ر پرسی كورد و كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و وتاری سه‌رنجبزوێن له خۆ ده‌گرێت.
له‌م كاته‌شدا كار له وه‌رگێڕانی كتێبێكی مێژوویی‌دا ده‌كه‌م بۆ ئه‌كادیمیای كوردی كه تیشك ده‌خاته سه‌ر مێژووی كورد و میرنشینه‌كانی كورد و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی‌دا له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا. پڕۆژه‌یه‌كی تریشم به ده‌سته‌وه‌یه بۆ وه‌رگێڕانی یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانی گوینته‌ر گراس له ئه‌ڵمانییه‌وه بۆ كوردی. بێگومان ئه‌گه‌ر بوارم هه‌بێت، له نزیكترین هه‌لدا ده‌ست ده‌ده‌مه وه‌رگێڕانی ڕۆمانێكی تری ئۆرهان پاموك.
له بواری وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌شدا خۆم و كاك سیروان ڕه‌حیم و براده‌رێكی كوردی باكور پڕۆژه‌یه‌كی وه‌رگێڕانی هاوبه‌شمان هه‌یه له زمانی كوردییه‌وه بۆ زمانی توركی. به‌ڵام هه‌رسێكمان له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتووین كه ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له باره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه ڕانه‌گه‌یه‌نین. خۆمان له كاتی گونجاو‌دا له ڕێی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ناوهڕۆركی پڕۆژه‌كه‌مان ئاشكرا ده‌كه‌ین.
پرسیار: دوایین پرسیارم ئه‌وه‌یه بۆچی وه‌رگێڕی پێچه‌وانه‌مان كه‌مه، واته له كوردییه‌وه به‌رهه‌م وه‌ربگێڕنه سه‌ر زمانه زیندووه‌كانی جیهان.. ئایا ئه‌ده‌بی كوردی رووی ئه‌وه‌ی نییه بخرێته سه‌ر زمانه جیهانیه‌كان؟
وه‌ڵام: ئه‌مه بابه‌تێكی زۆر گرنگه. ئێمه له كاتێكدا له وه‌رگێڕان له زمانه بیانییه‌كانه‌وه بۆ كوردی كێشه‌ی زۆرمان هه‌بێت، چۆن ده‌توانین به‌رنامه‌مان هه‌بێت بۆ وه‌رگێڕان له كوردییه‌وه بۆ زمانه‌كانی تر؟ مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه كه ئه‌ده‌بی كوردی ڕووی ئه‌وه‌ی نه‌بێت بخرێته سه‌ر زمانه جیهانییه‌كان، بگره گرفته‌كه له نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌و كاره‌دایه. له وڵاتانی ئه‌وروپا و جیهان، بۆ نموونه، له ئه‌ڵمانیا ده‌زگای تایبه‌ت به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بیانی هه‌یه. به‌ڵام مه‌رجی ئه‌وان ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مه‌كه‌یان به وه‌رگێڕدراوی به ده‌ست بگات. ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌زگایه‌كمان هه‌بێت پشتیوانی ئه‌و پڕۆژه‌یه بكات، ئه‌وا له نزیكه‌ی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه زمانه زیندووه‌كانی جیهانیان تێدا به‌كار ده‌هێندرێت، وه‌رگێڕ په‌یدا ده‌بن بۆ وه‌رگێڕان له زمانی كوردییه‌وه بۆ زمانه‌كانی جیهان. دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه: ئه‌مه ئه‌ركی ڕێكخراوێكی تایبه‌ته به وه‌رگێڕان كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی كوردستانه‌وه‌و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت و كۆمپانیاكانی كوردستانیش سپۆنسۆری بن.