ئیشكالیه‌تی ئیزدواجیی بوونی چه‌مكی رۆشنبیر له قه‌زای شه‌قڵاوه‌دا
ئه‌م نووسینه كورته، كورته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه له‌باره‌ی قه‌یرانی رۆشنبیری و بهرۆشنبیربوون و دژواری و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی ئه‌و چه‌مكه له‌نێو شاری شه‌قڵاوه‌دا. به ئامانجی ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی شێوه زانستانهبێ، كه پرۆسه‌ی رۆشنبیری‌و قه‌یرانه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م كاروانهو چۆنیه‌تی ئیستیعاب كردن‌و نه‌كردنی له ده‌ڤه‌ره‌كه بخاته روو، ئه‌مه‌ش له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك پرسیاردا ده‌سه‌نگرێته‌وه، ئه‌وانیش بریتین له‌وه‌ی، ئایا به‌راستی ئێمه‌ی قه‌ڵه‌م خواری سێبه‌ر خوار له واقیعێكی تهوازووعدا و قه‌ڵه‌م تیژ له رووكه‌شدا، له چ ئاستێكی رۆشنبیری داین؟ هه‌روه‌ها په‌یامی ئه‌و هه‌وڵدانه له كوێدایه؟و ئامانج لێی چییه؟ گرفته‌كانی به‌رده‌می چین؟ ئه‌رێ هێزی ژینگه‌یی ده‌ڤه‌ره‌كه له‌نێو ره‌هه‌نده‌كانی بهرۆشنبیربووندا له كوێدا به‌رجه‌سته ده‌بێ؟ دژایهتیو دۆستایه‌تی هه‌وڵه رۆشنبیرییه‌كان لێره چ پێوه‌رێكی پێویسته‌و به‌چی شهنو كه‌و بكرێن؟ گولله به تاریكی وهنانو شۆق له رۆژێ بڕینی ئێمه له كوێدایه‌و چ پایه‌یه‌كی هه‌یه؟ ئه‌مانه‌و چه‌ندان پرسیاری تر له‌م كورته توێژینه‌وه‌یه به زمانێكی ساده تیشكیان ده‌خرێته سه‌ر.
1/1 به رابردوو ههڵگوتنمانو هیچ لهباردانهبوونمان:
قسه‌كردن له‌سه‌ر رابردوو مافی هه‌ر تاكێكهو ده‌كرێ له‌و روانگه‌یه‌وه شانازییه‌كان نیشان بدرێنه‌وه، چونكه وه‌ك حه‌مزاتۆڤ گوته‌نی ))ئه‌وه‌ی گولله به رابردووه‌وه بنێ داهاتوو تۆپی پێوه ده‌نێ)) بۆیه ناكرێ ئه‌م چه‌مكه له‌نێو گڕو تینی كۆمه‌ڵایه‌تیماندا فه‌رامۆش بكرێ، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه لایه‌نه گه‌ش و دیاره‌كانی ده‌بێ سه‌رمه‌شقی كاره‌كان بێ و به لانی كه‌م ئه‌مڕۆ چاكتر بێ له دوێنێ، به‌ڵام ئه‌رێ ده‌نگ و سه‌دای گه‌وره‌ی ئێمه له‌و ده‌ڤه‌ره له رووه رۆشنبیرییه‌كه، تاكی رۆشنبیری وه‌ك دوێنێ به‌رهه‌م هێناوه؟ بێگومان ناتوانین ئه‌م پرسیاره به به‌ڵێ و نه‌خێر وه‌ڵام بده‌ینه‌وه، چونكه له زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان قسه‌كردن و لێدوانی ره‌ها و به‌ڵێ و نه‌خێر جێگایان نابێته‌وه، به‌ڵام ئیش كردن له‌ناو كایه‌ی مه‌عریفی توێژی به‌ناو رۆشنبیر له‌چوارچێوه‌ی وابه‌سته‌بوونی خوێنده‌وار به كۆمه‌ڵێك رێكخراوی رۆشنبیر، به‌رهه‌م و داهاتی فیكری و مه‌عریفی بارته‌قای هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كانی دوێنی نین به شێوه‌یه‌كی گشتی، (به هه‌ڵاوێردنی هه‌وڵه پرشنگداره تاكه كه‌سییه‌كانی ئه‌ملاو ئه‌ولا)، چونكه نه به‌رهه‌مه جدییه‌كان دیارن‌و نهداهاتوویهكی له ئامێزگرتنێكی دڵسۆزانه‌ی لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێ، ئه‌م لهئامێزنهگرتنه ده‌شێ له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌بگرێ، كه ئێمه‌ی به‌ناو ئه‌م توێژه نیشانه‌ی پرسیارمان ده‌كه‌وێته سه‌ر له‌وه‌ی كه كه‌ممان ده‌بار دایه، بۆیه هه‌میشه به‌ردی گه‌وره ده‌هاوێژین و كه‌متر یه‌كتری قبوڵ ده‌كه‌ین و زۆرترین قسه‌مان له‌سه‌ر شانازییه‌كانی كاروانی رۆشنبیریی رابردوومانه و كه‌مترین پڕۆژه و هه‌وڵ و كۆششمان بۆ ئێستا هه‌یه. بچوكترین پرۆژه‌ش هه‌بێ، زۆرترین به‌ردی تێده‌گیرێ و به ئاسانی هه‌رس ناكرێ، ئه‌م هه‌رس نه‌كردنه، دووباره نیشانه‌ی كه‌مبوونی دهباردانهبوونه.
1/2 نائاماده‌یی تاكی ده‌ڤه‌ره‌كه بۆ هه‌ڵگرتنی په‌یامی رۆشنبیری:
یه‌كێك له گرفته هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌قڵاوه له رووه رۆشنبیرییه‌كه، بریتییه له نائاماده‌بوونی تاكی ناوچه‌كه بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌م په‌یامه، یا به واتایه‌كی تر ده‌توانین ئه‌م نائاماده‌ییه له‌م چه‌ند خاڵانه كورت بكه‌ینه‌وه:
1- بڕوا نه‌بوونی ته‌واوی تاك به ئیش كردنی ده‌سته جه‌معی و یاخود بڵێین بوونی جۆرێك له ترسان له ره‌وته‌كه، كه ئه‌مه خاڵی هه‌ره مه‌ترسییه و وایكردووه به ئاشكرایی كۆڕ‌و سیمیناره‌كانی رێكخراوه رۆشنبیرییه‌كان ژماره‌یه‌كی كه‌م كه‌س ئاماده‌ده‌بن، ئه‌مه له‌وسۆنگه‌یه‌وه په‌نجه ده‌خاته سه‌ر شێوازی ئه‌دای رێكخه‌رانی ئه‌م چاڵاكییانه به‌وه‌ی بۆچی تا ئێستا نه‌یانتوانیوه ده‌روونی گه‌نجی ئه‌م ناوچه‌یه له پیاسه‌یه‌كی ناو بازاره‌وه به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌و كاروانی رۆشنبیری كه‌مه‌ندكێش بكه‌ن.
2- ره‌وینه‌وه‌و ترسان له كاروانه‌كه، نیشانه‌ی جوینه‌وه‌ی بنیشتی كۆن‌و خولانه‌وه له بازنه‌یه‌كی بهتاڵدایه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌زموونی ئاشكرا له‌و باره‌وه دیاره، كه په‌یوه‌ست بوون به‌م چالاكییه خاكهراییانه نه‌ك ته‌نیا گه‌شه‌سه‌ندنێكی گه‌وره له بونیادی تاكه‌كه دروست ناكا، به‌ڵكو زۆرجاریش ساردبوونه‌وه‌یه‌كی وای به‌سه‌ردادێ، ره‌نگه گه‌لێ گهرمبوونهوهش فریای نه‌كه‌وێ، بۆ سه‌لماندنیش به‌رهه‌مه جدیییو چالاكییه گه‌وره‌كان كه هاوشانی قه‌زاو ناحییه‌كانی تره، له كوله‌كه‌ی ته‌ڕی ده‌ڤه‌رو بونیادی كه‌سایه‌تیی رۆشنبیری شه‌قڵاوه‌دا كه‌متر ده‌سه‌نگرێته‌وه.
3- به‌رد له‌ماڵی یه‌كتر گرتن‌و له ئاسمان‌و به‌رزی روانینی چ له ههمبانهدانهبوونو ئیدیعای گه‌وره‌ی رۆشنبیری‌و یه‌كتر قبوڵ نه‌كردن‌و دڵته‌نگ بوون به چاڵاكیی رۆشنبیری یه‌كتر له‌لایه‌ن خودی به‌ناو رۆشنبیرانه‌وه، بازنه‌یه‌كی چه‌قبه‌ستوو دروست دهكاو مانه‌وه‌ی نه‌سلێكی خۆ پێ ههڵپهساردوو و نههاتنهكایهی نه‌وه‌یه‌كی رۆشنبیر ده‌سازێنێ.
1/3 رۆشنبیری قسه‌نووس نه‌ك فیكرنووس:
پرۆسه‌ی به رۆشنبیری بوونی ئه‌مڕۆی كوردستان بهگشتیو ناوچه‌كه‌ی خۆشمان كه به‌ده‌ر نییه له‌م باره، به‌ڵكو قوڵتریش ره‌گه‌كانی شۆڕبۆته‌وه، بریتییه له دروستكردنی خوێنده‌وار نه‌ك خوێنه‌ر، پرۆسه‌ی خوێندن نه‌ك خوێندنه‌وه، ئه‌مه وایكردووه قسه بنووسرێته‌وه نه‌ك بیر، چونكه له‌و به‌رهه‌مهێنانه‌دا په‌یام بزرو نادیاره، به‌و واتایه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ست تۆماركردنی قسه‌كانه ئه‌وه‌نده هه‌ڵوه‌دای به‌رهه‌مهێنانی بونیادێكی مه‌عریفی پڕ سوود نییه، چونكه پێناسی رۆشنبیر له چوارچێوه‌ی نووسینی وتارێك و ده وتاردا نییه، ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌ی كاریگهرو توێژینه‌وه‌ی بنه‌ماكانی فیكره، له‌و باره‌دا غیابی بیرێكی دروست، جه‌هل له‌گه‌ڵ فرمێسكه‌كانی قه‌ڵه‌م ده‌ڕژێنێ، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری بین، كاره‌ساتی رۆشنبیری دێنێته كایه‌وه، چونكه مه‌سه‌له‌كه هه‌ڵزنان نییه به به‌رزاییه‌كانی زۆر نووسین، ئه‌وه‌نده‌ی رامانه له هه‌ڵویستێكی ژیرانه. له زۆربه‌ی ئه‌و نووسین و كار‌و كاردانه‌وانه قسه‌ی ساده ده‌بینرێن و هه‌ڵوێستی جیددی و فیكریی و ئینصافانه له هه‌ناوی وتاره‌كاندا چزوورهی كه‌مه و هه‌ندێ جار هه‌ر نابینرێ. بۆیه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر چالاكییه‌كی رۆشنبیرانه، پێویسته بیر بنووسرێته‌وه نه‌وه‌ك كهف و كوڵی هه‌ست و سۆزی برینداركهرانه، كه دواجار له بێ به‌رهه‌می و زیوان شینبوون، هیچی تری لێ شین نابێ و كاریگه‌رییه‌كی سه‌لبیشی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی دوای خۆمان دهبێو خه‌ڵكیش لهدیارمان قاقا پێده‌كه‌نن و له‌سه‌ر خه‌رمانی ههبووو نه‌بوومان گێره‌ی ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌گه‌ر چاوی خه‌ڵكیش بگرین، چاوی مێژوومان پێناگیرێ و مێژوو به هوردو درشته‌وه ده‌مانخاته نێو شانه‌كانی خۆی.
1/4 پێشبینی كردن بۆ شكستهێنانی پرۆژه رۆشنبیرییه‌كان:
پێشبینیكردن بۆ هه‌بوونی به‌ربه‌ست و دڵخۆش بوون به شكستهێنانی هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی رۆشنبیری، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌نجامی كۆتایی ببینرێ، نه‌ك هه‌ر له هه‌ناوێكی ناته‌ندروست ئه‌م بیره سه‌رهه‌ڵده‌دا، به‌ڵكو له روانگه كۆمهڵناسییهكهوه ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێ، نیشانه‌ی نه‌بوونی هێزێكی خودی كارایه له‌گیان و جه‌سته‌ی پێشبینیكهرهكه و هه‌بوونی ئه‌و هێزه خودییه له چوارچێوه‌یه‌كی به‌ركاردا ده‌سوڕێته‌وه، كه خودی خۆی له‌نێو بیركردنه‌وه‌یه‌كی كۆپیكراودا دهژیو له ئاستانه‌ی ئه‌ودا دونیای رۆشنبیری ده‌بێ به ڕبه‌ی ئه‌و بپێورێ و بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌وه بێ خۆی قاڕای كاروانه‌كه‌یه. وێڕای ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه شه‌قڵاوه و ئێمه‌مانان هێشتا له دابڕانێكی ته‌واوی ئه‌خلاقی ئه‌كادیمییانه‌ی دونیای رۆشنبیریی راسته‌قینه‌داین. به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی زانستانه چاوه‌ڕێی هه‌وڵه‌كان ناكه‌ین داخوا ئاڕاستهكانیان تا كوێ بڕ ده‌كا و له‌كوێ ده‌سه‌نگرێته‌وه، ئینجا حوكم و بڕیار و پێوه‌ره‌كانی دروستی و نادروستی و خزمه‌ته‌كانی شه‌ن و كه‌و بكرێ.
1/5 به‌رد گرتنه به‌رهه‌می نوێ و خراپ راڤه بۆ كردنی: (كتێبی شاعیرانی شه‌قڵاوه به نموونه)
وه‌ك له پێشه‌وه ئاماژه‌مان بۆ چه‌ند قه‌یرانێكی به‌رده‌م كاروانی رۆشنبیری دا، له‌م رووه‌وه شه‌قڵاوه له‌چاو قه‌زاو شاره‌كانی تر له رووی رۆشنبیرییه‌وه، نهۆ له نێو ئه‌و هێزه ناته‌ندروسته‌ی ناخی تاكه‌كان(تاكه رۆشنبیره‌كان) كز كز دێته پێش چاوو هه‌وڵه‌كان‌و دمك دمكانهكان له چوارچێوه‌ی شاره‌كه تێناپه‌ڕێ و به‌رهه‌می جیددیشمان له ئاستی كوردستان كه‌م و ده‌گمه‌نه، له‌م حاڵه‌دا له فه‌راغی بوونی ده‌نگی گه‌وره و كاریگه‌ری مه‌یدانه رۆشنبیرییه‌كه‌دا، ناو به‌ناو له منداڵدانی شه‌قڵاوه‌دا به‌رهه‌مێك به هه‌زار ژان و ده‌ردی سه‌رییه‌وه دێته بوون، به‌ڵام ئێمه نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له خۆشیاندا شاگه‌شكه نابین، به‌ڵكو له رهوهزهكانی سه‌فینه‌وه شێتانه به‌ردی تێده‌گرین، بێ ره‌چاوكردنی پێوه‌ره زانستیی و مێژووییه‌كان، له حاڵێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه هه‌وڵی تاكه‌كه‌سیی و خاكه‌رایی و ساده‌یی بن، له فهراغێكدا دێنه كایه‌وه، كه ئه‌لته‌رناتیڤێكیان نییه، كه‌وایه ماده‌م تۆ بوونێكی خاكه‌رایی و ههوڵۆكهشت نین، مه‌یدانه‌كه قۆرخ مه‌كه. له‌م رووه تێبینی و چاودێری گه‌لێك پرۆژه‌مان كردووه(بۆ مێژوو و لێكۆڵینه‌وه‌كانی داهاتوو تۆمارمان كردوون)، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان به‌ردیان تێگیراوه و راڤه‌ی نادروستیان بۆ كراوه، بۆ نموونه كتێبی شاعیرانی شه‌قلاوه‌ی (هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د)، كه ناوبراو وه‌ك ئه‌رشیفێكی مێژوویی تۆماری شاعیرانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی كردووه، له‌م لاو له‌ولا راست‌و چه‌پی بهسهرداهێنرا، بێ ئه‌وه‌ی به بنیاتنه‌رانه ره‌خنه‌و پێشنیاری بۆ بكرێ، له تاریكاییدا راڤه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ كرا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌م و كوڕییه‌كانی، ئه‌م هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه ده‌بێ به‌رز بنرخێنرێ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئیشی ده‌سته جه‌معی له‌به‌ر ئه‌و باره ناته‌ندروسته‌ی ئاماژه‌مان پێدا، كه‌متر ده‌باری دایه كاری له‌و شێوه بكا‌و ناتوانێ ئه‌لته‌رناتیڤێكی باشتر بێ، بۆیه شه‌ونخونی تاكه‌كه‌سیی جێگای ده‌گرێته‌وه، له‌م رووه‌وه‌ش جگه له تێگرتنی به‌ردی گه‌وره، راڤه‌ی وای بۆ ده‌كرێ كه وه‌ك تفی سه‌ره‌و هه‌ورازه. وه‌ك بیرمه‌ندی كورد مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌ڵێ:(لیس قصاری العقل أن یمتنع تفسیر الاشیاْ التی لا یفهمها وإنما یفسرها تفسیرات خاگئه). هه‌ر به‌رهه‌م و پرۆژه‌ی تریش بێته كایه‌وه چ له ئاستی تاكه كه‌س یان ده‌سته جه‌معی، ده‌بێ به پێوه‌رێكی راست ودروست هه‌ڵبسه‌نگێندرێ و ناوه‌ڕۆكه‌كه پێوه‌ر بێ، نه‌ك بێ خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستییانه، نووسه‌ر و سه‌رپه‌رشت ته‌رازوو بكرێ، به ته‌رازووی میزاجی خودی. له‌م سۆنگه‌یه‌وه نه‌بوونی خوێندنه‌وه‌ی جیددی و لێنهكۆڵینهوه به چاوو عه‌قل و دڵی ژیرانه، خودی نووسه‌ره‌كه ده‌كرێته ئامانج، كه ئه‌مه‌ش له‌نێو دونیای رۆشنبیری‌دا جگه له قسه‌ی پووچ و بێ ناوهڕۆك هیچ مه‌دلوولێكی تری بۆ نییه.
په‌یماندان بۆ راستی نووسین و هه‌ڵگرتنی ناوی رۆشنبیری، ده‌بێ له‌وه‌وه سه‌رچاوه بگرێ، كه تۆزی كه‌ڵه‌كه‌بووی سه‌ر گوێچكه‌ی كۆمه‌ڵگه به قه‌ڵه‌م ههڵبكڕێندرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێچكه‌و دڵی قه‌ڵه‌مه‌كان خۆیان تۆزی جه‌هلیان لێ نیشتبوو، كێ تۆزی سه‌ر دڵی ئێمه لابه‌رێ و په‌یامه‌كه به ئاراسته‌یه‌كی دروستی هه‌ڵقوڵاوی نێو بیری پاك به‌رێ؟
1/6 یه‌كتر په‌راوێزخستن و دان نه‌نان به‌یه‌كتری:
له رووه كۆمهڵناسییهكهوه ئه‌وه‌مان روون كرده‌وه، كه هه‌موو ئه‌و دمك دمكانهیه له ئه‌نجامی چه‌قبه‌ستوویی و بێ پرۆژه‌یی و كه‌متر به‌كارهێنانی بیره به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و دابڕان له كاروانی گشتی رۆشنبیرییه …هتد كه ئه‌مانه رۆڵی زۆریان هه‌یه له‌وه‌ی كه تاكێكی عه‌وداڵی خۆپێگه‌یاندن، سه‌ره‌نجام ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌و رووكردنه ناوه‌ند (هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی….ده‌ره‌وه‌ی شه‌قلاوه) به‌هره‌كانی خۆی په‌ره پێ بدا، چونكه هه‌موو ئه‌م فه‌راغه رۆشنبیرییه دواجار له هه‌ناویدا یه‌كتر په‌راوێزخستن و دان نه‌نان به یه‌كتری لێده‌كه‌وێته‌وه و رۆشنبیرێكی ناته‌ندروستی نامولته‌زیم به‌رهه‌م ده‌هێنێ، چونكه له میكانیزمی كاركردنی ئێمه‌دا نییه، ئه‌گه‌ر دهستبارگرو هاوكار یش نه‌بین، ته‌نانه‌ت كه‌مێك بوه‌ستین و چاوه‌ڕێی به‌رهه‌می تا سه‌ر بین، ئه‌گه‌رنا خۆمان با كێبڕكێ له‌سه‌ر چالاكییه‌كان بكه‌ین. بۆیه ئه‌م یه‌كتر قبوڵ نه‌كردنه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌و ده‌بێ له‌سه‌ر زیادنه‌بوونی ره‌وتی رۆشنبیریی كاریگه‌ر و پڕ به‌رهه‌م و دروستكردنی قه‌یرانێكی رۆشنبیری وا له بێ به‌رهه‌میدا كه‌س نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ی تری قه‌بوڵ نییه، به‌ڵكو كاره‌كانیش نادیده ده‌گرێ و ده‌بێته به‌ربه‌ست و ئه‌گه‌ر تیشكۆكهیهكی روناكیش هه‌بێ، هه‌وڵی كوژانه‌وه‌ی ده‌دا. به كورتی ئه‌م شێوازه له كاركردن جگه له هه‌ست به كه‌می كردن و چ دهباردانهبووندا هیچی تری لێ ناپنگێتهوهو ئه‌مه‌ش وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك پێویستی به خۆچاككردن و ده‌روون راسته‌رێ كردنه به‌ره‌و ئاقارێكی باشی وا كه هه‌ستی به‌رپرسیارییه‌تی بخاته‌وه گه‌ڕ و گه‌وره‌یی و ته‌ماشا به‌رزی كردن له بێ به‌رهه‌می و دووره‌په‌رێزیی بخاته‌وه حاله‌تی گه‌یاندنی جۆرێك له تهوازوعییهتی په‌یامێكی راست و دروست و نووسین و خزمه‌تكردنی حاله‌ته رۆشنبیرییه‌كه.
1/7 شارچییه‌تی و رۆشنبیری پله یه‌ك و دوو:
ده‌ردی هه‌ره گه‌وره‌ی بزاڤی رۆشنبیریی شه‌قڵاوه، له ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی كه تیشكیان خرایه سه‌ر و دابڕان له كاروانه‌كه و خه‌ریك بوون به تێكدانی روخساری یه‌كتر و هه‌وڵدان بۆ كپ كردنی ده‌نگی یه‌كتر، دواجار له‌نێو ئه‌و فه‌زا ده‌ست به‌تاڵییه‌ی مه‌عریفیدا، به رابردوو خه‌ریك ده‌بین و له‌وێوه به‌رده‌كان هه‌ڵده‌گیرێن و به هه‌ناسه‌ی ئه‌وساوه دمكی داسهكان تیژ ده‌كرێن، سه‌ره‌نجام جۆرێك گه‌وره‌بوون له ناخ ده‌سازێ، كه خه‌یاڵ دروستی ده‌كا، بێ ئه‌وه‌ی له واقیعدا بوونێكی پڕ كاریگه‌ری هه‌بێ، ئینجا ئه‌م گه‌وره بوونه جۆرێك له غروور به‌مانا سۆسیۆلۆژییهكهی دروست ده‌كا، تا ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی، به‌وه‌ی ده‌بێ رۆشنبیریی بوون له‌ودا هه‌ڵبقوڵێ و له‌نێو فه‌زای شاردا بێ و هه‌موو گوند‌و شاره‌دێیه‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌قڵاوه، ناشێ به‌م پێوه‌ره پله یه‌ك بن و نابێ رۆشنبیریی ئه‌وێ بگاته پایه‌ی نێو شار، (كه ئه‌مه تێبینی كراوه و به‌تایبه‌تی قوتابیانی زانكۆ‌و فه‌رمانبه‌ر به نموونه وه‌رگیراوه، كه شاربوونی خۆیان وه‌ك كارتێك بۆ شكانی به‌رامبه‌ره‌كه‌یان به‌كاردێنن) ئه‌مه‌ش له هیچ فهرههنگێگی دونیای رۆشنبیری‌دا جێگای نابێته‌وه و ده‌لاله‌تی ئه‌وه ده‌به‌خشێ له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌دا هه‌ڵگرتنی ئه‌م كارته پێنه‌بوونی هیچ په‌یامێك نیشان ده‌دا، بۆیه به هه‌مان هه‌ناسه‌وه ڕێ له هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی مه‌عریفی ده‌گرێ و به هه‌مان زمانی زبره‌وه وشك و ته‌ڕی پڕۆژه‌كه ده‌سوتێنێ، بێ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه كردبێ، به‌ڵكو له ئه‌نجامی كه‌یف پێنههاتنی نووسهرهكهو ده‌نگ و ره‌نگه‌كه‌ی و به پله‌دوو حیسابكردنی، ئه‌م باره ده‌سازێ.
ئه‌مه‌ش خۆی له جۆرێك له ئیزدیواجی بوون ده‌بینێته‌وه، كه خودی ره‌خنه‌گره رۆشنبیرهكه، به‌ركاره له حاڵه‌ته‌كه‌دا نه‌وه‌ك كارا، كه بتوانێ به تێگه‌یشتنی دروستانه‌ی خۆی و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی راڤه بۆ بزاڤه‌كه بكا، به‌ڵكو بهركارێكه و حاله‌تێكی ده‌روونیی ناپه‌سه‌ندی به‌سه‌ردا هاتووه، له ئه‌نجامی زاڵ بوونی هه‌ست و سۆز‌و دڵ، به‌سه‌ر ته‌واوی عه‌قڵییه‌تی رۆشنبیری‌دا. كه بێگومان ئه‌مه‌ش جۆرێك له ئیشكالییه‌ت ده‌خاته‌وه و ره‌نگه له داهاتوودا زه‌بری كاریگه‌ر له هه‌ناوی رۆشنبیریی ده‌ڤه‌ره‌كه بدا‌و وه‌ك چۆن به‌جێماوه له ده‌نگی داهێنان له ناوچه‌كه، زیاتریش دابڕانی مه‌عریفی دروست بكا.
———————————————
(*) ئه‌مه كورته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه، تیایدا به كورتی خوێندنه‌وه بۆ حاله‌تی رۆشنبیری له شه‌قڵاوه كراوه، بێ لایه‌نگیری و ته‌ره‌فداری، وه‌ك خۆی واقیعه‌كه شیكردنه‌وه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژییانه‌ی بۆ كراوه، به‌چاوپۆشین له هه‌وڵه په‌سه‌ندو دیاره‌كان له ناوه‌ندی داهێنان و رۆشنبیری، كه بێگومان شتی باش و چاك بزر نابێ و بینراوه‌و ده‌بینرێ، به‌ڵام هه‌موومان به‌شێكین لهحالهتهكه و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێویسته دان به بوونی واقیعه‌كه بنێین. هیوادارم توانیبێتم روناكاییهكی كه‌می بخه‌مه سه‌ر و له هه‌ندێكی راست بۆی چووبم.