لە قەسابخانەیەكدا پیاوەكان مانگایەك سەرئەبڕن و ئاژەڵەكانیش پیاوێك ھەڵئەواسن
1.
مانگایەك لە ناو جۆگەلەی خوێنەكەدا گەوزاوە و
پەتێكی لە ملدایە
لمۆزیان شكاندووە
نیگای لەسەر پیاوە خوێناویەكانە
زۆرانبازی لەگەڵ گایەكدا ئەكەن
گاكە لەسەر ھەردوو دەستی بەرز ئەبێتەوە و
فرتەیەك ئەكات و ئەكەوێتەوە
پیاوەكان قاچی ئەشكێنن
2.
پیاوێك لەو دیو شیشی زیندانەكەوە
وەستاوە
شەوانە چرپەی پێكان لەبەردەمیەوە
ھەر جارەی بە ئاوازێك ئەڕۆن و
نایەنەوە
3.
مانگایەك چاوەكانی زەق كردونەتەوە و
لە شوشە تەڵخەكانەوە چەقۆكان ئەبینێت
بە سكی گایەكدا ئەچن و
لە ملیەو خوێن لرفە لرف ئەڕژێت
بەستە زمانە وەستاوە و
مانگایەكی تر ئەبینێت
كەوڵی ئەكەن
4.
پیاوێك گوێ ھەڵئەخات
بۆ خشەی ناو ڕاڕەوەكە
پاسەوانەكە مۆڕەی لێئەكات
كاتێك ..
لەودیو سنگیەوە تەپەی پێڵاوەكەی
دڵی ڕائەچڵەكێنێت
ئێستا ..
پیاوێكیش ئەژنۆی شكاوە
ھاوار ئەكات و ئەقیژێنێت
ئاژەڵەكان خشخش ڕایئەكێشن
پیاوەكە ..
ھەموو بەیانیەك زوو
لە دەنگی خزانی ئاسنەكە
گوێكانی تونگ ئەگرێت
5.
مانگایەك لەناو سەرە بڕاوەكان
چوار پەلیان تونگ بەستۆتەوە
گوێی سیخناخە لە بۆڕەی ئەو گایەی
كە بەسەر پشتیەوە
دەستەكانی لە ژێر سكی گیر كرد و
بە تەوسەوە ئاوسی كرد
6.
پیاوێك
بە شیشەكانەوە خۆی ھەڵواسیوە و
نیگای بەسەر دوو مێشی جووتەوە
نیشتۆتەوە
زەوق ناوگەڵی ھەڵساندووە
ئێستا ..
مێشەكان بەسەر یەكەوەن و ئەفڕن
زیندانەكەیان پڕ لە بۆنی شەھوەت كردووە
پیاوەكە خەڵتانی ڕەحەت بوونە
چۆلەكەیەك دەنوكێك ئەھاوێت و
مێشەكان قووت ئەدات
ئێستا ..
پیاوەكە بووەتە مێشێك و
لە كونێكی زیندانەكەوە
ئەڕژێتە ناو شینایی ئازادیەوە
ئەفڕێ و ئەفڕێ و ئەفڕێت ..
لە دواوە تونگ بە ژنەكەیەوە ئەنوسێت
لە بەھەشتی شەھوەت و
ھەنسكی ڕەحت بووندا
زللەیەكی پاسەوانەكە بە ئاگای دێنێتەوە
7.
مانگایەك ئێستا
ئەبینێ ..
دڵی گاكە لە ناو تەشتەكەدا سارد بووەتەوە
چاویشی لە مۆڕەی قەسابەكەیە
ئەو پیاوەی لە بەردەمیدا قەمەكەی تیژ ئەكاتەوە
8.
پیاوێك لە زیندانە
ئێستا ..
سەرەی مردنیەتی
خولەكێك پێش مردن
بە خۆی ووت ..
من ئێستا ئەڕۆم بۆ مردن
وەك جاران ..
ئەڕۆشتم بۆ خەوتن
9.
مانگایەك دەستەكانی لە زەوی چەقاندووە و
پیاوەكان لە پێشەوە پەتەكەی ڕائەكێشن
پیاوێك لە دواوە شانی لە بن كلكی چەقاندووە و
پاڵی پێوەئەنێت ..
مانگایەك بەسەر دەست و قاچ و چاو و گوێ و
سەر و پێست و خوێنەكەیدا
ڕائەكێشن ..
مانگایەك لە ناو لرفە لرفی خوێنەكەیدا ئەخنكێت
10.
پیاوێك بۆ پێشەوە ئەبەن و
قاچەكانی بۆ دواوە ئەكشێنەوە
بەیانیەك زوو
پیاوێك لەناو ڕاڕەوەكەدا ڕائەكێشن
پیاوەكان لەو دیو شیشەكانەوە
تۆقیون
یەكێ بە دەست و یەكێ بە لێو و یەكێ بە چاو
دزە نیگای تێئەگرن
پیاوەكە لەسەر پارچەیەك ئاسن وەستاوە و
ئەوەندەی نەماوە بۆ مردن
لەو دیو ماسكە ڕەشەكەوە
دڵی لای لێبوردنی خودا و
دەستی ..
لەسەر سكی دەزگیرانەكەیەتی
چاوەڕێی دەنگە ژنگاویەكەیە
لە ژێر پێیدا بخزێت
زمكان عەزیز
Simkan97@hotmail.de