شانۆ: (ئه‌وێ)یه‌ک لێره، (ئه‌ودیو)ێک له‌مدیو
شانۆ: (ئه‌وێ)یه‌ک لێره، (ئه‌ودیو)ێک له‌مدیو
به‌شی چواره‌م: شانۆی نه‌ته‌وه
شانۆ‌و کولتوور‌و مێژوو
شانۆی نه‌ته‌وه له‌سه‌ر مێژوو کولتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ک بنیاد ده‌نرێ. بۆ ئه‌مه‌ش، شانۆکار پێویستی به ناسینێکی ته‌واوو فراوان هه‌یه بۆ کولتوور‌و مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ی. شانۆکار ناتوانێ گله‌یی له‌وه بکات که شانۆی نه‌ته‌وه‌یی نیه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه بینه‌رو نه‌ته‌وه‌یه که ده‌بێ گله‌یی له شانۆکاربکات، بۆچی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌م نه‌هێناوه. وه‌ک چۆن شانۆکار یان هه‌ر ئه‌ندامێکی تری کۆمه‌ڵگا، که نه‌خۆش ده‌که‌وێت و ده‌چێت بۆ نه‌خۆشخانه، ئه‌گه‌ر خزمه‌تی پێویست نه‌کرێ و چاره‌سه‌ر نه‌کرێ، گله‌یی له پزیشکه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی ته‌ندروستی ده‌کات له‌وه‌ی بواری ته‌ندروستی له ئاستی پێویستدا نین و خزمه‌تی هاوڵاتی ناکه‌ن.
ئه‌گه‌ر شانۆ وه‌ک دامه‌زراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌وڵه‌تی ته‌ماشا بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین هه‌ندێ وڵات زۆر ده‌وله‌مه‌ندترن له سانۆدا له وڵاتی تر. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شانۆ وه‌ک چالاکیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی ته‌ماشا بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین هیچ وڵات و کۆمه‌ڵگایه‌ک له یه‌کێکی تر ده‌وڵه‌مه‌ندتر نیه له‌و بواره‌دا. چونکه له هه‌ندێ ولات، چالاکیه شانۆییه‌کان له چوارچێوه‌ی دامهزراودان، له هه‌ندی وڵاتی تردا، چوارچێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نیان بۆ دروست نه‌بووه و هێشتا له دۆخی سروشتی‌دا ماونه‌ته‌وه، واته له شێوه‌ی که‌ره‌سته‌ی خاودان و نه‌بونه‌ته پیشه‌سازی. وه‌ک چۆن ناتوانین بڵێین کوردستان هه‌ژاره له که‌ره‌سته‌ی خاوی، کۆشکسازی و کانزا‌کان و نه‌وتی دهرنههێنراودا، به هه‌مان شێوه ناتوانین بڵێین کوردستان هه‌ژاره له که‌ره‌سته‌ی خاوی شانۆییدا. ئه‌وه‌ی کێشه دروست ده‌کات، له ده‌رهێنان و گۆڕینی ئه‌م که‌ره‌ستانه بۆ پیسه‌سازی، ئه‌وه‌یه که زانست و ته‌کنه‌لۆژیایه‌ک نیه ببێته بنه‌مای ئه‌م کاره. واته هونه‌رمه‌ندی ئێمه ئامێری گونجاوی نیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو کولتووری خۆی، بۆیه ناتوانێ بیانخوینێتهوهو شانۆی نه‌ته‌وه‌ییان لێ به‌رهه‌م بهێنێ.
ڕوونتر بدوێم ده‌ڵێم: ئه‌سته‌مه شانۆکارێکی کورد بتوانێ شانۆیه‌کی کوردی به‌رهه‌م بهێنێ ئه‌گه‌ر، مارف خه‌زنه‌دار، تۆفیق وه‌هبی، عه‌لادین سوجادی، ڕه‌فیق چالاک، گۆران، جه‌لاده‌ت به‌درخان، مه‌سعود محمد، ئه‌مین زه‌کی به‌گ، گیوی موکریانی، هه‌ژار موکریانی، عوسمان چێوار، مه‌وله‌وی و یارسانه‌کان و نالی و پیره‌مێردو خانای قوبادی و ئه‌حمه‌دی خانی و شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی و شه‌ڕی چالدێران و مێژوی ئه‌ماره‌ته‌کانی، ئه‌رده‌ڵان و بابان و سۆران و بۆتان و بادینان..هتد نه‌خوێندبێته‌وه‌و نه‌ناسێ. ئه‌سته‌مه شانۆیه‌کی کوردی به که‌سێک به‌رهه‌م بهێنرێ که نه‌ک دوو دیالێکتی زمانی کوردی نازانێ، بگره دیالێکته‌که‌ی خۆشی به باشی نازانێ. که هێشتا ناسینی کولتوور‌و مێژووی خۆی ته‌نها به‌شی یه‌که‌مه له کاره‌که‌یدا، به‌شی گرنگ ئه‌وه‌یه، که ده‌بێ ڕۆشنبیری شانۆیی و فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵناسی و ئه‌نسرۆپۆلۆژی و ڕه‌وانناسی و زمانه‌وانی، له ئاستێک‌دا بن که بتوانێ ئه‌م مێژووه‌یان پێ شی بکاته‌وه‌و بیانکاته که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ دامه‌زراندنی بناغه‌ی شانۆکه‌ی. شانۆکاری ئێمه له ناسینی مێژوو‌و کولتووری میللهتهکهیداو له ناسینی زانستیانه‌ی شانۆدا، زۆر له‌وه نه‌زانتره بتوانێ شانۆیه‌کی میللی دروست بکات.
مێژووی شانۆ، وه شانۆ له مێژووی خۆیدا هه‌میشه شانبه‌شانی زانست و بیری مارۆڤایهتی ڕێی کردووه، بگره هه‌میشه پێشه‌وا بووه له ڕۆڵی پێشخستن و گۆڕینی کۆمه‌ڵگاکاندا. نمونه‌مان له‌دایک بوونی تراژیدیایه پێش فه‌لسه‌فه، نمونه‌مان له‌دایک بوونی شانۆیه به‌گشتی له هه‌موو جیهاندا به هه‌زاران ساڵ پێش زانستی مێژوو فه‌لسه‌فه و ڕۆمان و ته‌نانه‌ت شیعریشدا.
فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌کان و شانۆ
په‌یوه‌ندی نێوان شانۆ‌و فه‌لسه‌فه، په‌یوه‌ندیه‌کی مێژویی و به‌هێزه. زۆر له فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌کانی بیری مرۆڤایه‌تی، ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ، په‌یوه‌ندیان به شانۆوه هه‌بووه. وه که‌م فه‌یله‌سوف هه‌یه، ئه‌گه‌ر شانۆشی وه‌ک ئه‌کته‌ر یان ده‌رهێنه‌ر نه‌کردبێ، له‌سه‌ری نه‌نوسیبێ یان بینه‌ری شانۆ نه‌بوبێ.
ئه‌فلاتۆن پێش ئه‌وه‌ی ببێ به فه‌یله‌سوف، ده‌یویست ببێته نووسه‌ری تراژیدیا، که سۆکراتی ناسی، ئه‌م ناسینه ڕێڕه‌وی ژیانی گۆڕی، دواتر چوو بۆ باشوری ئیتالیا‌و لای پیتاگۆریهکان فه‌لسه‌فه‌ی خوێند. هه‌موو نووسینه‌کانیشی له شێوه‌ی دیالۆگدان، دیالۆگیش توخمێکی بنچینه‌یی نووسینی شانۆیه.
له نووسینه‌کیدا (کریتۆن)، ئه‌فلاتۆن باس له هونه‌ری چیرۆکبێژ ده‌کات. ئه‌م نوسینه دیالۆگی نێوان سۆکرات و کریتۆنی چیرۆکبێژه، (چیرۆکبێژ، ئه‌و کاته به‌و که‌سه وتراوه که ده‌چێته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ‌و چیرۆک به شێوه‌ی نواندن ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌مه جیاوازه له پهڕتوکبێژ، که ئه‌وکه‌سانه بوون به پاره له‌ناو بازاڕه‌کانی ئه‌سینادا کتێبیان بۆ خه‌ڵک ده‌وت. ئه‌و کاته له ئه‌سینا خه‌ڵکی ساده کتێبیان به نووسراوی نه‌بوو، له ڕێی ئه‌و پهڕتوکبێژانهوه، گوێیان له کتێب ده‌گرت). کریتۆن و سۆکرات له دیالۆگدان بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هونه‌ری چیرۆکبێژ یان ئه‌کته‌ر، له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ، وه سوودی چیه بۆ کۆمه‌ڵگا. به‌پێی بنه‌مای (تیۆری ئایدیاکان)ی ئه‌فلاتۆن، (به پێی ئه‌فلاتۆن هه‌موو چمکێک وێنه‌ی کۆپیکراوی ئایدیایه‌که، که له گه‌ردوونی دووردا مرۆڤ به پاکی نموونه راسته‌که‌ی بینیوه، به‌ڵام له له‌دایکبوونی دووباره‌و سێ باره‌یدا به‌هۆی دۆنادۆنه‌وه، که هاتۆته‌وه سه‌ر زه‌وی بیری چوونه‌ته‌وه، زانینیش واته یادهێنانه‌وه‌و یادهاتنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه، که ئه‌فلاتۆن پێی ده‌ڵێ ڕێمینیسانس)، وه کاری هونه‌رمه‌ند په‌یوه‌ندی به (ماز)ه‌کانه‌وه هه‌یه، (ماز له میتۆلۆژیای گریکی کۆندا، به هه‌موو ئه‌و خواوه‌نده مێینه فریشته ئاسایانه ده‌وترا، که هه‌ریه‌ک دروسکه‌رو به‌رپرسن له هونه‌رێک، بۆ نموونه، ئه‌وه‌ی به‌رپرسی شیعره، ته‌نها خۆی بڕیار ده‌دات که‌ی ئیلهام بنێرێ بۆ شاعیرێک) واته ئه‌کته‌ر ڕاسته‌وخۆ ئه‌ڵقه‌یه‌کی په‌یوه‌ندی دروسدهکا، له نێوان مازه‌کان و بینه‌ردا، وه ئه‌کته‌ر ته‌نها گه‌یه‌نه‌رێکه له‌م نێوه‌نده‌دا، واته ڕاستی شته‌کان بیر مرۆڤه‌کان ده‌هێنێته‌وه.
ئه‌ریستۆ له کتێبه‌که‌یدا (پۆیێتیکا)، ڕه‌گه‌زو بنه‌ماکانی تراژیدیا تاوتوێ ده‌کات. به‌پێی ئه‌و، نووسینی، یان داهێنانی تراژیدیا په‌یڕه‌وی کۆمه‌ڵێک یاسا ده‌کات، که ئه‌گه‌ر ته‌واو سه‌رنج بده‌ین، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان ئه‌و یاسایانه ژیان و گه‌ردوون و مرۆڤ دروسبوون و به‌ڕێوه‌ده‌چن.
به‌م پێیه گرنگی سانۆ ده‌بینین له مێژووی بیری مرۆڤایه‌تیدا، وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که شانۆی میلله‌تێک، کاری گه‌یاندنی هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌یه که ئه‌و میلله‌ته له‌باره‌ی ژیان و گه‌ردوون و جیهانه‌وه ده‌یانزانێ، وه که میلله‌تێک شانۆی نه‌بوو واته په‌یوه‌ندی نیه به ڕاستیه‌کانی ژیان و جیهان و گه‌ردوونه‌وه.
ئه‌م فه‌یله‌سوفانه‌ی خواره‌وه یان په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به شانۆوه هه‌بوه، یان له‌سه‌ریان نووسیوه:
ئه‌فلاتۆن، ئه‌ریستۆ، سێنیک، پلۆت، ژان ژاک ڕوسۆ، دۆنی دیدرۆ، ڤۆلتێر، هیگڵ، کرکگارد، فریدریک نیتچ، سیگموند فرۆید، ژان پۆل سارتر، ئه‌لبێر کامو، میشێل فوکۆ، ڕۆلان بارت، ژاک دێریدا.
شانۆ‌و زمان
هه‌ندێ ده‌سته‌واژه و زاراوه هه‌یه وه‌ک په‌تایه‌ک هه‌تونه‌ته شانۆی عه‌ره‌بیه‌وه، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه کورد له‌وانی وه‌رگرتوه. خوێندنه‌وه، دال و مه‌دلول، مانای کراوه، پانتایی، تازه (سانۆی تازه، جیهانبینی تازه، خوێندنه‌وه‌ی تازه، شێوازی تازه…هتد) ئه‌مانه بۆیه چوونه شانۆی عه‌ره‌بیه‌وه چونکه شانۆکاران بڕیاریاندا چیدی له جێی ئه‌وه‌ی شانۆ بکه‌ن، له‌سه‌ر شانۆ بدوێن، قسه‌کردنیان پێ خۆشتربوو له شانۆکردن. له‌وه‌ته‌ی شانۆکار به‌و زمانه قسه ده‌کات، شانۆ نه‌ماوه. له کوردستانیش ئه‌م زمانه بووه هۆی کوشتنی شانۆ. ئه‌مه زمانی شانۆ نیه، ئه‌مه زمانی فه‌لسه‌فه‌و زمانه‌وانیه. شانۆکار ده‌بێ به زمانی شانۆ بدوێ. ئه‌گه‌ر من له جێی ته‌خته‌ی شانۆ بڵێم (پانتایی یاری)، له‌جێی کاره‌کته‌ر بڵێم (فیگه‌ر)، له‌جێی تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه بڵێم (خوێندنه‌وه)… نازانم له چیدا سوود به شانۆ ده‌گه‌یه‌نم له‌وه‌دا نه‌بێ شته‌کان له‌خۆم و له خه‌ڵک ئاڵۆزتر بکه‌م. کاری شانۆ ساده‌کردنه‌وه‌ی شته ئاڵۆزه‌کانه نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی. ئه‌مه زمانی شانۆ نیه. ڕۆلان بارت و فۆکۆ‌و دێریدا باسی شانۆ ده‌که‌ن، سه‌ریان دای له به‌رد. ئه‌وان هه‌زار ئه‌وه‌نده فه‌یله‌سوف بن، هێنده‌ی کچه‌ئه‌کته‌رێکی دوانزه ساڵه له شانۆ تێناگه‌ن. شانۆ ئه‌و که‌سه ده‌توانێ به ڕاستی بیناسێ که ده‌چێته سه‌ر ته‌خته. ئه‌مه نه‌خۆشیه‌که له شانۆی عه‌ره‌بیه‌وه بۆمان هاتووه وه‌ک چه‌نده‌ها نه‌خۆشی تر. من چ ڕۆلان بارت و چ دیدرۆو چ دێریدا‌و چ هه‌موو ئه‌و بیریارانه‌ی باسی شانۆ ده‌که‌ن به‌و زمانه‌ی خۆیان ده‌خوێنمه‌وه، به‌ڵام دژی ئه‌وه‌م به زمانی ئه‌وان باسی پیشه‌که‌ی خۆم بکه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌میشه له قسه‌کردندا نمونه‌ی ئه‌م بیریارانه ده‌هێننه‌وه، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه بڵێن ڕۆشنبیرن. ئێمه ده‌مانه‌وێ له ڕێگای بیره‌وه، له ڕێگای کتێبه‌وه شانۆ دروسکه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌سته‌مه. له هه‌موو مێژووی شانۆدا چ له ڕۆژهه‌ڵات و چ له ڕۆژئاوا، هیچ شانۆیه‌ک له کتێبه‌کانه‌وه نه‌هاتۆته ده‌ره‌وه، هیچ شانۆیه‌ک له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه بنیاد نه‌نراوه. شانۆ هه‌میشه له ژیانه‌وه له‌دایک بووه، هه‌میشه‌ش له جه‌سته‌وه هاتۆته ده‌ره‌وه نه‌ک له که‌له‌سه‌ره‌وه.
شانۆ‌و بنیادگه‌رایی
فێردیناند سوسۆر به باوکی بنیادگه‌رایی داده‌نرێ. هه‌رچه‌نده که ئه‌م زمانه‌وانه له نووسینهکانیداو له وانه‌کانیدا، هه‌رگیز وشه‌ی (بنیاد)ی بهکارنههیناوه. بگره ئه‌و باس له (سیستێم) ده‌کات. که گوایه زمان له سێ به‌ش پێکهاتووه، یه‌که‌م زمان (زمانی مرۆڤ)، دووه‌م ده‌ربڕین (زمانی ده‌ربڕین له بوون یاخود له خود، که هاوبه‌شه له نێوان مرۆڤ و بوونه‌وه‌ر و گیانله‌به‌ردا)، سێهه‌م زمانی قسه‌کردن (کوردی، فه‌ڕه‌نسی، تورکی…هتد). گوایه مرۆڤ به‌هۆی زمانه‌وه، وه به‌هۆی سیسته‌می زمانه‌وه، جیهان ده‌خوێنیته‌وه‌و تێیده‌گات. وه سیستمی جیهان به‌پێی سیستمی زمان وێنا ده‌کات. به‌م پێیه زانین واته زمانی تێگه‌یشتن له ژیان و جیهان.
کلۆد لیڤی شتراوس، ئه‌تنۆلۆگ (تیرهناس، نه‌ته‌وه‌ناس)و ئهنسرۆپۆلۆگ (مرۆڤ‌ناس)، ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی سۆسوری کرده بنه‌مای کارکردن بۆ لێکۆڵینه‌وه له تیره و نه‌ته‌وه هیندیه‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی که کاری له‌سه‌ر ده‌کردن، وه به گشتیش بۆ داهینانی ئه‌نسرۆپۆلۆژیای بنیادگه‌را.
لویس ئالتۆسێر، فه‌یله‌سوف و مارکسیست، ئه‌م تیۆریانه‌ی سۆسوری کرده ئامرازی شیکردنه‌وه‌ی مێژوو ئایدیۆلۆژیاکانی سۆسیالیزم و سه‌رمایه‌داری.
هه‌روه‌ها میشێل فوکۆ به هه‌مان شێوه به‌هۆی ئه‌م سیستمه‌وه مێژووی دامه‌زراوه‌کانی ئه‌ورووپای شی ده‌کرده‌وه.
ژاک لاکان، هه‌رچه‌نده که ده‌یگوت “ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌وانی تره‌وه هه‌یه لاکانی بن، من به‌ش به حاڵی خۆم فرۆیدیم”، دابڕانێکی له‌گه‌ڵ فرۆیدیزمادا، به‌هۆی ئه‌م مێتۆده‌وه دروسکرد.
رۆلان بارت، ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌ب، ئه‌م تیۆریانه‌ی کرده ئامرازێک بۆ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی.
به‌گشتی، بیرکردنه‌وه‌ی بونیادگه‌را، هه‌موو بواره‌کانی زانسته‌مرۆییه‌کانی گرته‌وه، وه له 50کانه‌وه تا 80اکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، بووه سیمای بیرکردنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا.
به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه که ئه‌م بیرکردنه‌وه، یان مێتۆد، یان تیۆریانه، بابه‌تی زانسته تیۆری و ئه‌ده‌بیه‌کانن، بێگومان هه‌ندێ له زانسته (ته‌واوه‌کان)ی وه‌ک نۆرۆلۆژی (ده‌مارناسی) کردیانه ئامرازی شیکردنه‌وه. به‌ڵام هه‌رگیز هونه‌رمه‌ندێک ناتوانێت، وه ناشکرێت، بیکاته بنه‌مایه‌ک بۆ کارکردنی خۆی. چونکه هونه‌رمه‌ند ته‌نها ژیان و هه‌ست و نه‌ستی خۆی ده‌بنه بنه‌مای کاری، نه‌ک ئه‌و تیۆریه زانستیهیانهی کاره‌که‌ی ده‌خه‌نه ژێر ڕه‌خنه‌و شیکردنه‌وه‌وه. وه‌ک چۆن مۆزیکژه‌نێک ته‌نانه‌ت نۆته‌ش نه‌خوێنێته‌وه، ده‌توانێت هه‌موو پارچه‌و جۆره مۆزیکێک بژه‌نێ، دواتر ڕه‌خنه‌گرێکی مۆزیک ده‌توانێ کاره‌که‌ی به هه‌ر تیۆریه‌ک یان به هه‌ر مێتۆد‌و ئامرازێکی ڕه‌خنه تاوتوێ بکات.
وه ناشکرێ هه‌موو جار که مرۆڤ له ڕۆژهه‌لات ئامرازیکی تازه‌ی داهێنا، ئیتر له هه‌موو شوێنێک ببێته تاکه ئامرازی بیرکردنه‌وه‌و زانین. جونکه مرۆڤ هه‌میشه له داهێنانی تازه‌دایه له ڕۆژئاوا، ئه‌مه‌ش به‌پێی پێویستی کۆمه‌ڵگاکه‌ی و ره‌وتی پێشکه‌وتنی خۆی. ئه‌گه‌ر هه‌رجار شتێکی تازه‌ی داهێنا ئێمه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و کاری پێی نه‌ماو کۆن بوو، واته دوای 10 یان 20 ساڵێک له داهێنانی، ته‌نانه‌ت راسته‌وخۆ دوای ئه‌وه‌ی که دایهێنا، لێی بکڕینهوهو دواتر که شتێکی تری داهێنا، فڕێی بده‌ین و ئه‌و شته تازه‌یه‌ی لێ وه‌ربگرین و هه‌موو مێژووی زانستی مرۆڤ پشگوێ بخه‌ین. که‌وا بوو ده‌بێ هه‌تاهه‌تایه به‌کارهێنه‌ری پاشماوه‌کانی بیری ڕۆژئاوابین.
ئه‌م کێشه‌یه ته‌نها بوارێکی نه‌گرتوه‌ته‌وه لای میلله‌تانی به‌کارهێن و به‌رهه‌م نه‌هێن.
نه‌خۆشی تازه: فۆبیای (کۆن)
دیارده‌یه‌کی ترسناکی کۆمه‌ڵگای ئێمه فۆبیای (کۆنه). که که‌سێک لای ئێمه ده‌یه‌وێ به خراپترین شێوه باسی بیرۆکه‌یه‌ک، کتێبێک، فلیمێک، هه‌واڵێک، مۆدێلی ئۆتۆمبێلێک، مۆدێلێکی جل… بکات، ده‌ڵێ ئه‌و شته (کۆنه).
ئه‌م فۆبیای (کۆن)ه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆر به بڵاوی هه‌موو بواره‌کانی ژیان و بیرکردنه‌وه‌و ڕۆشنبیری و کارکردنی هونه‌رمه‌ندی گرتۆته‌وه. ئه‌م دیارده‌یه تایبه‌ت نیه به وڵاتی ئێه‌وه به ته‌نها، بگره هه‌موو وڵاتانی پێیان ده‌ڵێن جیهانی سێهه‌م، واته هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی به دوای ڕۆژئاوادا ڕاده‌که‌ن و بۆ چه‌ند سه‌د ساڵێک ده‌چێت بازاڕی (شتی تازه)ی وڵاته بهرههمهێنهکانن.
پیاوه‌کانمان ده‌یانه‌وێ تازه‌ترین نه‌خشه‌ی خانوو مۆدێلی ئۆتۆمبێلیان هه‌بێ، ژنه‌کانمان تازه‌ترین تاقمی قه‌نه‌فه‌و چێشتخانه، خوێنه‌رمان تازه‌ترین کتێب بخوێنێته‌وه، ڕۆشنبیرمان تازه‌ترین فه‌یله‌سوف بناسێ، شانۆکارمان شانۆیه‌کی تازه دابهێنی، پیاوی دینیمان ئیسلامێکی تازه دروست بکات…
که سه‌رنج ده‌ده‌ین ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌رهه‌م ناهێنن و ته‌نها بازاڕێکی ساغکردنهوهن بۆ ڕۆژئاوا، ته‌نها به‌کارهێنه‌رن، ئه‌م دیارده‌یه کاردانه‌وه‌یه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی کردۆته کۆمه‌ڵگاکانیان، واته چه‌نده ڕاده‌که‌ن، هێنده‌یتر دواده‌که‌ون. وه ڕۆشنبیرو هونه‌رمه‌نده‌کانیشیان له جێی ئه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه بخه‌نه ڕوو دژایه‌تی بکه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بنه پێشه‌وای ئه‌م نه‌خۆشی مۆده‌یه. بگره له هه‌موان خراپتر هه‌ڵپه‌یانه تازه‌ترین کتێب و فلیم و فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوایی بناسن و پێش ئه‌وه‌ی یه‌کێکیتر ده‌ستی بکه‌وێت، ئه‌مان ته‌نانه‌ت له‌سه‌ریشی بنوسن که ئیتر گومان نه‌مێنێت پێش هه‌موو که‌س ئه‌و فه‌لسه‌فه، یان فه‌یله‌سوفه، یان هونه‌رمه‌نده خه‌ڵاتکراوه ده‌ناسن.
کێشه‌که له‌وه‌دایه شته‌کان هه‌ر به گه‌یشتنیان کۆن ده‌بن، به‌داخه‌وه ئه‌مه یاسای مۆده‌یه.
ئه‌م دیارده‌یه ترسناکیه‌که‌ی له‌وه‌دایه که ڕۆشنبیره گه‌وره‌کان پێشه‌وایه‌تی ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌موو کارکردنی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه تازانه بنیاد ده‌نێن که ڕۆژانه ده‌رده‌چن، وه هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر کتێبی تازه‌یان ده‌ست نه‌که‌وێت ئیتر له بیرکردنه‌وه ده‌وه‌ستن. وه‌ک چۆن، که دراوسێیه‌ک ئۆتۆمبێله مۆدێل کۆنه‌که‌ی دراوسێکه‌ی ده‌بینێ، گاڵته‌و مه‌سخه‌ره‌ی پێ ده‌کات، ڕۆشنبیره‌کانیشمان گاڵته به بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ن که تازه‌ترین کتیبیان به‌رده‌ست نه‌که‌وتووه. وه هه‌ر که‌سێک له نوسینه‌کانیدا ئاماژه به چه‌ند نوسه‌رێک نه‌دات تازه‌ترین و نهناسروترین بن، که‌س گرنگی نادات به نوسینه‌کانی. به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له نوسینێکدا ناوی بیریارێکی گه‌وره بهێنی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نمونه‌که‌ی که ده‌یهێنیته‌وه دروسکراوی خۆت بێ، بگره ئه‌و بیریاره بونی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بێ، ئه‌و کاته تۆ ڕۆشنبیرێکی مۆدێرنیت.
ئه‌م دیارده‌یه شێوه‌یه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هه‌یه له وڵاته پێشکه‌وتوه به‌رهه‌مهێنه‌کاندا، کۆنترین ئۆتۆمبێل زۆرتر مایه‌ی سه‌رنجه، کورسیه‌کی لویسی شانزه هه‌موو که‌س ئاره‌زومه‌نده هه‌یبێ، به‌ڵام ته‌نها له توانای ملیۆنێرێکدایه له ماڵهکهیدابێ، چاپخانه‌کان تا ڕۆمانێکی تازه بڵاو ده‌که‌نه‌وه، ده چیرۆکی کۆنی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست له‌چاپ ده‌ده‌نه‌وه، تا دکتۆرایه‌ک له‌سه‌ر دێریدا و چۆمسکی وه‌رده‌گیرێ، ده‌یه‌ها له‌سه‌ر پتۆلێمێ و ڤیرژیل و لوکرێس وه‌رده‌گیرێ…
ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگاکان به مرۆڤ وێنا بکه‌ین، ده‌بینین ئه‌م مرۆڤه‌ی ئێمه له ڕاکردنێکی به‌رده‌وامدایه، هه‌ناسه‌بڕکێی پێکه‌وتووه، توڕه‌یه، ڕێگه‌یه‌کی دووری له‌به‌ره توێشوی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵنه‌گرتوه، هه‌ر شتێک بێته ڕێگای ههڵێدهگرێتهوهو دوای چه‌ند ساتێک شتێکی تر ده‌بینێت، ئه‌میان فڕێده‌دات و ئه‌ویان هه‌ڵده‌گرێته‌وه، سه‌رنجی سروشتی ده‌وروبه‌ر نادات، به به‌رده‌وامی چاوی له‌و که‌سه‌یه له‌پێشیه‌وه ده‌ڕوات نه‌وه‌ک لێی گوم بێ، به درێژایی ڕێگاکه بوار به خۆی نادا وچانێک بدات و بیربکاته‌وه بۆ کوێ ده‌چێ، بۆچی دوای ئه‌و مرۆڤه‌یتر که‌وتووه؟
با بچینه لای مرۆڤه‌که‌ی تر که له‌پێشه‌وه ڕێ ده‌کات.
ئه‌م مرۆڤه‌یان به‌پێ ڕێ ناکا، هه‌رجار سواری ئامێرێک ده‌بێ که به پێی جۆری ڕێگاکه و به‌تایبه‌ت دایئه‌هێنێ. چونکه هیلاک نیه، به ئاره‌زوی خۆی چێژ له‌و ڕێگایه وه‌رده‌گرێ. پشته‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌که‌ی پڕه له خواردنی جۆراوجۆر‌و کتێب، که شتێکی هه‌ڵگرته‌وه، بۆ ئه‌وه نیه دوای چه‌ند هه‌نگاوێک فڕێی بدات. هه‌ر شوێنێکی دڵگیری بینی وچانێک ئه‌دات، خه‌می نیه، که‌سی زیندوو پێشی نه‌که‌وتووه، ته‌نها مێژوو نه‌بێ. ڕێگا ماڵی ئه‌وه، ئه‌و بڕیار ئه‌دا کامه‌یه ڕێگا. هه‌رجارێک ویستی به ئاراسته‌یه‌کی جیاوازدا ده‌ڕوات، ترسی نیه ئه‌زانێ به‌دوایه‌وه‌ن. به‌ڵام ئه‌م بیرئه‌کاته‌وه‌و له‌خۆی ئه‌پرسێ، ئه‌و که‌سه بۆ وا هه‌میشه به دوامه‌وه‌یه؟ پلانم هه‌یه، به‌ڵام ئایا نازانێ که منیش بێ ئامانجم، کویرانه ڕێ ده‌که‌م؟
چۆن میلله‌تێک به گشتی بڕیاری داوه هه‌ر شتێک کۆن بێت باش نیه. قوتابی شانۆش، پێش ئه‌وه‌ی هیچ شتێک فێر بوبێت ئه‌یه‌وێ شانۆیه‌کی (تازه) بهێنێته ئاراوه.
تازه‌و کۆنی شتێک به‌های ئه‌و شته ده‌سنیشان ناکات. هه‌ندێ شت تا کۆن بن به‌نرخترن، وه‌ک شه‌راب، خشت، مێژوو، شارستانیه‌ت، فه‌لسه‌فه، ئه‌ده‌ب… هه‌ندێ شتی تر ڕۆژێک بمێننه‌وه بۆگه‌ن ده‌که‌ن، ئه‌بێ ده‌ماوده‌م به‌کار بهێنرێن. که‌واته هه‌ندێجار شته‌که به پێچه‌وانه‌یه، شتی تازه له کۆن باشتر نیه.
ئێمه (پێشکه‌وتن) و (تازه) تێکه‌ڵ ده‌که‌ین. پێشکه‌وتن، وه‌ک وشه به مانای چونه پێشه‌وه‌یه ڕاسته، به‌ڵام بۆ ڕه‌وتی شارستانیه‌ت ئه‌م وشه‌یه مانایه‌کی ئاڵۆزتری هه‌یه. هه‌ندێ جار پێشکه‌وتن واته گه‌ڕانه‌وه، هه‌ندێ جار واته لادان، هه‌ندێ جار واته وه‌ستان. به پێی پێویستی ئاراسته‌ی جوڵه‌کان ده‌ستنیشان ده‌کرێت. یاریچیه‌کی تۆپتۆپێن هه‌میشه به‌ره‌و گۆڵی تیپه‌که‌ی تر ناڕوات، هه‌ندێ جار به‌ره‌و لاوه ده‌ڕوات، هه‌ندێ جار به پێچه‌وانه‌ی گۆڵی به‌رامبه‌ر به‌ره‌و گۆڵی خۆی پاس ده‌دات و ده‌ڕوات. ئامانجی کۆتایی بردنه‌وه‌یه، به‌ڵام ئاراسته‌ی تۆپ هه‌میشه له‌سه‌ر هێڵێکی ڕاست نیه. بۆ ئه‌وه‌ی یاریه‌که به‌رده‌وام بێت، که یاریچیه‌ک بریندار بوو باشتره یاریه‌که بوه‌ستێت، له‌و کاته‌دا وه‌ستان پێشکه‌وتنه… ڕۆشنبیری ئێمه‌ش له‌و شتانه ناگات که به ڕاستی ئاڵۆزن، بۆیه شته ساده‌کان ئاڵۆز ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ ئێوه لێم تێ ناگه‌ن، واته من باسی شتێکی ئاڵۆز ده‌که‌م که خۆم لێی تێگه‌یشتوم… بۆیه که‌سێک نیه ئه‌م ڕێیه ڕۆشن بکاته‌وه.
شانۆ‌و جوگرافیا
به پێی گیلگامش و نووسراوه کۆنه‌کانی مێسۆپۆتامیا، نه‌خشه‌ی دنیا لای سۆمه‌ریه‌کان به‌م شێوه‌یه‌یه: شاری ئورۆک چه‌قی دنیایه، بێگومان زه‌وی ته‌خته، به‌ره‌و ڕۆژئاوا ده‌شتێکی فراوانه، له دوای ده‌شته‌که‌وه دوو لوتکه چیا هه‌یه، له دوای چیاکانه‌وه ده‌ریایه، ژێر ئورۆک دۆزه‌خه. لای ڕاست به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات سه‌ره‌تا ده‌شتێکی زۆر به‌رینه، دوایی دوو لوتکه چیایه، دوای چیاکان ده‌ریایه، دوای ده‌ریا مه‌یخانه‌یه‌که ئوتاناپشتی و ژنه‌که‌ی لێی ده‌ژین (ئوتاناپشتی ئه‌و که‌سه‌یه که خوداکان نه‌مریان پێ به‌خشی چونکه به که‌شتیه‌که‌ی، که به فه‌رمانی خوداکان دروستی کرد، مرۆڤایه‌تی له‌و لافاوه گه‌وره‌یه‌ی هه‌موو زه‌وی داپۆشی ڕزگارکرد. به‌پێی زانایان چیرۆکی نوح له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه)، دوای ئه‌وه ده‌ریایه‌کی تر دێت که ئاوه‌که‌ی ئاوی نه‌مرییه.
ئه‌م ڕوانینه بۆ دنیا له شێوه ژیانی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و زۆر (ئه‌بستراکته). تا سه‌رده‌می یۆنانیه‌کان بگره تا سه‌رده‌می ڕۆمه‌کان له نه‌خشه‌کاندا دنیا به‌م شێوه‌یه بوو.
ئه‌مه‌ش نه‌خشه‌که‌ی پتۆلێمێیه که له سه‌ده‌ی یه‌که‌می زاینی‌دا کێشاویه‌تی: ناوه‌ڕاستی دنیا: میزۆپۆتامیا، ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵات: هیندستان، ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژ ئاوا: ووڵاتی گۆلیهکان(فه‌ڕه‌نسای ئێستا)، ئه‌وپه‌ڕی باشور: ئه‌فریقای ڕه‌ش (له میسر تێپه‌ڕێت). ئه‌وپه‌ڕی باشوری ڕۆژئاوا: وڵاتی مۆره‌کان (تونس تا مۆریتانیا)، باکوریش تا کۆتایی ده‌ریای به‌ڵکان و سه‌ره‌تای وڵاته سکه‌ندیناڤیه‌کان، له‌ملاشه‌وه تا کۆتایی ده‌ریای ڕه‌ش. وڵاتی چین بوونی هه‌بوو به‌ڵام ده‌که‌وته ده‌ره‌وه‌ی دنیا.
ڕۆمه‌کان دنیایان گه‌وره‌کرد به‌وه‌ی که له ڕۆژئاواوه تا ئیڕله‌ندا و ئیکۆس ڕۆشتن. مه‌غۆله‌کان دنیایان گه‌وره‌کرد به‌وه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات تا ئهندۆنێزیاو فیلیپین و چینی خواروو ڕۆشتن، وه له ڕۆژئاواشه‌وه تا لوبنان و له سه‌رووشه‌وه تا نزیک ئیتالیا ڕۆشتن. به‌ڵام پێشتر بابیلۆنیه‌کان تا فارس و ئیسرائیل و میسر چوبوون. هه‌روه‌ها ئاشوریه‌کانیش…هتد.
دنیا ته‌نها ئه‌و شوێنه‌بوو که به داگیرکاری بۆی ده‌ڕۆشتی، له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه‌ی که لێوه‌ی هاتویت، وه ئه‌و شوێنه‌ی که مرۆڤه‌کانی ئه‌توانن بگه‌نه تۆ. دوا مۆدێلی دنیا ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی ئێستایه که له سه‌رده‌می ڕێنیسانسه‌وه به ڕۆشتنی ئیسپانیه‌کان و کۆڵۆمبس بۆ ئه‌مریکا و ئینگلیز بۆ ئوستوڕالیاو ئه‌وپه‌ڕی ئاسیا‌و فه‌ڕه‌نسیه‌کانیش ته‌واوی ئه‌فریقا و ئه‌وپه‌ڕی ئاسیا، شێوه‌ی خۆی وه‌رگرت. کێ سوپاکه‌ی له زۆرترین شوێن بوونی هه‌بوو ئه‌و که‌سه نه‌خشه‌ی دنیای داده‌نا. ئه‌مڕۆ، له سه‌رده‌مه‌ی گڵۆبالزهیشندا، کێ به‌رهه‌مه‌کانی له زۆرترین بازاڕدا هه‌بن، ئه‌و نه‌خشه کولتووری و فه‌رهه‌نگیه‌کان داده‌نێ.
به‌ڵام نه‌خشه‌کانی شانۆ، ته‌نها شانۆکاره‌کان خۆیان ده‌یانکێشن. جوگرافیای شانۆ، جوگرافیایه‌کی بێسنووره، له چرکه ساتێدا ده‌گۆڕێ. گه‌ردونێکه پێش پێکهاتنی ئه‌ستێره‌و گالاکسیه‌کان. بۆشاییه‌کی فراوانه. که ئه‌کته‌ر ده‌چێته ئه‌و بۆشاییه‌وه، ئه‌وسا هه‌موو شته‌کان دروست ده‌بن، که‌شکه‌ڵان، ئه‌ستێره، زه‌وی، خۆر، مانگ، تاریکی، روناکی، سه‌رما، گه‌رما، ڕوبار، کێو، ده‌شت، بیابان… هه‌موو جار بوون دیته ئاراوه‌و، ون ده‌بێ.
شانۆ‌و نووسین
ئایا بۆچی شانۆی ئێمه هێشتا شانۆنامه‌ی به‌رهه‌م نه‌هێناوه؟ بۆچی به‌پێی پێویستی شانۆکه‌مان، شانۆنامه‌مان نیه؟ ئه‌ی ئایا شانۆکاری ئێمه چاوه‌ڕێی کێیه شانۆنامه‌ی بۆ بنووسێ؟ ئه‌ی ئایا شانۆ هه‌یه له جیهاندا شانۆکاران خۆیان شانۆنامه‌یان بۆ نه‌نووسیبێ؟ ئه‌ی ئایا شانۆ هه‌یه له جیهاندا، که‌سانێک شانۆنامه‌یان بۆ نووسیبێ، شانۆکار نه‌بووبن؟
ئه‌م کێشه‌یه له وڵاتی ئێمه‌دا کێشه‌ی شانۆ نیه به ته‌نها، بگره له هه‌موو بواره‌کانی زانین و زانست‌دا ئه‌م کێشه‌یه هه‌یه. ئایا بواره‌کانی، ته‌ندروستی، کۆشکسازی، دادپه‌روه‌ری، هونه‌ره‌جوانه‌کان.. هتد، تێکستیان به‌رهه‌م هێناوه؟ ئایا که خوێندکارێکی ئه‌و بوارانه زانسگاو زانکۆ ته‌واو ده‌کات، چه‌ند کتێبی خوێندوه‌ته‌وه، له لایه‌ن زانایانی وڵاته‌که‌ی خۆیه‌وه نووسرابن؟
یه‌کێک له کێشه‌کانی نه‌بوونی تێکستی شانۆ له‌وه‌دایه که مێژووی نووسینمان، چه‌نده هه‌ژاریش بێ، به ئاسانی پێی ناگه‌یت. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه، له چاپدانهوهو پاکنوسکردن و شیکردنه‌وه‌ی نووسینه کۆنه‌کان به شێوه‌یه‌ک نیه به ئاسانی بکه‌ونه ده‌ست خوێندکار. ئه‌گه‌ر ئێمه بڵێین تا سه‌ده‌ی نۆزده، دۆزینه‌وه‌و ناسینه‌وه‌ی نووسینی نووسه‌رانمان کێشه‌یه، خۆ سه‌ده‌ی بیسته‌م کورد چاپی هه‌بووه، شته‌کان چاپکراون و ته‌نانه‌ت له کاتی خۆشیاندا بڵاو کراونه‌ته‌وه.
ئه‌بێ ئه‌و کاره ئاسان بکرێ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ ئه‌ده‌بی میلله‌ته‌که‌یان بناسن، ده‌بێ شانۆکان کتێبخانه‌کانیان ده‌وڵه‌مه‌ند بن، چونکه ئه‌کته‌ر به هه‌موو جۆره نوسینێک ده‌توانێ شانۆگه‌ری دروست بکا، به‌ڵام ده‌بێ شته‌کانی به ئاسانی ده‌سکه‌ون. ئه‌مه‌ش کاری ده‌زگایه‌کی ده‌وڵه‌تییه. به‌ڵام مامۆستایانی شانۆش ده‌بێ خه‌می ئه‌وه بخۆن، ئاخر ئێوه له هه‌موو جیهاندا بینیوتانه خوندنگایهکی شانۆ کتێبخانه‌ی نه‌بێ؟ ئیتر بۆیه خوێندکاری شانۆ که ده‌بیستێ له ئه‌وروپا خه‌ڵک بێ ده‌ق شانۆ ده‌کا ده‌ڵێ، له‌وه باشتر خۆ ئه‌گه‌ر بشمه‌وێ به ده‌ق کار بکه‌م نیه، جا بۆ شته‌که‌ش نه‌که‌م به بڕیارێکی خۆم، به شێوازێکی تازه‌ش داده‌نرێ له‌کارکردن.
شانۆی ڕۆژهه‌ڵات شانۆیه‌که هه‌زارجار له شانۆی ڕۆژئاوا کۆنترو کامڵتره، وه هه‌میشه گۆڕانه گه‌وره‌کان له شانۆی ڕۆژئاوادا گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ شانۆی ڕۆژهه‌ڵات، ستانیسلاڤسکی، مه‌یێرخۆڵد، ئارتۆ، پیته‌ر بروک، ئاریان منوشکین، یۆجێنیۆ باربا، هه‌موو ئه‌م پێشه‌وایانه‌ی سانۆی ڕۆژئاوا به گه‌ڕانه‌وه، بگره به لاسایی کردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات شانۆی ڕۆژئاوایان ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌سه‌ر بنه‌مای لاسایی کردنه‌وه‌یه. به پێچه‌وانه‌ی شانۆی ڕۆژئاوا که شانۆی گۆڕانی به‌رده‌وامه. ئێمه ناتوانین شانۆیه‌کی باو (ته‌قلیدی)مان هه‌بێت چونکه ده‌بێ له‌وه‌وپێش شانۆیه‌کمان ههبوبێ که درێژه‌ی پێ بده‌ین، ناشتوانین شانۆیه‌کی تازه‌مان هه‌بێ، چونکه شانۆی کۆنمان نیه. ئه‌وه‌ی ده‌توانین هه‌وڵی بۆ بده‌ین (شانۆ)یه به‌بێ هیچ پێشگرو پاشگرێک. که خویندکاری شانۆش، شانۆ فێربوو، ئه‌وسا بڕیار ده‌دا، ده‌یه‌وێت چ جۆره شانۆیه‌ک پیاده بکات.
له کوێ ئێمه شانۆیه‌کمان بینیوه له وڵاته‌که‌ماندا که شانۆنامه‌کانی کاره‌کته‌رو ململانێ و چیرۆک و دیمه‌نیان تێدا بێ؟ من تا ئێستا نه‌مبینیوه. ئێمه ده‌مانه‌وێ تازه‌کاری و گۆڕان له شتێکدا بکه‌ین که بوونی نیه. ده‌قی شانۆیی هه‌ندێ بنه‌مای هه‌یه که خودی مانای شانۆ پێکده‌هێنن. وه‌ک چۆن ئۆتۆمبێل به‌بێ تایه ناڕوات، شانۆش به‌بێ ململانێ و ڕوداو ناڕوات. ئێمه ده‌توانین مۆدێلی ئۆتۆمبێلی زۆر جیاواز دروست بکه‌ین، به‌ڵام ناتوانین ئۆتۆمبێلێکی بێ تایه دروست بکه‌ین، ئه‌گه‌ر بشکرێت، ئه‌وه ئۆتۆمبێل نیه، شتێکی تره.
له کوردستان شانۆکاران بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌موو نرخێک بڵێن ئێمه کاری تازه ده‌که‌ین، ئۆتۆمبێلێک دروست ده‌که‌ن تایه‌کانی چوارگۆشه‌ن، یان سێگۆشه‌ن، ئه‌مه چه‌نده جوانیش بێ ئه‌رکی ئۆتۆمبێلێک به‌جێ ناهێنێ. ده‌بێ جارێک فێری ئه‌وه ببین ئۆتۆمبێل دروست بکه‌ین، ئینجا بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه شۆڕشێک له پیشه‌سازی ئۆتۆمبێلدا به‌رپا بکه‌ین. وه ده‌بێ بزانین چ شتێک گۆرانکاری تێدا ده‌کرێت و چ شتێک بریتیه له خودی مانای شانۆ، گۆڕینی واته له‌ناوبردنی شانۆ. له هه‌موو شتێکیشدا شوێنێک هه‌یه بریتیه له ناو‌کی ئه‌و شته‌و گۆڕانکاری تێدا ناکرێ. تۆ ده‌توانی ئاو پیس بکه‌یت، پاک بکه‌یته‌وه، ڕه‌نگ بکه‌یت، گه‌رم بکه‌یت، ساردبکه‌یته‌وه، به‌ڵام ناتوانی له ئاوێکدا ئۆکسجین له هایدرۆجین جیابکه‌یته‌وه، ناتوانی به دوو ڕه‌گه‌زی تر ئاو دروست بکه‌یت. بۆیه هه‌میشه له‌و ولاتانه‌ی کێشه‌یان له شانۆکهیاندا هه‌یه، سه‌یروسه‌مه‌ره‌ترین جۆری شانۆ ده‌بینرێ، تازه‌ترین شانۆ ده‌بینرێ. له وڵاته پێشکه‌وتوه‌کانیش باوترین جۆری شانۆ ده‌بینرێ، کۆنترین جۆری شانۆ ده‌بینرێ. چونکه شانۆ هه‌یه، بۆیه ده‌توانێ تازه‌بێ یان کۆن. شانۆیه‌ک نه‌بوو، ناتوانێ نه تازه‌بێ نه کۆن.
شتێک که نه‌یناسی ناتوانی هیج جۆره گۆڕانکاریه‌کی تێدا بکه‌ی. خویندکارێکی شێوه‌کاری ئه‌گه‌ر فێرنه‌بێ هێڵێک بکێشێ، ئه‌گه‌ر فێرنه‌بێ تۆنی جیاواز له ڕه‌نگێکدا دروست بکات، ئه‌گه‌ر فێری دووری و نزیکی، سیبه‌رو ڕوناکی، فێری دروسکردنی ڕه‌نگ نه‌بێ، ناتوانێ ئه‌مانه تێ بپه‌ڕێنێ. ئه‌گه‌ر ببێته ئه‌ندی وارۆڵیش هه‌ر ده‌بێ ڕۆژێک بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌م ئه‌لفبایه، ئیتر هه‌ر ماده‌یه‌ک به‌کار بهێنێ له کارکردن‌دا. هه‌ندێ بنه‌ما به‌ده‌ر له و مادده‌یه‌ی کاری پێ ده‌کات کۆمه‌ڵێ یاسای فێر ده‌که‌ن. خوێندکاری مۆزیکی سه‌مفۆنی یان ئۆرکێسترالی، ئه‌گه‌ر نه‌زانێ نۆته بخوێنێته‌وه و وه‌ک خۆی بیژه‌نێ، چۆن ئه‌توانێ سه‌مفۆنی و کۆنشهرتۆ دابهێنێ. کاره‌کته‌رو چیرۆک و ڕوداوو چنین و ململانێ، ئه‌مانه ئه‌لفبای شانۆن، به‌مانه ده‌گه‌یته شانۆ، دوای ئه‌وه چی ده‌که‌یت بیکه، به‌ڵام بزانه کام له‌م شتانه وه‌ک تایه وایه بۆ ئۆتۆمبێلێک، وه‌ک مادده‌ی کارکردن وایه بۆ شێوه‌کارێک، وه‌ک ئۆکسجین وایه بۆئاوو لابردنی نه‌هێشتنی شانۆیه.
بوونی شانۆنامه‌ی نووسراو سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شانۆی گریکی، شانۆنامه‌ی نووسراو له شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتیدا ئه‌وه‌ی من بزانم له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاسته‌وه هه‌یه، ئه‌ویش له شانۆی هیندی و شانۆی (ن‌و)ی ژاپۆنی. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج بێ، هه‌میشه شانۆکان دوای ساڵانێکی زۆر له دروسبوونیان شانۆنامه‌ی نوسراویان به‌رهه‌م هێناوه، واته هیچ شانۆیه‌ک نیه له پێشدا خه‌ڵک شانۆنامه‌ی بۆ نووسیبێ و دواییش له‌و شانۆنامانهوه شانۆ له‌دایک بوبێ.
به‌شی چوار ته‌واو. درێژه‌ی هه‌یه…