
سه‌رده‌می هه‌ڕه‌شه‌ی مهستهشارهكان
دوو هه‌ڕه‌شه له‌لایه‌ن دوو مشتهشاری پێشووی فه‌وجه سوكهكانهوه، ئێمه‌ی خسته به‌رده‌م سه‌رده‌مێكی نوێ له هه‌ڕه‌شه‌ی مسته‌شاره‌كانی پێشوو. هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كه‌م به پشت ئه‌ستوری به سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن قاسم ئاغاوه كرا‌و، هه‌ڕه‌شه‌ی دووه‌م له‌لایه‌ن خالیدی خوله سور، كه به‌دۆستێكی ئێستای (ئۆپۆزیسیۆن!) ناسراوه.
به‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا، ئه‌وه‌ی دیاره ئه‌وه‌یه كه هه‌ستێكی هاوبه‌ش وا ده‌كات كۆنه مستهشارهكان بخاته سه‌ر یه‌ك رێچكه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و خۆ گیفكردنهوه، چونكه ئه‌وان ئێستا به‌ره‌و رووی خواستی لێپرسینه‌وه بوونه‌ته‌وه.
له‌م ماوه‌یه‌ی دوایداو به‌تایبه‌ت كه‌یسی قاسم ئاغا كۆمه‌ڵگای كوردستانی خسته سه‌ر جۆرێك له وهستانو كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر به كه‌سانێك، كه تاوانبارن به كوشتنی ژماره‌یه‌كی فراوان له خه‌ڵكانی كوردستان‌و به‌شداربوون له پرۆسه‌ی كوشت‌و كوشتاری پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كان‌و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی. وهستانهوهیهكی له‌و جۆره، بۆ خۆی ئاستێك له پێویستی‌و داواكاری لێپرسینه‌وه له تاوانبارانێكی دیاریكراو دێنێته پێشه‌وه، كه ساڵانێكی زۆره پارێزراون‌و دادگاكانی كوردستانیش به هیچ جۆرێك زاتی ئه‌وه‌یان نه‌بووه له‌باره‌یانه‌وه هیچ لێپرسینه‌وه‌و دادگایكردنێك به‌خۆیانه‌وه ببینن‌و دواكاری گشتیش هیچ به‌دواداچوونێكی بۆ نه‌كردووه.
به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت، كه‌مپینه‌كانی ئه‌م دوایانه، خواستی دادگایی‌و نووسین‌و كاره رۆژنامه‌ییه‌كان، مسته‌شاره‌كانی به‌ره‌و رووی پرسێكی گه‌وره كرده‌وه، پرسی ئه‌وه‌ی، ئایا ده‌توانن به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بن‌و دیوه‌خانه‌كانیان جمه‌ی بێت، یان بكه‌ونه ناو قه‌فه‌سێكی سارد‌و سڕ‌و دۆشدامانی دادگاكان. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وان دادگایش نه‌كرێن، ناوه‌كانیان وه‌ك ره‌مزی تاوانباربوون رووبه‌ری رۆژنامه‌و قسه‌ی سه‌ر ده‌می میتنگهكانه.
له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌یشدا، راستییه‌ك هه‌یه ده‌بێت بیڵێن، ئه‌و راستیه‌ش ئه‌وه‌یه، كه میحنه‌تی مستهشارهكان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌وان پێشتر ده‌ستیان له‌تاوانه گه‌وره‌كاندا هه‌بووه، ئه‌و تاوانانه‌ی كه بۆ زۆرێكیان مایه‌ی ئه‌وه‌یه مافی ژیانیان لێبسێنرێته‌وه، به‌ڵكو میحنهتهكه له‌وه‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه لێبوردنه سیاسییه‌كه‌ی حیزبه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی خه‌ریكه ئێسكپایهر دهبێتو خه‌ریكه له ویژدان‌و هوشیاری گشتیدا وه‌ك هه‌ڵه‌یه‌ك یان وه‌ك كارێكی تایبه‌ت به سه‌رده‌مێكی تایبه‌ت سه‌یری دهكرێتو ئیتر درێژه‌پێدان‌و هێشتنه‌وه‌ی بێمانه ده‌بێت.
دۆخێكی له‌م جۆره، ناتوانێت به‌بێ كاردانه‌وه‌ی كۆنه مستهشارهكانو ته‌نانه‌ت به‌بێ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و (كۆنه شۆڕشگێڕانه‌كان)یش تێپه‌ڕبێت، كه سه‌رده‌مانێكی زۆر باوه‌شیان بۆ كه‌سانێكی تاوانبار گرتۆته‌وه. كه‌سێك كه هێرشی ده‌كرێته سه‌ر، ته‌نیا به به‌رگریكردن له‌خۆی ناوه‌ستێته‌وه. ئه‌مه ئهلفبایهكه كه كه‌سانێكی عه‌سكه‌ری له‌و جۆره، له ئێمه باشتر تێیده‌گه‌ن، بۆیه ده‌بینین كه وه‌ستانه‌وه‌ی مستهشارهكان ته‌نیا به‌رگریكردن نییه له‌خۆیان ، به‌ڵكو ئه‌وان پێیان ناوه‌ته ناو بازنه‌كانی هێرشكردن. له‌لایه‌كه‌وه مسته‌شارێك له هه‌ولێرو له‌پاڵا ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌ڵێت حساب بۆ كه‌س ناكهمو، له‌لایه‌كی تریشه‌وه مستهشارێكی تر له‌پاڵا (ئۆپۆزیسۆن!)دا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌و وێرانكردن به ئاربیجی ده‌كات، له‌و لایشه‌وه مستهشارێكی تر شانازی به شۆڕشگێڕبوونی خۆیه‌وه ده‌كات. وه‌ك بڵێیت هێشتا سه‌رده‌م سه‌رده‌می ئهنفالو پرۆسه‌ی (جاشایه‌تی پاشایه‌تی) بێت.
وه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌و مسته‌شارانه به‌رامبه‌ر به كه‌مپینه‌كانی به‌رگری له‌ماف خوراوه‌كان، زه‌نگی ئاڵوگۆڕێكی نوێی وه‌ستانه‌وه‌ی تاوانبار به‌رامبه‌ر به تاوان له‌سه‌ر كرا‌و لێده‌دات. مه‌سه‌له‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وه‌وه نییه، كه یه‌كێك یان چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌وانه ناویان زڕابێتو ئێستا بیانه‌وێت پاكانه بۆ خۆیان بكه‌ن. خۆ یه‌كه‌م جار نییه ئه‌وانه له میدیاكانه‌وه به‌ئاستێكی شیاو به‌وان ناویان هاتبێت، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه بۆ ئه‌وان، ئه‌گه‌ر مانایه‌كی هه‌بێت، ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م سه‌رده‌مه، ده‌ستپێكردنی سه‌رده‌مێكی نوێیه له خۆزاڵكردنهوهو به‌ستنی ئه‌و رێگایانه‌یه، كه ده‌كرێت ئه‌وان به‌ره‌و دادگایی‌و لێپرسینه‌وه به‌رێت.
ئه‌گه‌ر قه‌راره كه‌مپینه‌كانی وه‌ستاوه به‌رامبه‌ر به‌و تۆمهتباركراوانه، نه‌فس درێژ‌و به‌رده‌وام بن، ده‌بێت خواستی لێپرسینه‌وه‌و دادگایكردنی هه‌ر مسته‌شارێك، كه به‌شداری تاوانه‌كانی كردووه، لهخواستێكی ناوچه‌ییه‌وه، بگۆرێت بۆ خواستێكی سهرتاسهریو بیكاته هوشیارییه‌كی گشتی‌و رای گشتی بۆ بخاته جوڵه.
هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك، كاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه. هه‌ڕه‌شه‌ی كۆنه مستهشارهكان جۆریكه له كاردانه‌وه‌یه‌كی توند، به‌ڵام له پێگه‌یه‌كی لاوازهوهیهو، ئامانجهكهیشیان ته‌نیا پاكانه نییه بۆ ناوه‌كانی خۆیان، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌ر به هوشیاری گشتی بگرن. به‌ڵام هه‌ر هه‌نگاوێك، هه‌ر وته‌و قسه‌یه‌كی ئه‌وان، هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و خۆ سوركردنهوهیهكیان ده‌توانرێت به ئاسانی بۆیان بكرێته خاڵێكی لاوازتر.
سه‌لام مارف