غه‌ریبیت ده‌كه‌م ..! …..داناعه‌سكه‌ر
له‌نێو پێكه‌نینی منداڵێكدا هه‌ڵده‌فڕم ،
ته‌ماشایه‌كم پێیه بۆ تۆ
سێبهرێكیش بۆ پاڵ نیشتنه‌وه‌ی
نیگا هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی خۆر و ..
ئاوڕێك بۆ قه‌ده‌ری نووستنی چۆله‌كه‌یه‌ك ،
به‌سه‌ر چۆڵه‌وانی ماڵی عیشقه‌وه
بێڕه‌نگ وه‌ك پیاسهدزراوهكانی كه‌ركوك و ..
پهنجهههڵوهریوهكانی مۆسیقارێكی دووره وڵات
بێده‌نگ وه‌ك كۆڵانهشهرمنهكانی ئێوارانی ..
ته‌نیایی خۆم و .. هاژه‌ی چه‌مێكی سه‌ره‌ڕۆ
تووڕه وه‌ك كه‌نار لهماسییهكانی موحیبه‌ت و
یاخی بوونی قژ لهشانهو ئاوێنه‌ش ،
له‌گۆنای سووری ئێوارانی بناری خۆرنشین
غه‌ریبیت ده‌كه‌م ..
له‌نێو بیره‌وه‌ری پاڵتۆی شانی زستان
له‌پاڵ رۆژگاری ته‌زیو به ماچهتهڕهكانی به‌فر و
سنه‌وبه‌ره رووته‌كانی وه‌رزی گوناه
چاو له‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌مین كتێبی به‌خت و
ده‌رگای ماڵه فاڵچییه‌كان ده‌گێڕم
غه‌ریبیت ده‌كه‌م ..
وه‌ك غه‌ریبی دایكم بۆ ئه‌و جێیه‌ی باوكم لێی راده‌كشا و ..
ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی به‌دیواری ته‌مه‌نه‌وه
غه‌ریبی گێڕِانهوهدهكهن
وه‌ك غه‌ریبی ئه‌و رۆژانه‌ی ئاوڕێكیان له‌ته‌مه‌ن نه‌دایه‌وه بۆ له‌ززه‌ت
وه‌ك غه‌ریبی ” ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ” بۆ ئاوازێكی بزێو و
شنه‌شنی هه‌ور بۆ گۆرانییه ته‌ڕه‌كانی باران
وه‌ك غه‌ریبی ره‌شه‌با بۆ گوزه‌ركردن به دارستان و ..
شه‌قبوونی ستیانی هه‌ناره‌كانی ئه‌وه‌ڵین رامووسان ،
ئه‌وه‌ڵین غه‌در لهكچێنی تۆ
ئه‌وه‌ڵین راكشانی ته‌ماشا له‌نێو قژی لولی تۆ
غه‌ریبیت ده‌كه‌م ..
وه‌ك غه‌ریبی ئه‌و نیگایه‌ی به ماچێكدا شۆڕده‌بێته‌وه و ..
بهمشتێك گوناهی مزرهوه ، سووتانێك له نوور هه‌ڵده‌كا ،
وه‌ك غه‌ریبی لاسكێكی سه‌وز
به بۆنی پهپوسولهیمانكهیهك و..
به‌خشینی قومێك ئاونگ ،
به‌خه‌یاڵی به‌ردێكی نووستوو ..
به‌رۆخی به‌یانییه‌كی نیگا كاڵه‌وه ،
ئه‌وه له‌كوێی هاوڕێ غه‌ریبیت ده‌كه‌م
ژووره‌كه‌م نیشتمانێكی بێ ئاڵایه ،
پهنجهرهكهشم ئاسۆیه‌كی بێ ته‌ماشا ،
بێ ته‌ماشا له‌و رێیانه‌ی چه‌ندین روانینم تێدا ونكرد ،
دواجار به‌خۆم و نیوه‌كه‌ی تری خه‌تاوه ، له‌وێ جێماین
ئه‌وه له‌كوێی هاوڕێ غه‌ریبیت ده‌كه‌م ،
وه‌ك هێشووی بهرسیلهكچانی شه‌رم و
ته‌ڕبوون له‌ژێر نووسینه‌وه‌ی یه‌كه‌مین
دێڕی نامه‌یه‌كی دڵداری و
هه‌ڵفڕین به‌یه‌كه‌مین دڵه‌ڕاوكێی عیشق
ئه‌وه له‌كوێی غه‌ریبیت ده‌كه‌م
سه‌فه‌ری تۆ مردنی رێواسهكانی شیعر و
لهگۆچوونی نازنازهكانی عیشقه له‌به‌رده‌م پاكی په‌نجه‌ره‌كانی سیاسه‌ت هاوڕێ
سه‌فه‌ری تۆ به‌خشینێكی تری كچێنی و
رووتبونهوهیه له‌به‌رده‌م بارانی پاكی خودا‌و
چه‌تره چهتوونهكانی له‌ززه‌ت هاوڕێ
غه‌ریبیت ده‌كه‌م غه‌ریبی
له‌وه‌ته‌ی هه‌م ، له‌كه‌وتنه خواره‌وه‌ی هه‌ڵوژه‌یه‌ك ده‌ڕوانم
كه‌چی ده‌ستێكم نه‌بوو بۆ گرتنه‌وه‌ی
ئه‌و كهوتنانهی پڕده‌بن له‌كاره‌سات و حه‌رام
له‌وه‌ته‌ی هه‌م ، باس له‌مردنی ره‌ونه‌قی گوڵێك ده‌كه‌م
كه‌چی ئینجانهیهكم نیه بی وه‌فایی تۆی تیا بڕوێنم
له‌وه‌ته‌ی هه‌م …
له‌وه‌ته‌ی هه‌م به‌دیار كه‌نارێكه‌وه له‌شه‌پۆل دهِوانم
كه‌چی له‌وانه‌كانی تینوێتی ده‌رنه‌چووم
له‌وه‌ته‌ی هه‌م غه‌ریبت ده‌كه‌م هاوڕێ
وه‌ك غه‌ریبی ئه‌و كوكوختیانهی لهههڵفڕیندا
نیشتمانێكیان لێ به‌جێما و ..
وه‌ك غه‌ریبی مه‌سیح بۆ هاتنه خواره‌وه‌ی له‌خاچ
وه‌ك غه‌ریبی ئه‌و سه‌رین و دۆشهكانهی چاوه‌ڕوانی
نووستنێكی تری مناڵانی ئه‌نفالكراو
ئه‌و گۆزانه‌ی چاوه‌ڕوانی شانی كچانی ئاوایی ده‌كه‌ن
وه‌ك ئهوپهنجهرانهی لهتهماشاكان حاڵیی نابن و
له‌پیاسه‌ی ناوه‌ختی شنه‌بایه‌ك سڵ ده‌كه‌نه‌وه
ئه‌وه له‌كوێی غه‌ریبت ده‌كه‌م غه‌ریبی .
منیش وه‌ك ئه‌و باخچانه نه‌فسم هه‌یه هاوڕێ
تا قژم به‌لای شه‌ماڵدا دابهێنم و
مهحزهرێك له‌دژی ره‌شه‌با هه‌ڵبكه‌م
كه‌چۆن له‌به‌ر له‌من
به‌بۆن و به‌رامه‌ی به‌ژنت راموسانێك هه‌ڵده‌كات و
له‌و باخه عه‌یاره‌ی سینه‌ت
رۆحم پڕ ده‌كات لهدڵهڕواكێ و
ژووره‌كه‌شم له‌سووتان
كه‌ی ره‌وایه هاوڕێ من غه‌ریبیت ده‌كه‌م
غه‌ریبی .
2005 كه‌ركوك