
نامه‌ی شه‌شه‌م …. بۆ ئه‌و كچه‌ی به ده‌نگی ئاسوده‌م
ئه‌ی ئه‌و كچه‌ی ده‌نگت كه‌ناری و ره‌نگت له تیشكی خۆر ده‌چێت.. كۆتره بێ په‌یمانه‌كانی دوێنێ گمه‌گمی درۆ و گۆرانی درۆیان بۆ گوتم، نامه‌كانی (نالی)یان ده‌كرده خۆڵه‌مێشی جادوو تا مه‌حبوبه به ئه‌هریمه‌ن ئاشنای بكه‌ن، عیشقیان كرده رق و (قابیل)یان كرده خاوه‌نی، من رقم له دوێنێیه تیشكی خۆر سه‌مای تێدا نه‌كرد و مانگ ده‌ست له‌ملانێی شه‌و نه‌بوو، ده‌ریا كه‌ناره‌كانی بێ ماچ هێشته‌وه، (با)ش پرچی داره‌كانی شانه نه‌كرد.
ئه‌م ئێواره‌یه‌م ده‌په‌رستم، گوێم له سوره‌تێكی عیشقه به ده‌نگی تۆ، ته‌هلیله‌ی خه‌تمی مانیفێستی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌م، تا گه‌رده‌لولی په‌شیمانی تۆڕ بده‌ین و ته‌مه‌نمان هه‌ڵنه‌وه‌رێنێ.. ده‌مێ گوێبیستی تۆ ده‌بم حه‌زه‌كانم له ئاسمانی خۆشه‌ویستیتدا باڵده‌گرن ئاره‌زوی هیچ موزیكێك ناكه‌ن، له شه‌قامه‌كانی ته‌نهاییدا رۆحی خۆم ده‌دۆزمه‌وه‌و ده‌یده‌مه ده‌ست (با) تا له رێی شه‌پۆله‌كانی جریوهوه په‌رداخێك ماچ به لێوه‌كانت بسپێرێ، ئاخر من(با)م خۆشده‌وێت چونكه هه‌ر ئه‌و به‌ر له‌من پرچه‌كانت شانهدهكات و له دڵت شوشهییهكهت ده‌ڕوانێ و هه‌ر ئه‌ویش سروه‌ی گشت به‌یانیانێك هه‌ناسه‌كانی رۆحت ئاشنای خه‌یاڵه‌كانی من ده‌كات..
ئه‌ی (با)ی مه‌زن خۆم به‌تۆ ده‌سپێرم و نامه‌ی عیشقم به گوێی خه‌ونه‌كانمدا بچرپێنهو پێی بڵێ هه‌موو شه‌وێ، نا، هه‌موو رۆژێ، نا، نا، گشت ساتێ ئه‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه شیعرت بۆ ده‌ڵێت و ماڵه‌كه‌ی پڕكردوه له ره‌نگی په‌مه‌یی و دیواره‌كانیشی به ده‌نگی تۆ، ئه‌و شه‌وانه تۆ ده‌كاته چرای ئاینده‌و قهڵهمهكهیشی ته‌نها وێنه‌ی تۆ ده‌كێشێت.