
گلۆبالیزم چییه؟
له‌پاش ڕووخانی سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌سته‌واژه‌ی ( گلۆبالیزم) به‌ته‌واوی له‌جیهاندا بڵاوبوویه‌وه. به‌تایبه‌ت له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو ( گلۆبالیزم) بوو به وێردی سه‌ر زمانی هه‌موو نووسه‌ران و ڕووناکبیرانی جیهان . هه‌ریه‌که‌وه له دیدو سۆنگه‌ی تایبه‌تیه‌وه ، هه‌وڵی شرۆڤه‌کردنی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی دا. زۆرجار ئایدۆلۆژیا ڕؤڵی سه‌ره‌کی ده‌گێرا له‌سه‌ر بیری نووسه‌ران ، ( چه‌په‌کان) له دیدێکی چه‌پ و کۆمۆنیستی و مرۆڤدۆستانه‌وه بۆ گلۆبالیزمیان ده‌ڕوانی ، که زیاتر بیرێکی ڕه‌خنه‌گرانه بوو له سیسته‌می نوێ. به‌ڵام نووسه‌رانی سه‌ر به ( ڕاستڕه‌و لیبڕاڵه‌کان) له دیدێکی ئابووری و گهشبینیانهوه ، هه‌وڵی شرۆڤه‌کردنی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یان ده‌دا. دیاره جگه له ئایدۆلۆژیا ، ناوچه‌و ئایینیش ڕؤڵی هه‌بووه. بۆ نموونه عه‌ره‌به‌کان ، زیاتر وه‌کو ( پلانێکی ڕؤژئاوا) سه‌یری گلۆبالیزمیان ده‌کرد. ئیسلامیه سه‌له‌فیه‌کان به ( خاچ په‌رستی نوێ) وه‌سفی گلۆبالیزمیان ده‌کرد. خوێندنه‌وه‌و گوێگرتن بۆ ئه‌و هه‌موو بیروبۆچوونه جیاوازانه، کارێکی ئاسان نییه. ئایا گلۆبالیزم دیارده‌یه‌کی نوێیه؟ یان دیارده‌یه‌که که ڕه‌گ و ڕیشه‌ی بۆ سه‌ده‌کانی پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئایا گلۆبالیزم دیارده‌یه‌کی ته‌ندروستی باشه، یان دیارده‌یه‌که که جگه له ئاژاوه‌ی ئه‌لکترۆنی و کێشه‌ی ئابووری گه‌وره‌و هه‌ژاری ، هیچ سوودێکی تری نییه. ئایا گلۆبالیزم هیوایه‌که بۆ ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێهه‌م ، بۆئه‌وه‌ی سامانه مرۆڤی و سروشتیه‌کانیان به‌کاربهێنن و پێشکه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی پێیه؟ یان چه‌وساندنه‌وه‌و وابه‌سته‌یی بۆ رۆژئاوا‌و تاڵان‌کردنی سامانی ئه‌م وڵاتانه ده‌گه‌یه‌نێت . ئایا گلۆبالیزم مانای کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیستی نوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟ یان سیسته‌مێکی نوێی جیهانییه ، که ئاشتی و خوشگوزه‌رانی و برایه‌تی بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌هێنێت؟. ئه‌م هه‌موو پرسیار‌و گوومانانه ده‌رباره‌ی گلۆبالیزم ده‌کرێت. هه‌رکه‌سه‌و له‌دیدو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه، هه‌وڵی شرۆڤه‌کردنی ئه‌م دیارده‌یه‌ی داوه. من لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ، به‌کورتی شرۆڤه‌یه‌کی خێرا له‌سه‌ر پرسی گلۆبالیزم بنووسم ، هیوادارم تیشکێک بخه‌مه سه‌ر ئه‌م سیسته‌مه نوێیه‌ی جیهان.
گلۆبالیزم که‌ی سه‌ری هه‌ڵدا
له‌سه‌ر سه‌ره‌تای دروستبوونی گلۆبالیزم چه‌ندین بۆچوونی جیاواز هه‌یه. به‌پێی بیرمه‌ندی ئه‌مه‌ریکی فۆکۆیاما، له‌کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌ی ( کۆتایی مێژوو و دواهه‌مین مرۆڤ) دا، ئه‌و پێی وایه له‌پاش ڕووخانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات ، مرۆڤایه‌تی پێ ده‌نێته قۆناغێکی نوێوه ، که سیسته‌می لیبرالیزم و که‌پیتالیزم هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه‌و ئه‌مه‌ش کۆتایی مێژووی مرۆڤایه‌تییه، یان ڕاستر ئه‌مه دواهه‌مین قۆناغی مرۆڤایه‌تییه. واته گلۆبالیزم لای ئه‌م براده‌ره له کۆتایی ساڵانی هه‌شتاو سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات. دیاره فۆکۆیاما ناوی ( گلۆبالیزمی )به‌کارنه‌هێنا،به‌ڵام پاش ئه‌و رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریکی تۆماس فریدمان له‌کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا( سه‌یاره‌ی لیکساس و داری زه‌یتوون) ، ئه‌و وه‌سفی سیسته‌می نوێی جیهان ده‌کات و، پێی وایه که پاش ڕووخانی سۆڤێت ، سیسته‌مێکی نوێی جیهانی هاته کایه‌وه، که به گلۆبالیزم ده‌ناسرێت. سیمای سه‌ره‌کی ئه‌م سیسته‌مه نوێیه‌ش ، زاڵبوونی بیری سه‌رمایه‌داری و لیبرالیزمه، که ئه‌مه‌ریکا سه‌رۆکایه‌تی ئه‌م بیره‌و جیهانیش ده‌کات . دیاره به‌گشتی نووسه‌ره لیبراله‌کانی ئه‌مه‌ریکا ، له‌پاش ڕووخانی سۆڤێت ده‌که‌نه سه‌ره‌تای گلۆبالیزم . به‌ڵام نووسه‌ره چه‌په‌کان دژی ئه‌م بۆچوونه‌ن و پێیان وایه گلۆبالیزم زۆر له‌پێشتره. بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریکی نعوم تشومسکی. به‌تایبه‌ت له‌کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا( 501 ساڵ ، په‌لاماردان به‌رده‌وامه). پێی وایه گلۆبالیزم درێژکه‌ره‌وه‌ی هه‌مان سیسته‌مه که‌له‌ساڵی 1492 ده‌ستی پێ‌کرد. واته ئهوکاتهي بۆ یه‌که‌مینجار کریستۆف کۆلۆمبۆس پێی نایه کیشوه‌ری ئه‌مه‌ریکاوه. له‌پاش ئه‌ویش پول سوئیزی هه‌مان شت ده‌ڵێت. له ووتاری ( چه‌ند خاڵێک ده‌رباره‌ی گلۆبالیزم) ده‌ڵێت : ( گلۆبالیزم دۆخێک یان دیارده‌یه‌ک نییه تازه سه‌ریهه‌ڵدابێت، به‌ڵکو ڕه‌وتێکه ، که بۆماوه‌یه‌کی دوور‌و درێژ له‌ئارادایه. له‌ڕاستیدا له‌و سه‌رده‌مه‌وه که سه‌رمایه‌داری وه‌کو فۆرمێک که‌توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تیدا بمێنێته‌وه، هاته کایه‌وه. واته له چوار یان پێنچ سه‌ده له‌وه پێشه‌وه گلۆبالیزم له‌ئارادابووه ). نووسه‌ری ناوداری میسری سه‌میر ئه‌مین پێی وایه ( ئه‌مه درێژکه‌ره‌وه‌ی هه‌مان سیسته‌می سه‌رمایه‌داریه، که‌مه‌یلی فراوانخوازی له‌ناو هه‌ناوی سه‌رمایه‌داری دا بووه.) پاشان به‌سه‌رده‌می زێڕینی سه‌رمایه‌داری وه‌سفی ده‌کات ، که‌بۆماوه‌ی په‌نچا ساڵه به‌رده‌وامه. نووسه‌رێکی میسریش به‌ناوی دکتۆر نبیل راغب له‌کتێبی (آقنعة العولمة السبعة) بۆچوونێکی جیاوازی بۆ گلۆبالیزم هه‌یه. ئه‌و زیاتر له سۆنگه‌ی کلتووریه‌وه هه‌وڵی مێژووی گلۆبالیزم ده‌دات. د. راغب ده‌ڵێت: ( سه‌ره‌تای بیری گلۆبالیزم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 331 ساڵ پێش زایین ، بۆسه‌رده‌می ئه‌لکسه‌نده‌ری مه‌کدۆنی، پاش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر دارای سێهه‌م یئمپراتۆریهتی فارسی‌دا سه‌رکه‌وت، ده‌ستیکرد به سیاسه‌تێکی نوێ. ئه‌وه‌بوو بۆ خۆی کچی دارای ئیمپراتۆری فارسی هێناو زۆربه‌ی جهنهڕاڵهگهورهکانی هاندا ، که‌ژنی فارسی بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ فارس‌دا دروستبکه‌ن . واته سیاسه‌تێکی عاقڵانه‌ی به‌کارهێنا، هه‌وڵی یه‌کخستنی مرۆڤایه‌تی بوو ، به‌بێ گوێدانه ڕه‌گه‌ز و ئایین. پاشان له‌گه‌ڵ خۆیدا کۆمه‌ڵێک ئه‌ندازیار و دکتۆر و فه‌یله‌سووفی هێنایه ناوچه‌کانی ئێران و میزۆپۆتامیا و میسر، بۆئه‌وه‌ی کلتووری رۆمانی بڵاوبکاته‌وه. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای گلۆبالیزمه)
وه‌لێ به بۆچوونی من پێم وانییه گلۆبالیزم ته‌نها له سۆنگه‌ی سیسته‌می ئابووری وسیاسیه‌وه ، چه‌قی داری بیرکردنه‌وه‌مان ڕابگرین . من پێم وایه گلۆبالیزم چه‌ندین وێزگه‌ی هه‌یه. گلۆبالیزم بڵاوبوونه‌وه‌ی هزرێکی ( سیاسی، ئابووری، کلتووری) ده‌گه‌یه‌نێت به جیهاندا. هه‌ربۆیه من پێم وایه گلۆبالیزم ، له‌گه‌ڵ په‌یدابوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی دروستبووه. بۆیه‌که‌مینجار له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ، هزرێک توانی له‌زیندانی ناوچه‌یه‌ک ، وڵاتێک ، په‌ل بۆ ته‌واوی جیهان بکێشێت. به‌تایبه‌ت کاتێک له‌کیشوه‌ری ئاسیاوه په‌ڕیه‌وه بۆ کیشوه‌ری ئه‌وروپا و پاشان جیهان. کێشه‌ی گه‌وره‌ی نووسه‌رو بیرمه‌نده چه‌په‌کان ئه‌وه‌یه، که زیاتر له سۆنگه‌ی ( سیسته‌می ئابووری و سیاسی) و ره‌خنه‌گری له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ، هه‌وڵی شرۆڤه‌کردنی گلۆبالیزم ده‌ده‌ن. ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وانه‌ش ناتوانێت ، پێناسه‌یه‌کی گشتگیریمان بداتێ ، چونکه هه‌روه‌ک پێشتریش باسمکرد، که گلۆبالیزم چه‌ندین باری هه‌یه، ده‌بێت له‌هه‌موو باره‌کانه‌وه سه‌یری ئه‌م دیارده‌یه بکه‌ین .
سیماکانی گلۆبالیزم
نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی تۆماس فریدمان پێی وایه گلۆبالیزم سی سیمای سه‌ره‌کی هه‌یه . یه‌که‌میان : له‌ناوچوون و شکستی بلۆکی رۆژهه‌ڵات و سۆڤێت مانای له‌ناوچوونی بیری کۆمۆنیزمهو، زاڵبوونی بیری سه‌رمایه‌داری و لیبرالیزم به‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا له جیهاندا. فریدمان پێی وایه سیسته‌می سۆسیالیزم و دیکتاتۆری هیچ شانسی نه‌ماوه. به‌ڵکه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و دیمۆکراسی ، ته‌واوی جیهان داگیرده‌کات. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که ئه‌م سیسته‌مه قبووڵ ناکه‌ن ، هیچ شانسی ژیان و به‌ره‌وپێشچوونیان نییه. دووه‌م : زاڵبوونی ڕۆڵی بازاره دراویه‌کانی جیهان ( بۆرسه) به‌تایبه‌ت بۆرسه‌کانی ( نیۆرک، تۆکیۆ،فرانکفۆرت، لندن، پاریس) . ئه‌و پێی وایه ، ئه‌م بۆرسانه کاریگه‌ری گه‌وره‌یان به‌سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤایه‌تیه‌وه ده‌بێت. سێهه‌میان : پاڵانسی نێوان تاک و ده‌وڵه‌ت وه‌کو جاران نامێنێت، زیاتر به شانسی تاک ده‌شکێته‌وه. ده‌وڵه‌ته‌کان هێنده ناتوانن وه‌کو جاران کۆنترۆڵی تاک بکه‌ن . هۆکه‌شی ئه‌وه‌یه، که شۆرشێکی گه‌وره‌ی ئه‌لکترۆنی ( ته‌له‌فوون ، ئینته‌رنێت، سه‌ته‌لایت ) وایکردووه، که تاک زانیاری زیاتر وه‌ربگرێت و له ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تدا نه‌مێنێت. هه‌ر ئه‌م شۆرشه ئهلکترۆنیهش هه‌موو ده‌رگاو ڕێگرهکۆنهکانی تێکشکاندووه. ئه‌مرۆ تاک ده‌توانێت زۆرترین زانیاری وه‌ربگرێت، ده‌توانێت سه‌فقه‌ی بازرگانی و کاری رۆشنبیری و سیاسی زیاتر بکات . ده‌وڵه‌تیش هێنده کۆنترۆڵی تاکی بۆ ناکرێت. دیاره ئه‌م بۆچوونه‌ی فریدمان ، له‌دیدێکی ئهمهریکانهوه بۆ گلۆبالیزم ده‌ڕوانێت، به‌ڵام هه‌ندێک راستیشی تێدایه. بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریکی سامئوێل هینگتون ، له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا ( شه‌ڕی شارستانیه‌کان) ، پێی وایه سیمای سیسته‌می نوێی جیهان ، ( شه‌ڕی ئایین و کلتووره جیاوازه‌کانی جیهان) ده‌بێت. هینگتون ده‌ڵێت : ( له‌پاش ڕووخانی سۆڤێت ، شه‌ڕی نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌کانی جیهان په‌ره‌ی سه‌ند) به‌ڵگه‌شی بۆ ئه‌م بۆچوونه ، شه‌ڕی ناوخۆیه‌کانی به‌لکان و سۆڤێتی جارانه. دیاره زۆرکه‌س به‌تایبه‌ت چه‌په‌کان دژی ئه‌م بۆچوونه وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا راستیهکیشی تێدایه. چونکه ئه‌مڕۆ له‌ته‌واوی جیهاندا مه‌سه‌له‌ی ئایین و ڕه‌گوڕیشه‌ی کلتووری ، ته‌واوی جیهانی گرتۆته‌وه. دکتۆر نبیل راغب له کتێبی ( آقنعة العولمة السبعة) دا ، پێی وایه گلۆبالیزم حه‌وت ده‌مامک ( قناع) هه‌یه. یه‌که‌میان : حکومه‌تی نهێنی. دووه‌میان .ده‌مامک ئابووری. سێهه‌میان : ده‌مامک سیاسی. چواره‌م: ده‌مامک ته‌کنه‌لۆژی،.پێنچه‌م ده‌مامک ئه‌منی. شه‌شه‌م : ده‌مامک ئیعلامی ( میدیا). حه‌وته‌م کلتووری. کێشه‌که له‌وه‌دایه که‌به‌شێکی زۆری نووسه‌ره عه‌ره‌به‌کان ، زیاتر له سۆنگه‌ی ( پلانێکی نهێنی رۆژئاوا) دژی گه‌لانی عه‌ره‌بی ، سه‌یری دیارده‌ی گلۆبالیزم ده‌که‌ن. هه‌رچه‌نده من پێم وایه هێشتا ده‌ستی نهێنی له‌ناو سیسته‌می ئابووری و سیاسی جیهاندا باوی ماوه. من پێم وایه گلۆبالیزم وه‌کو هه‌موو دیارده‌یه‌ک، لایه‌نی پۆزه‌تیف و نێگه‌تیفی خۆی هه‌یه. من لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌کورتی سیماکانی گلۆبالیزم ده‌ست نیشان بکه‌م .
لایه‌نه پۆزه‌تیفه‌کانی گلۆبالیزم
1 . له ڕووی سیاسیه‌وه
ئه‌مڕۆ به‌گشتی سیسته‌می دیمۆکراسی له‌ته‌واوی جیهاندا بڵاوبۆته‌وه. هه‌موو گه‌لانی جیهان باوه‌ڕی ته‌واویان به‌وه هێناوه ، که سیسته‌می دیمۆکراسی باشتره له سیسته‌می دیکتاتۆری . رابه‌ری مه‌زنی هیندی ( جه‌واهیر نه‌هرۆ) ده‌رباره‌ی دیمۆکراسی ده‌ڵێت: ( ناڵێین سیسته‌می دیمۆکراسی باشه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌و باشترمان نییه) . دیاره جگه له‌هه‌ندێک وڵات نه‌بێت وه‌کو ( چین، وڵاتانی عه‌ره‌بی) ، به‌شێکی زۆری جیهان باوه‌ڕیان به‌م ڕاستیه سیاسیه هێناوه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌وڵه‌تی سۆسیالیزمی و پارتی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵانه ، ئه‌و ڕه‌ونه‌قه‌ی جارانی نه‌ماوه. ئه‌مه‌ش لایه‌نێکی پۆزتیفی گلۆبالیزمه، چونکه هه‌تا سۆڤێت مابوو، خه‌ڵکێکی زۆر باوه‌ڕی به سیسته‌می دیکتاتۆری تاکكڕهوی سیاسی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مڕۆ جگه له خه‌ڵکانێکی که‌م نه‌بێت، که‌س سێوی خۆی ناخاته سه‌به‌ته‌ی سیسته‌مێکی دیکتاتۆریه‌وه.
2. له‌ڕووی ئابووریه‌وه
هیچ کاتێک سامان به‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ زۆرنه‌بووه. کاتێک سه‌یری بازاڕ‌و بانکه‌کان ده‌که‌ین، نازانین ئه‌م هه‌موو سامانه زۆره چۆن دروستبووه. دیاره ئه‌م که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه زۆره ، زیاتر رۆژئاوای گرتۆته‌وه. به‌ڵام به‌شێکی زۆری جیهانیش سوودمه‌ند بوون لێی. بۆ نموونه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا، چین و هیندستان گه‌شه‌یه‌کی خێرای ئابووریان کردووه، که زۆرجار وه‌کو دووزلهێزی نوێی جیهان ده‌ناسرێن . وڵاتێکی وه‌کو چین ، هه‌تا ساڵی 1978 ، ته‌نها 0،8% به‌رهه‌می جیهانی پێک ده‌هێنا، به‌ڵام ساڵی 2006 گه‌یشته 8% ی جیهان. واته ده‌قات زیادیکردووه. ساڵی 2008 گه‌یشته 12.5% ی جیهان. ئه‌م ساڵ چین بوو بهسێههمین ئابووری جیهان و یه‌که‌مین هه‌نارده( ئیکسپۆرت) جیهان. ساڵی 2008 بازرگانی ده‌ره‌کی چین گه‌یشته 802،6 ملیارد دۆلار. ئه‌مڕۆ 2/3 تهلهفوونی ده‌ستی جیهان، له چین دروست ده‌کرێت. 18،5% که‌لووپه‌لی کاره‌بایی( تیڤی.رادیۆ،ته‌سجیل،،) جیهان دروست ده‌کات. 13.4 % به‌رهه‌می ئه‌لکترۆنی جیهان دروست ده‌کات. زیاتر له 400 هه‌زار کۆمپانیا که‌له 170 وڵاتاوه هاتوون ، له چین سه‌رمایه‌گووزاری ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی چین ، له‌سایه‌ی گلۆبالیزمدا بوو. وڵاتێکی تر که جێگای ئاماژه‌یه، هیندستانه. ئه‌م وڵاته هه‌تا ساڵی 1980 ، ئابووری هیند ساڵانه ته‌نها 3،5% گه‌شه‌ی ده‌کرد. لێ پاش ساڵی 1991 ، کاتێک ده‌ستکرا به ریفۆرمی ئابووری ، گه‌شه‌یه‌کی خێرای به خۆیه‌وه بینی. له‌نێوان ساڵانی 1999 تا 2004 ، ئابووری هیند شه‌ش قات گه‌شه‌ی سه‌ند. ساڵی 2005 و 2006 گه‌یشته 9،2 . ئه‌م گه‌شه خێرایه‌ی ئابووری هیند، وایکرد که به‌رهه‌می نیشتمانی و پیشه‌شازی له‌م وڵاته‌دا زۆر پێشبکه‌وێت. ئه‌مرۆ هیند زیاتر له 800 جۆر به‌رهه‌می پیشه‌شازی و کاڵای جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێت. جێگای ئاماژه‌یه ساڵی 1960 تا 1969هه‌موو به‌رهه‌می نیشتمانی هیند 47.86 ملیارد دۆلار بوو . له‌نێوان ساڵانی 1970 تا 1979 هه‌موو به‌رهه‌می نیشتمانی 97.53 ملیارد دۆلار بوو . . ئه‌مرۆ به‌رهه‌می نیشتمانی هیند ده‌گاته 1030 ملیارد دۆلار. بۆرسه‌ی نیوده‌لهیش ده‌گاته 1800 ملیارد دۆلار . واته له‌ماوه‌ی 50 ساڵی پێشوودا ، به‌رهه‌می نیشتمانی ههزارقات زیادیکردووه. له‌هه‌مانکاتیشدا وڵاتانی به‌رازیل و رووسیاش ، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا گه‌شه‌ی باشیان کردووه. یه‌کێک له خاڵه پۆزه‌تیفه‌کانی گلۆبالیزم ، نه‌مانی ترسی سه‌رمایه‌گووزاری و گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه له رۆژئاواوه بۆ وڵاتانی تری جیهان . ئه‌مه‌ش یارمه‌تی وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو ده‌دات ، که‌له‌و حاله‌ته‌ی تێیدان ، هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه بنێن.
3. شۆرشی نوێی ته‌کنه‌لۆژی
له‌گه‌ڵ گلۆبالیزمدا ، شۆرشێکی مه‌زنی ته‌کنه‌لۆژی له‌دایک بووه. ئینته‌رنێت و سه‌ته‌لایت و تهلهفوونی ده‌ستی ، بیۆتهکنیک، سیما گرنگه‌کانی شۆرشی نوێن. ئه‌م ئامێر‌و داهێنانه نوێیان ، به‌جارێک مرۆڤایه‌تیان له قۆناغێکه‌وه بۆ قۆناغێکی تر گواسته‌وه. بۆ نموونه جاران په‌یوه‌ندی هێنده ئاڵۆز‌و سه‌خت بوو، که چه‌ندین ڕووداو کاره‌ساتی گه‌وره ڕووی ده‌دا، به‌ڵام زۆرکه‌م که‌س ئاگاداری ده‌بوون. به‌هێزترین گۆڕانکاری که‌ئه‌م شۆرشه نوێیه کردی ، سڕینه‌وه‌و نه‌هێشتنی ڕۆڵی (شوێن) بوو. ئه‌مڕۆ (شوێن) هه‌مان ڕۆڵی جارانی نه‌ماوه. تۆ ده‌توانیت له دوورهدهسترین شوێنی جیهانه‌وه ، ئاگاداری و په‌یوه‌ندی( بازرگانی، کۆمه‌ڵایه‌تی،سیاسی،،) له‌گه‌ڵ که‌سێکی تر ببه‌ستیت. تۆ ئه‌مڕۆ له‌ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه، ده‌توانیت سنووری گه‌لان، ئایینهجیاوازهکان ، کلتوورو هزره سیاسیه جیاوازه‌کان ببڕیت. ده‌توانیت به‌ئاسانی کام شوێن دووره بیگه‌یتێ. ئه‌وه ئینته‌رنێته توانی به‌ڕه له ژێرپێی حکومه‌ته دیکتاتۆروملهوورهکان ده‌ربکات. به‌بڕوای من ، هیچ شۆرشێک، داهێنانێکی مرۆڤ ، نه‌یتوانیوه هێنده‌ی ئینته‌رنێت ئازادی به مرۆڤایه‌تی ببه‌خشێت.
4. نزیکبوونه‌وه‌و دیالۆگی نێوان ئایین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی جیهان.
ئینته‌رنێت و تیڤیه‌کان توانیوویانه نامۆبوونی ئایین و نه‌ته‌وه‌جیاوازه‌کان که‌م بکه‌نه‌وه. ئه‌مڕۆ به‌هۆی شۆرشی زانیاریه، هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت ، شاره‌زایی له‌سه‌ر هه‌موو گه‌لانی جیهان هه‌بێت. لێره‌دا گه‌ر مرۆڤ بیه‌وێت ده‌توانێت لانی که‌می ڕاستی ده‌ستبکه‌وێت. له‌لایه‌کی تره‌وه گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌شازی سپی( گه‌شوگوزار) ، ڕێگایه‌کی باشه بۆ ناساندن و دیالۆگ له‌نێوان گه‌لانی جیهان دا. ئه‌م ساڵ ژماره‌ی گه‌شتیارانی جیهان گه‌یشته نزیکه‌ی 1.2 ملیارد که‌س. ئه‌مه‌ش هه‌م له‌ڕووی ئابووریشه‌وه خزمه‌تێکی باشی ئابووری ئه‌و وڵاتانه ده‌کات به‌تایبه‌ت تازه‌پێگه‌یشتووه‌کان. بۆ نموونه وڵاتانی ( میسر و تونس،مه‌رۆکی، کینیا،تایلاند) گه‌شتووگوزار به یه‌کێک له‌کۆڵه‌که سه‌ره‌کیه‌کانی ئابووریان ده‌ژمێرێت.
5. بڵاوبوونه‌وه‌و پێشکه‌وتنی بیری ئاشتی پارێزی و ماڤی مرۆڤ و ژینگه‌پارێزی
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ، بیری ئاشتی پارێزی و ماڤی مرۆڤ و ژینگه‌پارێزی، گه‌شه‌یه‌کی باشی به‌خۆوه دیوه. هیچ کاتێک له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌م گه‌شه‌یه‌ی به‌خۆوه نه‌دیوه. بگره ئه‌مڕۆ هیچ سیاسیه‌کی جیهان ناتوانێت خۆی به دژی ئه‌م بیرانه دابنێت ، به فاشیست و دیکتاتۆرهکانیشهوه. له‌لایه‌کی تره‌وه ڕێکخراوه‌کانی ماڤی مرۆڤ و ژینگه‌پارێزی ، له‌پێشکه‌وتنی به‌رده‌وام دان . ئه‌مه‌ش سوودێکی باشی ده‌بێت بۆ چاره‌نووسی مرۆڤایه‌تی .
خاڵه نێگه‌تیڤه‌کانی گلۆبالیزم
1. له‌ڕووی سیاسیه‌وه
به‌شێکی زۆری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌په‌یڕه‌وی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و دیمۆکراسیان کرد، تووشی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی سیاسی و ئابووری وکۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌وه. بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌شێوه‌یه‌کی زۆر له‌جیهاندا ، یه‌کێکه له سیما قێزوونهکانی گلۆبالیزم و دیمۆکراسیه. دیاره گه‌نده‌ڵی زۆر له‌پێشتر هه‌بووه، به‌ڵام هیچ کاتێک له‌مێژوودا، سیاسیه‌کان هێنده‌ی ئه‌مرۆ ، بێ ئابڕوو نه‌بوون. دزین و تالانکردنی سامانی نیشتمانی ، به ڕێژه‌یه‌کی ئێجگار ترسناک له‌هه‌موو جیهاندا بڵاوبۆته‌وه. خاڵێکی تریش که‌زۆر جێگای تێڕامانه، رووخان و له‌ناوچوونی حکومه‌ت و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاژاوه‌گێری و تووندوتیژی له جیهاندا. له‌به‌شێكی زۆری وڵاتانی ئه‌فریکا ، ده‌وڵه‌ت ناوه‌ندی هیچ بوونێکی نییه. هیچ ده‌زگایه‌کی حکومی کۆنترۆلی کۆمه‌ڵگای پێ ناکرێت. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له ترسه‌کانی جیهان. له‌هه‌مانکاتیشدا به‌نه‌مانی ڕۆڵی حکومه‌ت ، کاری خراپی کردۆته سه‌ر ژیانی چینه هه‌ژاره‌کانی کۆمه‌ڵگا.
2. گه‌شه‌سه‌ندنی بیری راسیزم و پارته فاشیسته‌کان له‌جیهاندا
له‌پاش ڕووخانی بلۆکی سۆڤێت، ته‌وژمێکی گه‌وره‌ی بیری راسیزم ، هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه. له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا ، خۆی له‌پارته ڕاستڕه‌وه‌کاندا ده‌بینێته‌وه. له جیهانی ئیسلامیشدا خۆی له پارته ئیسلامیه سه‌له‌فیه‌کاندا ده‌بینێته‌وه. رۆژ له‌دوای رۆژیش ، بیری راسیزم پۆستاڵی هزری بۆگه‌نی ، به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌کشێنێت. په‌لاماردانی ڕه‌وه‌ندی مووسڵمانان له رۆژئاوادا، بۆته کاری رۆژانه‌ی به‌شێکی زۆری میدیاکان و پارته ڕاستڕه‌وه‌کان. ده‌رکردنی چه‌ندین یاسای ره‌گه‌زپه‌رستانه دژی بێگانه‌کان بۆ نموونه ( دژی جلوبه‌رگی ژنانی مووسڵمان) . هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ش له ده‌وڵه‌تی فاشیزمی توورکیاوه سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌وان یه‌که‌مینجار یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی سه‌رپۆشیان داهێنا. ئه‌مڕۆ پارته فاشیست و ڕاستره‌وه‌کانی ئه‌وروپا ، ده‌نگێکی باشی خه‌ڵکیان به‌ده‌ست هێناوه‌و چوونه‌ته ناوپهرلهمانهوه. له زۆرشوێنیشدا وه‌کو ( نه‌مسا وئیتالیا،ده‌نیمارک) له‌ناو ده‌سه‌ڵاتیشدان. له جیهانی ئیسلامیشدا ، هێرشکردنه سه‌ر کریستی و جووله‌که‌و غه‌یره ئیسلامه‌کان ، بۆته کاری رۆژانه‌ی میدیا‌و پارته ئیسلامیه سه‌له‌فیه‌کان. بۆ نموونه له عێراقدا کریسته‌کان کۆڕه‌وێکی گه‌وره‌یان له‌م وڵاته‌دا کرد، به‌تایبه‌ت پاش داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه.
3. بڵاوبوونه‌وه‌ی جه‌نگی ناوخۆ‌و زاڵبوونی میلیشیاگه‌ری له جیهاندا.
هیچ کاتێک مێژووی مرۆڤایه‌تی هێنده‌ی ئه‌مڕۆ جه‌نگی ناوخۆی به‌خۆوه نه‌دیوه. له‌به‌شێکی زۆری وڵاتانی ئه‌فه‌ریکا ، ده‌وڵه‌ت له‌ناوچووه‌و ده‌سه‌ڵاتێکی میلیشیا گه‌ری جێگای گرتۆته‌وه. ئه‌مه‌ش وایکردووه، که دۆزه‌خێک بۆ ئه‌و گه‌لانه دروست بکات . کێشه‌که له‌وه‌دایه ، که‌به‌شێکی زۆری ئه‌م میلیشیانه‌ش له‌لایه‌ن چه‌ند کۆمپانیایه‌کی رۆژئاوایه‌وه یارمه‌تی ده‌درێن . ئه‌وانیش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ، چونکه زیاتر له میلیشیاکان قازانج ده‌که‌ن تا ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی. له‌لایه‌کی تریشه‌وه بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌زگای ئه‌منی جیاواز ( پاسه‌وانی تایبه‌ت، دژه تیرۆر) ، که‌ئه‌مانه‌ش ڕۆڵی میلیشیا ده‌بینین له‌ناو هه‌ناوی رۆژئاوادا.
4. ڕووتانه‌وه‌ی چینهههژارو ده‌وڵه‌تانی باشوور
ئه‌مڕۆ ته‌واوی کۆمه‌ڵگاکانی جیهان به‌سه‌ر دوو چینی دژ به‌یه‌ک دابه‌ش بوون . چینێکی که‌میینه کهلهوپهڕی خێروخۆشیدا ده‌ژی، هه‌موو پێداویستی و ئاره‌زووه‌کانی تێرکردووه. له‌به‌رامبه‌ردا چینێک که زۆرینه پێکده‌هێن، له‌و په‌ڕی هه‌ژار و برسێتی و نه‌خۆشی و بێ‌کاری دا ده‌ژی. ژیانێک که‌هیچ سیمای ژیانی مرۆڤی پێوه نییوه. ئه‌مڕۆ به ملیۆنه‌ها که‌س له‌گه‌ڵ ( جرج و پشیله وسه‌گ) له‌ناو که‌لاوه‌کانی شاره‌کاندا ده‌ژی. ئه‌م ساڵ ژماره‌ی هه‌ژار وبرسیهکانی جیهان گه‌یشته 1 ملیارد که‌س . که‌به‌شی زۆریان له وڵاتانی ئاسیا وئهفهریکا وئه‌مه‌ریکای لاتینه. هه‌ر یه‌ک سانیه 3 منداڵ له‌برساندا ده‌مرن. رۆژ له‌دوای رۆژیش دووری نێوان ئه‌م دوو چینه‌ش درێژتر ده‌بێت. وای لێهاتووه جۆره سیسته‌مێکی ئه‌رستۆکراتی مۆدێرن دروستبۆته‌وه. ئه‌م جیاوازیه گه‌وره‌یه‌ش کۆمه‌ڵگاکانی جیهانی تووشی چه‌ندین کێشه‌ی جۆراجۆری ( سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی،فه‌رهه‌نگی) کردۆته‌وه. بۆ نموونه له وڵاتی ئه‌نده‌نووسیا ، 300 هه‌زار که‌س خاوه‌نی سامانێکی زۆر و له‌وپه‌ڕی خۆشگووزهرانیدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. له‌به‌رامبه‌ردا زیاتر له 230 ملیۆن که‌س ، که زۆربه‌یان له‌وپه‌ڕی هه‌ژاریدا ده‌ژین . به‌داخه‌وه ئه‌مه حاڵی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانه. له‌لایه‌کی تره‌وه گلۆبالیزم جیاوازی نێوان باکوور‌و باشووری گۆی زه‌وی زۆرترکردووه. ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌ریکا وئه‌وروپا وژاپۆن ، که‌هه‌موویان 20% ی کۆی دانیشتوانی جیهان پێک ده‌هێنن، خاوه‌نی هه‌موو شتێکن . توانیوویانه ژیانێکی خۆشگووزه‌ران و ئاسووده بۆخۆیان دابین بکه‌ن . ئه‌م که‌مینه‌یه خاوه‌نی به‌هێزترین ئابووری ، باشترین وبه‌هێزترین سووپاو چهکو ته‌قه‌مه‌نی، مۆدێرنترین ته‌کنه‌لۆژیا، خۆشگووزهرانترین ژیان. له‌به‌رامبه‌ر زۆریه‌نی دانیشتوانی جیهان ، که‌له زۆر شت‌دا بێ به‌شه. جگه له نه‌خۆشی و هه‌ژار و جه‌نگ ، خاوه‌نی هیچ سه‌رمایه‌ک نییه. به‌پێی راپۆرتی ڕێکخراوی پیشه‌شازی وگه‌شه‌کردنی سه‌ر به UN ، ده‌وڵه‌ت تازه‌پێگه‌یشتووه‌کان ، له‌ئه‌نجامی بازرگانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی باکووردا ،ساڵانه 50 ملیارد دۆلار زه‌ره‌ر ده‌که‌ن. هه‌رهه‌مان راپۆرت ده‌ڵێت : ( له نێوان ساڵانی 1960تا1989 ، جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌تانی باکوور و باشوور ،به‌ڕێژه‌ی 50% زیادیکردووه). هه‌ربۆیه به‌شێکی زۆری گه‌لانی باشوور خۆیان به‌یه‌که‌مین زه‌ره‌مه‌ندی گلۆبالیزم ده‌زانن.
نه‌خشه‌ی جیاوازی نێوان گه‌لانی باشوور وباکوور . داهاتی تاک به دۆلار له ساڵێکدا
5. بڵاوبوونه‌وه‌ی جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی
یه‌کێک له‌سیما جوانه‌کانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات ، کۆکردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بوو به‌بێ گوێدانه سه‌ر ڕه‌گه‌ز ونهتهوهوئایین . لێ به‌داخه‌وه له‌پاش نه‌مانی سۆڤێت و بلۆکی رۆژهه‌ڵات، بیری مه‌زهه‌بی و ئایینی و فاشیزمی ، به‌شێكی زۆری جیهانی گرته‌وه. هه‌ر به‌نه‌مانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات ، جه‌نگێکی خوێناوی به‌لکانی گرته‌وه، که به هه‌زاران که‌س بوونه قووربانی و به ملیۆنههاش ئاوارهوماڵوێران بوون. له ره‌واندا جه‌نگی نێوان هوتۆوتووتسی ، زیاتر له 300 هه‌زارکه‌س بوونه قووربانی. له سودان حکومه‌ته فاشیسته عه‌ره‌بیه ئیسلامه‌که‌ی عومه‌ر به‌شیر ، زیاتر له نیوملیۆن خه‌ڵکی سیڤیلی دارفووری کوشت و ملیۆنه‌ها که‌سیشی ئاواره‌ی وڵاتانی دراوسێ کرد. ئه‌مڕۆ له‌ته‌واوی جیهاندا ، بیری مه‌زهه‌بی و ئایینی ، لهگهشهسهندنێکی ترسناکدایه. له‌پاش نه‌مانی ئایدۆلۆژیا ، خه‌ڵکی زیاتر خۆی فڕێداوه‌ته زه‌لکاو بیری مه‌زهه‌بی و ئایینی. له وڵاتێکی وه‌کو عێراق ، جه‌نگێکی تایه‌فه‌گه‌ری خوێناوی هه‌ڵگیرساوه، که به هه‌ردوو ئاوی دیجله‌و فوراتیش ناتوانێت ئاگری ئه‌م جه‌نگه بکوژێنێته‌وه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو ئایینه گه‌وره‌که‌ی جیهان ( ئیسلام ومه‌سیحی) زۆر درز‌و ناخۆشی تێکه‌وتووه. هه‌روه‌ک پێشتریش باسمانکرد، که له رۆژئاوا ئیسلام بۆته نیشانه بۆ ڕاستره‌وه‌کان، له رۆژهه‌ڵاتیش کریستیه‌کان بوونه‌ته قووربانی گرووپه تووندڕه‌وه ئیسلامیه‌کان. رۆژ له دوای رۆژیش ، په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو ئایینه خراپتر ده‌بێت.
6. زۆربونی مافیا وتاوان و بازرگانی کردن به مرۆڤه‌وه
جاران ته‌نها له ئیتالیا ، مافیا رۆڵی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مرۆ له ته‌واوی گوێی زه‌وه‌یدا مافیا ڕۆڵی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له رووسیا و ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات و ئه‌مه‌ریکای لاتین و چین و هیندستان. له‌زۆر شوێندا ده‌سه‌ڵاتی مافیا له ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت زۆرتره. هه‌ربۆیه بازرگانیکردن به تلیاک و کۆکاین ومادده‌ی بێهۆشکه‌ر، رۆژبه‌رۆژ زیاد ده‌کات. له‌لایه‌کی تریشه‌وه بازرگانیکردن به مرۆڤه‌وه به‌تایبه‌ت منداڵان و ژنان ، لهزۆربوونێکی ئێجگار ترسناکدایه. هه‌روه‌کو سه‌ده‌کانی پێشوو خه‌ریکه کۆیلایه‌تی دروست ده‌بێته‌وه. ئه‌م دیارده‌یه له‌پاش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانه‌وه نه‌مابوو، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ، بازرگانیکردن به مرۆڤه‌وه زۆر خراپ زیادیکردووه. خاڵێکی تر که جێگای تێرامانه، زۆربوونی ڕێژه‌ی تاوان له جیهاندا. بۆ نموونه کاتێک سه‌یری هه‌واڵه‌کانی میدیاکان ده‌که‌یت، پڕیه‌تی له تاوانی توندوتیژی . له مه‌کسیک و به‌رازیل ، زۆربوونی تاوان به‌یه‌کێک له‌کێشه سه‌ره‌کیه‌کانیان ده‌ژمێرێت. جاران له ئه‌مه‌ریکای لاتین گه‌نجێک خه‌ونی به گیڤاراو شۆرشگێریه‌وه ده‌بینی ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینن ، که ببنه سه‌رۆکی باندێکی مافیا. دیارده‌ی توندوتیژی به‌تایبه‌ت له‌ناو منداڵان ولاواندا ، به رێژه‌یه‌کی خراپ زۆربووه. چه‌ندینجار له ئه‌ڵمانیا ، خوێندکارێک به چه‌ک په‌لاماری قووتابخانه‌که‌ی داوه‌و کۆمه‌ڵێک که‌سی کوشتووه. ئه‌م دیارده‌یه‌ش سه‌ره‌تا له‌ئه‌مه‌ریکا سه‌ریهه‌ڵداو به جیهاندا بڵاویکرده‌وه.
7. زۆربونی ئاواره‌یی و کۆچ له جیهاندا
له‌پاش نه‌مانی سنووره پۆڵاینه‌کانی نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا‌و کرانه‌وه‌ی به‌شێکی زۆری سنووره‌کانی ده‌وڵه‌تانی جیهان. دیارده‌ی کۆچ و ئاواره‌یی ڕووی له زیادبوونه. رۆژانهبهسهدان که‌س خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه که‌ناره‌کانی ئیتالیا و ئیسپانیا. به هه‌زاران که‌س بوونه‌ت قووربانی کۆچ و له‌ناو زه‌ریای ئه‌تله‌سی و ده‌ریای سپی ناوه‌راست خنکاون. هیچ کاتێک کۆچ به‌م شێوه زۆره‌ی ئێستا نه‌بووه. ئه‌مڕۆ به‌شێکی زۆری گه‌نجانی ئهفهریکاو ئاسیا ، ژیانی خۆیان ده‌که‌نه قوومارێک و دهیخهن سه‌ر مێزی قاچاخچیه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی بیانگه‌یه‌نێته ئه‌وروپا . له ئه‌مه‌ریکای لاتینیش به‌هه‌مان شێوه، تاکه هیوای گه‌نجانی ئه‌و وڵاتانه ، ئه‌مه‌ریکاو که‌نه‌دایه. دیاره ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌هۆکاره‌کانی ئه‌و جیاوازیه گه‌وره‌یه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تانی باکوور وباشوور. جێگای ئاماژه‌یه ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و توورکیا ، رۆڵی سه‌گی پاسه‌وان بۆ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا ده‌بینن، زۆر نامرۆڤانه هه‌ڵسووکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌نابه‌رانه ده‌که‌ن ، که ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و ئه‌وروپا کۆچ بکات.
له‌کۆتاییدا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم ، که ئێمه بمانه‌وێت یان نه‌مانه‌وێت ، تێکه‌ڵی سیسته‌می گلۆبالیزم بووین. به‌بێ وویستی خۆمان حوکمان ده‌کات. لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ، ئایا ئێمه‌ی کورد چۆن ده‌توانین سوود له‌م سیسته‌مه نوێیه‌ی جیهان وه‌ربگرین ؟. ئایا گلۆبالیزم سوود مه‌نده بۆ ئێمه یان زه‌ره‌رمه‌نده؟. هه‌وڵ ده‌ده‌م له ووتارێکی تردا ، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌مه‌وه‌و هه‌ندێک شتی تریش له‌م باره‌یه‌وه باس بکه‌ین.
سه‌رچاوه‌کان :
1. د. نبیل راغب. آقنعة العولمة السبعة. دار الغریب للطباعة و النشر. القاهرة.2001.ص13.17.125.
2. جیهانگیری به چ ئامانجێک ؟ . پول سوییزی. سه‌میر ئه‌مین. هه‌ری مه‌گداف.جیووانی نهریگی. وه‌رگێرانی . جوامێر مارابی. چاپی یه‌که‌م . چاپخانه‌ی بینایی. سلێمانی. 2007. لاپه‌ره‌کانی. 5. 10. 12.
3. صموئیل هنتنغتون. صدام الحضارات و اعادة بنا‌ء النظام العالمی. نقله ال العربیة : د. ماللک عبید آبو شهیوة. د. محمود محمد خلف. الدار الجماهیریة للنشر والتوزیع. 1999.
4. نعوم تشومسکی . 501 سنة الغزو مستمر. ترجمة . می النبهان . دار المدی. الطبعة الثانیة. دمشق.
5. . ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا . چین زلهێزی نوێی جیهان. چاپی یه‌که‌م . ده‌زگای ئاراس. هه‌ولێر . 2010
6. Spiegel Special. Globalisierung. Die Neue Welt. Nr.7. 2005.
7. Noam Chomsky. Profit Over People. Neulibralismus und Globale Weltordnung. Europa Verlag. Hamburg . März. 2003. S137.
8. Armut und Reichtum in der Welt . bpb. Informationen zur politischen Bildung (Heft 274)
9. Tourism 2020 Vision. www.unwto.org
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا