
سینه‌ما چییه..؟ ….. خه‌سره‌و حه‌مه که‌ریم
هیچ … هیچ به‌رهه‌م ده‌هێنێت
ناونیشانی شانۆگه‌رییه‌کی ئه‌ڵمانی
سینه‌ما کرته‌ی جوانییه له ژیاندا بۆ گێڕانه‌وه‌ی یان لهئاوێنهدانی ڕابوردوو و داهاتوو، سینه‌ما سیحره، سیحری ئه‌و شاشه‌یه که ڕه‌نگه‌کانی خۆیمان لێ ده‌ئاڵێنێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبات بۆ ناو دونیای ڕاستی و درۆ … خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت، سینه‌ما ئه‌و تاریکاییهیه لهنیویدا خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت وازیمان پێده‌کات و ناماندات به ده‌سته‌وه تا هزرمان له ته‌کیدا نه‌که‌وێته وازی، درۆ ده‌مانبات تا ڕاستیمان بۆئاشکرادهبێت، له نزیکیه‌کی په‌ناوه په‌رده ده‌مانبات بۆ دووریه‌کی ناکۆتا. سینه‌ما گه‌ر نرخی بده‌ینێ ئه‌وه‌نده‌مان دوورده‌خاته‌وه تا نرخی خۆمان بزانین، سینه‌ما له ده‌رگایه‌که‌وه ده‌مانبات وه‌لێ له چارۆکه‌ی ئاوایی تێفکرینهوه سه‌رپشکمان ده‌کات بۆ تێڕامان، دونیایه‌کی جوداتره له ئاسایی، هێزمان پێده‌دات بیربکه‌ینه‌وه، په‌نجه‌ره‌یه‌که بۆ بینینی دونیا یان که‌لتوره‌کانی دی، سینه‌ما هیوامان پێده‌دات بۆ داهاتویه‌کی باشتر به‌ڵکو بۆ دونیایه‌کی جوداتر وجوانتر، سینه‌ما وامانلێده‌کات هاواربکه‌ین دژی ئه‌وهه‌موو کوشتن و کاولکردن زۆرداریکردنهی که ژیانی بێ نرخکردووه، سینه‌ما که‌لێنه‌کانی ژیان پڕده‌کاته‌وه، بێ ژیان سینه‌ما به‌ختێکی تری نییه، به‌واتایه‌کی دی ژیان به‌بێ سینه‌ما تاقیگه‌یه‌که بێ ئه‌نجام ، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه.
سینه‌ما ههنگهو به‌رچینه‌ی ڕۆحمان پڕلهههنگوین ده‌کات، کودێکهو گرێکوێره‌کانی ناو ناخمان واڵاده‌کات، سینه‌ما ته‌فسیری ههمووحهقیقهتهتاڵ و شیرینه‌کانی ڕابوردوو و داهاتوومان بهئێستاوه بۆ گرێده‌داته‌وه، نوێڵێکهو قه‌بری نه‌زانین و جه‌هلی نهبینراومان بۆ هه‌ڵده‌داته‌وه، سینه‌ما دیالۆگی دوو مافیا چه‌ته پیاوچاک ساویلکه هه‌ژار بزێو منداڵ کچ کوڕ دایک باوک مه‌لا سه‌رکرده سه‌رۆک خێڵ سه‌رۆک جاش خۆکوژ سیڤیل جه‌لاد قوربانی وهکنوێژی جه‌ژن له فیلمێکدا کۆده‌کاته‌وه، سینه‌ما پڕگالی ئه‌و تولهڕێیهیه که سه‌رده‌مه‌کان به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، کاڵایهکهو بوخچه‌ی هه‌موو کلتوره‌کان له شاشه‌ی فیستیڤاڵێکدا دوابه‌دوا گرێده‌داته‌وه.
هه‌ر وڵاتێک شارێک شارۆچکه‌یه‌ک دێیه‌ک سینه‌مای نه‌بێت، مرۆڤێکه بێ چاوو. هه‌ر سینه‌مایه‌ک بینه‌ری نه‌بێت، جه‌سته‌یه‌که بێ ڕۆح، هه‌رمرۆڤێک ته‌ماشای فیلم نه‌کات نرخی ئاوێنه‌ش نازانێت، هه‌ر بینه‌رێک به‌ناوه‌ڕۆکی فیلم نه‌گات، تاڵی له خۆشی و شیرینی دوای ناخۆشی درک پێناکات، دڵدارێکهو سه‌رپێی له‌عه‌شق ده‌ڕوانێت، هه‌ر گه‌لێک سینه‌مای نه‌بێت، گه‌ر وڵاتیشی هه‌بێت، ئه‌وا مرؤڤهکانی دوور لهئهتهکییهت و نزیک به مرۆڤه‌کانی چه‌رخی دێرینن.
خه‌سره‌و حه‌مه که‌ریم
khasraw@hotmail.de
تێبینی… ئه‌م بابه‌ته له‌گۆڤاری فیلم ژماره 5دا بڵاوکراوه‌ته‌وه