سه‌لـمان ڕوشدی، به‌ڵگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌زنی ئه‌ده‌ب
نێزیکه‌ی 21 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێشه‌وای شۆڕشی ئێرانی ئایه‌توڵا خومه‌ینی فه‌توای له‌سه‌ر نووسه‌ر سه‌لمان ڕوشدی دا. نووسه‌ری ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کانیش هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ بۆ یه‌ک له‌حزه‌ش چییه خۆی له جیهانبینییه هۆشیاریه‌که‌ی خۆی لانه‌داوه.
که ئایه‌توڵا خومه‌ینی له به‌رواری 14 ی فابریوه‌ری 1989 فه‌تواکه‌ی خۆی به‌سه‌ر سه‌لمان ڕوشدیدا دا، له وڵاتی ئینگلستان ڕووداوگه‌لێکی هێنایه گه‌ڕ، که له تراجیدیه‌تیدا شانی له شانی بریاری له سێداره‌دانه‌کانی ئێران ده‌دا. ئه‌و په‌ناهه‌نده هیندییانه‌ی که سه‌لمان ڕوشدی له کاره ئه‌ده‌بییه‌کانی و هه‌ڵوێست و کاره‌کانی دیکه‌شیدا خزمه‌تی کردبوون هه‌ستان له‌ناو شه‌قامه‌کانی له‌نده‌ن و بێرمینگهێم که‌وتنه سووتاندنی کتێبه‌کانی و داوای خوێنی ڕوشدیان ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌و ژنه‌ی که ڕوشدی خۆی چه‌ندین ساڵ له وتار و نووسینه‌کانیدا به توندترین ڕاده ڕه‌خنه‌ی لێگرتبوو پارێزگاری له ڕوشدی کرد.
سه‌لمان ڕوشدی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک هیندییه و له‌دایک بووی شاری بۆمبێیه و له ساڵی 1964ه‌وه خاوه‌نی جنسییه‌ی به‌ریتانیه. سه‌ره‌ک وه‌زیرانی به‌ریتانیا مارگێریت ثێچه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی دا که تیادا وتی، حکومه‌تی به‌ریتانیا په‌لاماری توندوتیژی بۆ سه‌ر هاوڵاتی وڵاته‌که‌ی قبوڵ ناکات. بێگومان ئه‌مڕۆ مرۆڤ ناتوانێت ئه‌و ڕق و کینه‌یه وێنا بکات که ڕۆشنبیر و فه‌نانه چه‌په‌کانی ئه‌وکات به‌رامبه‌ر به‌و خانمه ئاسنینه هه‌یان بووه. به‌ڵام خانمی سه‌ره‌ک وه‌زیران له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌رگری له پرینسیپ و بنه‌ماکانی ئازادی هونه‌ر و بیروڕا ده‌ربڕین کرد. ڕوشدی که تا ئه‌وکات خۆی به ڕۆشنبیرێکی چه‌پی ڕه‌خنه‌گر و نه‌یاری ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت ته‌ماشا کردبوو له‌ڕێی فه‌تواکه‌وه ته‌نها ژیانی ئازادی خۆی له‌ده‌ستنه‌دا به‌ڵکو لانه‌ی سیاسی خۆشی دۆڕاند.
شان به شانی به‌دخوایی هاوڕێگاکانی جارانی و له‌ژێر به‌رگری نه‌یاری ئه‌وسایدا، که ده‌زگای سیخوڕی به‌ریتانییه، ڕوشدی که‌وته خۆ حه‌شاردان و ئه‌و چاوشارکێیه‌ی ده دانه ساڵی ڕه‌به‌قی خایاند. له ئه‌پارتمانی بێ په‌نجه‌ره‌دا ده‌ژیا و حه‌فته‌ی چه‌ند جارێک لانه‌که‌ی ده‌گۆڕی. زۆر جار به‌خه‌به‌ر ده‌هات و نه‌یده‌زانی ئه‌سڵه‌ن له کام شاره.
به‌ڵام ڕوشدی له‌و نێوه‌نده‌دا گواستوویه‌تیه‌وه بۆ شاری نیویۆرک. له‌ڕاستیدا ناتوانێت ته‌واو ده‌ستبه‌رداری پاسه‌وانی تایبه‌تی بێت به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: «ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی که له ڕۆژی ساڵیادی فه‌تواکه‌دا به ده‌ستم ده‌گه‌ن ئێستا بۆ من وه‌ک سڵاوێکی ئیسلامی ڤالێنتاینی لێ هاتووه.»
به‌ڵام ئه‌وکات، بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چواره‌مین ڕۆمانی سه‌لمان ڕووشدی که ناوی «ئایه‌ته شه‌یتانیه‌کانه» قه‌یرانێکی جیهانی لێ که‌وته‌وه و به‌و شێوه تراجیدی و خه‌مناکه ده‌سه‌ڵات و هێزی ئه‌ده‌بی خسته به‌ر ڕووی جیهان. خۆ پیشاندانه دڕنده‌کان سه‌دان مه‌رگیان لێ که‌وته‌وه. چه‌ندین کتیبفرۆش، که «ئایه‌ته شه‌یتانیه‌کان»یان ده‌فرۆشت، بوونه قوربانی په‌لاماره تیرۆریستییه‌کانی توندڕه‌وه‌کان. هه‌ردوو وه‌رگێڕی ژاپۆنی و تورکی کتێبه‌که له ڕێبازی فه‌تواکه‌دا تیرۆر کران.
حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی که «ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان» یه‌کێکه له ڕۆمانه هه‌ره مه‌زنه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه دڕندانه‌وه فه‌رامۆش کرا. ئه‌و چواره‌م ڕۆمانه‌ی ڕوشدی خه‌ڵاتی باشترین ڕۆمانی ئه‌و ساڵه‌ی پێبه‌خشرا بوو، به‌ڵام هه‌ر شایسته‌یه‌کی دیکه‌ی کتێبه‌که خه‌ڵکانی به‌شداربووی ده‌خسته مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ی گیانی و ڕۆحییه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌و هۆکارانه‌ی که وای کرد واتای ئه‌ده‌بی ئه‌و شاکاره ئاڵۆزه له ناهه‌ق فه‌رامۆشبکرێت.
با ئه‌ڵمانیا وه‌ک له یه‌کێک له وڵاته هه‌ره ئازاد و دیموکراتییه‌کانی جیهان به نمونه بهێنینه‌وه. له‌و وڵاته‌دا یه‌ک چاپ خانه و ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه چییه زاتی نه‌کرد ڕۆمانی ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان بڵاوبکاته‌وه. به‌و هۆیه‌وه شتێکی ناوه‌زه و یه‌کجاره‌یی له مێژووی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیادا ڕوویدا. به‌ڕێوه‌به‌رانی چه‌ند ده‌زگایه‌کی بڵاوکردنه‌وه‌ی جیاواز جیاواز یه‌کیان گرت و ده‌زگای «ماده‌ی نۆزده» یان پێکهێنا، که تاکه ئامانجییان بڵاو کردنه‌وه‌ی ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان بوو. ناوی ده‌زگاکه له‌و ماده‌یه‌وه هاتووه که له مافه بنه‌ماییه‌کانی مرۆڤدا گه‌ره‌نتی ئازادی بیر و ڕا ده‌ربڕین ده‌کات. ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه له ئه‌دیب و سیاسه‌تمه‌داری وه‌ک هانس ماگنوس ئێنتنسبێرگه‌ر، گونته‌ر گراس، گێرارد شروێده‌ر وه هه‌روه‌ها له ده‌زگای وه‌ک ده‌زگای هاینریش بوێل پێک هاتبوو. له ڕۆژنامه گه‌وره‌کاندا ئارنۆ ڤیدمان، که سه‌ر به ڕۆژنامه‌ی taz بوو، پێشنیارێکی بڵاوکرده‌وه که ڕۆژنامه گه‌وره‌کان له هه‌ڵمه‌تێکی هه‌ره‌وه‌زدا هه‌مووان له هه‌مان ڕۆژدا یه‌که‌م به‌شی ڕۆمانه‌که بڵاو بکه‌نه‌وه، تاوه‌کو له سه‌نگه‌رێکی به‌ریندا به‌رگری له ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین بکه‌ن. به‌ڵام کاتێک ڕۆژنامه‌ی taz مه‌سه‌له‌که‌ی کرد به ڕاست و یه‌که‌م په‌ڕه‌ی به «ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان» ده‌ست پێ‌کرد، وه‌ک ئه‌وه وا بوو له ڕاڕه‌وێکی به‌ریندا به‌ته‌نها وه‌ستابێت. هه‌ندێک له ڕۆژنامه‌کانی دیکه، به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی «دی تسایت» هۆکاری مافی چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌که‌یان به به‌هانه هێنایه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێکی دیکه‌یان ئاماژه‌یان به په‌رپرسیاری خۆیان ده‌کرد به‌رامبه‌ر به ئاسایشی ستاف و کارمه‌نده‌کانیان.
به‌هه‌رحاڵ پێشه‌وای ئه‌وسای ده‌وڵه‌تی ئێران ئایه‌توڵا خومه‌ینی ته‌نها له‌به‌ر هۆکاری دینی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و بڕیاری کوشتنه‌ی ده‌رنه‌کرد، به‌ڵکو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش یه‌کێکه له مۆتیڤه گرنگه‌کانی ئه‌م بڕیاره. هه‌ڵبه‌ت له‌وه له‌بارتریشی بۆ هه‌ڵناکه‌وێت به‌و جۆره دنیای ئیسلام بۆ مه‌رامه‌کانی خۆی به‌کاربهێنێت. دواجار پۆرترێی ئه‌و ئیمامه‌ی له ڕۆمانه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت به شێوازێک بۆ ئه‌و پێشه‌وایه‌ی شۆڕشی ئێران ته‌رخان کراوه، که مرۆڤ به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێت به هه‌ڵه لێی حاڵی بێت. خومه‌ینیش خۆی کتێبه‌که‌ی خوێندبووه‌وه. یه‌کێک له شوێنکه‌وتووه‌کانی چوارده‌وری خۆی بۆی وه‌رگێڕابووه سه‌ر زمانێ فارسی.
ڕوشدی له ئاماده‌کاریه‌کانیدا بۆ نووسینی ڕۆمانه‌که وتارێکی خومه‌ینی خوێندبووه‌وه به ناوی «سروشتی ئاو» ه‌وه. به‌ڵام له‌جێی ئه‌وه‌ی وێنه‌ی توندڕه‌وێکی دینیمان بۆ بکێشێت ڕوشدی بڕیاری داوه به پۆرترێیه‌کی هۆشیارانه ماسک له‌سه‌ر دڕنده‌یی جیهانبینیه‌که‌ی خومه‌ینی لابدات و ئاشکرای بکات. هه‌رگیز هیج کاریکاتێرێک ناتوانێت وه‌ک ئه‌م چه‌شنه‌ی ڕوشدی واقیعی و کاریگه‌ر بیت.
بزوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆمانه‌که پشتی به خستنه‌ڕوویه‌کی نێگه‌تیڤانه‌ی پێغه‌مبه‌ر و شوێنکه‌وتووانی به‌ستووه. به‌ڵام له «ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان» دا بۆ ڕوشدی مه‌سه‌له مه‌سه‌له‌ی ئیهانه نه‌بووه. پتر مه‌به‌ستی بووه ئه‌وه‌مان نیشان بدات که هه‌ر جه‌خت کردنێک له‌سه‌ر حه‌قیقه‌ته دینییه‌کان به مرۆڤ و جیهانه‌که‌یانه‌وه په‌یوه‌سته و هه‌موو جه‌ختێکی موتڵه‌ق له‌سه‌ر حه‌قیقه‌ت تاکه ڕێگایه‌که‌ی هه‌یه که سه‌د ده‌ر سه‌د ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌حشیگه‌رایی به‌رامبه‌ر که‌سانێک بنوێنیت که هاوفکرت نین.
به‌و مانایه «ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان» ی سه‌لمان ڕوشدی وتارێکه له‌سه‌ر گو‌مان وه‌ک فه‌تحێکی کلتوری، وتارێکه له‌سه‌ر گو‌مان وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی هۆشیارکردنه‌وه، وه‌ک به‌رگرییه‌ک له‌دژ هه‌موو چه‌شنه‌کانی فوندامێنتالیستی و توندڕه‌وی. واتا له بنه‌ڕه‌تدا ڕۆمانه‌که‌ی ڕوشدی پارچه‌یه‌کی کلاسیکییه له ئه‌ده‌بی هۆشیارکه‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌کان – لێره‌دا جه‌نگ جه‌نگی ڕاستییه له‌دژ ئه‌فسانه، جه‌نگ جه‌نگی عه‌قڵه له‌دژ باوه‌ڕ. ئه‌و ڕق و کینه‌یه‌ی که شانبه‌شانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که هاتووه و ئه‌و لافاوی پرۆته‌سته و ناڕه‌زاییانه‌ی که کارێکیان کرد سه‌لمان ڕوشدی بخه‌نه ڕیزی سوارچاکه‌کانی ولاتی ئینگلستانه‌وه، ئه‌وه‌مان نیشان ده‌ده‌ن که به‌شێکی گه‌وره‌ی جیهانی ئیسلام له به‌رگریکردنی نه‌ریته دینیه‌کانیدا ئاماده و له‌سه‌رپێیه و سڵ له‌وه ناکاته‌وه توندوتیژی به‌کار بهێنێت. ڕه‌نگه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌م حه‌قیقه‌ته بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که بێرنارد لویس گوته‌نی هیچ دینێک وه‌ک دینی ئیسلام هه‌ستی شانازی و شکۆمه‌ندی نادا به شوێنکه‌وتووانی خۆی.
به‌هه‌رحاڵ ڕوشدی له‌پاش فه‌تواکه‌ش له‌پێناوی مافی ره‌خنه‌گرتندا له دۆگما دینییه‌کان کۆشاوییه‌تی. جا چ دینی خۆر ئاوا بێت، چ دینی خۆرهه‌ڵات.
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له کۆڕێکدا له ئاکادیمی سویدی له شاری ستۆکهۆڵم گوتی: «وه‌ختی خۆی ڕێز مانای ئه‌وه بوو، که من تۆ به هه‌ند وه‌ربگرم، ئه‌گه‌رچی هاوفکریشت نه‌بم. ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر من هاوفکرت نه‌بم یاخود له دژی فکری تۆ کار بکه‌م، به‌وه تاوانبازم ده‌که‌یت بێڕێزیم به‌رامبه‌تر نواندبێت. ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه مشت‌ومڕ بکات، مه‌به‌ستییه‌تی وشه‌ی ئازاد قه‌ده‌غه بکات.»
به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕه‌خنه‌گران له ئیسلام، که دینی ئیسلام به‌ناوی ئازادی و مافی مرۆڤه‌وه به ته‌واوی ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، ڕوشدی هه‌میشه له‌وه‌ی ئاگادار کردووینه‌ته‌وه موسوڵمانانی باوه‌ڕدار نه‌خه‌ینه ڕیزی ئیسلامی توندڕه‌وه‌وه. جارێک لێیان پرسی، ئاخۆ ئاماده‌یی توندوتیژی له دینی ئیسلامدا له جه‌وهه‌ری دینه‌که خۆیدا نییه، ئه‌و له وه‌ڵامدا وتی قورعان له نووسینه پیرۆزه‌کانی ئاینه‌کانی دیکه نه زیاتر و نه که‌متر بانگه‌وازی توندوتیژی تیادایه.
به به‌رده‌وامیش ڕه‌خنه له توندوتیژییه‌کانی سوپای هیندی ده‌گرێت که دانیشتوانه موسوڵمانه‌کانی شاری که‌شمیری هه‌راسان کردووه. کاتێکیش هه‌ڵگرێکی نۆبلی وه‌ک نایپاول ده‌ڵێت که داگیرکاری ئاینی ئیسلام له سه‌ده‌ی یانزه‌دا کلتوری هیندی شێواندووه، ئه‌وا ڕوشدی دێته وه‌ڵام و کارێک پێ ده‌کات، با به ده‌واری شڕی نه‌کردبێت.
خۆی ئه‌وه سه‌یرترین و سه‌رنجڕاکێشترین خاڵی بابه‌ته‌که‌یه: که خودی نووسه‌ری «ئایه‌ته شه‌یتانیه‌کان» سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو کاره‌ساتانه ڕێنادات غه‌ریزه‌ی ناچیزه و کوێرانه کار له‌سه‌ر بیری بکه‌ن و به‌و شێوه‌یه سه‌ربه‌خۆیی بڕیار و فکری خۆی ده‌پارێزێت. بۆیه سه‌لمان ڕوشدی پیاوی پێش فه‌تواکه ماوه‌ته‌وه، که ئه‌ویش پیاوێکی ئازاده. که‌و ناتوانێت به دڵنیاییه‌وه کاریگه‌ری فه‌تواکه له‌سه‌ر چالاکی نووسه‌ر ده‌ستنیشان بکات، هێنده هه‌یه ماوه‌یه‌کی زۆره بلیمه‌تییه‌که‌ی خۆی پتر له وتار و دیداره‌کانیدا ده‌خاته ڕوو وه‌ک له‌ناو ڕۆمانه‌کانیدا. هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت به گرنگی بزانین ئاگاداری دیداره‌کانی بین، چونکه سه‌لمان ڕوشدی که‌سێکه ئێجگار زۆر ده‌زانێت و هه‌ر چییه‌ک ئه‌و پیاوه ده‌ینووسێت و ده‌یڵێت ئه‌ده‌بی جیهانییه.
ڕۆمانی «شالیماری شێت» ی که ساڵی 2005 بڵاوبووته‌وه له‌سه‌ر کشمیر و لۆس ئه‌ینجلس و له‌نده‌ن و شتراسبورگ ده‌ڕوات و باس له کچێکی هیندوس و کوڕێکی موسوڵمان ده‌کات، باس له زه‌واجه ئاینهه‌ژێن و کۆتاییه غه‌مگینه‌که‌یان ده‌کات. له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌که‌دا هیندوس و موسوڵمانه‌کان ئاشتیانه و بێکێشه له شاری کشمیردا به ته‌نیشت یه‌که‌وه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن به‌ڵام له فه‌زا گرژه‌که‌ی به‌ینی پاکستان و هندستاندا بالانسه‌که ده‌شێوێت و توندوتیژی و خه‌رابات ده‌یده‌ن به‌سه‌ر هه‌رێمه‌که‌دا. سه‌لمان ڕوشدی له‌سه‌ر بێباکی دونیا سه‌باره‌ت به ناکۆکییه‌کانی کشمیر ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت هیواداره به‌و کتێبه‌ی که‌مێک سه‌رنجی دونیا بخاته سه‌ر هه‌رێمه جه‌نگستانه‌که‌ی کشمیر.
لویس گرۆپ: به‌شی زۆری ڕووداوه‌کانی ڕۆمانی «شالیماری لێبووک» له کشمیردان و ئێوه به‌ر له نووسینی کتێبه‌که به‌دواداچوونێکی وردتان بۆ کردووه، به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به کشمیر. له‌و نێوه‌نده‌دا سه‌فه‌ری هیندستانتان کردووه‌ته‌وه به‌ڵام سه‌ردانی کشمیرتان نه‌کردووه …
سه‌لمان ڕوشدی: مه‌به‌ستان له‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر که‌مپی مه‌شقه‌کانی القاعده کۆ بکه‌مه‌وه؟ (پێده‌که‌نێت) نه‌خێر، ئه‌وه ئامانجی سه‌فه‌ره‌که‌ی من نه‌بووه. به‌ڵام کۆمه‌ڵێک پسپۆڕ ده‌ناسم که چه‌ندین ساڵه سه‌رقاڵی ئه‌و بابه‌ته‌ن و سه‌ردانی ئه‌و هه‌رێمه سه‌رسنوره پڕنهێنییه‌ی نێوان کشمیری پاکستانی و کشمیری هیندیدا کردووه. به‌و شێوه‌یه هه‌لم بۆ ڕه‌خسابوو پرسیار له خه‌ڵکانێکی زۆر بکه‌م، که له به‌دواداچوونه‌کانمدا کۆمه‌کێکی زۆریان کردووم.
به‌ڵام له ڕاستیدا به ده‌شت و ده‌ره‌که‌ی زۆر ئاشنام. من له ژیانمدا زه‌مانێکی زۆرم له کشمیردا به‌سه‌ربردووه، چ له دیوی هیندستاندا، چ له دیوه‌ی پاکستان‌دا. ئه‌وسات به‌شێکی له خزمه‌کانی من کۆچیان کرد بۆ پاکستان، به‌شه‌که‌ی دیکه‌شی له هیندستان مانه‌وه. هه‌روه‌ک زۆرێک له خێزانه موسوڵمانه‌کان خێزانی منیش پارچه پارچه بوو. به‌ڵام ئه‌وه هه‌مانکات بووه هۆکاری ئه‌وه‌ی من به منداڵی زوو زوو سه‌ردانی پاکستان بکه‌م. خێزانه‌که‌ی من به‌سه‌ر ته‌واوی وڵات‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه.
به‌ڵام بۆ من پێویستی کرد خۆم به‌و شتانه ئاشنا بکه‌م، که له‌سه‌رده‌می منداڵی و گه‌نجیمدا له‌وێ به‌دیم نه‌کردوون. ئیدی خۆ من سه‌ردانی که‌مپی تیرۆریسته‌کانم نه‌کردووه، ئه‌گه‌رچی توانیبێتم له‌سه‌ر نه‌خشه‌که دیاریان بکه‌م. ئه‌و که‌مپانه به ڕاستی بوونیان هه‌یه ئه‌گه‌رچی حکومه‌تی پاکستان حه‌ز ده‌کات حاشا له‌و ڕاستییه بکات. هه‌روه‌ها ده‌شزانم کێ خه‌رجی ئه‌و که‌مپانه ده‌کێشێت و که‌م گروپانه خۆیان تیادا ماتداوه.
یه‌کێک له کێشه هه‌ره گه‌وره‌کانی کشمیری به‌شی پاکستان ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی که‌سانی ناو که‌مپه‌کان خه‌ڵکی کشمیر نین، به‌ڵکو خه‌ڵکی بۆ نمونه ئه‌فغانستان و وڵاتی عه‌ره‌بییه‌کان یاخود چیچانن، ئه‌وه‌ش قه‌زیه‌که هێنده‌ی تر ئاڵۆز ده‌کات، چونکه خه‌ڵکی ناو ئه‌و که‌مپانه وا هه‌ست ده‌که‌ن ته‌نها ده‌ربه‌ستی جیهاد بن و هیچی تر، ئه‌سڵه‌ن کشمیریان به لاوه گرنگ نییه.
لویس گرۆپ: ئه‌و به‌شانه‌ی که ئێوه تیادا وه‌سفی توندوتیژیه‌کانی ناو کشمیرتان کردووه، یه‌کێکن له به‌شه هه‌ره به‌هێزو هه‌ژێنی ناو ڕۆمانه‌که و وا ده‌ریشده‌که‌وێت له پشت گێڕانه‌وه هونه‌رییه‌که‌وه توڕه‌ییه‌کی گه‌وره هه‌بێت …
سه‌لمان ڕوشدی: بێگومان! ئه‌و توندوتیژییه‌ی من وه‌سفم کردووه وه‌ک دۆکومێنتارییه‌ک وایه و حه‌قیقه‌ته، په‌لاماره جیاوازه‌کان بۆ سه‌ر گونده جیاوازه‌کان، هه‌روه‌ها په‌لاماره‌کانی سوپای هیندستان و جیهادیییه‌کان. من ده‌مه‌وێت دنیا له‌وه ئاگادار بکه‌مه‌وه که ڕووداوه‌کان به‌ڕاستی به‌و شێوه‌یه بوون. زاراوه‌ی وه‌ک (کرێکداون)، که سوپای هیندستان به‌کاری ده‌هێنێت هیچ شتێکی دیکه نییه جگه له مورادیفێکی ڕازێنراوه بۆ وشه‌ی کۆمه‌ڵکوژی، ته‌عدا، وه‌حشیگه‌رایی. هه‌موو ئه‌م شتانه سه‌ر به ژیانی ڕۆژانه‌ی کشمیرن. له‌م ئان و ساته‌دا ئه‌و تاوانانه ڕووده‌ده‌ن. به‌ڵێ ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یڵێن ڕاسته، که بیر له‌و شتانه ده‌که‌مه‌وه زۆر توڕه ده‌بم!
ئه‌سڵه‌ن بڕیاری ئه‌وه‌ی هه‌موو کشمیریه‌کان وه‌ک تیرۆریست ته‌ماشا بکرێن ئه‌و دۆخه‌ی خوڵقاندووه، ئه‌و «هۆلۆکاوست» ه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤه‌کانی کشمیردا هێناوه. له کاتێکدا چه‌ند گرنگه له‌ڕێی ئه‌و په‌لاماره تیرۆریستییانه‌وه که له ئه‌وروپادا ڕوویانداوه، بۆ نمونه ئه‌وه‌ی له‌نده‌ن، فێر ببین که چه‌ند گرنگه هه‌موو موسوڵمانێکی باوه‌ڕدار وه‌ک تیرۆریست ته‌ماشا نه‌که‌ین، به‌ڵام سوپای هیندستان کتومت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌کات، به‌بێ جیاوازی بۆ هه‌ر موسوڵمانێک حیسابی تیرۆریستێک یان تیرۆریستێکی دواڕۆژی ده‌کات و به‌و چه‌شنه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کات. ڕاده‌ی توندوتیژی له‌و هه‌رێمه‌دا به‌ڕاستی گه‌یشتووه‌ته سه‌ر ئاستێکی سه‌رئاسا.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌که‌ین که گه‌ر وا نه‌بایه جیهادییه‌کان هه‌رگیز پشتیوانی‌یان له‌لایه‌ن دانیشتوانی کشمیره‌وه به‌ده‌ست نه‌ده‌گه‌یشت. چونکه له کشمیر نه‌ریت نه‌بووه گرنگی به ئیسلامێکی ڕادیکاڵی بدرێت. به‌و شێوه‌یه مرۆڤه‌کانی کشمیر به‌ند کراون، له‌نێوان شه‌یتان و ده‌ریایه‌کی ڕه‌شی بێقه‌رار – تراجیدیای کشمیریش کتومت له‌وه‌دایه.
لویس گرۆپ: له ڕۆمانی «شالمیاری لێبووک» دا کاراکتێری «مه‌لای ئاسنین» ده‌رده‌که‌وێت …
سه‌لمان ڕوشدی: ئۆه به‌ڵێ – خۆم ئه‌وه‌یانم زۆر به دڵه! به‌و کاراکتێره ویستوومه ئه‌وه نیشان بده‌م که هێزی ڕاکێشان و موغناتیزی جیهاد له کشمیر به‌هۆی چالاکییه‌کانی سوپای هیندستانه‌وه دروست ده‌بێت.
شتێک، که له هه‌ر شتێکی دیکه زیاتر کشمیر تایبه‌تمه‌ند ده‌کات، ئه‌و هه‌موو که‌ره‌سه سه‌ربازییه‌یه، که له‌وێ له هه‌موو سوچ و سیله‌یه‌که‌وه دیارن: تانک، زیل، جبه‌خانه و هه‌تا چاو بڕکات کاروانه سه‌ربازییه‌کان، که شه‌ش سه‌عات به‌سه‌ر ئه‌و ڕێگا باریکانه‌ی سه‌ر چیاکانه‌وه خۆیان کێش ده‌که‌ن! نه‌کات یه‌کێک له پشتیانه‌وه لێخوڕێت (پێده‌که‌نێ)، جا نه‌خوازه پێشیان به‌یته‌وه.
هه‌ر که‌ره‌سه‌یه‌کیش به که‌ڵک نه‌مێنێت له زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا له نێزیکترین بناره‌وه خل ده‌کرێته‌وه.
دوو سامناکترین کاراکتێری مێژووی کشمیر جه‌نه‌راڵه هیندییه‌که و ئه‌و «مه‌لا ئاسنین»ه‌یه. گه‌ر به وردی بڕوانین، هه‌ر دووکیان جاشی ماکه‌رێکن.
لویس گرۆپ: کاراکتێری سه‌ره‌کی نێرینه، شالیماری موسوڵمان دواتر ده‌بێت به تیرۆریست، ئه‌گه‌ر چی تیرۆریستێکی ڕۆتینی نییه، چونکه ئه‌و به شوێن غه‌ریزه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌یه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بیرتان له‌وه نه‌کردووه‌ته‌وه چیرۆکه‌که به کاراکتێرێکی سه‌ره‌که‌ی مێینه‌ی موسوڵمان بگێڕنه‌وه؟
سه‌لمان ڕوشدی: کاتێک ده‌ستم به دروستکردنی کاراکتێره‌کان کرد، نه‌مده‌زانی که خاوه‌نی باکگراوندێکی دینی جیاواز ده‌بن، ئه‌وه شتێک بوو دواتر خۆی چه‌که‌ره و ته‌شه‌نه‌ی کرد به‌ڵام ئه‌وه‌ی کام له‌و دوانه موسه‌ڵمانه یان هیندووسه له‌ڕاستیدا هیچ فه‌رقێک ناکات. بۆ من له هه‌موو شتێک گرنگتر ئه‌وه‌بوو که ئه‌وان تخوبێکی جیاکه‌ره‌وه‌ی ئاین بشکێنن، چونکه هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆش به ده‌گمه‌ن پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌نێوان هیندوس و موسوڵمانده‌کاندا به‌دی ده‌که‌یت. گه‌ر ئه‌سڵه‌ن به‌دی بکه‌یت، ئه‌وا له چین و توێژه‌کانی هه‌ر سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام له‌و چین و توێژانه‌شدا هێشتا هه‌ر دۆخێکی نائاساییه.
به‌ڵام گه‌ر له چیرۆکێک‌دا بینووسیت شتێکی زۆر سه‌رنجڕاکێشتری لێ ده‌که‌وێته‌وه، کاتێک وه‌سفی شتێکی نائاسایی بکه‌یت، وه‌ک له شتێکی ئاسایی. من له‌وه‌دا مه‌به‌ستم نه‌بوو وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵی و ناواقیعی کشمیر بکێشم، چونکه کاتێک «بونی» و «شالیمار» عاشقی یه‌ک ده‌بن، ئه‌وکات ده‌زانن که دۆخه‌که چه‌ند سه‌خته و خۆیان خستووه‌ته چ دۆخێکی ناهه‌مواره‌وه. ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکی گونده‌که‌یان پشتیوانیان لێ ده‌که‌ن، شتێکی نائاساییه و له نۆ له ده‌ی حاڵه‌ته‌کاندا شتی وا ڕوو نادات.
لویست گرۆپ: له یه‌کێک له وتاره ڕۆژنامه‌ییه‌کانتاندا باستان له ڕاده‌ی په‌یوه‌ندی ئازادی و پۆرنۆگرافی کردووه …
سه‌لمان ڕوشدی: له‌و وتاره‌دا باسم له‌وه کردووه که ئه‌و مرۆڤانه‌ی له ناو کۆمه‌ڵگاکاندا ده‌ژین، که تیایاندا ڕێگری له ڕه‌گه‌زه‌کان ده‌کرێت به‌یه‌ک بگه‌ن، هیچ چاره‌یه‌کی دیکه‌یان نییه جگه له‌وه‌ی ڕوو بکه‌نه پۆرنۆگرافی – ئه‌مه وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌و دۆخه‌ی که تیادا ده‌ژین. من ویستم ئه‌وه ڕوونبکه‌مه‌وه که به‌کارهێنانی پۆرنۆگرافی کاردانه‌وه‌یه‌که نه‌وه‌ک هۆکاری ڕاسته‌قینه بۆ شتێک.
که‌وابێ گه‌ر مرۆڤ خۆی به هۆکاره‌کانه‌وه سه‌رقاڵ بکات، ده‌بێت بزانێت له‌و جۆره حاڵه‌تانه‌دا په‌یوه‌ندی نێوان کوڕان و کچان چه‌ند ناسروشتییه. واتا من نه پشتیوانی و نه دژایه‌تی پۆرنۆگرافیم کردووه. به‌و چه‌شنه‌ی که ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کان باسی لێوه ده‌که‌ن زۆر توڕه‌ی کردم! ئه‌گه‌رنا له‌ڕاستیدا پۆرنۆگرافی هیچ گرنگییه‌کی لای من نییه …
لویس گرۆپ: لانی که‌م ئێوه لێره‌دا ده‌توانن ڕاستی بکه‌نه‌وه.
ڕوشدی: هیچ نه‌بێ لێره‌دا، زۆر باشه. ده ڕوونی بکه‌نه‌وه!
لویس گرۆپ: سێکس له ڕۆمانی «شالیماری لێبووک» دا ده‌سه‌ڵاتێکی وێرانکه‌ره، که دواجار ده‌ستی له کۆتاییه تراجیدییه‌که‌ی هه‌رسێک، ته‌نانه‌ت هه‌ر چوار کاراکتێری سه‌ره‌کیدا هه‌یه …
سه‌لمان ڕوشدی: ڕاسته. له‌و ڕۆمانه‌دا – من دڵنیا نیم بۆچی، له‌ڕاستیدا ئێوه ده‌بێت ئه‌وه‌م بۆ ڕوونبکه‌نه‌وه – هه‌موو په‌یوه‌ندییه خۆشه‌ویستییه‌کان که له ڕه‌وتی زه‌مه‌نه‌که‌دا دروست ده‌بن، په‌یوه‌ندی نێوان دایک و باوک و منداڵه‌کان، وا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له ڕه‌وتی زه‌مه‌ندا هه‌ربێت و به‌هێزتر ببن.
بۆ نمونه شالیمار زۆر له باوکیه‌وه نێزیکه و زۆر یه‌کتریان خۆشده‌وێت. که‌وابێ گه‌ر بتانه‌وێت له‌و ڕووه‌وه بیبینن، ئێمه لێره‌دا چیرۆکی خۆشه‌ویستی جۆراوجۆری نێوان نه‌وه‌کانمان هه‌یه، که هه‌موو زه‌مه‌نێك تێده‌په‌ڕێنن. ئه‌وه‌ی که له‌نێوان ژن و پیاودا ڕوو ده‌دات زۆر ئاڵۆزتره.
سه‌رچاوه‌کان:
http://www.taz.de/1/archiv/print-archiv/printressorts/digi-artikel/?ressort=tz&dig=2009%2F02%2F14%2Fa0076
http://de.qantara.de/webcom/show_article.php/_c-299/_nr-282/i.html