
یه‌که‌مین قوربانیی شه‌ڕ، ڕاستیه
ڕۆژی 22 ئۆکتۆبه‌ر ، جولیان سانج ، دامه‌زرێنه‌ری سایتی ئه‌له‌کترۆنی ویکیلیکس ( wikileaks ) ، به‌و وته‌یه‌ی سه‌ره‌وه کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی له له‌نده‌ن ده‌سپێکرد که تایبه‌ت بوو به پهردهههڵمالین له‌سه‌ر 391832 به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنیی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به شه‌ڕی ئه‌و ووڵاته له‌عێراقدا.
بلاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره بێوێنه‌یه‌ی دۆکیۆمێنت له مێژووی شه‌ڕدا کۆشکی سپیی تووشی شۆک و ڕسواییه‌کی سیاسی گه‌وره کردووه که به‌ده‌یان شێوه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه کاریگه‌ریه‌کانی که‌متر بکاته‌وه. ئه‌وه به‌تایبه‌تیش بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆباما ترسناکه که یه‌کێک لهشیعارهکانی که‌مپه‌ینه‌که‌ی له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بریتی بوو له ( شه‌فافیه‌ت ) و ڕزگاربوون له سیندرۆمی شه‌ڕی عێراق.
له‌کاتێکدا که به‌ڵگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی سایتی ناوبراو بۆ ئه‌و کاره ئه‌وه‌یه که ( له‌به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵک په‌رده هه‌ڵماڵن له‌سه‌ر ڕاستیه‌کانی شه‌ڕه‌که ) ، قسه‌که‌رێکی په‌نتاگۆن ووتی ( ئه‌و کاره یارمه‌تی دوژمنانی ڕۆژئاوا ئه‌دات ).
به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه ئه‌مریکا ڕاستیه‌کانی شه‌ڕه‌که‌ی شاردۆته‌وه و بۆ نموونه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی تا ئێستا ئه‌مریکا بلاوی ئه‌کرده‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌وان سه‌رژمێری دروستی قوربانیه‌کانی لایه‌نی عێراقیان لا نیه ، لێره‌دا هه‌ر به پێی سه‌رژمێریی خۆیان ده‌رئه‌که‌وێ که ژماره‌ی کوژراوه‌کانی ئه‌م شه‌ڕه له‌عێراقدا بریتیه له 109032 که‌س. له‌نێو ئه‌و ژماره‌یه‌دا 66081 یان خه‌ڵکی سیڤیل بوونه و به‌شدار نه‌بوون له‌هیچ شێوه‌یه‌کی چالاکی سه‌ربازیدا. هه‌ر به‌پێی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه له‌ماوه‌ی نێوان 2004-2009 دا ڕۆژانه 31 که‌س له‌و ووڵاته‌دا کوژراون. به‌ڵگه‌نامه نهێنیه‌کانی په‌نتاگۆن به‌پێچه‌وانه‌ی ڕاگه‌یاندنه ڕه‌سمیه‌کانی تا ئێستای ئه‌مریکاوه سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕ له عێراقدا هه‌روه‌ها باس له‌وه ئه‌که‌ن که هێزه‌کانی ئه‌مریکا جگه له‌وه‌ی که خۆیان هه‌ڵساون بهئهشکهنجهدان له‌هامان کاتداچاویان پۆشیوه له کاری ئه‌شکه‌نجه و لێدان به‌ته‌زووی کاره‌با و به‌کارهێنانی درێل بۆ ئه‌شکه‌نجه‌دان له‌لایه‌ن سوپا و پۆلیسی عێراقیه‌وه. له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه دان به‌وه‌دا ئه‌نێن که تۆڕه جاسووسیه‌کانی ئێران زۆر به‌ئاشکرا ولهپهنادهستی هێزه‌کانی ئه‌مریکادا ته‌راتێنیان له‌م ووڵاته‌دا کردووه و ده‌یان تۆڕی ئه‌و ووڵاته به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاشی کوشتاریان له عێراقدا خستۆته‌گه‌ڕ.
له‌ڕاستیدا له‌کاتی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئه‌مریکا له‌عێراقدا هه‌ر ڕایه‌کمان بووبێت له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆک و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕی ناوبراو، ئێستا بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه ، که کۆشکی سپی لاریی له‌ڕاستی و دروستیان نیه ، جارێکی تر سه‌رنجی ڕای گشتی له‌هه‌موو دنیادا ئه‌به‌نه‌وه سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه و داهاتووی عێراق. جگه له‌وه‌ش ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه جارێکی تر ڕیا و درۆزنی ئیداره‌ی ئه‌مریکا و سروشتی دیموکراتیی ڕۆژئاوا ئه‌خه‌نه ژێرمهنگهنهی پرسیار و گومانی زۆر به‌هێزه‌وه.
شه‌ڕێک که له‌ژێر ئاڵای دیموکراتی و هێنانی خۆشبه‌ختی بۆ گه‌لی عێراقی سته‌مدیده‌ی ده‌ستی دیکتاتۆریه‌تی سه‌دام له‌م ووڵاته‌دا به‌رپابوو، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر پایه‌ی درۆ ،چاوبه‌سته‌کێ ، ئاوه‌ژووکردنی ڕاستیه‌کان و شاردنه‌وه‌ی زانیاری له قوربانیه‌کانی و هه‌روه‌ها له خودی هاووڵاتی ئه‌مریکی بنیات نراوه.
له‌په‌نای ئه‌وه‌شدا، بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه دووباره سه‌رنجمان ئه‌به‌نه‌وه سه‌ر دواڕۆژی پرۆژه‌ی سیاسی له‌م ووڵاته‌دا. گه‌ر بنه‌ماکانی سیستمی سیاسیی پرۆئهمریکی عێراق هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه له چاوبهستێ و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان وچه‌واشه‌کاری و پیلان و جیاوازی زه‌ق له‌نێوان کرده‌وه و قسه‌کاندا بنیات نرابێت ، بێگومان هه‌ر ئه‌و بنبه‌سته‌ی لێ سه‌وز ئه‌بێت که ئێستاکه ئه‌یبینین.
له سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی خۆئاماده‌کردنی ئه‌مریکا بۆ شه‌ڕ و له‌کاتی شه‌ڕه‌که و دواتردا ، یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی پروپاگه‌نده‌ی سیاسی و ئهعلامیی ئه‌مریکا له دژی ڕژێمی پێشووی عێراق و سته‌مکاریه‌کانی به‌عس نموونه‌ی کورد بوو. له‌ڕاستیشدا ناکرێت باسی قوربانیه‌کانی ئه‌و ڕژێمه بکرێت و نموونه‌ی کورد نه‌هێنرێته‌وه. به‌ڵام سیاسه‌تی دووڕوویی ئه‌مریکا و پاوانخوازی و به‌رژه‌وه‌ندی په‌رستیی ته‌سکی ئه‌و ووڵاته بهزهقترین شێوه له شێوازی تێڕوانین بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌رئه‌که‌وێت. ئه‌و سیاسه‌تی درۆ و ڕیاکاری و شاردنه‌وه‌ی ڕاستی و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ڕووداو و ئاماره‌کان که ئه‌مریکا په‌یڕه‌وی لێکرد له‌شه‌ڕی عێراقدا یه‌کێک له قوربانیه‌کانی گه‌ل و مه‌سه‌له‌ی کوردن.
ئه‌مڕۆ ئه‌ڵقه‌یه‌کی تری هه‌مان سیاسه‌تی ڕیاکارانه‌ی ئه‌مریکا له عێراقدا ده‌رهه‌ق به‌کورد له‌وه‌دا خۆی ئه‌نوێنێت که له کاتێکدا ساڵی داهاتوو هه‌موو هێزه‌کانی ئه‌و ووڵاته عێراق جێ‌دێڵن ، گه‌لی کورد و مافه‌کانی له‌ناو ته‌م و مژی به‌ڵێنی بێناوه‌ڕۆک و به‌ندی ده‌ستووری نیوه‌چڵ و فیدرالیهتێکی بێ گیان و کیانێکی هه‌رێمی بێ‌سنوور و نادیاردا و له‌ناو چاوه‌ڕوانیه‌کی بێهووده‌ی گۆدۆییدا هه‌ڵپه‌سێردراوه.
گه‌ر بۆ هاووڵاتی ئه‌مریکی ، ڕازی ناو به‌ڵگه ئاشکراکراوه‌کانی په‌نتاگۆن سه‌باره‌ت به‌عێراق لهوهدادا خۆی بنوێنێت که ئه‌وان بوون به‌قوربانی ڕیاکاری دیموکراتی ئه‌مریکی و سازدانی که‌یسی درۆ وشه‌ڕی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان وشاردنه‌وه‌ی زانیاری له‌هاووڵاتی که مافێکی ده‌ستووری بێئهملاوئهولایانه له زه‌مانی ( باوکانی دامه‌زرێنه‌ره‌وه ) ، ئه‌وا بۆ کورد مه‌سه‌له‌که له ئاستی کاره‌ساتدایه و دیمه‌نه‌که‌ی له پاپۆڕێک ئه‌چێت که شۆفێرێکی نه‌زان ڕابه‌ری بکات و به‌ڵێنی له چه‌ته‌یه‌کی شه‌ڕئه‌نگێزی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه وه‌رگرتبێت که له ووڵاته‌که‌ی خۆیدا تاوانباره به تۆمه‌تی ( درۆ ) و ( شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان ) .
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه لانی که‌م هاووڵاتی ئه‌مریکی بهوهیاندا خۆشبه‌خته که مافی بێسنووری ڕه‌خنه‌ی له‌هه‌موو ئاسته‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ووڵاته‌که‌یدا هه‌یه که‌چی هێشتا ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کورد گه‌ر ئاماژه به ساده‌ترین هه‌ڵه و پێشێلکاریه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ووڵاته‌که‌یدا بکات ئه‌بێ خۆی و خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌که چاوه‌ڕوانی سزای نیو ملیار دۆلاری بن گه‌ر به پیاوخراپ و ناحه‌ز به ” کورد ” و “تاقیکردنه‌وه ساواکه ” و” دارده‌ستی بێگانه”ش له‌قه‌ڵه‌م نه‌درێن.
….عدنان که‌ریم / سدنی ……