
خه‌می گه‌وره …. به‌ندی عه‌لی
Closed
ته‌مه‌نیش ڕوو له‌کڕێوه بێ
سوپای به‌فر ، هێدی هێدی
خاکی ڕیشم داگیر بکاو په‌نجه‌کانم
وه‌کو چۆله‌که پاساری هه‌ڵبکوڕمێن
ته‌نانه‌ت پیاڵه چایه‌کیان پێنه‌گیرێ
ئه‌وه‌ی ته‌نیا پێیانه‌وه گیرئه‌مێنێ
یه‌خه‌ی تۆیه‌و مه‌گه‌ر مه‌رگ
به‌زۆر لێیان ڕاپسکێنێ
به‌ره‌و ئێواره‌ی عومر ئه‌ڕۆم
ترێ ڕه‌شکه‌ی چاوه‌کانم به‌م زووانه
ئه‌بنه مێووژ
باوه‌جو من له‌مناڵیه‌وه شه‌وکوێرم و
به‌تاریکی چاوم تراویلکه ئه‌کا
به‌ڵام تۆ بێ خه‌مبه ئازیز
بۆ بینینت ، پێویستم به‌دیده نیه
له‌روحمدا هه‌ڵمگرتووی
عومری لاویم له‌هه‌ورازا سه‌رفکردو
له‌لوتکه‌شا
نه‌رمه‌شه‌ماڵێکی به‌خت یارم نه‌بوو
پشتم بوو به‌چه‌مه‌ی گۆچان
هه‌ردوو لاقم هێنده ماندوون
ده‌ترسێم ئێستاکه که‌وا
به‌ره‌و نشێوی عومر ئه‌ڕۆم
تینیان نه‌بێ ، هه‌ڵم بگرن
به‌ره‌و دوایین ژوانی تۆ
ئه‌مه خه‌می گه‌وره‌ی منه
نه‌وه‌ک مردن