چه‌قۆ له سلێمانی پێشكه‌شده‌كرێت.
بڕیاره رۆژانی 26 و 27 و 28ی مانگ سه‌عات 6.30 ده‌قیقه‌ی شه‌و، له هۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی سلێمانی به هاوكاری (تیپی هاوڕێیان گه‌زیزه) شانۆیی (چه‌قۆ) نمایش بكه‌ن، ئه‌م شانۆییه له نووسین و ده‌رهێنانی ده‌روێش عومه‌ر و نواندنی هه‌واڵ عوسمان و پشتیوان نوری.
چه‌قۆ به شێوه‌یه‌كی گشتی باس له خه‌مه و گرفته‌كانی خانمان و ژنان ده‌كات له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، كه چۆن به‌هۆی هه‌ندێ گرفتی كۆمه‌لایه‌تییه‌وه ده‌بنه‌قوربانی داب و نه‌رێت، له‌و هێڵه‌شه‌وه، چه‌قۆ ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵێك گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی به تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی خێزانی، ژن و پیاو و چۆنییه‌تی به‌رجه‌سته‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو ره‌گه‌زه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
له باره‌ی (چه‌قۆ) ه‌وه ده‌روێش عومه‌ری ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێت” شانۆگه‌رییه‌كه دوو لایه‌نه، لایه‌نێكی باس له پێگه و به‌های (مێینه) ده‌كات به ده‌ست ترادیسیۆن و كولتوور و داب و نه‌رێته‌وه، كه چۆن له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌گه‌زه كراوه، دیوێكی تر دیالۆگێكی هزری و كولتوورییه نێوان ژن و پیاوه له‌ناو كۆی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، به‌م پێناسه و حاڵه‌تانه‌وه، ده‌توانم بڵێم به ده‌ر له توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا شانۆیی (چه‌قۆ) له په‌یوه‌ندی نێوان (ژن و پیاو) له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان و حاڵه‌ته (ئه‌رێنی و نه‌رێنی)یه‌كانی ده‌خاته روو، به شێوه‌یه‌كی ته‌ندرووستانه، به‌ڵام له ناو چیرۆكێكی شانۆییدا كه دوو ئه‌كته‌ر له‌و باره‌یه‌وه له شانۆییه‌دا له‌و كێشه‌یه ده‌دوێن..”
له (راگه‌یاندنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هونه‌ریی شانۆ)ه‌وه