شه‌قامی كوردی و دروست بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی
سه‌رباری ئه‌وه‌ی ساڵه‌های ساڵه نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ده‌ست حكومه‌ته سه‌رده‌ست و داگیركه‌ره‌كانی كوردستانه‌وه دووچاری پاكتاوی نه‌ژادی و ره‌شه‌كوژی و قه‌ڵاچۆكردن بووه، ئه‌و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته جیاوازانه‌ی له‌سه‌رده‌م وقۆناغه جیاجیاكانی مێژوودا فه‌رمانڕه‌وا و خۆسه‌پێن بوونه له كوردستاندا به‌راست و چه‌پدا كه‌مته‌ر خه‌می و درێغیان نه‌كردووه له‌پیاده‌كردنی سیاسه‌تی راگواستن و كوشتن و زینده‌به‌چاڵ كردن و كۆچ پێكردنی زۆره‌ملێ تاكو سیما‌و مۆرك و ره‌سه‌نایه‌تی ئه‌م نه‌ته‌وه و نیشتیمانه بگۆڕن ، پاش ئه‌و هه‌موو كوشت و كوشتاره پاش هه‌موو وێرانكاری و خاپوور كردنه ، پاش ئه‌و هه‌موو ئاواره بوون و سه‌رگه‌ردانی و ده‌رده‌سه‌رییه ، پاش ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و داپلۆسێنه بۆ گۆڕینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی و په‌یڕه‌و كردنی سیاسه‌تی ته‌عریب و ته‌فریس و ته‌تریك و … هتد، هێشتا پتر له چل ملیۆن كورد له كوردستانی گه‌وره‌دا ده‌ژێت ، سنوری سروشتی و مێژووی خاكی كوردستان زیاتر له پێنج سه‌د هه‌زار كیلۆ مه‌تری دووجا ده‌بێت ، كورد وه‌كو نه‌ته‌وه ته‌واوی بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌ی تێدا به‌رجه‌سته‌یه و هیچی له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دونیا كه‌متر نییه ، خاوه‌نی خاك و مێژوو و زمان و فه‌رهه‌نگ وكه‌لتوری خۆیه‌تی ، له‌جیهاندا ده‌ورووبه‌ری 200ده‌وڵه‌ت هه‌یه كه خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌كانی خۆیانن ، ژماره‌ی دانیشتوانی كوردستان له‌نزیكه‌ی نیوه‌ی هه‌ریه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه زیاتره له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه ، له‌ڕووی خاكه‌كه‌ی چه‌ندجاره‌ی زۆر له ده‌وڵه‌تان ده‌بێت له‌ڕووی سنوری جوگرافییه‌وه ، سه‌رزه‌وی و ژێر زه‌وی خاكه‌كه‌ی زۆر به‌پیت و ده‌وڵه‌مه‌نده و توانای خۆراكدان و ژیان وگوزه‌راندنی چه‌ندجاره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌یه ، له به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه كورد خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانڕه‌وای خۆی بووه له ده‌وڵه‌تی (ماد)دا، له زۆربه‌ی ووڵاتانی تری گێتی گه‌لێكی دێرینتر و كۆنتره له‌سه‌ر خاكی خۆی ده‌ژێت كه كوردستانه ، رووبه‌رووی گشت داگیركاری و هێرش و په‌لامار و شه‌پۆلی داگیركاری فراوان خوازی بووه‌ته‌وه و سنگی كردووه‌ته قه‌ڵغان بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمانه‌كه‌ی رووبارێك خوێن و ده‌ریایه‌ك فرمێسكی له‌و پێناوه پێشكه‌ش كردووه ، سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌رفرازی ئه‌وه‌نده زۆر‌و زه‌به‌ندن له ژماره نایه‌ن ، كه‌م گه‌ل و نه‌ته‌وه هه‌یه سه‌ركرده‌ی كارێزمای وه‌كو سه‌ركرده‌وه و رابه‌رانی كوردی تێدا هه‌ڵكه‌وتوو بێت ، له دێرزه‌مانه‌وه هه‌ر له‌نغرۆ بوونی یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه گه‌لی كورد عه‌ودا و شه‌یدای ئازادی و سه‌ربه‌خۆی بووه و بێ‌وچان بووه له كۆشش و خه‌باتكرد .
له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌مینه پان وپۆڕه‌دا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه نه ئاماری دانیشتوانه‌كه‌ی و نه‌خاوه‌ن رووبه‌رێكی خاكی ئاوا و نه تێكۆشانێكی له‌م چه‌شن و بابه‌ته‌ی هه‌بێت خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی و قه‌واره و كیانی سیاسی خۆی نه‌بێت ، ئیتر نازانم ئه‌مه غه‌دری زه‌مه‌ن و مێژووه یان قه‌ده‌ری ئێمه له‌سه‌ر ئه‌ئه‌م خاكه ده‌ژین و ده‌وڵه‌مه‌نده به ئاو و سامانه سروشتی و كانزاكان و سروشتی ناوچه‌كه وای كردووه هه‌میشه جێگای چاو تێبڕینی ووڵاتانی تر بێت و هه‌میشه به داگیركراوی و ژێر ده‌سته‌ی بمێنێته‌وه ، یان ناكۆكی و خۆخۆری و ناته‌بایی نێوخۆی كورد وه‌كو ده‌ڵێن 🙁 ده‌رده كورد ) هیواكانمانی له كۆرپه‌ی و له مه‌لۆتكه‌یدا تاساندووه وڕێگاكانی دروست كردنی ده‌وڵه‌ت بوونمانی كردووه به هه‌زاران قۆناغ و فه‌رسه‌خ ، یان قه‌ده‌ری ئێمه‌ی كورد وای هانیوه له‌نێوان به‌رداشه‌كانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس‌دا دروست بوون و بوونه ده‌وڵه‌تمان بهاڕن ، یان سیا چاره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چل ملیۆنییه .
سیاسه‌توانێكی فه‌ره‌نسی له ساڵانی پێشوودا باسی كوردی كردبوو كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز و میهره‌بانه و زۆری خۆشده‌وێت به‌ڵام هه‌ركاتێك باس له به‌رمیله نه‌وتێك ده‌كرێ هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستیه فه‌رامۆش ده‌كرێ و كاڵ ده‌بێته‌وه ، ئه‌و نه‌ته‌وه و حكومه‌ته سه‌رده‌سته‌كانی كورد و كوردستان ئه‌گه‌ر ساڵانێكه شیله‌ی رۆحمان ده‌مژن و خێر‌و بێری ئه‌و نیشتیمانه ده‌دزن، ئه‌گه‌ر وه‌كو كۆیله ته‌ماشامان ده‌كه‌ن و پاساوانی به‌ردركی سامانه دزراوه‌كه‌ی خۆمانمان پێده‌كه‌ن ، ئه‌گه‌ر خۆیان به گه‌وره‌و ئێمه به بچووك ته‌ماشا ده‌كه‌ن ، ئه‌گه‌ر خۆیان به لێزان و شاره‌زا و لێوه‌شاوه ته‌ماشا ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش به نه‌زان و كه‌م توانا و لێنه‌وه‌شاوه ، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه تێڕوانینه‌كانیان بگۆڕن ، ئێمه‌ش هیچمان له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كه‌متر نیه هه‌قه ببینه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆمان چونكه ئه‌زمونی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان پاش ئه‌و هه‌موو پاشقۆل گرتنه‌ی ئه‌وان ده‌ریخست كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی هه‌یه كورد ئه‌گه‌ر پیلانی پێنه‌گیِڕن وێڕای كه‌مووكورتیه‌كان ده‌توانێ هه‌نگاوی باش روو له ئاسۆی پێشكه‌وتن و شارستانیانه بهاوێژێ .
تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێویسته پرسی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له دیدگای خه‌ڵكی كوردستانه سه‌رچاوه بگرێت ئه‌وه ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی هه‌مووانه ده‌بێت سستی و كه‌مته‌ر خه‌می تێدا نه‌كه‌ین ، بانگه‌شه‌ی شه‌قامی كوردی له مه‌ڕ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی سه‌ركرده‌و ڕێبه‌رانی پارت و رێكخراوه سیاسیه‌كان ناچار بكات بۆ هه‌ڵگرتنی دروشمی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و چونكه ئێمه له‌به‌رده‌م باهۆزه‌یه‌كی جیهانی داین كه وورد و درشتی پرس و دۆزه‌كان له‌به‌ر ده‌م تێروانینی ووڵاته زلهێز و بڕیار به‌ده‌سته‌كانی جیهاندا ده‌خوێنرێته‌وه ، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ناچاری سه‌رمان ده‌كات به‌ماڵی دوژمن‌دا خۆ سبه‌ینێ له‌پشت ئه‌مڕۆوه‌یه و نه‌وه‌ی داهاتوو ئه‌وان درێژه‌پێده‌ری ئه‌م كاروانه‌ن و ئه‌وان ده‌توانن كاروانه‌كه بگه‌یه‌ننه مه‌نزڵ.
حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ
husin2008@yahoo.com