
سیاسه‌تی چینایه‌تیانه له کوردستاندا
چاوخشانێکی خێرا به‌کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا به‌ئاشکرا دۆخی چینایه‌تیانه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌بینرێت. هه‌میشه چینی باڵاده‌ست له‌ڕوانگه‌ی ته‌سکی ئایینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستیه‌وه تیۆری ئایدیالیزمیانه‌ی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی داتاشیوه، ئه‌وه‌ش جگه له هه‌وڵێکی نه‌زۆکی بۆرژوازیانه شتێکی تر نه‌بووه. چونکه سه‌رمایه‌داران و بۆرژوا تیئۆریستهکانی هاوکاریان به هه‌ستێکی ده‌مارگیری دواکه‌وتوانه‌وه، خه‌ریکن مێژووی کۆن و نوێی پڕ ئه‌زمونی چینایه‌تی و وانه‌کانی شۆڕشگێڕی ده‌سڕنه‌وه.
به‌ڵام که‌سانی شۆڕشگێڕ سه‌رجه‌م ئه‌ده‌بیاتی پێشکه‌وتنخوازی و شۆڕشگێڕی به‌قوڵی و فراوانی ده‌خوێننه‌وه و به‌گیانێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی زانستیه‌وه سه‌یری ده‌که‌ن و له پراتیکی شۆڕشگێڕانه‌یاندا سوودیان لێوه‌رده‌گرن. دانانی تیۆری تایبه‌تی بۆ ئاڵۆگۆڕپێکردنی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه پێویستی به‌لێکۆڵینه‌وه و ووردبوونه‌وه‌ی دیاریکراو له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه باو و جیاوازه‌کانی چینه‌کان له‌باری ئابووری و سیاسیه‌وه هه‌یه، له‌مێژه مارکسیزم ئه‌و ئه‌رکه‌ی خستۆته سه‌رشانی خۆیی و به‌درێژایی دوو سه‌ده‌شه کاری پێده‌کرێ.
هیوابوون به فه‌رهه‌نگی ناشۆڕشگێڕانه (ئایینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی)، نه‌ریت و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی بێچاره‌ی کۆنه‌په‌رستانه‌یه، که وه‌ک شێرپه‌نجه ڕۆچۆته ناخی کۆمه‌ڵگه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی ترساندن و تیرۆری خوێناویی و نه‌هێشتنی ئازادی و ئارامی له کۆمه‌ڵگه‌دا. ئه‌م فه‌رهه‌نگه ژه‌نگاویانه به‌هۆکار و پاساوی نامرۆڤانه، کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ره‌و نه‌زانی و ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی و په‌یدابوونی تۆڕی مافیایی بردووه. له‌جێی فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و دادپه‌روه‌ری و ئاشتی و ئازادی و یه‌کسانی، فه‌رهه‌نگی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دوژمنکاری و ڕق و چاوچنۆکی و تاڵانی و دزی و گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپای داموده‌زگاکانی گرتۆته‌وه.
قه‌یرانی سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان په‌یوه‌سته به‌دۆخی سیاسی له‌عێراقدا، نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی شارستانی و سه‌قامگیر و ئارام و سه‌ربه‌خۆ له‌ناوه‌ندا سه‌رتاپا ئه‌و ووڵاته‌ی خستۆته گێژاوه‌وه. بیری ئایینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و تاییفی شه‌قامی عێراقی پیس و خوێناوی و که‌ش و هه‌وای فه‌رهه‌نگیشی ژه‌هراوی کردووه. بارودۆخێک ئه‌مڕۆ کوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕی ناخوازێ که به‌ده‌وڵه‌تی ناوه‌نده‌وه بمێنێته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی میلشیایی له‌کوردستاندا بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات و بردنی داهاتی کوردستان ده‌ستیان له‌ملی به‌غدا نابێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایکردووه ملهوڕی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا بسه‌پێنی و سه‌رجه‌م ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی زه‌وتبکات.
بره‌وی بیری کۆنه‌په‌رستی دواکه‌وتوانه کرۆکی ئایدیای بۆرژوایه، ڕێگره له پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگه له‌بواره جیاکانی ژیاندا. فه‌رهه‌نگێکه کۆمه‌ڵگه‌ی دابه‌شکردووه و که‌مینه‌یه‌کی مشه‌خۆری کردۆته دیکتاتۆر و به‌زه‌بری هێز و سه‌رکوتی، زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ که کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانن ده‌چه‌وسێنێته‌وه. به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌یان کردۆته کاڵای بازرگانیکردن و چینی چه‌وسێنه‌ر و حاکم مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌که‌ن و کۆمهڵگهشیان له گشت به‌ها مرۆیه‌کان داماڵیوه.
ده‌بێت چینی کرێکار و سه‌رجه‌م توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه به‌شخوراوه‌کان به‌هه‌وڵ و تێکۆشانیان ده‌مامکی درۆینه و فێڵبازانه له‌ڕووی بۆرژوازی کوردی هه‌ڵماڵن و ڕۆڵی چینایه‌تی خۆیان له‌پێناو چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و ئازادی‌دا ببینن و پێگه‌یی چینایه‌تی کرێکاران بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تیان زیاتر به‌ره‌وپێش بگۆڕن. به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخوازی به‌هێزبکه‌ن و سه‌رسه‌ختانه به‌ڕووی بۆرژوا کۆنه‌په‌رستدا بوه‌ستنه‌وه، ته‌نیا هێزی کرێکاره به ئامڕازی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌و چینایه‌تی ده‌توانێ ڕه‌گی چه‌وسانه‌وه له‌بنه‌وه ده‌ربهێنێ.
کرێکاران باش ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتی کوردی ڕۆژانه به‌ره‌نگاری بیر و باوه‌ڕی پێشکه‌تنخوازی و ئازادیخوازی ده‌بنه‌وه و له په‌رله‌مانه‌که‌یاندا په‌یتا په‌یتا بڕیارنامه و یاسایی دژی کرێکاری و ئازادیخوازی ده‌رده‌که‌ن. هه‌ڵوێستی ئێوه‌ی بوێر ده‌توانێ سنورێک بۆ چاوه‌شه‌کاری و سهرکوتیهکانی ده‌سه‌ڵات له‌پێشێلکردنی مافه مه‌ده‌نی و مرۆیه‌کان دابنێت و ڕێگربێت له یاریکردن به هه‌ست و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر، سووربونی ئێوه‌ی شۆڕشگێڕه له به‌ده‌ستهێنانی گشت داخوازیه ره‌واکانی خه‌ڵکی کوردساندا.
ده‌کرێ کۆمه‌ڵگای کوردستانیش کاروانی گه‌شه‌ی مێژوویی خۆی له‌ڕووی سیاسی و ئابوریه‌وه بباته پێش، به‌پێی مه‌رجی بابه‌تیانه کرێکاران وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی زیندوو به‌ئامانج و ده‌سکه‌وته‌کانی بگات. ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای کوردستان شتێکی نه‌گۆڕ و سروشتی نیه و کارێکی ڕوکه‌ش و کاتییه. به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی مانه‌وه و گه‌شه‌ی هه‌میشه‌یی بزووتنه‌وه‌ی پێشکه‌وتنخوازی، تایبه‌تمه‌ندی چینی کرێکاره، که ده‌سه‌ڵاتی کوردی خه‌ریکی نه‌هێشتن و خهفهکردنێتی.
له‌پێناو سه‌رخستنی ماف و ئازادیه‌کانی جه‌ماوه‌ری کوردستان، خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ته‌نیا ئامڕازێکه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وته‌کان و ئه‌مه‌ش هه‌روا کارێکی ساده‌و سانا نیه‌و ڕێگه‌یه‌کی سه‌خته و پرۆسه‌ی هاوکاری یه‌کگرتوویی کرێکاران و ئازادیخوازان به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی له‌گره‌وی چونه‌پێشه‌وه‌ی دۆخه‌که‌دایه. وه ته‌نیا ئاڵای سۆسیالیزم ده‌توانێ به‌رز بشه‌کێته‌وه و ببێته پێشڕه‌و و سۆنگه‌ی ئازادیخوازی و هه‌نگاوێک بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت بباته‌پێش و پێگه‌یی مێژووی ئه‌م چینه قایم و پته‌و تر بکات.
که‌باسی چینی کرێکار ده‌که‌ین له‌ڕوانگه‌ی چیناتیهوه، ده‌چینه ناو جیهانی ڕاسته‌قینه‌ی به‌شخوراوان و زۆرلێکراوانهوه، ئه‌وانه‌ی گشت مافێکی مرۆیانه‌یان زه‌وتکراوه و گیرۆده‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازین. له کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا سه‌رمایه‌داران گشت بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیان خستۆته ژێر چنگی خۆیان و به ئاره‌زووی خۆیان مرۆڤه‌کان ده‌چه‌وسێننه‌وه. داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانیان له‌سه‌رکوت و تیرۆری خه‌ڵکی ئازاد و یه‌کسانیخوازدا له ئاماده‌باشیدایه. ئازادی ڕێخراوبوون و بیروڕاده‌ربڕین و مانگرتن و خۆپێشاندان قه‌ده‌غه‌یه و ده‌بێ هه‌موو چالاکیه‌ک له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئاره‌زووی ئه‌واندابێت.
بۆرژوازی کوردی به‌ویستی خۆی مۆرکی دیینی و نه‌ته‌وه‌یی له کۆمه‌ڵگه ده‌دات و یاسا و ده‌ستوری بۆ داده‌تاشێ و په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری به کۆنه‌په‌رستانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌به‌ستێ، بێ ئه‌وه‌ی هیچ کاتێک گوێی دابێته ده‌نگ و ڕازیبوونی خه‌ڵکی کوردستان. خۆیان ئازادبوون له گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و به تاڵانبردنی داهاته‌کانی، به‌ڵام گه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار داخوازی پێویستیه‌کانی ڕۆژانه‌ی بووبێت به‌ئاگر و ئاسن به‌ره‌و ڕووی بونه‌ته‌وه، گه‌ر ڕه‌خنه و سه‌رنجێکی ئازاد له‌و نادادپه‌روه‌ریان هه‌بووبێت، ئه‌وا ڕه‌وانه‌ی زیندان و مه‌رگ و تیرۆریان کردووه.
ئایدیایی بۆرژوازی سه‌رمایه‌داری، بیریکی چه‌قبه‌ستوانه‌ی دواکه‌وتووه و ته‌نیا له‌قازانجی که‌مینه‌یه‌کی مشه‌خۆردایه. به‌ڵام زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی مارکسیزم، ماتریالی مێژوویی چینی کرێکاره و ژیانی ئایینده‌ی ئه‌م چینه‌ی پێوه به‌ستراوه‌ته‌وه. بێ ئاماده‌یی چینی کرێکار به‌م ئایدیا زانستیه‌وه ناتوانرێ ئامانجه چینایه‌تیه‌کانی کرێکاران و مافخوراوان له ئازادی و یه‌کسانی دادپه‌روه‌ریدا بێته دی.
22.11.2010
ئازاد به‌کر