باسێك له‌مه‌ڕ ناسیۆناڵیزم
كاتێك باسی چه‌مكی نه‌ته‌وه ده‌كرێت واباوه كه نه‌ته‌وه به خه‌ڵكانێك له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن كه له بواری كولتوری، قه‌ومی و نه‌ژادییه‌وه و یان له بواری ئه‌زموونی مێژووییه‌وه یه‌كسانن. به‌ڵام ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه ئه‌مڕۆكه له چوارچێوه‌ی جوگرافیای سیاسیی جیهاندا ده‌یانبینین، له سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه نه‌ژادی و كولتوریه‌كان پێك نه‌هاتوون. ئه‌و دهكاركردنه و ئه‌و لێكدانه‌وه هه‌ڵه‌یه له مه‌ڕ نه‌ته‌وه بۆته هۆی ئه‌وه‌یكه ئاخێزگه‌ی مێژوویی و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه‌مان له بیر بچێته‌وه. ئه‌گه‌ر له جیاتی چه‌مكی نه‌ته‌وه له وشه‌ی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه كه‌ڵك وه‌رگرین، خاڵێكی ناڕوون له‌مه‌ڕ چه‌مكی نه‌ته‌وه روون ده‌بێته‌وه: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌م نه‌ته‌وه‌كان و هه‌م ده‌وڵه‌ته‌كان به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجی ئابووریی قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوویین و له راستیدا چه‌مكی نه‌ته‌وه و ده‌مارگرژیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئاكامی پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان و چینه زاڵه‌كانی كۆمه‌ڵگان. مێژوو نیشانی ده‌دات كه له سه‌ده‌ی هه‌ڤده و هه‌ژده به‌دواوه هاوكات له گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چینی بورژوا، ورده ورده ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كانی ناوه‌ندی پێك دێن و ئه‌وانیش به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌كانی خۆیان چه‌مكی نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه‌خوازی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌كانی خۆیان به‌كار دێنن. پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه له سه‌رجه‌م شوێنه‌كانی ئه‌وروپا به یه‌كسانی نه‌چۆوه پێشه‌وه. بۆ نمونه پێكهێنانی یه‌ك ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه له ئاڵمان تا كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده وه‌دوا كه‌وت.
هه‌ربۆیه وردبینانه‌تر ده‌بێ ئه‌گه‌ر له جیاتی وشه‌ی نه‌ته‌وه له چه‌مكی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه كه‌ڵك وه‌رگرین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لێكدانه‌وه ناڕاسته‌قینه‌یه بسڕینه‌وه كه گۆیا نه‌ته‌وه‌كان ریشه‌یه‌كی مێژوویی هه‌زاران ساڵه‌یان هه‌یه. ناسیۆناڵیستهكان به گشتی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه كو‌لتور و رابردوویه‌كی شكۆمه‌ند بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان وێنا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌كی ریشه‌دار و ناڕاستی بۆ دروست بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه له خه‌یاڵێك زیاتر هیچی تر نییه. ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌مڕۆكه به‌م سنووره سیاسی و ئابووریانه‌وه ده‌یانبینین ئاكامی پێكهاتنی ئه‌و ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وانه‌ن كه نه‌ك له سه‌ر بنه‌مای قه‌وم و كولتوور و ئایین به‌ڵكو له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی چینایه‌تیی بورژوازیی تازه‌پێگه‌یشتوه‌وه پێكهاتوون.
ناسیۆناڵیسته سه‌ربه‌خۆخوازه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به جه‌خت كردنه‌وه له سه‌ر ده‌مارگرژی و په‌یوه‌ندییه قه‌ومی، كولتووری و زمانیه‌كان و هه‌ڵبه‌ته به پێچه‌وانه نیشاندانی مێژوو، واتایه‌ك له نه‌ته‌وه داتاشن و له ئاكامدا شه‌رعییه‌ت به سه‌ربه‌خۆییخوازی خۆیان ببه‌خشن. به‌ڵام ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی ته‌واو ناڕاست و فێڵبازانه‌یه سه‌باره‌ت به چه‌مكی نه‌ته‌وه و له راستیدا ده‌بێ بڵێین كه زوڵم و زۆره نه‌ژادی و قه‌ومیه‌كان و هه‌ڵاواردنی نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و ده‌ڤه‌ره‌كانی تر، به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و نه‌ته‌وه‌خوازییه چاره‌سه‌ر نابێت. ئه‌گه‌ر له‌وه تێبگه‌ین كه نه‌ته‌وه‌كان پێناسه‌ی مێژینه و كۆنی كولتووری و نه‌ژادی و قه‌ومی و هتد نین، به‌ڵكو ته‌نیا داتاشراوێكی مێژوویی به ناوی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه له ئارادایه، ئه‌و كات ته‌واوی ده‌مارگرژییه نهتهوهخوازانهكان ریسوا ده‌بن.
چینه باڵاده‌سته‌كان به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه به پێكهێنانی پێناسه‌یه‌كی ناڕاسته‌قینه، چینه ژێرده‌سته‌كان له یه‌كێتییه‌كی ده‌سكرددا گوێڕایه‌ڵی خۆیان بكه‌ن و یان ئه‌وان بۆ به‌ره‌وپێش بردنی به‌ر ژهوهندییهكانی خۆیان ناچار به كار و شه‌ڕی بهكرێگیراوانه بكه‌ن:
له سه‌رده‌می كۆیله‌داری ئه‌و قه‌ومانه‌ی كه مه‌ڕوماڵاتیان به‌خێو ده‌كرد، ئه‌و یه‌كێتییه ناڕاستهقینهیهی نێوانیان، په‌یوه‌ندیی هاوخوێنی، قه‌ومی و له ئاكامدا نه‌ژادی بوو.
له قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا، له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپا، ئه‌م یه‌كێتیه ناڕاسته‌قینه‌یه، په‌یوه‌ندیی ئایینی مه‌سیحیه‌ت و چه‌قبه‌ستن له ده‌وری ده‌سه‌ڵاتی پاپ و واتیكان بوو.
له قۆناغی سه‌رمایه‌داریشدا ئه‌وه ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه كه ئه‌و یه‌كێتیه ناڕاسته‌قینه‌یه پێك دێنێت.
ناسیۆناڵیستهكان به‌چه‌شنێك مێژوو راڤه و پێچه‌وانه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌ڵێی هه‌ر له كۆنه‌وه تا ئێستا، پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو به ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تر، ژیانی ئابووری و سیاسی و كولتووریی جیاواز هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا گومانه و ئه‌وه‌یكه ئه‌مڕۆ به ناوی نه‌ته‌وه ناوی ده‌به‌ین له راستیدا به‌رهه‌می پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌كان له لایه‌ن بورژوازییهوهیه. هه‌ركام له‌م چینانه به درێژایی مێژوو، به‌پێی شێوازی به‌رهه‌مهێنانی خۆیان و بۆ به‌ره‌وپێش بردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان چه‌شنێك له یه‌كێتییان پێكهێناوه. سه‌رده‌مانێك ئه‌و یه‌كێتیه قه‌وم و خێڵ بوو، سه‌رده‌مانێك گه‌ل و ئایین و ئێستاكه‌ش ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه.
به‌ڵام چ هۆكارێك بووه هۆی ئه‌وه‌یكه چینی سه‌رمایه‌دار پێویستی به پێكهێنانی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه په‌یدا كرد؟ له قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا، ده‌ره‌به‌گه‌كان زه‌وی و گونده‌كانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش كردبوو و هه‌ر وه‌رزێرێك خۆی به ناوی گوند و ئه‌ڕبابی ئه‌و گونده‌وه ده‌ناسیه‌وه. شاره‌كان ته‌نیا بۆ ئاڵووێری به‌رهه‌مه‌كان بوون و پێشه‌سازیش ته‌نیا تا ئاستی پیشه‌وه‌ری گه‌شه‌ی كردبوو، به‌واتایه‌كی تر هه‌ركه‌سه خاوه‌نی كاری خۆی بوو و پێویستی به كڕینی هێزی كار و دابه‌شكردنی كاری ئاڵۆز بۆ به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌كه‌ی نه‌بوو. كه‌وابوو سیستمی پاشایه‌تی ته‌نیا هاوبه‌ندییه‌كی نێوان ده‌ره‌به‌گه‌كان بوو و وه‌رزێره‌كان به چه‌شنێك گوێڕایه‌ڵیی مه‌عنه‌وی بۆ پاپ و كه‌نیسه، له یه‌كێتی له گه‌ڵ ئه‌و سیستمه‌دا بوون كه له ئارادابوو. به‌ڵام هاوكات له گه‌ڵ گه‌شه‌ی پیشه‌سازی و سه‌رهه‌ڵدانی شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی پیشه‌سازی پێویست بوو كه ناوه‌ندێكی سیاسی به ناوی ده‌وڵه‌ت و ناوه‌ندێكی نیشته‌جێ بوون به ناوی شاره پیشه‌ییه‌كان گه‌شه بكه‌ن. هه‌ر له به‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی چینی تازه پێگه‌یشتوو بوو كه ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه پێكهات.
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه كه به تێگه‌یشتن له‌م راستییه مێژووییه، ناسیۆناڵیزم چ شه‌رعییه‌تێكی ده‌بێت؟ بۆچی ده‌بێ ئێمه عاشقی وه‌ته‌نی خۆمان بین و به‌شێوه‌یه‌كی ده‌مارگرژانه له وڵات و هاووڵاتیانی خۆمان بڕوانین؟ ئایا هه‌ر ئه‌و هه‌سته ناسیۆناڵیستییه نییه كه بۆته هۆی گه‌شه‌كردنی ئهرتهشهكان و روودانی شه‌ڕه خوێناویه‌كان؟ له‌وانه‌یه ئه‌وه شتێكی ئاشكرا بێت كه هه‌موو كه‌س هه‌ست به‌وه بكات كه سه‌ر به وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌تی. عه‌قڵ وا بڕیار ده‌دات كه تاك وه‌ك ئه‌ندامی گروپێك كاتێك پشتیوانی له گروپه‌كه‌ی ده‌كات كه پێشكه‌وتنی ئه‌و گروپه ببێته هۆی پێشكه‌وتنی تاكهكهسهكهش. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی گروپه‌كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی یه‌كسانیان نه‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان جیاواز بێت، بۆ ده‌بێ تاكێك داكۆكی له گروپێك بكات كه ئه‌ندامێتی؟ به تایبه‌تیش كاتێك كه وه‌كو په‌یوه‌ندیی تاك و وڵات، ئه‌و ئه‌ندامێتییه زۆره‌ملێش بێت.
كه‌وابوو سه‌باره‌ت به نه‌ته‌وه، ده‌بێ پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین كه ئایا ئه‌ندامانی یه‌ك میلله‌ت وه‌كو نه‌ته‌وه، به‌رژه‌وه‌ندی و هۆگریی یه‌كسانیان هه‌یه؟ ئایا ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌یكه له چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی و ئابووریی دیاریكراودا ده‌ژین، له دنیایه‌كی یه‌كسانیشدا پێكه‌وه ده‌ژین؟ ئایا هه‌ژارانی كۆخ نشین و میلیاردێره خۆش نشینه‌كان له وڵاتێكدا، دونیایه‌كی یه‌كسانیان هه‌یه؟ ئایا ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌كان به‌چه‌شنێك پێكهاتوون كه چوونه‌سه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتییه‌ك ده‌بێته هۆی چوونه‌سه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتیه‌كانی تریش؟ بۆ كرێكارێك جیاوازییه‌كه له چیدایه كه هاووڵاتیه‌كه‌ی بیچه‌وسێنێته‌وه یان كه‌سێكی تر له وڵاتێكی تره‌وه؟ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ره‌ڕۆ و دیكتاتۆر كوێی له ئیمپریالیزمی ده‌ره‌كی باشتره؟ ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی كه گه‌له‌كه‌یان تووشی شه‌ڕی خوێناوی ده‌كه‌ن جینایهتكارترن یان سه‌ربازانی دوژمن كه دهسهڵاتدارهكانیشیان ئه‌وانیان به‌زۆری به‌ره‌ولای مه‌رگ پاڵ پێوه ده‌نێن؟ ئایا ئه‌خلاقیاتێكی تایبه‌تی به سه‌ر هاووڵاتیانی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا زاڵه كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یكه یه‌كتریان خۆش بوێت و له به‌رامبه‌ر یه‌كتریدا لێبورده بن؟ ئایا پۆلیس و زیندانبانه‌كان و ئه‌شكه‌نجه‌گه‌رانی ده‌وڵه‌ته سه‌ره‌ڕۆكان به‌هۆی هاووڵاتی بوونه‌وه ره‌حم به خه‌ڵكی ناڕازی ده‌كه‌ن؟ كاتێك وه‌ڵامی بێ لایه‌نانه‌ی ته‌واوی ئه‌و پرسیارانه “نا”یه، ئه‌ی بۆچی چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه له ئێمه ده‌كه‌ن كه هه‌ستێكی دهمارگرژانهمان بۆ وڵات و هاووڵاتیانی خۆمان هه‌بێت و ته‌نانه‌ت گیانی خۆشمان له پێناو وڵاته‌كه‌ماندا فیدا بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر ئه‌خلاقیات و هه‌ست و سۆزی مرۆیی له ئارادایه، بۆچی له جیاتی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له نێو ته‌واوی مرۆڤه‌كاندا دابه‌شی نه‌كه‌ین؟
له نێوان ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ناكۆكن، ئه‌و ناكۆكییه‌ش ناكۆكیی به‌رژه‌وه‌ندییه چینایهتیهكانه. چینه باڵاده‌سته‌كان به پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی و زه‌حمه‌تكێش، له ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه و پڕوپاگه‌نده كردن بۆ ناسیۆناڵیزم قازانج ده‌كه‌ن. ئه‌و یه‌كێتیه ده‌سكرد و ناڕاسته‌قینه‌یه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یكه ناكۆكییه چینایه‌تیه‌كان به شاراوه‌یی بمێننه‌وه و دوژمنی خه‌ڵك كه له راستیدا هه‌ر هه‌مان هاووڵاتیانی موفته‌خۆر و سهرمایهدارهكانن، ده‌گۆڕێن بۆ دوژمنانێك له‌و دیوی سنووره‌كانه‌وه. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه ساڵانێك له‌ژێر سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌دا ژیاون، ئێستا رق و بێزاریی خۆیان له جیاتی چینی باڵاده‌ست ئاراسته‌ی خه‌ڵكانی وڵاتانی تر و نه‌ژاده‌كانی دیكه ده‌كه‌ن. له ئاكامدا له‌و ناسیۆناڵیزم و نه‌ژادپه‌رستییه، فاشیزم و شۆڤێنیزم سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌وه‌یكه له سه‌ره‌تادا وه‌ك هه‌ستێكی ساكاری هۆگری به وڵات و زێدی له دایكبوون وێنا ده‌كرا، ئێستا ورده ورده به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌ی شكست و سته‌م، ده‌بێته هێزێك كه ئه‌رته‌شی تاڵانكهران و ئه‌مپریالیسته‌كان قازانجی لێده‌كه‌ن.
یه‌كێتی راسته‌قینه، ته‌نیا ده‌توانێت له چوارچێوه‌ی چه‌مكی مرۆڤ دا شكڵ بگرێت. ئه‌وه هه‌مان پرۆژه‌ی مێژوویی ئۆمانیزمه. مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی راستیه‌كی ساده و سه‌رپێی نییه به‌ڵكو شتێكه كه له مێژوودا پێك دێت و رێك كارێكی زۆر ده‌گمه‌نه. ته‌نیا به له‌ناوبردنی ناكۆكییه نه‌ژادی و قه‌ومی و چینایه‌تیه‌كان، یانی به له‌ناوبردنی ناكۆكیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كانه كه په‌یوه‌ندیی مرۆڤایه‌تی دێته ئاراوه. یه‌كه‌مین مرۆڤ له مستی ده‌ستی دواین كۆیله له دایك ده‌بێت.
ن: ئه‌مین قه‌زایی
و: یوسف عه‌لی پور