Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
میوانی تۆین ( Miwani ToYin )

میوانی تۆین ( Miwani ToYin )

Closed
by November 23, 2010 گشتی

               مه‌رجی ئاکارناسی کورده‌واری له‌خانه‌دانی ڕێزگرتنی میوانه‌ به‌هه‌موو شێوه‌کان پیرۆزی هه‌یه‌ هه‌رده‌م ڕێزی له‌سه‌رچاوانه‌ ده‌رگای ماڵه‌کانی گه‌وره‌یه‌ ، میوانی تۆین به‌رنامه‌یه‌کی که‌ناڵی کوردساته‌ به‌رده‌وام بن وێنه‌یان زۆربێ به‌ڵام نازانرێ له‌م به‌رنامه‌یه‌ کێ میوانی کێ یه‌ ؟ هونه‌رمه‌ندان میوانی به‌رنامه‌که‌ و پێشکه‌شکارن یانه‌خۆ ‌کۆی به‌رنامه‌که‌ میوانی بینه‌رانن ! بۆ میوانداریه‌که‌تان به‌خێر بێنه‌ هه‌موو ماڵێکمان ، سه‌ره‌تا ته‌شقه‌ڵه‌ پرسیارێک: ئایا به‌رنامه‌ی پڕۆفایڵه‌ یا پرسیار بێسه‌رو به‌ره‌ لاساییه‌کان‌ وه‌ک.. که‌ی له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستی ؟ ما ددانت ده‌شۆی ؟ چما خه‌ون ده‌بینی ؟ ئه‌و‌ پرسیاره‌ سواوانه‌ی تڵپی ته‌ڕیان تێدا نه‌ماوه‌ . گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێک به‌سه‌رهات و ڕووداوی کۆمیدی له‌پێناوی ستراتیجی به‌رنامه‌که‌‌یه‌ ، شێوازی گاڵته‌ ئامێزیه‌که‌ی جوانکاریه‌کی داوه‌تێ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ له‌هونه‌رمه‌نده‌ پارێزکاره‌کان قه‌ڵس ده‌کا به‌ینی خۆمان بی هه‌نده‌ک جار ده‌رچوون له‌ئه‌تیکێتی هونه‌ری ، سوعبه‌ت و نیمچه‌ پێ ڕابواردنێکیشه‌ . به‌سه‌رکردنه‌وه‌ و گرینگی پێدان به‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی تیشکیان نه‌که‌وتۆته‌ سه‌ر له‌چاوگه ‌میدیاییه‌کان تایبه‌ت له‌ڕاگۆڕکێ ی ته‌له‌فزیۆنی بێ به‌شن شایه‌نه‌ نوێنه‌ره‌وه‌ی هه‌ست به‌به‌رپرسیاریه‌تی کردنه‌ . کۆکتێلی هونه‌ری ئه‌ستێره‌کانی شانۆ و گۆرانی هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ژانه‌ره‌ هونه‌ریه‌کان وردبینی و ئاگایی زیاتری ده‌وێ تا مافه‌کان ته‌واوبدرێن . کاره‌کته‌ری پێشکه‌شکار یا بێژه‌ر ، سیمای ڕواڵه‌ت و کارتێکردنی زۆرگرینگه‌ ڕاده‌ی سه‌رکه‌وتنی به‌رنامه‌که‌ ده‌رده‌خا له‌ڕۆح سوکی و خوێن شیرینی ، گه‌رمی گفت و پاراوی زمان ، پرسیاری وروژێنه‌ری هێنانه‌ گۆ بۆده‌رخستنی جوانیه‌ شاراوه‌کان ، هه‌موو ئه‌وانه‌ په‌یوه‌ستن به‌پاشه‌بنه‌ی فه‌رهه‌نگی هونه‌ری لێره‌دا تاڕاده‌یه‌ک پێکراوه‌ به‌ڵام ماندوبوونی زیاتری ده‌وێ ساڵانێکی چالاکی بواره‌که‌ی گه‌ره‌که‌ . دیکۆرسازی سه‌کۆی دانیشتنی بێژه‌ر و میوانه‌ دووقۆڵیه‌کان وه‌ک تاقیکردنه‌وه‌ی زاری خوێندنگا وایه‌ له‌گه‌ڵ گروپی موزیکاران هه‌ریه‌که‌ له‌دوورگه‌یه‌کی دابڕاوه‌‌ کۆنتاکتیان سارده‌ که‌ له‌چاوی کامیراوه‌ ده‌یبینی لێکترازاون هه‌ست به‌گه‌رمی دانیشتنه‌که‌ ناکرێ ، هونه‌رمه‌نده‌ میوانه‌کان گوێ قوڵاغی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانی مامۆستاکه‌یانن بگره‌ هه‌ندێکیان نائاسوده‌ن ده‌ست و په‌نجه‌کانی خۆیان ده‌گوشن ، ده‌ته‌قێنن و ده‌پاچێننه‌وه‌ . سه‌کۆی گۆرانی گوتن ڕه‌ق و ڕووته‌ گۆرانیبێژ گرێدراوی مایکه‌که‌یه‌تی وه‌ک سزادرابێ به‌ڕووناکی و جه‌ماوه‌رێکی خه‌واڵوی بێ زه‌وقی نابه‌شدار یا ڕانه‌هێنراو بۆئاماده‌یی له‌وجۆره‌ به‌رنامانه‌ له‌هاندان ، به‌شداری هه‌ست و جۆش بێنه‌قاقه‌ی هونه‌رمه‌ندانیان گرتووه‌ . زوومی کامیرای فڕیوی وێنه‌گره‌کان له‌سه‌ر ده‌م و چاوی شه‌نگه‌کچان چاوه‌ڕاوێکی گه‌نجانه‌یه‌ ، دڵه‌ڕاوکێ ‌و شه‌رمه‌نده‌یی تێکه‌ڵه‌ی شێوان و شڵه‌ژان له‌ده‌ربڕینی پێخۆشی و پێناخۆشی زوومه‌که‌ ده‌وروژێنێ ده‌رهێنه‌ر وه‌ستایانه‌ دیمه‌نه‌ چاوکێشه‌کان ده‌گوزه‌رێنێ . خۆ ده‌ست خستنه‌ بن هه‌نگری پێشکه‌شکار وه‌ک پێشڕه‌وێکی سه‌ره‌کی نیشانه‌ی گۆشه‌گیری و خۆدابڕان ڕاسته‌وخۆ کاری داوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری به‌شداربووان وه‌ک په‌تایه‌کی خێراگره‌وه‌ که‌له‌پچه‌ی کردوون ! گروپی موزیکاران و تایبه‌ت که‌مانژه‌ن بڵند قه‌ره‌داغی چاوکێشه‌ له‌نێوانی عه‌ینه‌ک و په‌نجه‌ شیرینکاره‌کانی به‌که‌وانی که‌مانه‌که‌ی ئاوێزانی به‌سۆترین هه‌ست و ئاواز نماده‌کا و تۆنی خۆڕسکاوی کوردی به‌ناو ستۆدیۆ و شاشه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌موواندا ده‌شه‌نێ . ناسناوی به‌رنامه‌که‌ دوو وشه‌که‌ی به‌لاتینی نوسراوه‌ ( Miwani ToYin ) ده‌کرێ پیتی ( y ) لابرێ  چونکه‌ ئێستا ده‌خوێندرێته‌وه‌ میوانی تۆییـــــن ! خۆشه‌ویستانی به‌رنامه‌که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی کار و کارتێکردنی به‌رهه‌مه‌کانتان وه‌ک کاردانه‌وه‌ به‌خۆ لادان له‌ڕه‌خنه‌ گڕداره‌کان ‌ئه‌م جاره‌یان له‌م نوسینه‌ گلله‌یی ئامێزه‌دا ئه‌گه‌ر میوانانیش ڕابگرن ؟ بۆ خۆشه‌ویستی ئێمه‌ میوانی تۆین .

                       دڵشاد تاقانه‌
                                     
  Dlshadtakana@yahoo.com                            

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.