سێكس و بەیەكەوە ژیان وانەیەك بۆ نەوەكانمان
لەهەرێمی كوردستان هیچ وانەیەك نییە، تیشك بخاتەسەر پەیوەندییەكان. بەتایبەتی پەیوەندی كچ و كوڕی مێرمنداڵ بەلەشی خۆیان و ئەو گۆڕانكارییە گرنگانەی كەبەسەر لەشیاندا دێت لەتەمەنی 13 تا 19 ساڵی. هەروەها هیچ وانەیەك نییە، تیشك بخاتەسەر پەیوەندی كچ و كوڕ بەیەكەوە، رۆشنایی نەخراوەتەسەر حەز و بەهرەكانیان. ئەو تاریكاییەی ناو ئەو پەیوەندییە بەهێزە، هەموو پرسەكانی بەترس و گومانەوە بەرامبەر بەیەك راگرتووە. ژیانی كوڕ و كچی مێرمنداڵی كردووە بەدوو جیهانی جیاواز لەیەك. پڕ لەنهێنی، شەرم، عەیب و تاریكی. پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی ئاسایی ناچنە پێشەوە. بۆیە لەژیانی گەورەساڵیدا سەدان خۆسووتاندن و خۆكوشتن و توندوتیژی دەبێتە بەشێك لەپەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. چەپاندنی سێكسی و نەخۆشی دەروونی باڵی تاریك دەكێشت بەسەر بەشێكی زۆری كۆمەڵگەدا. بەناوی دابونەریت و كەلتوورەوە هەموو دابوونەریت و كەلتوورێكی جوانیش دەمرێندرێت. نەبوونی زانیاری لەوبوارەدا ئاستی زانستی لاوان و گەنجانی كورد لەئاستێكی زۆر نزمدا هێشتۆتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك گوناهی خۆیان نییە، بەڵكو لاوازی سیستەمی فێركاری هەرێم وایكردووە مێرمنداڵەكانمان لەوبوارەدا لەتاریكیدا بمێننەوە.
سەبارەت بەپرۆگرامی خوێندن پێویستە ئەوە بگوترێت، كە ئەو پرۆگرامانەی لەهەرێم دەخوێندرێن سویدی نین، بەڵكو لەكاتی ریفۆرمەكانی سیستەمی نوێی خوێندندا سوودمان لەسیستەمی سویدیش وەرگرت. ئێمە لەسویدەوە هاتینەوە بەشدارییەكی باشمان لەكۆنگرەی پەروەردەدا كردو پشنیازی زۆر لەڕیفۆرمەكانمان كرد، كە ئێستا بوونەتە بەشێك لەسیستەمی فێركاری نوێی هەرێم، بەڵام ئەو ریفۆرمانە كەمبوون و هێشتا دەیان ریفۆرمی گرنگ ماون، كە پێویستە بكرێن، یەكێك لەوانە دانانی وانەیەكی تایبەتە بەناوی(سێكس و بەیەكەوە ژیان)ە. ئەو وانەیە لەپۆلەكانی هەشت و نۆی قوتابخانەكانی سوید دەخوێندرێت. واتە كاتێك قوتابییەكان لەتەمەنی 14 و 15 ساڵیدان. ئەم وانەیە زۆر گرنگە بۆ گەنجانی سوید. بەتایبەتی باس لەپەیوەندی نێوان كچ و كوڕ لەو تەمەنەدا دەكات. هەروەها باس لەئاشنابوون بەلەش و گۆڕانكارییەكانی جەستەیی و رۆح دەكات لەو تەمەنەداو باس لەخۆشەویستی و یەكسانی كچ و كوڕ دەكات.
لەوبڕوایەدام بوونی وانەیەكی لەوشێوەیە لەژێر هەرناوێكدا بێت لەقوتابخانەكانی هەرێم پێویستییەكی گرنگەو دەبێتە هۆی پڕكردنەوەی كەلێنێكی گەورەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و هەروەها دەبێتە هۆی لێكتێگەیشتنێكی زۆرباش لەنێوان كچ وكوڕدا. بەوەش پرسی یەكسانی هەنگاوێكی گەورەو گرنگ دەچێتە پێشەوە.
وەك باسمان كرد كەموكوڕییەكانی سیستەمی فێركاری لەهەرێمدا زۆرن، دەكرێت لێرەدا بەخاڵ ئاماژە بەهەندێكیان بكەین:
-یاسای قوتابخانەكانمان نییە. تائێستا سیستەمی فێركاری لەهەرێم بەبێ یاسا بەڕێوەدەبرێت.
-هیچ ریفۆرمێك لەقۆناغی ئامادەییدا نەكراوە. واتە حەز و ئارەزووی قوتابیان زۆر سنوورداركراون، لەچەند بەشێكی كەمی ئامادەییدا. مافی هەڵبژاردنی بەش و وانەكان زۆر كەمن.
-نەبوونی پەرستیارو لایەنی تەندروستی لەقوتابخانەكاندا.
-نەبوونی خوێندن دەربارەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بەیەكەوە ژیانی كچ و كوڕ.
-نەبوونی رێگە پیشاندەری خوێندن و كاركردن لەقۆناغی بنەڕەتی و ئامادەییدا.
-لانەبردنی تاقیكردنەوەی بەكالۆری پۆلی 12، ئەم تاقیكردنەوەیە لەهەرێمی كوردستاندا سەدان كێشەی خۆكوشتن و دەروونی لای لاوان دروستكردووەو دەبێت ئیتر كار بۆ لابردنی بكرێت.
-لاوازی رۆڵی توێژەری كۆمەڵایەتی لەقوتابخانەكاندا، لەكاتێكدا مێرمنداڵی كوردستان گیرۆدەی دەیان كێشەی كۆمەڵایەتین.
-نەبوونی ئەدەبی رۆمان و چیرۆكی مێرمنداڵی بۆ تەمەنەكانی 13 تا 19 ساڵی.
هۆمەر قەرەداغی
بەڕێوەبەری پەروەردە لەسوید