سه‌ڵاح ئه‌لقه‌سه‌ب ریچاردی سێهه‌م ده‌باته قه‌ڵای هه‌ولێر
“هه‌ر كارێكی شانۆیی سپه‌یسێكی به‌رین و ئه‌تمۆسفێرێك ده‌خوازێت كه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی مندا بگونجێت”
” ئه‌مه‌وێت له ده‌رهێنه‌رێكه‌وه ببم به زانایه‌كی بایۆلۆژیی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مریی به شانۆ ببه‌خشم”
دیمانه /ساره عه‌لی
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی/كــاردۆ
ده‌رهێنه‌ری ناوداری شانۆی عێراقی د.سه‌ڵاح ئه‌لقه‌سه‌ب له خۆسازداندایه بۆ ئه‌وه‌ی شانۆیی ریچاردی سێهه‌می شه‌یكسپیر له قه‌ڵای هه‌ولێر نمایشتبكات،چونكه پێیوایه قه‌ڵای هه‌ولێر له‌شێوه‌ی تابلۆیهكهیه و پێكهاته‌كانی چوون كاتدرائییهكه باڵه‌كانی ئاڵتوونی بن و له ئاسمانێكی به‌رزدا بفڕن.
بۆچی بیرت له‌وه‌كرده‌وه كاری داهاتووت له قه‌ڵای هه‌ولێر نمایشت بكه‌یت؟
قه‌سه‌ب: هه‌ر كارێكی شانۆیی سپه‌یسێكی به‌رین و ئه‌تمۆسفێرێك ده‌خوازێت كه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی سه‌رسه‌ختی مندا بگونجێت ، له راستیدا من به‌دوای ئه‌و پانتاییه‌دا ده‌گه‌ڕێم كه خه‌یاڵم بتوانێت تێیدا هه‌ڵبكات ،بۆیه بیرم له قه‌ڵای ههولێركردهوه به‌و پێیه‌ی سیمبولێكی شارستانی و مرۆڤایه‌تیی گه‌وره‌یه. هه‌روه‌كو تابلۆیه‌كه چوون كاتدرائییهكه باڵه‌كانی ئاڵتوونی بن و له ئاسمانێكی به‌رزدا بفڕن. له هزرمه‌وه عه‌شقی ئه‌م شوێنه بوومه ،هه‌ربۆیه خهونبینیی ریچاردی سێهه‌م و خه‌یاڵی شه‌یكسپیر كه‌وتنه جموجۆڵ تا له‌م شوێنه نه‌مره نزیك بوونه‌وه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی بزاوتێكی شیعری و كولتوریی و شارستنیی بزورگه ،ئه‌مه‌یش كه‌ش وهه‌وایه‌كی له‌بار ده‌سته‌به‌رده‌كات بۆ كه‌سی داهێنه‌ر له پێناو ته‌قاندنه‌وه‌ی توانسته فراوانه‌كانی بۆ ههڵاوێردكردن و داهێنان ،ئه‌مه جگه له‌و پاڵپشتییه زۆره‌ی كه بۆ سه‌رخستنی هه‌ر سروودێكی ناوازه له ئاردایه،سروودێك كه سه‌ربه شارستانییه‌ت و مرۆڤایه‌تی بێت ،ئه‌مه‌یش هانی حه‌ز ویستهكانم ده‌ده‌ات تێكڕای ئهفراندنهكانم له ریچاردی سێهه‌مدا ،له نێو قه‌ڵای هه‌ولێری نه‌مردا نمایشتبكهم.
ئه‌ی له پاش ریچاردی سێهه‌م به‌نیازی چیت ،و كه‌ی له قه‌ڵای هه‌ولێر نمایشتی ده‌كه‌یت؟
قه‌سه‌ب:دوای ریچارد ،هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له باره‌ی سه‌ربورده‌ی هونه‌ری خۆمه‌وه ده‌كه‌م،هه‌ر له گلگامشه‌وه كه ده‌سپێكی پێكهێنانی وێنه‌یی بوو،تا ده‌گاته گه‌ڕانی تیۆریی له نێو سپه‌یسی زمان و شیعر و هونه‌ری شێوه‌كاریی دا، پێموایه شانۆگه‌رییه‌كی زێڕین بوو ،وه‌ك بازنه‌ی سه‌ماكاران ،یان دڵۆپه زیوینه‌كانی باران لێی ده‌ڕوانم،كاری هونه‌ریی و كولتووریی هاوشێوه‌ی كاروانی وه‌رزشوانه ،واتا ته‌مه‌نێكی زه‌مه‌نیی هه‌یه كه وابه‌سته‌ی گوڕیی وه‌زه و بزاوتی جه‌سته‌یه ،كاتێك ئه‌و وزه‌یه له كارده‌كه‌وێت ئه‌وكات وهرزشوانهكه واز له وه‌رزش ده‌هێنێت و مێژوویه‌كی پرشنگدار جێده‌هێڵێت ،هونه‌رمه‌ند یان ئه‌دیبیش هه‌ر به‌و جۆره‌یه، له رێی ئه‌و وزه‌یه‌ی كه له ناخیدایه بیرده‌كاته‌وه و ده‌جوڵێته‌وه ،بۆ نموونه دوایین كاره‌كانی بیكاسۆ وه‌ك ئهنزموونهكانی كاره سه‌رتاییه‌كانی نه‌بوون ،كاركردن له تابلۆكانی سه‌ره‌تای ئه‌زموونیدا به‌هێزتربوون به به‌راورد له‌گه‌ڵ دوایین كاره‌كانیدا ،هه‌روه‌ها دالی و مرۆڤه مه‌زنه‌كانی بواره‌كانی دیكه‌ی ژیانیش به هه‌مان شێوه،
كه‌وایه وزه ده‌وه‌ستێت و په‌كی ده‌كه‌وێت و پیریش ده‌بێت،بۆیه پێویسته هونه‌رمه‌ند به هۆشمه‌ندییه‌وه بڕیار له سه‌ر واده‌ی وه‌ستانی خۆی بدات تاوه‌كو بۆ ته‌واوی نه‌وه‌كان به جاویدانی بمێنێته‌وه ،من له دوای ریچارد له رووی هونه‌رییه‌وه واتا پراكتیكی راده‌وه‌ستم ،كاره‌كه‌شم له قه‌ڵای هه‌ولێر هه‌ڵده‌كۆڵم بۆ ئه‌وه‌ی ببێته تابلۆیه‌كی هه‌ڵواسراوی درووستكراوی خۆم،هه‌روه‌ك چۆن هه‌ڵكۆڵینه‌كانی هێنری مۆر و جه‌واد سه‌لیم و چامه‌كانی بۆدلێر پێكهێنران و راستیگه‌لێكی نه‌مر و گوڕ وتینێكی بێكۆتایان درووستكرد ، من نامه‌وێت له رووی هونه‌رییه‌وه لاوازبم ،هه‌روه‌ها نامه‌وێت مێژووی زێڕینم هه‌ره‌س بهێنێت ،كه به درێژایی چه‌ندین ساڵ بونیادمناوه،هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له كاروانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندێكدا واتای هه‌ره‌سهێنانی به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و كاروانه‌یه،دوا فیلمه‌كانی یوسف شاهین هه‌مان هێز و گوڕی كاره‌كانی سه‌ره‌تای ژیانی نه‌بوون بۆ نمونه ده‌رگای ئاسن ئه‌وده‌مه كه یاده‌وه‌ریی بینراوی به ئاگابوو،واتا ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه چاو به‌رپه‌رچی ده‌كاته‌وه بیردهبێت هه‌روه‌ك پیربوونی جه‌سته‌ی مرۆڤ،بۆیه ده‌بێت هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌رو مه‌زن گه‌مه‌ی كۆتایی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی له یاده‌وه‌ریی ئه‌وانی دیكه‌دا بمێننه‌وه و دهسكهوتهیشی بۆ هه‌میشه بمێنێته‌وه ،هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له شیعره‌كانی سه‌یاب و جه‌واهیری و بڵند حه‌یده‌ری وئه‌وانی تردا هه‌ن،به‌نیازم له مانگی حوزه‌یرانی 2011ــدا له قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌ست به كاره‌كه‌م بكه‌م و له رۆژی كردنه‌وه‌ی قه‌ڵادا له هه‌مان ساڵ نمایشتی بكه‌م.
ئه‌زموونی شانۆی عێراقی له چ ئاستێكدایه؟
قه‌سه‌ب: شانۆی عێڕاقی دیارده‌یه‌كی ناوازه نییه ،واتا ئه‌زموونێكی شانۆیی ستاتیكی گه‌وره‌ی نه‌بووه كه به‌ره‌و میتا شانۆ هه‌نگاوبنێت، ده‌سپێكی زۆربه‌ی ئه‌زموونه شانۆییه‌كانی عێڕاق له‌م نێوه‌نده‌دا به‌ر له شانۆیه ،واتا به‌ر له چامه ،به‌جۆرێك ئه‌وان چامهیان نووسیوه به‌ڵام شیعریان نه‌نوسیوه ،ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت مه‌به‌ستی ئێمه ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونگه‌لێكی گرنگی شانۆیی بێت ،وه‌ك ئه‌زموونه‌كانی جاسم ئه‌لعه‌بودی و به‌دری حه‌سون فه‌رید و سامی عه‌بدولحه‌مید و چه‌ند كه‌سێكی تر له رابه‌رانی شانۆی عێراقی ، به‌ڵام نه‌وه‌ی گه‌نج له شانۆی عێراقیدا وزه‌یه‌كی باشی هه‌یه بۆ كاری شانۆ ،هه‌روه‌ها بوێرییه‌كی وشیاریی زیاتری هه‌یه كه هه‌ڵگریی خهونبینیهكی خۆماڵییه و هه‌ندێك له رابه‌رانی شانۆی عێڕاقیشی تێپه‌ڕاندووه، هه‌ندێك گه‌نجی شانۆكاری عێڕاقی هاتوونه‌ته كایه‌وه كه ده‌توانن گۆڕانێكی گه‌وره له‌شانۆدا بهێننه ئاراوه، هه‌روه‌ها شانۆی كوردیی عێراقی له رووی كارنامه و خه‌ونبینی ستاتیكی و كاركردنی لهوبواردا ،ههنگواێكی باشی ناوه و توانیویه‌تی بگات به نهێنی جوانی ، ئه‌زموونی چه‌ند هونه‌رمه‌ندی كورد هه‌یه نه‌خشه‌یه‌كی ناوازه و پرشنگداری بۆ هونه‌ری شانۆی كوردیی داڕشتووه ،سه‌باره‌ت به نه‌وه‌ی هه‌شتاكان ،ئه‌زموونی گه‌وره‌یان هه‌بوو نه‌ك به‌ته‌نها له شانۆدا به‌ڵكو بواره‌كانی شیعر و چیرۆك و شێوه‌كاریشی گرته‌وه ،ئه‌و قۆناغه هه‌ریه‌ك له خزهیرمیری له فه‌لسه‌فه و خه‌زعه‌ل ئه‌لماجدی له شیعر و ئیبراهیم ره‌شید ی له شێوه‌كاریی دا هێنایه كایه‌وه هه‌رهه‌مووشیان له شانۆوه پێگه‌یشتن ئه‌مه جگه له چه‌ند ناوێكی تر. ئه‌م نه‌وه‌یه توانی به توانست و وزه‌یه‌كی زۆره‌وه هه‌نگاوبنێت به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مان ده‌توانن كۆتاییه‌كان ببڕن و بگه‌نه وێنه‌یه‌كی ئاوێزان له سه‌ر لووتكه‌كه‌دا؟ هه‌ندێك له ئهفرێنهرهكان لوتهكهكانیان جێهێشت به‌ڵام خه‌ون وكاره‌كانیان به‌ره‌و ئه‌ودیوی لوتكه‌كان هه‌ڵده‌زنێن.
*ئاخۆ فۆرمهیشن له شانۆی میتا وێنه‌دا چاره‌سه‌ره؟
قه‌سه‌ب: بۆ ئه‌وه‌ی شانۆی وێنه خه‌ونبینیه سرووشتبهدهرهكانی چه‌ق به‌ستوو نه‌بن ،پێویسته له كێڵگه و رووبه‌ری نوێ‌دا له جموجۆڵدابێت ،هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی وێنه نه‌گاته كۆتا و كۆتاییه‌كانیش نزیك نه‌بنه‌وه،پێویسته له نێو سپه‌یسی زانست و فیزیك و پزیشكی و ئه‌ندازیاریی بیناسازیی و تێكڕای بواره‌كانی زانیاری‌دا هه‌نگاوبنێت، زانست دوو هێڵی هاوته‌ریبه كه یه‌ك ناگرنه‌وه ئه‌مه‌یش به‌رده‌وامیی گه‌ڕانی زانستی دهگهیهنێك كه كۆتایی نایات،سه‌باره‌ت به بواره‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب وبواره‌كانی تری داهێنان ئه‌و دووهێڵه یهكانگیردهبنهوه ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ده‌گه‌ینێت كه ئه‌و بوارانه كۆتاییان هه‌یه به پێچه‌وانه‌ی توێژنه‌وه زانستییهكانن ،بۆیه هه‌موو شتێك دووباره‌ده‌بێته‌وه و پێویسته تێیدا وێنه ره‌ها بكه‌ین و وه‌كو شه‌پۆل و وزه و گوڕیی وه‌جدی ماتریالی كه ده‌یگۆڕێته سه‌ر لێكۆڵنهوهیهكی فیزیكی ،هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه دووربخه‌ینه‌وه كه پێشتر هه‌وڵیان ئه‌دا له رێی زمان‌ناسی و لێكۆلێنه‌وه بونیادگهرییهكانهوه وزهبۆ جه‌سته‌ی شانۆ بگه‌ڕێننه‌وه كه هه‌ر زوو تووشی ڤایرۆسیانكرد و ته‌واوی شانه‌كانیان دووچاری سڕبوونكرد و خه‌ونه‌كانیش دووباره ده‌بوونه‌وه،من به‌دوای و گوڕیی فیزیك و وزه‌ی شه‌پۆله‌كاندا ده‌گه‌ڕێم و ئه‌مه‌وێت له ده‌رهێنه‌رێكه‌وه ببم به زانایه‌كی بایۆلۆژیی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مریی به شانۆ ببه‌خشم.
دۆخی ئه‌مرۆی شانۆی ئه‌زموونگه‌ریی چۆن ده‌بینی؟
قه‌سه‌ب: هیچ ئاماژه‌یه‌ك له نه‌خشه‌ی شانۆی عه‌ره‌بی و جیهانیدا نه‌بووه كه ره‌هه‌ندێكی پرشنگداری هه‌بووبێت ،واتا توانیبێتی ناوچه‌كانی دۆزینه‌وه و پهنیكردنی بڕیبێت، شانۆ وێڕای ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ی تا ئێستا شانۆیه‌كی راشناڵییه بۆیه له‌و رووه‌وه ئه‌زموونی تایبه‌تیمان به‌دی نه‌كردووه،هه‌روه‌ها جگه له چه‌ند ئه‌زموونێكی پرشنگدار ی چه‌ند وڵاتێك كارێكی ئه‌و تۆمان نه‌بینیوه،به‌ڵام له‌عێراقدا هه‌ندێك ئه‌زموون توانیویانه رووناهی ببه‌خشن به‌ڵام هێزی دره‌وشانه‌وه یان نییه.
چه‌مكی شێتیی له‌لای سه‌ڵاح ئه‌لقه‌سه‌ب چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
قه‌سه‌ب:شێتیی جوڵانه‌وه‌یه له نێو ئه‌و شوێنانه‌ی كه پێشتر ئاشكرانه‌كراون و نامۆن به‌لای خه‌ڵكییه‌وه ،چۆن ده‌مانه‌وێت لێكدانهوهبكهین و ئاماژه‌كانی خه‌یاڵ وه‌ربگرین و چۆن ئه‌توانین شیعرێك یان تابلۆیه‌كی شێوه‌كاریی بخوڵقێنین كه ببێته مایه‌ی شۆك و تێكچوونی باڵانس له لای وه‌رگر،ئه‌و وه‌رگره‌ی كه به‌شێت ناوی هونه‌رمه‌ند ده‌بات ،كاتێك شیعرێكی بۆدلێر یان رامبۆ ده‌خوێنمه‌وه هه‌ستده‌كه‌م توانستی عه‌قڵیان سرووشت به‌ده‌ره و توانیویانه خه‌یاڵی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ،ئه‌مه‌یش له‌لای وه‌رگر مانای شێتی ده‌به‌خشێت ،كه ئه‌ویش كاڵفامییه نه‌ك راستگۆیی له حوكمدان.
له شانۆی وێنه‌دا هه‌میشه باس له شانۆی میتا واتا ده‌كه‌یت ئه‌مه‌یان چی جۆرێكه له شانۆ؟
قه‌سه‌ب: كاتێك له‌گه‌ڵ تابلۆیه‌ك یان چامهیهكدا یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی تری هونه‌ری هۆگریی پهیدادهكهین، ئه‌وكات ئێمه به‌نێو ئه‌و مۆزهخانانهدا گوزهرمانكردهوه كه له مۆم درووستكراون ،هه‌ر لێره‌وه (واتا) له‌م كارانه‌دا ئایندهی تێگهیشتنهكانمانن یان هه‌وڵده‌ده‌ین تا لێیان بگه‌ین ،به‌م شێوه‌یه (واتا) له شانۆی وێنه‌دا ئاماژه‌یه بۆ میتا واتا یاخود ئه‌و واتا و مانایه‌ی كه هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه،ئه‌مه‌یش نهێنی به‌رده‌وامبوونی ئه‌فراندنه‌كانی مرۆڤایه‌تی و دانه‌بڕانی شانۆ و هونه‌ره‌كانی تره له ئاینده .
سه‌ڵاح قه‌سه‌ب جێگره‌وه‌یه‌كی هه‌یه بۆ شانۆی وێنه‌یی؟
كه جێگره‌وه بۆ هونه‌رمه‌ند هاته ئاراوه ئه‌وكات هونه‌ر هه‌ره‌س ده‌هێنێت ،له نه‌خشه‌ی هونه‌ر و كو‌لتوردا جێگره‌وه بوونی نییه.
سه‌رچاوه:وكاله انباوكردستان