
ڕوانگه‌ی به‌رێز مامۆستا شێخ عیزه‌دین له سه‌ر مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد،
ڕوانگه‌ی به‌رێز مامۆستا شێخ عیزه‌دین له سه‌ر مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، ده‌وری دین له کۆمه‌لگه‌ی ئه‌مڕۆدا و، بزووتنه‌وه‌ی”سه‌وز”
له وتووێژێک له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی “به عبارت دیگر”ی به‌شیی فارسیی ته‌له‌فزیونی بی‌بی‌سی
پێشه‌کیی وه‌رگێڕ
کاتێک ده‌قی ئه‌و وتووێژه‌ی به‌ڕێز مامۆستا شێخ عیزه‌دین له ته‌له‌فزیونی بی‌بی‌سی بڵاوکرایه‌وه و پاشان له‌سه‌ر ماڵپه‌ری ئه‌و ناوه‌نده ڕاگهیهنهرییه دانرا، له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا بێجگه‌له‌وه‌ی که خه‌ڵكێکی زۆر له رێگه‌ی ئه‌و ڕاگهیهنهرهوه دیتان و گوێبیسی بوون،به چه‌ندین شێوه‌ی دیکه‌ی وه‌ک ئی-مه‌یل و فه‌یس بووک و ته‌له‌فون و ئێس.ئێم.ئێس و… خه‌ڵکانێکی زۆر دۆست و هاوبیر و ناسراوی خۆیان خه‌به‌ر ده‌کرد. تا ئه‌و جێگه که من بۆ خۆم چه‌ند په‌یامم له پێوه‌ندیه‌دا پێ گه‌یشت.
پێموایه هۆی ئه‌و پێشوازییه بێ وێنه‌یه له‌و وتووێژه، روون ئاشکرایه، ئه‌ویش هه‌ڵوێسته بوێرانه‌کانی مامۆستا و سه‌لماندنه‌وه‌ی چه‌ندجاره‌ی ئه‌مه‌گناسیی تا سه‌ری ئه‌و رێبه‌ره به ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو. که نیشانی‌دا تێپه‌ڕبوونی زه‌مان و ته‌نانه‌ت پیری، نه‌ک هه‌ر روانگه‌ی له‌مه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌یی و چۆنیه‌تی روانین به پرسه کۆمه‌لایه‌تیه‌کان نهگۆرێوه، به‌ڵکه قایم تر و پته‌وتر و بهتهدبیرتر له ڕابردوو له‌سه‌ر روانگه‌کانی خۆی ماوه و بوێرانه به‌ئاگاداریی خه‌ڵکی کورد و ئێرانییه‌کان و هه‌موو جیهانی ڕاگه‌یاند.
بۆ من مامۆستا شێخ عیزه‌دین ئه‌و رێبه‌ره‌یه که له‌سه‌رده‌مێکدا بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به وشیاری و لێزانی و سه‌داقه‌ته‌وه رێبه‌ریی کرد و له دژوارترین کاته‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌دا و له کاتێکدا زۆر که‌س و لایه‌نی دیکه ئیدیعای رێبه‌ریی خه‌ڵکیان ده‌کرد و به ئاشکرا و نهێنی له هه‌وڵی سازان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و وه‌رگرتنی “به‌ش” بۆ خۆیان بوون، مامۆستا ئه‌وه‌ی بیری لێ نه‌کرده‌وه خۆویستی و موعامله له‌سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که مامۆستای تا ئاستی خۆشه‌ویسترین رێبه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز کرده‌وه.
پاش هێرشی درندانه‌ی حکوومه‌ت بۆ سه‌ر کوردستان و سه‌رکوتی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و سه‌پاندنی شه‌ڕ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ماندا، مامۆستا به کرده‌وه نیشانی دا که ئه‌و رێبه‌رێکی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بوه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له توانای دا هه‌بوو که رێکخراو و ده‌سته‌ی چه‌کدار رێکبخات، ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد.
ئێستا پاش سێ ده‌یه، بێگومان مامۆستا ، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئیدیعایه‌کی رێبه‌ریی کردنی خه‌ڵکی هه‌بێ، وه‌ک هاووڵاتیه‌کی تاک قسه ده‌کات،و قسه‌کانی ئاوێنه‌ی باڵا نوێنی ویست و خوازستی به‌رۆژ کراوه(Update)ی نه‌ته‌وه‌که‌یه. ئه‌و شێوه هه‌ڵسوکه‌وته‌ی مامۆستا نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن که به‌رێزیان تێڕاونینێکی واقعبینانه‌ی له هه‌لومه‌رجی خۆی(ته‌مه‌ن) و کۆمه‌ڵگه هه‌یه. که ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی ئه‌مه‌گناسی ،خۆ نه‌ویستی و تێگه‌شتنی ئه‌و رێبه‌ره مێژوییه ده‌سه‌لمێنێ. داخۆ هێندێک له رێبه‌رانی حێزبه سیاسییه ئوردووگانشینهکان نابێ له مامۆستا و به‌تایبه‌ت له هه‌ڵوێسته‌کانی فێر ببن؟به‌تایبه‌ت به له‌به‌رچاوگرتنی ته‌مه‌ن و تێپه‌ڕ بوونی کاتی خانه نشینییان!!
له کۆتاییدا وێڕای هیوای ته‌مه‌ندرێژیی بۆ مامۆستا شێخ عیزه‌دین به‌رێزیان له‌گه‌ڵ رێبه‌ریی مێژوویی ئافریکا، نیلسۆن ماندێلای هه‌ڵده‌سه‌نگێنم و شانازی به رێبه‌ریی ئه‌وکاتی و هه‌ڵوێستی ئێستای ده‌که‌م.
خه‌لیلی غه‌زه‌ڵی
پێشه‌کیی رۆژنامه‌وان عینایه‌تی فانی(به‌ڕیوه‌به‌ری بی‌بی‌سی فارسی و وتووێژکار)
شێخ عیزه‌دینی حوسێنی میوانی ئه‌مجاره‌ی به‌رنامه‌ی “به عبارت دیگر”(“به واتایه‌کی دیکه” – وه‌رگێڕ)، دژی حکوومه‌تی شا بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی جێنشینه‌کانی شا(حکوومه‌تی ئیسلامی- و)ش نه‌سازا و له جێگه‌ی سازان له‌گه‌ڵ ئه‌م حکوومه‌ته، رێبه‌ریی خه‌باتێکی گرته ئه‌ستۆ که کورده‌کانی ئێران، هه‌ر له به‌یانیی سه‌رکه‌وتنی شۆڕش بۆ وه‌ده‌ستهێنانی خودموختاری به‌رپایان کرد.ئه‌و که ئێستا له سه‌روبه‌ندی تەمەنی 90 ساڵی دایه و رێگایه‌کی دوور و دڕێژی تا تاراوگه،واتا ئوپسالای وڵاتی سوئێد پێواوه، ئاخۆ له‌سه‌ر هەڵوێستەکانی ڕابردووی خۆی چ ده‌ڵێ، ئاخۆ بیر‌و باوه‌ڕیشی ئه‌م رێگه دووڕهیان پێواوه؟
ده‌قی وتووێژه‌که
جه‌نابی شێخ، ئێوه له ته‌مه‌نی 90 ساڵی نزیک ده‌بنه‌وه و ناچار بوی که ساڵانیکی زۆر له تاراوگه زیان به‌سه‌ر به‌ری و هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌هۆی چالاکیی سیاسیتانه‌وه بوه. لێره له‌م دووری له زێد و نیشتمانه، بوه که له خه‌ڵوه‌تی خۆتاندا بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که سه‌دبریا کارێکتان به سیاسه‌ته‌وه نه‌ده‌بوو و ئێسته له مه‌هاباد ئیمام جومعه‌ی شار بوایه‌ن؟
نه، من شانازی ده‌که‌م که له سیاسه‌تدا به‌شدار بوم. نه‌ته‌وه‌ی کورد سته‌می لێده‌کرێت.هه‌موو ئێمه ده‌بێ خه‌بات بکه‌ین تا له ده‌ستی زوڵم و سته‌م رزگار بین و به مافی ره‌وای خۆمان بگه‌ین، من ئه‌گه‌ر به‌شێكی چکۆله‌م له‌م قۆناخه‌دا هه‌بێ پڕبه‌دڵ شانازیی پێده‌که‌م.
کوردستان پاش شؤڕش قۆناخ گه‌لێکی دژواری پر له شه‌ڕ و خوێنڕشتنی پێوا. ئێسته که ئاوڕ له‌و ڕابردووه ده‌ده‌نه‌وه، له رۆژه‌کانی سه‌ره‌تای شؤڕش دا هێنانه ئارای خودموختاری پێویست بوو؟ نه‌ده‌کرا پێش به‌و هه‌موو خوێن ڕشتنه بگیڕرێت؟
ئێمه خوێنێکمان نه‌ڕشت. ئێمه هێندێک داخوازیی مان هه‌بوو و پێشکه‌شی حکوومه‌تمان کرد. من خۆم چووم بۆ تاران. حیزبی دێموکراتیش نوێنه‌ری نارده تاران و هه‌وڵماندا به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بوه، مافێکمان پێ بده‌ن، تا له‌گه‌ڵیان بین و پێکه‌وه هاوکاری بکه‌ین.ئێمه‌ش موسوڵمان بوین.به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌نه‌بوون هیچ شتێک قه‌بووڵ بکه‌ن. به‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی ئاوڕ له مافه‌کانی ئێمه بده‌نه‌وه، کاریان ئه‌وه بوو که‌سانی وه‌ک خه‌ڵخاڵی بۆ قه‌لاچۆکردنی خه‌ڵک ره‌وانه‌ی کوردستان بکه‌ن. ئێمه مودافع بووین.ئێمه هیچکات حه‌زمان له‌و شه‌ڕه نه‌بوو. له‌به‌ر ئه‌وه لێمان ده‌کوژرا. ئێمه داوای مافی خۆمان ده‌کرد. ئه‌وه ئه‌وان بوون که هێرشیان هێنا. که‌مینه‌یه‌ک گه‌ر داوای مافێک بکات،هیچکات تالبی شه‌ڕ نییه. له‌به‌ر ئه‌وه لایه‌نی به‌رابه‌ری به‌هێزتره. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شه‌ر هاتن.
به‌ڵام جه‌نابی شيخ، پرسیاری من ئه‌وه‌یه که له سه‌ره‌تای شۆڕشدا، ئایا زوو نه‌بوو که ئێوه باسی خودموختاری بهێننه گۆڕ،چه‌نده پێویست بو که حه‌تمه‌ن له‌و سه‌رده‌مه‌دا به خودموختاری بگه‌ن؟
خودموختاری لانی که‌می داخوازه‌کانی ئێمه بوو که داوامان ده‌کرد.
نه‌تان ده‌توانی دهسڕاگرن که هێندێک هه‌لومه‌رجه‌که باشتر بێت و (ئه‌وسا) له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت بکه‌ونه وتووێژی فره‌تره‌وه؟
ئێمه زۆر سه‌بر و ته‌حه‌مولمان له‌خۆ نیشاندا. ئه‌وان په‌لاماری ئیمه‌یان دا. ئێمه چوینه تاران،له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکرات هه‌وڵی زۆرمان دا که به‌شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵیان رێککه‌وین، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانویست. ئه‌وان ده‌یانویست کوردستان داگیر بکه‌ن.
به‌ڵام کاتێک که وتووێژ له نێوان نوێنه‌رانی کوردستان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌هاته ئاراوه ،که ئێوه‌ش له زۆربه‌ی کاته‌کاندا سه‌رۆکی کۆر نوێنهراتهتی(کورد) بوون، وا ده‌رده‌که‌وت که ئه‌وان(لایه‌نی ده‌وڵه‌ت -م) به‌شێک له داخوازه‌کانی ئێوه‌یان قه‌بووڵ کردبوو.
نهخير، به هيچ شێوه‌یه‌ک وا نه‌بوو. ئه‌وان تێکشکان. هێڕشیان کرده سه‌ر ئیمه و شکستیان هێنا. به‌مه‌به‌ستی خۆ سازدانه‌وه و هێرشی دووباره وت‌ووێژیان ده‌ستپێکرد. کاتێک من بۆ دیتنی خومه‌ینی چووم و چاوم پێکه‌وت،ده‌رکی ئه‌وه‌م کرد که هیچ مافێک بۆ کورد ره‌وا نابینێ.
چاوپێکه‌وتنی ئێوه له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵا خومه‌ينی چۆن بوو؟
خومه‌ينی له رێگه‌ی وه‌زیری ناوخۆوه بانگهێشتی منی کرد. ئێمه چوین، گه‌رچی له تاران گیروگرفتیان پێکهێنا،به‌ڵام سه‌ره‌نجام چاومان پێکه‌وت. ئه‌وه‌ی که من له‌گه‌ڵی باسم کرد، داخواز و مه‌سه‌له‌ی گه‌لی کورد بوو. ئه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماریه‌ک مه‌لا و پیاوی ئایینی له‌گه‌ڵ من بوون باسی ئه‌وه‌ش کرا ،ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت ئیسلامییه، ده‌بێ حکومه‌تی هه‌موو موسوڵمانان بێت و سونییه‌کانیش بگرێته‌وه.
به‌ڵام خومه‌ینی به هیچکام له باسه‌کان وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه و دهیگنخاند. ده‌یگوت هه‌موو ده‌گرێته‌وه و هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێن. ئه‌ڵبه‌ت هه‌موو ده‌بێ ئه‌وه بزانن که خومه‌ینی جگه له دامه‌رزانی حکوومه‌تی ئیسلامی و ویلایه‌تی فه‌قی، به‌هیچی دیکه رازی نه‌بوو.
به‌ڵام جه‌نابی شيخ، ئێوه ئیسته که چاو له ڕابردوو ده‌که‌ن ده‌ستکه‌وتی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی خه‌بات بۆ خه‌ڵکی کوردستان چ بوه؟
ئه‌وه‌ی که خه‌لکی کوردستان له به‌رابه‌ر(هێرشی) رژیمدا خۆڕاگریان کرد‌و 30 خه‌باتیان کرد و ئێسته خه‌لکی کوردستان له خه‌ڵکانی دیکه‌ی ئێران له پێشترن.
له چ بارێکه‌وه؟
له‌وباره‌وه، که ئێستا خه‌ڵکی ئیران ئه‌وه ده‌ڵین که گه‌لی کورد ئه‌وسا ده‌یگوت.
یانێ خوازیاری ئازادیی و دێموکراسین؟
به‌ڵی ، ئه‌وان ده‌نگیان به کۆماری ئیسلامی‌دا ، ئێستا په‌شیمانن و ده‌ڵێن ئه‌م حکوومه‌ته خراپه. ئێمه 30 ساڵ خه‌باتمان کرد، ئه‌وه‌ی که ئێسته ئێـمه زیندووین و ده‌بینین خه‌ڵک رۆژ له رۆژ زیاتر پێ له‌سەر مافه‌کانی خۆیان داده‌گرن، ئه‌وه به‌رهه‌می خه‌باتێکه که ئێمه کردومانه و خه‌ڵکانی دیکه نه‌یانکرد.
به‌ڵام هه‌ر ئێستا زۆرێک له رێبه‌رانی رێکخراوه سیاسییه‌کانی کورد به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتون که خه‌باتی چه‌کداریی وه‌ک ڕابردوو کارامه نییه و ده‌ستیان لێهه‌ڵگرتوه. ڕای جه‌نابتان چییه؟ ئێوه له‌و باوه‌ڕه‌دان که کورده‌کان ده‌بێ وه‌ک ڕابردووبه به خه‌باتی چه‌کداریی به‌ربه‌ره‌کانێی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن؟
نه. به‌باوه‌ڕی من ئیمرؤکه نابێ خه‌باتی چه‌کداریی بکرێت،مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه له خۆتان دیفاع بکه‌ن، بێن و له‌گه‌ڵتان به‌شه‌ڕ بین و ئێوه‌ش ناچار به دیفاع له خۆتان بن.غه‌یری ئه‌وه من خه‌باتی چه‌کداری په‌سند ناکه‌م. من دهمههێت له رێگه‌ی سیاسییه‌وه نه‌ک له‌گه‌ڵ جه‌مهووری ئیسلامی، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ خه‌لکی ئێران هه‌موو ده‌ستمان بخه‌ینه نێو ده‌ستی یه‌کتر بۆ رووخانی ئه‌م حکوومه‌ته و دامه‌رزانی ده‌سه‌ڵاتێکی دێموکرات و خه‌ڵکسالار، به‌لکوو ئێمه‌ش له حکوومه‌تێکی وادا به مافه‌کانمان بگه‌ین.
باسێک که زۆر دێته ئاراوه بۆ کوردان، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی که له‌باری مێژووییه‌وه رابردووی خه‌بات بۆ خودموختاریی هه‌یه، ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێین ئێوه جودایی خوازن و سه‌ره‌نجام ده‌تانه‌وێت کوردستان له ئێران جودا بکه‌نه‌وه.ئه‌م تاوانه ئیمڕۆکه‌ش له ئاست هندێک رێکخراوی کوردی‌دا دێته ئاراوه، وه‌ڵامی جه‌نابتان به‌م ئیتهامه چییه؟
له بنه‌ڕه‌ت دا بۆ ده‌بێ جوداییخوازیی تاوان و کوناح بێت؟ نه له قورعاندا و نه له عورفی خه‌ڵکدا ،نه له‌م جیهانه پان و به‌رینه‌دا نه‌ته‌وه‌یه‌ک گه‌ر بیه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بێت، هیچ به‌رگرێکی نییه. به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئێمه به دروستی نازانین.
من ساڵانی زوو له‌گه‌ڵ هێندێك له رێبه‌رانی کورد وه‌ک ئاغای قاسملوو و ئاغای شه‌ره‌فکه‌ندی که ڕابروویهکی دوور و درێژیان(له بزووتنه‌وه‌ی کورددا – و)هه‌یه، وتووێژم کردوه، ئه‌وان ده‌یانگوت جودا بوونه‌وه له ئێران هیچکات باسی ئه‌وان نه‌بوه و دروشمیان دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوه، ده‌شیان گوت له داهاتووشدا هه‌ر ئه‌وه دروشمیان ده‌بێت.
ئه‌وه‌ڕاسته. به‌ڵام ئێمه ئێسته ده‌ڵێین فدراتیو. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی کورد داوای ده‌کات له بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێسته دێته گۆڕی زۆر جیاوازه.
واتا ئێوه له ڕاستیدا ئه‌و مافه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ره‌وا ده‌بینن که وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی پێک بێنێ؟
به‌ڵێ. به‌ڵام ئێمه واقع بینین، ئه‌وه‌ی که ئێسته ده‌ست نادات، نایهێنینه گۆڕی. باسی ناکه‌ین و هیچکاتیش نهماگوتوه جودایی خوازین. له سه‌ره‌تاش و له‌سه‌رده‌می قازی موحه‌مه‌دیش هه‌روا بوه، ئه‌مانه ئه‌و بوختانانه باسده‌که‌ن بۆ ئه‌وه دژی ئێمه به‌شه‌ر بێن و دان به مافه‌کانماندا نه‌نێن. ته‌نانه‌ت دوکتور قاسملوو له‌باتی خودموختاری به “خودگه‌ردانی”یش ڕازی بوو، به‌ڵام پێیان نه‌دا.
به قسه‌ی جه‌نابتان، ته‌نانه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌ش که قازی موحه‌مه‌د کۆماری مه‌هابادی پێکهێنا، ئه‌و و حیزبی دێموکرات خوازیاری جودابوون له ئێران نه‌بوون؟
نه. ئه‌وه‌ی که دروشمی هه‌موو کوردستان بوو، ئه‌وه بوو:کۆماری خودموختاری کوردستان.
جه‌نابی شێخ، با هێندێک بگرێنه‌وه بۆ بیر‌و راکانی جه‌نابتان. ئێوه که‌سێکی ئایینین به‌ڵام له سه‌ره‌تاکانی شۆڕشی ئێران‌دا زۆرێک له رێکخراوه چه‌په‌کانی ئێران و له سه‌روویانه‌وه رێکخراوه چه‌په‌کانی کوردستان که زۆرێکیان مه‌زهه‌بی نه‌بوون و ره‌نگه له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیشیان به بوونی خودا نه‌بوو، رێزێکی تایبه‌تیان بۆ جه‌نابتان هه‌بوو و ئێوه‌ش پشتیوانی‌تان لێده‌کردن. چ نزیکایه‌تیه‌ک له نیوان مارکسیزم و ئه‌و ئیسلامه‌ی که ئێوه باوه‌ڕتان پێیه ده‌بینن، وا ئه‌وه‌نده لێک نزیک بون؟
له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانویست و خه‌باتمان بۆی ده‌کرد، مافه‌کانی گه‌لی کورد بوو.هه‌رکه‌س له‌م رێگه‌دا هه‌نگاوی هه‌ڵده‌گرت و هاو را و هاوڕێی ئێمه بوو،چ چه‌پ بوایه، چ مه‌سیحی بوایه ، هه‌رکه‌س بوایه بۆ ئێمه رێزی هه‌بوو. کۆمه‌ڵه و دێموکرات خۆیان چه‌پ بوون. ئێمه ده‌مانویست خه‌بات بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ببه‌ینه پێشه‌وه. کێشه‌که ئه‌وه نه‌بوو که ئه‌م موسوڵمانه و ئه‌و کافره. رۆژێکیان، له یه‌کێک له خۆپیشاندانه‌کاندا، جه‌ماعه‌تێک ئاڵایه‌کی سه‌وزیان هه‌ڵگرتبوو که نیشان بده‌ن موسوڵمانن. چوومه پێشی و پێم گوتن براینه ئێمه له مزگه‌وت موسوڵمانین. به‌ڵام لێره بۆ مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد خه‌بات ده‌که‌ین، داواتان لێده‌که‌م ئه‌و ئاڵایه زوو به‌رنه‌وه بۆ مزگه‌وت. پرسی ئێمه خه‌باته بۆ پێشبردنی مافی گه‌لی کورد و ئه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه به مافه‌کانی خۆی بگات.
به‌ڵام وا دێته پێش چاو که نه‌زه‌ر و بیر و بۆچوونی ئێوه قووڵتر له پرسی کورد بوه. واتا ئێوه به‌گشتی روانگه و تێگه‌یشتنتان له ئیسلام به شێوه‌یه‌کی دیکه‌یه.چ جیاوازییه‌ک له نێوان ئه‌و ئیسلامه‌ی ئێوه باوه‌ڕتان پییه و ئیسلامی خه‌ڵکانی دیکه. به‌تایبه‌ت ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌بینن؟
جیاوازیمان یه‌کجار زۆره.
جگه ئه‌وه‌ی ئێوه رێڕه‌وی مه‌زهه‌بی سونیین ئه‌وان شیعه، جیاوازیه‌کان چین؟
ئیسلام به‌مانای وشه ڕاسته‌قینه‌که‌ی، یانێ باوه‌ڕ به خودا ، دوارۆژ ، دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕاگرتنی دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک. ئیسلام ئایینێکی باشه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا؛ ئێوه کۆماری ئیسلامیی دوازده ئیمامیی ویلایه‌تی فه‌قی بێننه پێشچاوی خۆتان. کاتێک ئێوه ده‌ڵێن کۆماری ئیسلامی، ئه‌وه‌ی ناموسوڵمان بێت نای گرێته‌وه. کاتێک ده‌ڵیی ئه‌سنا عه‌شه‌ری(دوازده ئیمامی-و)، هه‌موو رێره‌وانی مه‌زهه‌بی سونیت ده‌رهاویشتوه. کاتێک باسی ویلایه‌تی فه‌قی ده‌که‌ی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ته‌نیا هێ ئه‌و شیعانه‌یه که ویلایه‌تی فه‌قییان قه‌بووله و، ئه‌وانی دیکه هیچ. واتا ده‌بێ باوه‌ڕت ئه‌وه بێت که ویلایه‌تی فه‌قی نوێنه‌ری ئیمامی زه‌مانه( که ئه‌ویش نوێنه‌ری خودایه) . زۆرێک له شیعه‌کان، ته‌نانه‌ت ئایه‌توڵا شه‌ریعه‌تمه‌داری، و ئایه‌توڵا خوویی و.. باوه‌ڕیان به ویلایه‌تی فه‌قی نه‌بوو.
که‌واته ئێوه به‌گشتی باوه‌ڕتان به کۆماری ئیسلامی نییه؟
نه. من باوه‌ڕه‌م به جودایی دین له ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته. له بنه‌ڕه‌تدا له‌و باوه‌ڕه‌دام که له‌م سه‌رده‌مه‌دا مه‌زهه‌ب ناتوانی حکوومه‌ت بکات.
ئه‌ی ده‌وری دین و ئایین له کۆمه‌ڵ دا چی لێی دێت. بۆ نموونه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دینیدا؟
ده‌روی دین له کۆمه‌ڵگه زۆره. بانگه‌شه‌ی مه‌زهه‌بی، باسی خودا شناسی، باسی داورۆژ، باسی ئه‌خلاق، لایه‌نی مه‌عنه‌وی. لایه‌نی مه‌عنه‌وی له دیندا گرینگه. نموونه‌یه‌کت بۆ باسده‌که‌م:ئێمه لایه‌نگری په‌ره‌سه‌ندن(ته‌کامول)ین. وه‌ک ئینسانێک قۆناخی گه‌شه‌کردنی هه‌یه و تا به ئه‌نجام ده‌گات. مه‌سه‌له‌ن سه‌ره‌تا ده‌چێته خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی، پاشان ناوه‌ندی و پاشتر زانکۆ و سه‌ره‌نجام سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت. خه‌ڵک و نه‌وعی ئینسان به‌شێوه‌ی سروشتی به‌و شێوه ژیاوه. ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مێکدا کە هیچ پێغه‌مبه‌رێک نه‌بووه، پاشتر که (مرۆڤ)گه‌شه‌ی کرد و توانای ئه‌وه‌ی په‌یداکرد که ئامۆژگاریی گوێ بدات، پێغه‌مبه‌ره‌کان هاتن. هه‌ر وه‌ک قورعان ده‌فه‌رمێ هیچ ئۆمه‌تێک نه‌بوه که رێ نیشانده‌رێکی نه بووبێ.
خه‌ڵک له قۆناخێکدا به‌ره به‌ره گه‌شه‌یان کردوه و پاشان (که ئه‌و گه‌شه‌یه) بۆیان کۆن بوه، پێغه‌مبه‌رێکی دیکه هاتوه تا ئه‌و گه‌شه سه‌ندنه ببووژێنێته‌وه . ئه‌مه هاتووه تا گه‌یشتوه به حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د. حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د کاتێک که هاتوه، ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه که من دووایین پێغه‌مبه‌رم.
ئێوه پێتان وایه فلسه‌فه‌ی ئه‌وه‌ی که موحه‌مه‌د ڕادهگههنێت که ئاخرین پێغه‌مبه‌ره چییه؟
فه‌لسفه‌ی ئه‌وه‌یه که ئیتر نه‌بوه‌ت وه‌ک جاران نه‌ماوه و ئیمه پێمان ناوه‌ته قۆناخێکی دیکه‌وه. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێک قۆناخه‌کانی گه‌شه‌ی تێپه‌ڕاندبێ و گهیشتبێه قۆناخی زانکۆ.
واتا ئاستی تێگه‌یشتنی مرۆڤ گه‌یشتوه‌ته ڕاده‌یه‌ک که ئیتر پێویستی به پێغه‌مبه‌رێکی دیکه نییه؟
به‌ڵێ، پێویستی نییه و که‌سیش نییه. واتا (ئیتر) ده‌ورانی عیلم و زانسته.ئه‌گینا ناتوانرێ باوه‌ڕ بکرێ که له ماوه‌ی هه‌زار ساڵدا دوو سێ پێغه‌مبه‌ر بێن، به‌ڵام له ماوه‌ی 1400 ساڵدا ، خودا‌ش ده‌زانێ تاکه‌ی، ته‌نیا یه‌ک کتێب له هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تدا حکوومه‌ت بکات.
به‌ڵام ده‌بینین که کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به راده‌یه‌ک گه‌شه‌ی کردوه و گه‌یشتوه‌ته ئاستێک که خۆی به‌ڕێوه ده‌بات و پێویستی به‌وه نییه که رێڕه‌وی ئه‌و شتانه بکات. ئه‌وه باوه‌ڕی منه.
له ڕاستیدا ئێوه عه‌قڵ گه‌ران و قسه‌تان ئه‌وه‌یه که عه‌قڵی مرۆڤ گه‌یشتوه‌ته ئاستێک که ئیتر پێویستی به پیاوچاکێک نییه که رێگه و شوێنی بۆ دیاری بکات؟
وایه. مه‌زهه‌ب ده‌توانی یارمه‌تیده‌ری لایه‌نی مه‌عنه‌ویی مرۆڤ بێت. ئینسان دوولایه‌نی هه‌یه. لایه‌نێکی ماددی، لایه‌نێکی مه‌عنه‌وی. یه‌کێکی دنیا و ئه‌وی دیکه‌ی دوازۆژ یا ئاخره‌ت. دین ده‌توانی ئه‌رکی دوه‌می خۆی(مه‌عنه‌وی) به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک که ده‌یه‌وێت به خه‌ڵک ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ناتوانێ له ده‌وڵه‌ت و یاسای بنه‌ڕه‌تیدا خۆ هه‌ڵقوتێنێ. یاسای بنه‌ڕه‌تی، ده‌بێ یاسایه‌ک بێت که که هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌خۆی بگرێت.دێموکراسی و ئازادیی و سێکۆلاریسمی تێدا به‌دی بکرێت. هه‌رکه‌س چاو له‌و یاسایه بکات، به هین خۆی بزانێ. مافی ژنی تێدا ره‌چاو کرابێت.
من لایه‌نگری به‌رابه‌ری، یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی باشم. ئه‌وه قه‌بووڵ ده‌که‌م که خه‌ڵکی جیهان په‌سندی ده‌که‌ن.له‌و باوه‌ڕه‌شدام که ئه‌وه ئیراده‌ی خودایه. خودایه که وای ویستوه. ئه‌مه قۆناخی ته‌کاموله. رۆژێک له شوێنێک وتم که دین بوارێکه بۆ ده‌رکه‌وتنی گه‌وره‌یی خودا، ئه‌گه‌ر شتێکی دیکه جێگه‌ی ئه‌م گه‌وره‌ییه بگرێته‌وه، ئه‌رکی ئێمه چی ده‌بێت؟
ئێوه له‌سه‌ر مافی ژنان قسه‌تان کرد.له حاڵی حازردا ئه‌مه باسێکی زۆر به‌رچاوه، به‌تایبه‌ت پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران،کێشه‌ی ژن هه‌میشه گرفتێک بوه و ژنانیش له‌م ماوه‌دا نارازی بوون و بۆ گه‌یشتن به مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاو خه‌باتیان کردوه.
وایه.
ڕاتان به وردی له‌سه‌ر مافی ژنان چییه، مه‌به‌ستم له روانگه‌ی فقهییهوهیه.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام که ژن یش وه‌ک پیاو مافی ده‌بێ هه‌بێت و مافی خۆیه‌تی به‌و مافانه بگات.به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ژنیش ده‌توانێ هه‌رچی پیاو ئه‌نجامی دا ئه‌ویش ئه‌نجامی بدات، قسه‌یه‌کی دیکه‌یه.ژنێک ده‌بێ ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت که وه‌ک پیاوێک قۆناخه‌کانی گه‌شه سه‌نده‌ن بپێوێت.هیچکه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه ژن بچه‌وسێنێته‌وه، یا قه‌یومی ژن بێت.ژن و پیاو هیچ جیاوازیه‌کیان پێکه‌وه نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌هره‌ی ژنان و پیاوان جیاواز بێت و هه‌ریه‌که خاوه‌ن به‌هره‌ی خۆی بێت و بچێته پێشه‌وه، قسه‌یه‌کی دیکه‌یه.
ئه‌مه روانگه‌ی فێقهی ئێوه‌یه یا باوه‌ڕی خۆتانه که له‌کۆمه‌ڵگه‌شدا بڕه‌وی هه‌یه و هه‌موان قه‌بووڵیانه؟
مه‌به‌ستت چییه؟
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌م یه‌کسانیی ژنه که ئێوه باسی ده‌که‌ن،باوه‌ڕێکه که‌له دینی ئیسلام هه‌لێنجراوه؟
ئاخر هه‌رکه‌س به شێوه‌یه‌ک ئیسلام لێكده‌داته‌وه.ئایه‌تێک هه‌یه ماناکه‌ی ئه‌مه‌یه که خودا پاداشی هه‌موو ئێوه و ژنان ده‌داته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌یه که ژنان و پیاوان یه‌کسانن.
به‌ڵام هه‌ر له قورعاندا ئایه‌ی دیکه‌ش هه‌یه که چالاکانی بواری ژنان به دژی ژنانی ده‌زانن.
ئیجازه بده. هێندێک له حوکمه‌کانی قورعان به هه‌لومه‌رجی کات و جێگاوه دهبهستڕێنهوه.بۆ نموونه ده‌ڵێن که ژن ناتوانێ ببێته قازی.ئه‌مه له هیچ شوێنێکی قورعاندا نییه. یا شایه‌تیدانی دوو ژن به‌رابه‌ر به شایه‌تیی پیاوێکه. ئه‌مه له کاتێکدا بوه که ژنان له کۆمه‌ڵگه دوور خرابوونه‌وه.له‌به‌ر ئه‌وه ده‌فه‌رمێ ئه‌گه‌ر یه‌کیان له‌بیری چوو،ئه‌وی دیکه وه‌بیری بێنێته‌وه.
یانێ به باوه‌ڕێ ئێوه لێکدانه‌وه و تێگه‌یشتن له قورعان ده‌بێ به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئیمرؤ بکرێت. و ئه‌گه‌ر پێویستی کرد جیاواز له‌وه‌ی که پێشتر لێکدراوه‌ته‌وه، ته‌فسیر بکرێت؟
ڕاست وایه، ئێمه ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌وه‌بێت که دین و ده‌سه‌ڵات ده‌بێ لێک جودا بن، و رۆژ ڕۆژی عیلم و زانسته، ئیتر بۆ دین لایه‌نی مه‌عنه‌ویه‌که‌ی ده‌مێنێته‌وه.
پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری له ئێران و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، بیری نوێ به سه‌رچاوه‌ی مه‌زهه‌بیه‌وه زۆرتر بوه.هه‌رچه‌ند ئه‌مه پێشریش له ئێران‌دا هه‌بوو.به‌باوه‌ڕی جه‌نابتان ئه‌م ره‌وه‌نده به کوێ ده‌گات؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که گۆڕانێکی جیدی له ئیسلامدا ده‌بینرێ که له شکلێ رێفورم یا رینسانسێک که‌له ئایینی مه‌سیحیدا روویدا، له ئیسلامیشدا رووده‌دا؟
به باوه‌ڕی من مووسه‌وی و که‌رووبی و بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، ناتوانن رێبه‌ریی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه بگرن که سێکۆلاره و ده‌یه‌وێت سێکۆلار بێت.ده‌یه‌وێت ئازادی و دێموکراسیی هه‌بێت. ئه‌م حکوومه‌ته ،وه‌ک پێشتریش باسم کرد، حکوومه‌تی خه‌ڵک نییه، بۆیه هه‌رچی به‌ته‌مای ئیسلاح کردنی بن، دیسان هه‌ر به‌کاری خه‌ڵک نایه‌ت.
یانێ ئێوه له‌و باوه‌ڕه‌دان که هه‌ر بزاڤێکی ئیسڵاحخوازانه که له چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا بێته مه‌یدان، به‌هیچ ئه‌نجامێک ناگات؟
به‌ڵێ ، هیچ ئه‌نجامێکی نابێت.
ره‌نگه ئه‌و بزاڤه ئیسڵاحخوازانهیه سه‌ره‌نجام به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سێکۆلار بگات. چ خراپییه‌کی هه‌یه ئه‌گه‌ر ناوی ئیسلامی هه‌بێت.
کۆماری ئیسلامی ناتوانێ سێکۆلار بێت. ئیسلامی 12 ئیمامیی ویلایه‌تی فه‌قی، چۆن ده‌توانێ سێکۆلار بێت و ئازادی بدات؟
که‌وایه جه‌نابی شێخ ئێوه باوه‌ڕتان به شۆڕشه؟
من له‌و باوه‌ڕه‌دام که خه‌ڵک ده‌بێ هوشیار و ئاگاه بنه‌وه. شۆڕش ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌وه بێت، دیسان یه‌کێک دیت دیکتاتۆریی دادهمهرزێنێتهوه.ده‌بێ خه‌ڵک هوشیار بکرێنه‌وه که بێنه شه‌قامه‌کان، وه‌ک ئه‌وه‌ی کاتێک ئه‌و پێنج که‌سه‌یان ئیعدام کرد، له کوردستان کرا. خه‌ڵک مانیان گرت و هاتنه مه‌یدان و به‌بێ هیچ توندوتیژییه‌ک خۆیان نیشاندا.
به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندییه‌کی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز که هه‌م له ناوخۆ و هه‌م له ده‌روه په‌سنی ده‌ده‌ن،ئه‌وه‌یه که ئه‌م بزووتنه‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی رابردوو، دووره له توندوتیژی. واتا بۆ گۆڕانی حکوومه‌ت شوێن زه‌بر و زه‌نگ و توند و تیژیی ناکه‌وێت.
قسه ئه‌وه نییه که توند و تیژیی و رهبر و زه‌نگی ناوێت، به‌ڵکه قسه ئه‌وه‌یه که چیی ده‌وێت. ئایا ده‌یه‌وێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ و سێکۆلاریسم دامه‌رزێنێ؟ ئه‌مانه هیشتا بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له خۆیان بێت، له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامین، ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌یهه‌وێت لهئهمان به‌ر نایه‌ت. ته‌نیا کارێک که کردوویانه، ده‌رکه‌یان کرده‌وه‌ته‌وه که خه‌ڵک بێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان.