Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
شەڕانیەت و دڕندەیى مرۆڤ… شاخەوان عومەر سلێمان

شەڕانیەت و دڕندەیى مرۆڤ… شاخەوان عومەر سلێمان

Closed
by March 2, 2008 گشتی

 كە مرۆڤ لەسەر پانتایى زەمین یەكەم حیوارى ژیانى دەسپێكرد، ئەو چركەیەى بوونەوەر بە سروشت ئاشنابوو، ئەڵقەكانى فیلمى ژیارى و شارستانى و رۆنانى مێژووى ئەستێرەیەك بەناوى گۆى زەوى یەكەم لاپەڕەى خۆى هەڵدایەوە، كەش و هەواو خاك و دەوروبەر بریتی بوون لە تابلۆیەكى  پاك و  بىَ گەردى رتووش و ئادگارە پۆخڵ و پیسەكان، وێنەى سەرتاپاى سوچ و قوژبن و پەناو پەسێو و بەرزاى و نزماییەكانى زەوى سەوز و وەنەوشەیەكى بەهارى دەینواند، هێشتا بوار بۆ لێكتێگەشتن و ژیاندۆستى فراوانتر بوو، دڵرەقى و ویژدانى مردوو و نەستى دڕندانە كەمترین شوێنى لە كەلتور و ئەدەبیاتى رەوشتى كۆمەڵگا نەبوو ، بەڵام درككردنى مرۆڤ بە قازانج و زەرەر، دۆزینەوە و بەجوڵەكەوتنى عەقڵى كۆكردنەوە و پاشەكەوتكردن و داگیركارى ، روحیەتى چڵێسى و هەلپەرستى و خودشەیدایى دەسپێكى ژیانێكى مەرگەساتاوى بوون .
 تاوانى قابیل و هابیل، شاڵاوەكانى ئەسكەندەرى مەقدۆنى، حیكایەتەكانى كوشتن و بڕین و خوێن ڕشتنەكانى كلێسا و فتوحاتەكانى ئیسلام، هەڵمەتەكانى وێرانكارى مەغۆل و تەتەر، پاوانخوازیەكانى دیكەى مێژووى تاریكى دنیا، ئەو رووداوە گەورە و كاولكارانە بوون كە وێڕاى داهێنانى بەرەواجترین كارخانەى هاڕین و لەتوكوتكردنى جەستەى مرۆڤ، ترسناكترین پەتاى كردە خۆراك و زەوى و مرۆڤایەتى بۆ سەر پڕترین و قەرەباڵغترین سفرەى كینە و بوغز و كەلەشەقى داوەتكرد، ئەوسا مرۆڤ هاوشێوەى جانەوەرێكى پەلاماردەر و تێكشكێنەر كەوتە وێزەى دەوروبەر و بەرامبەر و خۆی ، ئیدى ژیان بوە مەیدانى پێكدا هەڵپژان و تێكگیربوون، فروفێڵ و تەفرەدانى یەكتر و ملشكاندن و پاشقولگرتن بوونە خەسڵەتى بەردەوامى ژیان.
 هەر زوو ئاین وەك دەستور و بەرنامەیەكى سەرزەمینى ویستى ببێتە فریادرەسێك بۆ رزگاركردنى پەلەقاژێى ژیان، كە نقوم بووى ناو لیتەو قوڕاوى سیما زڕاوەكانى ئەو رۆژگارە بوو، گەرچى پەیامى ئاینەكان ، مەسیح، ئیسلام، یەهود، لەگەڵ نەرموونیانى و نیازى ئینسان دۆستانەى خۆیان، تۆزێك توندوتیژى و هەڵچوونى هەستەكانیان لەگەڵ خۆیان هێنا، بەڵام راستى ئەوەیە هیچ ئاینێك  تەمسیلى ئەو درندایەتى و وەحشیانیەتەى مرۆڤى ناكات.
  پاش تێپەڕاندنى چەرخەكانى سەرەتاو ناوەڕاستى  شارستانیەت و هاتنە پێشى زەمەن و سەردەمێكى نوىَ، دۆزینەوەى كیشوەرى ئەمریكا لە لایەن كرستۆف كۆڵۆمبس، داهێنانى وزەى ئۆتۆمى لەلایەن ئەنشتاین و بەرهەمهێنانى كارەبا لە سەر دەستى ئەدیسۆن، بەدواى ئەوانەشدا نەشونماكردنى نەوت وەك سامانێكى سروشتى پڕبەها، كە ئەنجام سیستەمى ئیستیعمارى، بەشینەوە و پارچە پارچەكردنى گەلانى لێكەوتەوە، ئەمجارەیان شۆڕشى چنینەوەى گیانى مرۆڤ مۆدێلێكى پێشكەوتوترى بەخۆەبینى،  تیایدا دوڕ و گەوهەرى دەسكەوتى بیریار و زانایان بۆ قڕكردن و قەسابیكردنى خەڵك بەكاربرا، ئەو رۆژگارەش هەڵسوڕێنەرانى جیهان هیلاكى و ماندووبوونى زانایەكى وەكو ئەنشتاینیان بۆ سڕینەوەى ژیان لەسەر رووپەڕى زەوى وەگەرخست.
 لەو رێڕەوەش ئەزموونى ژیان چیرۆكى تاڵ و تاریك و رەشى دروستكرد، مایەى سەرسوڕمانە هەر دەسەڵات و هێز و سەركردە و پەیامێكى ئاینى و زەمینى لەكاتى لەشكركێشى و مەرامى داگیرەكەریەكانیان دروشمى گەڕاندەوەى ئاسودەی و سەقامگیرى و دادپەروەرى كۆمەڵایەتیان بەرزكردۆتەوە، كەچى بەدەگمەن روویداوە ئەو هەوڵانە سەدان ئاڵاى سورو رەش و سپى و زەردیان لە گۆڕنەنابێت بۆ بەرزكردنەوەى ئاڵایەك كە ستەمكارى و چەوساندەوەى كردە جوانترین دیارى گەلەكەیان .
 
 
Shakawan77@yahoo.com
 

Previous
Next