Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
نۆرا ڕۆبەرتس پڕ بەرهەمترین ژنە ڕۆماننووسی ڕۆمانسی ئەمریکی…. عەبدوڵا سڵێمان

نۆرا ڕۆبەرتس پڕ بەرهەمترین ژنە ڕۆماننووسی ڕۆمانسی ئەمریکی…. عەبدوڵا سڵێمان

Closed

 نۆرا ڕۆبەرتس پڕ بەرهەمترین ژنە ڕۆماننووسی ڕۆمانسی ئەمریکی
لەبەردەم  چەند پرسیارێکی خوێنەرانیدا

بەشی یەکەم….    

 وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ(
پرسیار : تۆ نووسەرێکی پڕ بەرهەمی،چۆن بیرۆکەی نوێت بەبەردەوامی بۆ دێت؟
    کارۆڵ ڕەمسەی – ئەمریکا

نۆرا ڕۆبەرتس : بیرۆکە بێکۆتاییە و نوسەرانیش زۆر بە توندی ڕایەڵکراون تا بەو شێوەیە بیربکەنەوە.ئێمەش بەهۆی بەکارهێنانی خەڵکی نوێوە بە تازەیی ئەیهێڵینەوە.تێکەڵکردنی کاراکتەرە جیاوازەکان و دانانیان لە شوێنکاتی جیاوازدا.ئەمە هەمیشە جارێکی دی یەکەمین کتێبە . یەک بیرۆکە دەتوانرێ بە هەزاران شێوە بوترێت.پیانۆ 88 کلیلی هەیە،بەڵام دەتوانرێ ژمارەیەکی بێکۆتایی مۆسیقا لەو کلیلانەوە دروست بکرێت.

پرسیار : بۆچی خەڵک دەبێ ڕۆمانی ڕۆمانسی بخوێنێتەوە؟
                   مەهتۆت تێکا – ئەدیس ئەبابا

تۆرا ڕۆبەرتس :لەبەر ئەوەی ڕۆمانی ڕۆمانسی ئاهەنگی پەیوەندی و دۆزینەوەی خۆشەویستی و زاڵبوونە بەسەر بەربەستەکان وداننانە بە ڕاستییەکان.وا بیر دەکەمەوە ئەمە شتێکی بەهادارە بۆ ڕێزلێنان.ئەم ڕۆمانانە تەنها سەبارەت بە ڕووتی نین، هەرچەندە باس کردن لە ڕووتی نە ئێستا و نە لەداهاتوو هیچی تێدا نیە.

پرسیار :پەرچەکردارت چی دەبێت لەبەرامبەر ئەو ڕەخنەگرەی کە دەڵێت ڕۆمانی ڕۆمانسی بێبەهایە؟
                    ڕیچەڵ مەلەکویت – فیلیپین

نۆرا ڕۆبەرتس :ئەوە مێشک وشکییە بۆ هەر کەسێک بڵێت کە سەرتاپای ژانرێکی ئەدەبی بێ بەهایە.لەهەر ژانرێکدا شتی بێ بەها هەیە.ناکرێ بڵێم هەموو ڕۆمانێکی ڕۆمانسییش کە بڵاوکراوەتەوە ڕۆمانی بە دانسقەن،بۆ من زۆر ساویلکەییە گەر وابڵێم.دەشێ هەندێ لەو ڕۆمانانە لە کەناری بێ بەهایی بن، بەڵام لە چاوی تاکی خوێنەرەوە .

پرسیار : ئایا تۆ ڕۆمانسیت؟
                  لەوری کرەیت – بەڵتیمۆر

نۆرا ڕۆبەرتس :دەوەستێتە سەر پێناسەی تۆ بۆ ڕۆمانسییەت.باوەڕ ناکەم من ڕۆمانسییەکی ترادیسیۆنی بم کە بیر لە مۆمی سەر نانخواردنی ئێوارە و هێنانی گوڵ بکەم لەلایەن مێردەکەمەوە،دیارە خۆشحاڵ ئەبم گەر ئەو کارە بکات،من زیاتر خاوەن بیرکردنەوەیەکی پراکتیکیم،من قەشەنگترین ڕۆمانسیەت لەوەدا دەبینمەوە وەختێ مێردەکەم دەبینم قاپ دەشوات.

پرسیار : ژمارەیەکی زۆر لە کتێبەکانت بە وەسفێکی زۆر جوانی شوێنکات وەکو ئێرلەندە بیناکراوە.ئایا تۆ هەمیشە بەر لە نووسین گەشتی ئەو شوێنانە دەکەی ؟

نۆرا ڕۆبەرتس :هەندێک جار. من هەمیشە دەچمە ناو مێشکی خۆم.بەهۆ ئینتەرنێتەوە دەتوانێت بچیتە هەموو شوێنێک و بەدوای هەموو شتێکدا بگەڕێی.کەدەستم بە نووسین کرد دوو کوڕی 3 ساڵان و 6 ساڵانم هەبوو.تۆزێک زەحمەت بوو پێیان بڵێم "منداڵەکان ببورن من ئیشم هەیە دەبێ بڕۆم ،ئەوە{سپەگەتییەْ} بیخەرە نێو مایکرۆوەیڤەوە و ئیتر هەمووشت ئاسایی دەبێت".

پرسیار : ئایا پاڵەوانە ژنەکانت ڕەنگدانەوەی ئەزموون وشارەزایی خۆتن یان کەسانێکن کە دەیانناسی؟
                          جولی لاڤۆیی – کەنەدا
                           

نۆرا ڕۆبەرتس :بە دڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەی من نین چونکە گەر وابێ ئەوا بێتام ئەبێ.من ئەو نزیکایەتیم نییە لە سەرکەشی و ئازایەتی و بەخشندەیی هەروەک ژنە پاڵەوانەکانم هەیانە.نازانم کەسێکی تر ئەوئارەزووەی هەیە یان نا.کاری من ئەوەیە کە ئەوپاڵەوانانە بخوڵقێنم.

پرسیار :تۆ ڕۆمانی ڕۆمانسی نیگەرانی لەژێر ناوی ج.د.ڕۆب ئەنووسی . بۆچی؟ ئایا نهێنییەکی ورووژاو لە پشت ئەم کارەتەوە هەیە؟
                          کڵانت هییوز – ئەمریکا

نۆرا ڕۆبەرتس :ئەمە پەیوەندی بە بازاڕی چاپەمەنییەوە هەیە.من زۆرخێرا ئەنووسیم، دەزگاکانی چاپیش هەر بەرهەمی من بڵاوناکەنەوە بەرهەمی نووسەرانی تریش بڵاودەکەنەوە.جامنیش ڕازیبووم کە هەوڵ بدەم شتێکی جیاواز بکەم.ئەوکتێبانە زۆر نیگەرانتر و جیاوازترن لەو کتێبانەی کە من بە ناوی خۆم بڵاویان دەکەمەوە.جا بڵاوکردنەوەیان لە ژێر ئەو نازناوە تایبەتییەتێک بەخوێنەر دەبەخشێ.

پرسیار :منداڵان بە دەگمەن بۆ خۆشی دەخوێننەوە، چۆن هانیان بدەین بۆ حەزکردن لە کات بەسەربردن لەڕێگەی خوێندنەوەوە؟
                          تریسیا مانسۆن – ئەمریکا

نۆرا ڕۆبەرتس :ئەوە دەوەستێتە سەر دایک و باوکان نەک هەر لێبگەڕێن ، بەڵکو دەبێت هانیشیان بدەن بۆ لەزەت بردن لە خوێندنەوە.خەڵک ئەوکتێبانەی کە بۆت باشن دەیخەنە بەردەست، وەک برۆکۆڵی لە بری ئایس کرێم.بەڵام ئەگەر لێیان بگەڕێی "سپایدەرمان"بخوێننەوە-کە دڵنیام خوێندویانەتەوە- ئەوا دواتر دەچنە سەر "ڕەی برادبێری" و " ستیفن کینگ".

پرسیار :بۆچی ڕۆماننووسی ڕۆمانسی سەرکەوتووی پیاو کەمن؟
                               ج.ڕ.ڕێپیچ – ئەمریکا

نۆرا ڕۆبەرتس :ئەم کتێبانە(ڕۆمانانە) پشت بە سۆز دەبەستن، کە زیاتر لای ژنان بەرجەستە دەبێتەوە هەرچەندە پیاوانێکی زۆر دەیخوێننەوە ئەگەر لەسەر مێزی قاوەی ماڵەوە دانرابن.هەر شتێک لەزەتی لێیکەی دەگەڕێیتەوە سەری.ژنانیش زۆر لە پیاوان زیاترچێژ لە ڕۆمانسییەت وەردەگرن .

پرسیار :ئایا ڕاستە لە حونجە نووسین (spelling ) زۆر خراپی؟
                                ئاندی چوو – ئەمریکا

نۆرا ڕۆبەرتس : زۆر وێرانم!{پێدەکەنێ}ئێستا باشترم لەو کاتەی کە دەستم پێکرد.بەڵام سوپاس بۆ خوا کە حونجە نووسین ڕاستکەرەوە لە کۆمپیتەردا هەیە!

پرسیار : ئایا تا ئێستا هیچ وەڵامێکی نێگەتیڤت لەلایەن سەنووسەران و بڵاوکەرەوەکانەوە پێگەیشتووە پێش ئەوەی کارەکەت لەدەست بچێت؟
                    کلاودیا نێڵسن – کالیفۆڕنیا، ئەمریکا

نۆرا ڕۆبەرتس  :من ناڵێم نێگەتیڤ ، بەڵام ژمارەیەک ڕەتکردنەوەم هەبووە.هەروەها هەروا ئاسان نیە فرۆشتنی یەکەمین کتێبت .

پرسیار: ئایا قەت وا بووە لە نووسین بێزاربوبێتی و ویستبێتت شتێکی تر بکەی؟
                                      ئییان کەچیمۆڤ-

نۆرا ڕۆبەرتس : من نازانم ئەگەر نووسەر نەبوومایە چیم دەکرد.نووسەری کارێکی زۆر باشە ، هەرگیز لێی بێزار نابم.ئەشێ ماندوو ببیت –ئەزانم ماندوو ئەبم – بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کاروبارانەی پەیوەندن بە نووسینەوە بەڵام نەک ئەو پرۆسەیەی کە بەدیار کیبۆردێکەوە دابنیشیت.ئەگەر حەزت لێ نەبێت بۆچی ئەوکارە دەکەی چونکە بەڕاستی کارێکی قورسە.هەروەها کارێکی تەنهایە و ڕۆژانە بۆ چەندسەعات لەسەر کورسییەک دادەنیشی. کەچی بۆ من ئەمە ڕێک هەر ئەو کارەیە کە دەمەوێت بیکەم.

پرسیار :چاکترین ئامۆژگاریت بۆ ئەو کەسانە چیە کە دەیانەوێت ببن بە ڕۆماننووس؟
                               دان مەنۆوز _ ئەمریکا

نۆرا ڕۆبەرتس :بخوێننەوە تۆ ئەگەر پێویستیت بە سەروبۆری ، بە شارەزایی ڕەوانی ، بونیاد و خاڵبەندی و ڕێزمان هەیە بخوێنەوە.هەروەها ئەوەی ئەیخوێنیتەوە بینووسەوە.ئەگەر بۆ چێژ نەخوێنیتەوە ناشتوانی بنووسیت.ئەگەر خۆشیی بە خۆت نەبەخشێت ئەوا خۆشیی بە کەسی تر نابەخشێت.پەیوەندی بکە بە نووسەرە ڕۆمانسییەکانی ئەمریکاوە.مەڵێ " من کەی کاتم پەیدا کرد ئەوسا دەنووسم"ئەمە بێزارترین شتە کە گوێم لێ دەبێت.کەس کات پەیدا ناکات دەبێت خۆت کات بۆ خۆت دروست بکەیت.

ژێدەر :
سپەگەتی : جۆرە خواردنێکی ئیتاڵییە و لە هەویر دروست دەکرێت و بە گەلێ شێوەی جیاجیا لێدەنرێت.
برۆکلی : قەرنابیت

سەرچاوە :
The Time Magazine
Thursday November 29، 2007
http://www.time.com/time/magazine/article/0،9171،1689202،00.html

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.