ژنكوژی و كێشه‌ی ژماره‌كان
دیار عه‌زیز شه‌ریف
دیارده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه دیارده‌یه‌كی جیهانگه‌راییه‌و كاردانه‌وه‌ی دیارده‌ی ئه‌و توندوتیژییه‌یه كه به‌شێوه‌و ئامرازی جیاجیا دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه به‌گشتی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان له كۆمه‌ڵگاو كولتووره جیاوازه‌كان به‌ڕێژه‌و شێوازی جیاواز ئه‌نجامده‌درێت. پیاده‌كردنی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه له‌نێو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی مێژوویه‌كی دوور‌و درێژی هه‌یه‌و ڕه‌گ و ڕیشه‌كه‌ی له قووڵایی بونیادی عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاریدا جێگیربووه. كه‌واته به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سروشتی كولتووری كۆمه‌ڵگاو هه‌ژموونی پیاوسالاری زه‌حمه‌ته له سیما‌و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه تێبگه‌ین، به‌مه‌ش زه‌قبوونی ئه‌و دیارده‌یه له‌نێو هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا په‌یوه‌سته به ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری له‌نێو هه‌مان كۆمه‌ڵگادا، واته چه‌ندی كێرڤی ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی پیاو یان نێرینه به‌گشتی به‌رزتر بێت، ئه‌وه‌نده حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی دژ به ره‌گه‌زی مێینه له هه‌ڵكشاندا ده‌بێت. لێره‌وه‌ش جیهانه‌گه‌رایبوونی دیارده‌كه وابه‌سته‌ی لۆكاڵیبوونێكی ته‌واو ده‌بێت، به واتا ئه‌و توندوتیژییه‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی كراوه دژ به ژنان یان ڕه‌گه‌زی مێینه به‌گشتی پیاده ده‌كرێت جیاوازه له‌و توندوتیژییه‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراودا به‌رامبه‌ر به هه‌مان ڕه‌گه‌ز پیاده ده‌كرێت. ڕاسته هه‌ردووكیان بریتین له ده‌ستدرێژیكردنێكی ڕه‌مزی و جه‌سته‌یی بۆ سه‌ر خودی مرۆڤ له‌ژێر به‌هانه‌ی كولتووریی جیاجیا، به‌ڵام گوتاری پشت ئه‌و دیارده‌یه‌و ئه‌نجام و ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌و دیارده‌یه له‌نێو هه‌ردوو جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی داخراو-كراوه‌دا جیاوازییه‌كی ته‌واوی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌مانایه‌كی تر كاتێك دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه له‌نێو كولتوورێكی دواكه‌وتوودا زیاتر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو یاسا‌و خودی ئینسانه‌كانیشدا تێده‌په‌ڕێت و ده‌چێته خانه‌ی له‌یادچوونه‌وه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌وتنه به‌ر رۆشنایی كولتووری و یاسایی حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه له‌نێو كۆمه‌ڵگا كراوه‌و كولتووره ڕۆشنگه‌ره‌كاندا.
لێره‌وه ئه‌گه‌ربێتو بمانه‌وێت قسه له‌سه‌ر دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی بكه‌ین، ئه‌وا به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌بێت گوتاری پیاوسالاری یان ڕاستتر بڵێین نێرسالاری له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگاو كولتووره‌دا بخه‌ینه ژێر ڕۆشنایی لێكدانه‌وه ئه‌نترۆپۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژییه‌كانه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌بێ شیكردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ئه‌و گوتاره هه‌رگیز له ڕه‌هه‌نده‌كانی دیارده‌كه تێناگه‌ین كه ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژه‌ی ئه‌و توندوتیژییه هاوشانی باوه‌شكردنه‌وه به ئامراز‌و هۆكاره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی زیاتر ده‌بێت و به‌رزده‌بێته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه به‌شێكه له كۆی ئه‌و توندوتیژییه‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی دژ به ئینسانه‌كان ده‌كرێت، ئه‌وه توندوتیژییه‌ك نییه ئاوارته بێت و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیاقه كولتوورییه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه هاتبێت، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ژموونی پیاوسالارییه‌وه ڕێژه‌ی توندوتیژییه‌كه به‌رامبه‌ر به ئافره‌ت و ڕه‌گه‌زی مێینه به‌گشتی زۆر زیاتر‌و زه‌قتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و توندوتیژییه‌ی به‌رامبه‌ر به ڕه‌گه‌زی نێرینه‌و توێژه‌كانی تری نێو كۆمه‌ڵگا ده‌كرێت. توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی تاوانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوادادێت، له‌به‌رئه‌وه بێده‌نگبوون له توندوتیژی ڕه‌گه‌زی زه‌مینه‌یه‌كی خۆشده‌كات بۆ ئه‌گه‌ری ڕوودانی تاوان له‌لایه‌ن مرۆڤێكه‌وه به‌رامبه‌ر به هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی، لێره‌وه تراژیدیای كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌ر ته‌نیا له‌وه‌دا نییه كه ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له حاڵه‌ت و ڕووداوه‌كانی توندوتیژی دژ به ژنان و ڕه‌گه‌زی مێینه هه‌یه، به‌ڵكو تراژیدیایه‌كه له هه‌بوونی ئه‌و بێده‌نگییه مه‌ترسیداره قووڵتر ده‌بێته‌وه كه‌وا ڕووخساری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی داپۆشیوه، بێده‌نگبوون له به‌رامبه‌ر دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌یوه‌سته به ڕازیبوونێكی ناڕاسته‌وخۆی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر هه‌بوونی ئه‌و دیارده‌یه، بۆیه به‌دوای ئه‌و دیارده‌یه‌وه ده‌بینه خاوه‌نی دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدارو خوێناوی ئه‌ویش دیارده‌ی ژنكوژییه. وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێكرد ڕه‌وایه‌تیدانی كولتووریی به دیارده‌ی توندوتیژی به‌دوای خۆیدا تاوان دێنێت، یه‌ك له‌و تاوانانه‌یش كه ئه‌نجامی ئه‌و دیارده‌یه‌یه، كرده‌ی تاوانی ژنكوژییه، كه به‌پێی عورفی ئه‌و كولتووره‌وه زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌و تاوانه، به تاوان ردانانرێن، چونكه له به‌شێكی زۆریاندا مه‌سه‌له‌ی “كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌ف”ی تێدایه، به‌ڵام له‌وه مه‌ترسیدارتر دۆشدامانی یاسایه به‌رامبه‌ر به عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه دیارده‌ی ژنكوشتن ده‌بێته دیارده‌یه‌كی ئاسایی نێو ئه‌و دنیایه‌ی ئێمه‌و ده‌چێته خانه‌ی له‌بیرچوونه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ڕه‌گه‌زی مێینه په‌یوه‌سته به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گوتاری پیاوسالاری كه هۆكاری سه‌ره‌كی چه‌ندین نه‌خۆشی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه یه‌كێك له‌و نه‌خۆشییه كوشندانه هێرشكردنی ڕه‌مزی و جه‌سته‌ییه بۆ سه‌ر ئافره‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌پێشدا له دۆخی ئاسایی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا ئه‌و ڕه‌گه‌زه له خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای پاتریاركیدا به بوونه‌وه‌رێكی پله‌دوو پێناسه‌كراوه، به‌زمانی ته‌قلیدی قسه بكه‌ین به‌بێ ڕوودانی هه‌ر كاره‌ساتێك دژ به‌و ڕه‌گه‌زه، ئه‌و عه‌قڵیه‌ته نێرسالارییه “نیوه‌ی كۆمه‌ڵگای” له‌كارخستووه، كچ و ژنی كورد له سیاقی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بوونه‌وه‌رێكی پاسیڤكراوو كارلێككراوه. مرۆڤی كارلێككراویش به‌دیدی ئه‌ریك فرۆمه‌وه، مرۆڤێكه خاوه‌نی هێزو توانا خودییه‌كانی خۆی نییه‌و له‌بری كار، كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان له قاڵبه كوردییه‌كه‌یدا خۆی هه‌ڵگری چه‌ندین ئیشكالی كولتووری و ڕۆشنبیریی و یاساییه، بۆ نموونه له مه‌سه‌له‌ی میكانیزمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كه‌دا ڕووبه‌ڕووی عه‌قڵییه‌تێكی ڕووكه‌شی ده‌بینه‌وه، عه‌قڵیه‌تێك له كاتی ئێستادا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ “ژماره” هه‌یه، كێشه‌ی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته له‌وه‌دایه كه هه‌وڵی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌یه بدات كه له ڕۆژنامه‌ی نیویورك تایمز له‌باره‌ی كوژرانی ژنی كورد، واته كێشه‌ی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته له‌گه‌ڵ زۆری و كه‌می ژماره‌كه‌دایه، نه‌وه‌كو خودی كاره‌ساته‌كه، باشه گریمان ئه‌و ژماره‌یه “12000” نییه‌و “12”یه، كه‌واته ئایا له‌و حاڵه‌ته‌دا ئینسان نه‌كوژراوه؟! كێشه‌ی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته ژماره‌یه، نه‌وه‌كو هه‌بوونی ئه‌و دیارده‌یه، یان تێپه‌ڕینی ئه‌و دیارده‌یه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو یاسادا. هه‌روه‌ها ئیشكالی یاسایی له په‌یوه‌ست به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده دزێوه له‌وه‌دایه كه تائێستا ڕێگه‌چاره‌ی “عورف”ی به‌سه‌ر ڕێگه‌چاره‌ی “یاسایی” له وڵاتی ئێمه‌دا زاڵه، ئه‌مه‌ش ناڕاسته‌وخۆ یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دیارده‌ی ژنكوژی.