تیئۆری سه‌رکه‌وتنی چینی کرێکار مارکسیزمه
ئازاد به‌کر
مارکسیزم تیۆری ڕۆشنکردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شه‌کانی چینی کرێکاره له هاتنه‌مه‌یدانی ئه‌و چینه‌و ململانێکانی دژی جیهانی سه‌رمایه‌داری. شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار ئاکامی باردۆخی په‌یوه‌ندی به‌رهه‌م هێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌مه، مرۆڤه‌کان به‌ویستی خۆیان ناچارده‌بن بۆ په‌یوه‌ندیه‌کی نوێتر، واته په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌رهه‌م هێنان ده‌خاته به‌رانبه‌ر قۆناغێکی دیاریکراو له هێزه به‌رهه‌م هێنه‌ره ماددیه‌کان. کۆی په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان به‌گشتی بنه‌ڕه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی چوارچێوه‌ی ئابووری و سه‌رخانی یاسایی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی ئه‌و نه‌زمه‌یه ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌کات، دواتر ئاگایی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار، که ناکۆکه له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره په‌یوه‌ندیه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، له‌به‌رانبه‌ریدا ڕاده‌وه‌ستێ.
له‌سایه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داریدا زانستی سروشت هه‌رده‌م گۆڕانکاری نوێ به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ و هه‌میشه بۆرژوازی له‌پێناوی که‌ڵه‌که‌ی زیاتری سه‌رمایه و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیدا تازه‌گه‌ری تێداده‌کات و گرنگی زیاتر به زانستی سروشت ده‌دات، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بۆرژوازی ده‌خوازێت زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌روه‌کو خۆی بمێنێته‌وه. بۆرژوازی پێویستی به زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی نیه و ته‌نیا مه‌به‌ستێتی ئایدۆلۆژی خۆی بکاته پاساو بۆ ئه‌و بۆچوونه کۆمه‌ڵایه‌تیه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆرژوازی زانستی نیه و بیانو و به‌لاڕیدابردنی کۆمه‌ڵگه‌یه بۆ زیاتر کۆیله‌کردنی چینی کرێکار.
بۆرژوازی ده‌یه‌وێ گۆڕانی کۆمه‌ڵگه به‌ئاقارێکدا به‌رێت که له‌گه‌ڵ بهرژوهندیهکانیدا بێته‌وه، واته گۆڕینێکی سنوردار، که له‌چوارچێوه‌ی شێوازی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا بمێنێته‌وه و ده‌رنه‌چێت. قازانجی چینی کرێکار له زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆرژوازی مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده‌بێت که هانی کرێکاران بدات له خه‌باتیاندا دژ به‌و سیسته‌مه بوه‌ستنه‌وه. بۆرژوازی هه‌میشه هه‌وڵئه‌دات که تێگه‌یشتنی ڕاسته‌قینه به‌رانبه‌ر به تیئۆریکردنی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ کۆمه‌ڵگه به‌گشتی بشێوێنێ یان ڕێگری بۆ په‌یدا بکات. تاکه چینێک که به‌رژوه‌ندی له شێوازی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی سه‌رمایه‌داریدا نیهچینی کرێکاره، گشتبینی ڕوانگه‌ی کرێکاری یه ده‌توانێ له کۆمه‌ڵگه تێبگات، که تاکه قازانجی ئه‌و له گۆڕانکاریدا، دامه‌زراندنی سیسته‌می سۆسیالیستی یه. کاتێکیش به‌کرده‌وه چینی کرێکار ده‌ست بۆ میکانیزمی شۆڕشگێڕی خۆی ده‌بات هه‌ر له‌و ساته‌دا بیری هه‌ڵسان و ڕاپه‌ڕین زیاتر بره‌و په‌یدا ده‌کات و مارکسیزم وه‌ک زانستێک ده‌کاته به‌رنامه و په‌ێڕه‌وی خه‌باتی خۆی.
به‌م جۆره بنچینه‌ی مارکسیزمی زانستی بونی خۆی له‌ئاکامی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌دا ده‌بینێته‌وه که کۆمه‌ڵگه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ. ئیتر ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ به پاساو و قازانجی بۆرژوازی نه‌گونجانی پراکتیکی ئه‌م تیئۆره له‌گه‌ڵ واقعی کۆمه‌ڵگه‌دا نیشان بده‌ن، جگه له‌دژایه‌تی ماتریالیزمی مێژوویی و تیۆری شۆڕشگێڕانه‌ی پرۆلیتاریا شتێکی ترنین. کاتێ بنه‌ڕه‌تی مێژوویی کارکردن له‌سه‌ر بوونی مرۆڤ وه‌ستابێت، ئیتر هه‌ر مرۆڤ خۆی ده‌توانێت له ماندوویی و توانایی و بێبه‌شکردنی له‌و به‌رهه‌مه‌ی دروستی ده‌کات تێبگات و له نادادپه‌روه‌ری ئه‌و سیسته‌مه چه‌وسێنه‌ره ووردبێتهوه کهڕهنجی چینی کرێکار به‌خۆڕایی بۆخۆی ده‌بات.
کاتێ مارکسیزم باس له‌نه‌مانی سنوری ووڵاتان ده‌کات و کرێکاران به‌ئاگا دێنێته‌وه که سه‌رجه‌م کرێکارانی جیهان یه‌ک به‌رژوه‌ندیان هه‌یه و هه‌موو نیشتمانه‌کان یه‌ک نیشتمانن بۆ ئه‌وان، چونکه ئه‌م هه‌موو سنوردانان و دابه‌شکردنه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و تاییفی و ڕه‌نگ و کلتوریه ده‌سکردی بۆرژوازی خۆیه‌تی له قۆناغێکی پێشووتردا، ئه‌گینا قازانجی کرێکاران به‌گشتی له شه‌ڕکردن له‌پیناوی ئه‌وانه‌دا هیچ سوودی نیه‌و بگره ماڵوێرانی و ئازار و ناخۆشی و داماوی و نه‌گبه‌تی به‌دواوه‌یه.
له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری نیه، چونکه خاوه‌ندارێتی بۆرژوازیانه‌ی تاک ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو هۆیه‌کانی به‌رهه‌م هێنان و کاڵا و بازاڕ و دراو و زانست و هه‌تا جێگه‌ی نیشته‌جێبونی مرۆڤه‌کاندا گرتووه. بێ‌کاری و هه‌ژاری و برسێتی و بێخانه و لانه‌یی و شه‌ڕ و وێرانکاری و قه‌یرانی ئابوریش ته‌نگی به خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش هه‌ڵچنیوه. ئیتر ده‌بێت دامه‌زراندنی سیسته‌مێک که‌ئه‌م به‌ره‌ڵایی و نایه‌کسانیه ڕێک بخات و کۆمه‌ڵگه له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی بۆرژوازی به‌سه‌ریاندا دێنێت ڕزگار بکات خراپی چیه؟ ئایا خاوه‌ندارێتی گشتی باشتر نیه تا به پلان و ڕاوێژکاری هه‌مووان به‌گشتی کۆمه‌ڵگه به‌ڕێوه بچێت.
هه‌رچه‌نده مه‌به‌ستی ستراتیژی مارکسیزم کۆمه‌ڵگه‌ی بێ چینایه‌تی کۆمۆنیزمه به‌ڵام تا به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن کرێکاران و ڕزگاربوون له کۆیله‌یه‌تی و چه‌وسانه‌وه و نه‌هێشتنی ته‌واوی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کرێکاری قۆناغێکی پێویسته. له ئێستادا ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه وابه‌سته‌ی سیاسه‌ت و یاساکانی پاوانخوازی ڕژێمی سه‌رمایه‌دارین، به‌ڵام گه‌ر هێزی چینی کرێکار هاته مه‌یدان، ئه‌و کات سه‌رمایه‌داری ڕه‌هابوونی مێژوویی خۆی له‌ده‌ست ئه‌دات. هێزی شاراوه‌ی چینی کرێکار به‌ئاشکرا به‌رگری له‌خۆی ده‌کات و به لۆژیکی سه‌رمایه ڕازی نابێت، ده‌رئه‌نجام کێشه و ململانێکان زیاتر په‌ره‌ده‌سێنن و گه‌وره‌ده‌بن. له کێشمه‌کێشی نێوان کرێکارانی به‌شخوراو و سه‌رمایه‌داراندا، چینی کرێکار سه‌رکه‌وتوانه کێشه‌که به‌قازانجی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌باته‌وه.
ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پڕۆژه و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌خۆوه نیه، به‌ڵکو ڕێگرتنه له پاوانخوازی و بازاڕی ئازاد و گڵۆباڵیزمی سه‌رمایه‌داری، چونکه له‌واقعدا سه‌ره‌تایه‌کی نوێ له گه‌شه و لۆژیکی ئه‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه ده‌ست پێده‌کات که بزوێنه‌ری شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکاره. کرێکاران هه‌ست و نه‌ست و سۆز و به‌رژه‌وه‌ندی و فه‌رهه‌نگ کۆیان ده‌کاته‌وه و په‌یوه‌ندی پته‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکیانه‌وه ده‌به‌ستێت، که ڕۆڵ و ئاستی ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵایه‌تی و کارکردنیان پێکه‌وه له چینێکدا ڕێکیان ده‌خات. هه‌روه‌ک چۆن به‌رهه‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رئه‌نجامی کارکردنی مرۆڤه‌کانه له مێژوودا.
کارێکی گرنگ که پێویسته کرێکاران ئه‌نجامی بده‌ن دامه‌زراندنی شورا کرێکاریه‌کانه، چونکه سه‌ندیکاکان ناتوانن ببنه نوێنه‌ری کرێکاران، به‌ڵکو ئامڕازێکن به‌ده‌ست بۆرژوازیه و هه‌رگیز له به‌رنامه‌یاندا نیه گۆڕانکاری ڕیشه‌یی له سیسته‌می سه‌رمایه‌دا بکه‌ن، بگره په‌یوه‌ستیشن به یاساکانی سه‌رمایه‌داریه‌وه. به‌ڵام ئه‌زموونی شورایی له‌دامه‌زراوه و کارگه و کارخانه‌کاندا واقعیه‌تێکی شۆڕشگێڕانه و به‌رجه‌سته‌کراوه، ده‌توانێ سیسته‌می سه‌ندیکایی و ڕیفۆرمخوازی بگۆڕێت بۆ دۆخێکی خه‌باتکارانه‌ی شۆڕشگێڕ.
ئه‌مڕۆ له‌جیهاندا باڵاده‌ستی سه‌رمایه‌داری به‌جۆرێکه، له‌ترسی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش و ڕوخاندنی سیسته‌مه‌که‌ی، ناهێڵێت تێکۆشانی هێزی به‌رهه‌مهێنه‌ر که کرێکارانن هه‌نگاوێک بچێته پێشه‌وه. سه‌رمایه‌داری به‌توندی هه‌موو ئامڕاز و شێوازێک ده‌گرێته‌به‌ر تا به‌رگری له‌خۆی بکات، ڕێ له جووڵه و چالاکی کرێکاران ده‌گرێت، تا نه‌گه‌نه ئامانجی سروشتی خۆیان که شۆڕشی سۆسیالیستی یه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵدانێکی سه‌رمایه‌داری له شکست و په‌کخستنی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری، یاساکانی سروشت، یاسای دیالکتیک وه‌ک پێویستیه‌کی مێژووی پاڵ به کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌نێت بۆ گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و ڕیشه‌یی. چونکه پێویسته په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ئاستی هێزی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بێنه‌وه. گۆڕینی ئه‌م سیسته‌م و یاسایه‌ش، وه‌ک مارکسیزم فێرمان ده‌کات ته‌نیا و ته‌نیا له توانای چینی کرێکاردایه.
09.12.2010