
لە سوید بڕیاری دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنان درا
چەندین ڕێكخراو و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە سوید بڕیاری کاری هاوبەشیاندا لە خزمەتی پرسەکانی ژن
ژنانی ئازیز، دۆستان و خەمخۆرانی مافەکانی ژنان و ئازادیخوازان و ههڵسوڕاوانی پرسی ژن.
ئێمە وەک ڕێکخراوە پێشکەوتنخوازەکانی ژنان و هە ڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و کەسایەتی چالاک لەو مهیدانهدا، لە بانگەوازێکدا کە بە بۆنەی رۆژی جیهانی دژی توندوتیژی که ئاراستەی رێکخراوو کەسایەتی و لایەنگرانی مافەکانی ژنانمان کرد، داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلەمان بۆ پێکەوە کارکردن بەپێویست زانی، ئەویش بە هەستکردنمان بەوەی کە زوربەی رێکخراوەکانی ژنان و هەڵسوراوانی نەگەشتونەتە ئامانجەکانیان سهبارهت به نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی لەبەرانبەر ژناندا. بۆیە هەماهەنگی و راگۆڕینەوەی بەردەوام لەنێوان ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ئەم مەیدانەمان لا پێویست بوو، بە ئامانجی ئەوەی ببێتە هۆی هاتنە ئارای پلان و چالاکی کاریگەرتر، لەپێناو پاراستنی ژنان لەتوندوتیژی و گەشتن بەمافە مەدەنی و یاساییەکانیان، مەبەستمان بوو بە دوور لە جیاوازی بیروبۆچونی سیاسی و حزبی و فکری پیکەوە کۆبینەوە، هاوکار و هاوئاهەنگی یەک بینو کارو هەڵسوڕانەکانمان یەک بخەین تا گەشتن به پلاتفۆرمێکی کاری هاوبەش.
پێشوازی گەرم لە بانگەوازەکەو کۆبونەوەیەکی گرنگ
دوا بەدوای باگەوازەکە و لە رۆژی / ٢٥/ ی نۆڤەمبەر یەکەم کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ستۆکهۆڵم سازکراو بەدەنگهوه هاتنی ئەو بانگەوازەش ئەوەی سەلماند کە هاوشانی ههڵسوڕاوانی ژنان خەمخۆری مافەکانی ژنانیش روو لەزیادبوونە، بۆیە کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە و بە بەرهەمی باش لە خزمەت پرسی ژندا کۆتا هات.
لەو کۆبونەوەیهدا گفتوگۆی چڕ کرا بۆ دۆزینەوەی میکانیزم و شێوەکارێکی هاوبەش لە نێوان رێکخراوو کەسایەتیە بەشدارەکان بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی عەمەلی و گونجاو لە رووبەڕووبونەوەی توندووتیژی دژ بە ژنان و توندووتیژی بە بیانوی شەرەف، هەر لەکۆبونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەباری چۆنیەتی بەرەو پێشبردنی کارەکان لەئاستی باڵاترو بەشێوەیەکی کاریگەرتر بەهاوبەشی حکومەتی سویدو کۆمەڵ و کۆمەڵگا.
کۆبونەوەکه بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی ئەو ژنانەی کە بوونەتە قوربانی ناموسپەرستی دەستیپێکرد، سدیقەی محمەدی بەناوی ئەو رێکخراوو کەسایهتیانهوه که بانگەوازی ئەو کۆبونەوەیان کردبوو بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کردوو دەستپێکی کۆبونەوەکەی ڕاگەیاند. دواتر هەڵالە ڕافع سەبارەت بە بیرۆکەی کۆبونەوەکەو ئامانجەکانی چەند رونکردنهوهیەکی پێشکەشکرد کە تێیدا وتی (ئاکسیۆن، یادکردنەوە، سیمینارو کۆبونەوە هەموو ئەمانە خەمخۆری و هەوڵدانە بۆ هوشیارکردنەوەو چاکسازی، بەڵام ئێمە پێویستمان بە هەنگاوی کاراترو بەردەوامە لە ئاستێکی بەرزتر و فراوانتردا، تا بتوانین بە کردەوە بهشداربین له کهمکردنهوهو بنهبڕکردنی دیاردەی توندووتیژی، هاوکات بەرگری کردن لە مافە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان، ئەویش پێش هەموو شتێک یەکخستنی هێزو کارکردنە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان سەبارەت بەم بابەتە، تێکەڵاوبونی خودی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناو ئەم کۆمەڵگایەدا تا بتوانن کاریگەریان لەسەر گۆرانکاریەکان هەبێت و پەیوەندی پێویست پێک بێت لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەم کێشەیەوە، بە مەبەستی دانانی پلانی عەمەلی و کارا لە بەرامبەر ئەم دیاردەیەدا).
ئامادەبوانی کۆبونەوەکە بەهەستکردن بە بەرپرسیارەتی لەهەمبەر ئەو زوڵم و توندوتیژیانەی لە بهرامبهر ژنان دەکرێت و بە خەمخۆریان بۆ گەشتن به رێگاچارەیهکی دروست لەخزمەت پرسی ژناندا گفتوگۆیان کرد، وه دواتر سەرجەم بیرو ڕاکان کۆکرانەوەو سهرهنجام لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ رێک کەوتن و چەند پێشنیارێکیان بۆ کۆبونەوەی ئایندە خستەروو، وەک ” لەپێناو بەردەوامی کارەکان، پێشنیاری دامەزاراندنی ناوهندێکی هاوبەش کرا لە هەموو ڕێکخراوو کەسایەتیەکان بە ژن و پیاوەوە لە جیاتی کەمپین تا کاریگەرتر کار بۆ ئامانجەکان بکرێت”. هەر لەو کۆبونهوهیهدا ئەوە باسکرا کە ” هەموو رێکخراوو کەسایەتیەک، سەرەڕای هەر جیاوازیەکی فکری و سیاسی ئەتوانێت پەیوەست بێت بەو ناوهندهوه، لە ئیستادا ناوهندهکه ئەو ڕێکخراوانه دهگرێتهوه کە لە سویددا هەن، بەڵام له داهاتودا به هەستکردن بە پێویستی پهیوهستبوونی رێکخراوەکانی ووڵاتانی دیکە، کار ئهکرێ بۆ بەرفراوانکردنی ناوهندهکهو گەشتنی چالاکییەکانی بەوڵاتی دیکەش بەهاوکاری وهاوئاهەنگی رێکخراوهکانی ئەو ووڵاتانە ، تا لە ئاستێکی بەرزتردا کارەکان لە خزمەتی پرسی ژن ئەنجام بدرێت”. دوای رەزامەندی و هاوڕایی لەزۆرینەی ئەو بابەتانەی گفتووگۆیان لەسەرکرا کۆبونەوەکە کۆتایی هات بەبڕیاری “دامەزراندنی لیژنەیەکی کاتی بۆ بەرێوەبردنی کارەکان تا کاتی پەیوەستبوونی تەواوی هەموو رێکخراوەکان و کار کردن لەسەر ئەو پێشنیارانهی بۆ دامەزراندنی ناوهندهکه قسەو باسی لەسەرکرا”. ئەو لیژنەیە تا کۆبونەوەی گشتی ئەرکی کۆبونەوەی بەردەوامی خرایە ئەستۆ بۆ تاوتوێکردنی کارەکان و ئامادەکاری کۆبونەوەی داهاتوو و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دەسگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ئاستێکی فراوانتر و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتر بۆ کارەکان.
بەردەوامی پیشنیار بۆ دامەزاراندنی ناوهندێکی هاوبەش بۆ رێکخراوەکانی ژنان
لەئەنجامی ئامادەکاری و بەدواداچونی ئەو لیژنەیەی کە لە کۆبونەوەی یەکەمی رێکخراوەکانی ژنان لە سوید دامەزرا، کۆبونەوەی دووەمی رێکخراوو سەنتەرو کەسایەتییە داکۆکیکهرەکانی مافەکانی ژنان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لە رۆژی ٦/١٢/٢٠١٠ بەڕێوەچوو، لە کۆبوەنەوەکەدا دوای گفتوگۆی چڕ لەسەر کارهکانی لیژنەی ئامادەکارو زەرورەتی دامەزاراندنی ناوهندێکی هاوبەش بۆ رێکخراوەکانی ژنان “بڕیاری دامەزاراندنی ناوهندهکه پەسەندکرا، که ئامانجی کارکردنه بە شێوەیەکی عەمەلی لە چەند ئاستێکی جیاوازدا، بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی سەبارەت بە توندوتیژی لە بەرامبەر ژناندا وە فەرهەنگی ناموسپەرستی پێش ئهوهی بگاته ئاستی ههڕهشهو کوشتن”.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا “چەند ناوێك بۆناوهندهکه پێشنیار کران که لهکۆبونهوهی گشتی دوهمدا بڕیارلهسهر یهکێکیان دهدرێت، دواتر ئامانج و ستروکتورو هەنگاوەکانی کارکردنی ناوەندەکە خرانە بەر باس و گفتوگۆ “.
لەنجامی گفتوگۆکانی کۆبونەکە چەند بڕگەو تەوەرێکی گرنگی پێشنیار کراو گەڵاڵە بوون بەشێوەیەک دەکرێ وەک بەرنامەی کاری ئەو ناوهنده پشتیان پێ ببەسترێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر هەموو ئەو کارانە دانرا بۆ کۆبونەوەی گشتی دوهم، وه بهم زوانه کاتو شوێنی ئهو کۆبونهوه بهرفراوانه ڕادهگهیهنرێ.
لیژنەی کاتی ئامادەکاری پێکهێنانی ناوهندێکی هاوبەشی ڕێکخراوو کەسایەتیەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی ژنان لە دژی تووندوتیژی
هەلاڵە ڕافع، سدیقە محمەدی، خەبات عارف، ڕوناک شوانی، گوڵاڵە شەرەفکەندی، سوزان ئەمین، فهریده رهزایی، عەبدوڵڵا مەحمود
١٠/١٢/٢٠١٠