Skip to Content

Sunday, November 10th, 2024
كورد له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م دا

كورد له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م دا

Closed
by December 12, 2010 مێژوو

وه‌رگێڕانی:هێمن عومه‌ر خۆشناو-شه‌قڵاوه‌

(ئه‌م نووسینه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵهێنجراوی وێنه‌ی كورد‌و به‌رجه‌سته‌بوونی كورده‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی سوڵتان، هه‌رچۆنێك باسكرابێ‌، وه‌ك تۆمارێكی مێژوویی گرنگی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ كۆی سه‌رجه‌می بیره‌وه‌رییه‌كانی سوڵتان، له‌ هه‌ر شوێنێك ناوی كورد‌و باس و خواسی كورد هاتبێ‌ هه‌وڵمانداوه‌ ته‌نیا ئه‌و شوێنه‌ وه‌ربگێڕینه‌ سه‌ر كوردی)

سكاڵای ئه‌رمه‌نه‌كان 1891
شتێكی پێكه‌نیناوییه‌، كه‌ ئێمه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێین به‌ سزادانی ئه‌رمه‌ن‌و چه‌په‌رۆك به‌سه‌رداهێنانیان، هه‌ر كه‌سێك له‌ مێژووی ئیمپراتۆرییه‌كه‌ماندا گه‌شتێكی به‌ چاوی خۆی كردبێ‌، ئه‌وا بۆی ده‌سه‌لمێ‌ كه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان هه‌میشه‌ خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، ئه‌وانه‌ی كه‌ راستییه‌كان ده‌زانن، له‌وه‌ دڵنیان كه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ رووی داراییه‌وه‌ زۆر له‌ خه‌ڵكی مسوڵمانی ئێمه‌ سه‌ركه‌وتووترن.
ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان به‌رزترین پۆستیان له‌ ده‌وڵه‌ت وه‌ ئه‌ستۆ ده‌گرت، له‌ نێویشیاندا وه‌زیری ئه‌عزه‌م هه‌بوو، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیاده‌ڕه‌وی نه‌بووه‌ ئه‌گه‌ر گوتبێتم سێیه‌كی فه‌رمانبه‌ران له‌ ئه‌رمه‌نه‌كانن، وێڕای ئه‌وه‌ی خزمه‌تی سه‌ربازیشیان له‌سه‌ر پێویست نه‌بوو، كاروباریان وه‌ك كاروباری خه‌ڵك بوو، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ ده‌یده‌نه‌ ده‌وڵه‌ت، پاره‌یه‌كی ره‌مزییه‌، قه‌ت بارته‌قای ئه‌و كاته‌ نابێ‌ كه‌ مسوڵمانان له‌ خزمه‌تی سه‌ربازیدا تێیان په‌ڕاند. بازرگانیی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ بارێكی زۆر باشه‌، دواتر توخوا به‌رێوه‌به‌رێتی باج ئه‌وانی گه‌ماڕۆ دابوو؟ هه‌ر به‌وه‌نده‌ نه‌وه‌ستان كاتێك (عه‌بدولمه‌جید) له‌سه‌ر پێشنیاری (ره‌شید پاشا) ویستی یاسای (ئیلتیزام) نه‌هێڵێ‌، ئه‌رمه‌نه‌كان دژی وه‌ستان‌و وازیان له‌ ده‌سكه‌وته‌ باشه‌كانیان نه‌هێنا، به‌ره‌نگاری ئه‌و لابردنه‌ بوونه‌وه‌‌و سووربوون ‌و وابوو سه‌ركه‌وتنیان به‌ ده‌ست هێناو هه‌موو شته‌كان وه‌كوو خۆیان مانه‌وه‌.
جگه‌ له‌ ئه‌رمه‌نه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌ شاخه‌كانی كورده‌كان ده‌ژیان، ژیانێكی ناخۆشیان هه‌بوو، ئه‌رمه‌نه‌كانیش ده‌وڵه‌مه‌ندترینی دانیشتوان بوون‌و له‌نێویشیاندا رۆمه‌كان، به‌ڵام به‌راستی هیچ گومانی تێدا نییه‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌زانن چۆن له‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی وڵاتی ئێمه‌ سوود وه‌ربگرن.

كۆچی ناوه‌خۆ1893
بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین زه‌وییه‌ به‌تاڵه‌كانی ئیمپراتۆره‌كه‌مان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌، پێویسته‌ كۆچ به‌ شێوه‌یه‌كی چاك رێك بخه‌ین، چونكه‌ ناشێ‌ بگوترێ‌ كۆچی جوله‌كه‌كان شێوه‌یه‌كی رێكی هه‌یه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕی كه‌ په‌یڕه‌وانی ئاینه‌ بێگانه‌كان ده‌هاتنه‌ نێو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یه‌ چۆن دڕك له‌ لاشه‌مان راده‌چێ‌، رازی نه‌بووین ئه‌وانه‌ بێنه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كانمان، مه‌گه‌ر له‌ ئوممه‌تی ئێمه‌ بووبن‌و به‌شداری بیروباوه‌ڕمان بكه‌ن، پێویسته‌ ده‌ست به‌ گرنگی دان به‌ به‌هێزكردنی ره‌گه‌زی تورك بكه‌ین‌و هه‌وڵ بده‌ین رێژه‌ی مسوڵمان له‌ بۆسنه‌‌و هه‌رسك‌و بولگاریا له‌ رێگای كۆچكردن‌و نیشته‌جێكردنیان زیاتر بكه‌ین.
نابێ‌ قه‌ت سوودی ئه‌م كۆچكردنه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر زیادبوونی توانای نیشتمانی كورت بكرێته‌وه‌، به‌ڵكو رێخۆشده‌كا بۆ زیادبوونی توانای ئابووری له‌ ئیمپراتۆرییه‌ته‌كه‌مان، هه‌روه‌ك زۆر پێویستیشه‌ ره‌گه‌زی تورك له‌ وڵاتی رۆم به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تی ئه‌نادۆڵ به‌هێز بكرێ‌‌و خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ كورده‌كان دروست بكه‌ین‌و بیانخه‌ینه‌ پاڵ خۆمان، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشووی تورك كردیان بریتی بوو له‌ هه‌وڵ نه‌دانیان بۆ نزیك خستنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی سلاڤی‌و عوسمانییه‌ته‌كه‌یان. له‌ راستیدا ئه‌مه‌ ئاسان نه‌بوو، له‌ كاتێكدا تێكه‌ڵكردنی ره‌گه‌زی رۆمی به‌ ره‌گه‌زی ئه‌رمه‌نی كارێكی ئاسانه‌، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا خوێنی ئێمه‌ توانی له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی خۆی بمێنێته‌وه‌.

له‌ مه‌ترسییه‌كانی 1876-1878
چۆن ده‌بێ‌ من پشت به‌ پیاوانی وه‌ك (مه‌دحه‌ت‌و روشدی ‌و نوری) ببه‌ستم، ئاخر ئه‌م دوانه‌ی كۆتایی خزمی عه‌بدولعه‌زیزی مامم بوون، ئه‌مانه‌ له‌ لایه‌ك سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوم بنێن خاوه‌ن توانا (صاحب الشوكه‌)‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد به‌م ده‌ستووره‌ ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌‌و شارستانی بۆ ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی به‌ده‌ست دێنن! ترحێو توخوا كارێكی پێكه‌نیناوی نییه‌؟!
ئه‌گه‌ر تۆ ده‌گه‌ڵ گورگان دابووی ده‌بێ‌ بشلوورێنی، به‌ چاوپۆشی كردن له‌ باش‌و خراپه‌كان. ده‌بێ‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران (مجلس المبعوپان) بكه‌مه‌وه‌‌و ده‌ستوور رابگه‌یه‌نم، بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بده‌م كه‌ من كارێكی گرنگم ئه‌نجام داوه‌.
دوای پێكهێنانی سوپای كورده‌كان (سواره‌ی حه‌میدی)، رۆژنامه‌ ئه‌وروپاییه‌كان ره‌خنه‌ی سوتێنه‌ریان ده‌گرت، كه‌ گوایه‌ كورده‌كان به‌ پێكهێنانی ئه‌و سوپایه‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ نامرۆڤه‌كانیان به‌ دژی ئه‌رمه‌نه‌كان زیاتر ده‌بێ‌، ئه‌م رۆژنامانه‌ ترسیان له‌وه‌ بوو كورده‌كان شۆڕشێك هه‌ڵبگیرسێنن‌و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان رابگه‌یه‌نن.
دیاره‌ رۆژنامه‌كان له‌و بابه‌تانه‌ ده‌گه‌ڕان‌و له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌یاننوسی، راست بوایه‌ یان درۆ، په‌یامنێره‌كانیش له‌ تێڕوانینی ئه‌رمه‌نه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستانیان ده‌نووسی، بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆیان ماندووبكه‌ن‌و له‌ ماڵه‌ خۆشه‌كانیان له‌ ئه‌سته‌مبۆڵ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
هه‌ندێ‌ له‌ پاشایه‌كانیش ره‌خنه‌یان له‌ پێكهێنانی سوپای كورده‌كان گرت، ره‌خنه‌كانیان له‌ ئیره‌ییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، چونكه‌ ئه‌م سوارانه‌ سه‌ر به‌ (زه‌كی پاشا)ی فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای چواری ئه‌رزه‌ڕۆم بوون.
ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رووس قه‌وما، سوپای راهێنراوی كورده‌كان باش راهێنراون، ده‌توانن خزمه‌تی گه‌وره‌ بكه‌ن، پاشان ئه‌و گوێڕایه‌ڵییه‌ی ئه‌وان هه‌یانه‌ سوودی زۆری بۆیان ده‌بێ‌، هه‌رچی سه‌ركرده‌كانیشانن كه‌ پله‌ی سه‌ربازیمان پێ‌ به‌خشی بوون، ده‌بوونه‌ جێگای فه‌خر‌و شانازییان، ئه‌وان هه‌وڵ بۆ حكومه‌ت‌و دۆستایه‌تی ده‌ده‌ن‌و رۆژێك دێ‌ ئه‌و سواره‌ی حه‌میدییه‌ نامێنێ‌‌و ده‌بێته‌ سوپایه‌كی گرنگ.
من ئه‌وه‌ ده‌زانم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ رۆڵه‌ی سه‌رۆكه‌ كورده‌كانم وه‌ك فه‌رمانبه‌ر له‌ پایته‌خت قبوڵ كردووه‌، تووشی ره‌خنه‌ هاتووم. خۆ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ئه‌رمه‌نه‌كان پۆستی وه‌زارییان هه‌بوو، ئاخر بۆ چ زه‌ره‌رمان پێده‌گات، ئه‌گه‌ر كورده‌كان له‌ خۆمان نزیك بكه‌ینه‌وه‌، خۆ ئه‌وان دین برامانن؟ دواتر ته‌واو تووشی ره‌خنه‌ بوومه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كانم پاراستووه‌، كه‌ ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ به‌درخانییه‌كان مه‌ترسییان له‌سه‌ر ئاسایش هه‌یه‌، هه‌موو كه‌سیش ئازاده‌ له‌ بیركردنه‌وه‌دا!
به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ من له‌باره‌ی كورده‌كانه‌وه‌ گرتومه‌ به‌ر منی ئازارداوه‌. زه‌كی پاشا ئه‌و كارانه‌ی باش دیراسه‌ كردبوو، بۆیه‌ بیرۆكه‌ی پێكهێنانی سوپای سوارانی كوردی خسته‌ ڕوو، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش باشترین رێگا بوو، ئێمه‌ له‌ هه‌موو كارێك رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ ده‌بینه‌وه‌، بۆیه‌ پێمان وابوو ئێمه‌ له‌و شێوه‌ ره‌خنانه‌ راهاتووین.
كورد‌و ئه‌رمه‌نه‌كان:
ناكرێ‌ نكوڵی له‌وه‌ بكرێ‌ كه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ ویلایه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا له‌ سكاڵاكانیان هه‌قدارن، به‌ڵام پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ له‌نێو ئه‌و سكاڵایانه‌دا زیاده‌ڕه‌وی هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ئه‌وان هاوار‌و ناڵه‌یان بێ‌‌و كه‌س هه‌ستیان پێ‌ نه‌كا، ئه‌وان نه‌ته‌وه‌یه‌كی ترسنۆكن، وه‌ك ژنان ناز‌و گۆز ده‌كه‌ن، خۆیان به‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كان ده‌پارێزن، به‌ هه‌ر هۆكارێك بێ‌ قیژه‌‌و ناڵه‌یه‌تیان.
به‌ڵام كورده‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانن، به‌هێز‌و ره‌شیدن، توند‌و تیژ‌و شوانكاره‌ن، له‌ كۆنترین سه‌رده‌مه‌وه‌ له‌و ویلایه‌تانه‌ ژیاون، ئه‌وان وه‌ك بێگانه‌ سه‌یری ئه‌رمه‌ن ده‌كه‌ن، بۆیه‌ كورده‌كان گه‌وره‌‌و ئه‌رمه‌نه‌كانیش به‌نده‌ی گه‌وره‌كانن.

سه‌رچاوه‌:
مذكرات السلطان عبد الحمید
المۆلف: عبد الحمید-محمد حرب، مكتبه‌ المصطفی الالكترونیه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.