
ئیسلامی سیاسی له‌به‌رامبه‌ر ئیسلامدا
گفتوگۆی “نیكولا بیرش” له گه‌ڵ پرۆفیسۆر ئیسماعیل كارا
وه‌رگێرانی:مه‌جید ساڵح
ئه‌م گفتوگۆیه له لایه‌ن نیكولا بیرش به تایبه‌ت بۆ گۆڤاری “المجله” له گه‌ڵ پرۆفیسۆر ئیسماعیل كارا سازدراوه، كارا ئوستادی مێژووی كلتوری توركیایه‌و له گفتوگۆكه‌دا قسه له‌سه‌ر په‌یوندی نێوان ئیسلام و مۆدێرنه‌و ده‌وڵه‌ت ده‌كات. هه‌روه‌ها باس له ئیسلامی سیاسی و بناغه‌و هۆكاره‌كانی ده‌ركه‌وتنی له توركیا و زۆر مه‌سه‌له‌ی دیكه ده‌كات. بۆ ناسینی تێڕوانینه‌كانی ئیسماعیل كارا و بیروبۆچونه‌كانی گۆڤاری”سه‌رچاوه” به پێویستی زانی ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه له زمانی عه‌ره‌بیه‌وه وهرگێڕێنێته سه‌ر زمانی كوردی.
ئیسماعیل كارا له دایك بوی ساڵی 1955 له پارێزگای “ریزه” و باوكی پیاوێكی ئاینی بووه. ئێستا كارا ئوستادی مێژووی كلتوری توركیه له كۆلیژی زانسته ئاینیه‌كانی زانكۆی مه‌ڕمه‌ڕه له ئه‌سته‌مبوڵ. هه‌روه‌ها كارا وه‌ك نوسه‌ر له ” دیرغه یانیلاری” كه خانه‌یه‌كی بلاوكردنه‌وه‌ی به‌ناوبانگه له توركیا كار ده‌كات. تا ئێستا 14 كتێبی هه‌یه، له‌وانه “بیری ئیسلامی له توركیا”، سه‌باره‌ت به زمانی فه‌لسه‌فه”، به‌م دوایانه‌ش “دۆزی ئیسلام له توركیای كۆماری‌دا”. ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له نوسینگه‌كه‌ی خۆی له زانكۆی مه‌ڕمه‌ڕه له گه‌ڵیدا ئه‌نجام دراوه.
ئه‌سته‌مبوڵ 15 حوزه‌یرانی 2010
* له رۆژئاوا، خه‌ڵك پێیان وایه ئیسلام ئاراسته‌یه‌كی سیاسییه.. ئه‌وه چۆن رونده‌كه‌نه‌وه؟
– ده‌كرێت تاراده‌یه‌ك ئیسلامی سیاسی به پێچه‌وانه‌ی ئیسلامی ته‌قلیدی، یان ئیسلامی شه‌عبی ته‌ماشا بكه‌ین. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، جوڵانهوهیكی رۆشنبیره‌كان ده‌بینین، ئه‌وه‌ش به‌راده‌یه‌كی زۆر هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له رۆژئاوا خوێندبویان. له راستیدا، ئه‌م ئاراسته‌یه گه‌ڕا به دوای وه‌لامی ئه‌م پرسیاره‌دا ” جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی كه پێویسته له نێوان ئیسلام و مۆدێرنه‌دا هه‌بێت، ده‌بێت چۆن بێت؟”. ئه‌وه خاڵی ده‌سپێكردن بوو.
* ئه‌و تهناقوزاته بنه‌ڕه‌تیانه‌ی كه ئیسلامیه سه‌ره‌تایه‌كان ده‌یانبینی له نێوان ئیسلام و مۆدێنه چی بوون؟
– پێم وایه كێشه‌یه‌ك هه‌یه له‌وانه‌یه زانا ئۆروپیه‌كان به پێی پێویست لێ تێنه‌گه‌ن. بیرۆكه‌ی سكۆلاریزم – ده‌وڵه‌تێكی بێ دین – به‌لای ئیسلامیه ته‌قلیدیه‌كانه‌وه تێگه‌یشتنی رون نییه. ده‌وڵه‌ت به لای توركه‌كانه‌وه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، له ناو رۆحانیه‌ت و ئایندا تواوه‌ته‌وه.
* چۆن ته‌عبیر له مانای رۆحانیه‌ت ده‌كرێت؟
– یه‌كێك له‌و زاراوانه‌ی كه له لای بیرۆقراتیه عوسمانیه‌كاندا زۆر دوباره ده‌بێته‌وه “دین و ده‌وڵه‌ت”ه. ناكرێت ئه‌و دوانه لێك جیا بكرێنه‌وه. له هه‌مان كاتدا، یه‌كێك له‌و زاراوانه‌ی كه به‌زۆری له لای رۆشنبیره عوسمانیه‌كاندا به‌كاردێت ئه‌مه‌یه “دین ئه‌سڵه‌و ده‌وڵه‌ت یه‌كێكه له به‌شه‌كانی”. ئه‌و بۆچونه له نێو خه‌ڵكی ساده‌دا باوی هه‌بووه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
* كه‌واته ئیسلامی سیاسی نه‌یتوانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا رۆڵی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و درزه ببینێت؟
– به‌ڵێ، تاراده‌یه‌ك. ئیسلامی سیاسی بۆیه ده‌ركه‌وت، چونكه ئه‌و جوڵانه‌وه مۆدێرنانه‌ی له رۆژئاواوه هاتبوون، نه‌یانتوانی ره‌وایه‌تیه‌كی دینی بۆ گۆڕان بخه‌نه‌ڕوو. ئه‌وه‌ش وای ده‌كرد جیهانی ئیسلامی روو له مۆدێنه بكات، چونكه ئه‌و تێگه‌یشتنه ئیسلامیه باوانه گونجاو نه‌بون بۆ مۆدێرنه، هه‌روه‌ها شیچوازێكی سكۆلاریشیان هه‌بوو.
* ئه‌و چۆن بوو؟
– با نمونه‌یه‌كی زیندوت بۆ بهێنمه‌وه. له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردودا، یه‌كێك له‌و دروشمانه‌ی كه ئیسلامیه رادیكاڵه‌كانی توركیا به‌رزیان كردبوه‌وه بریتی بوو له “قورئان ده‌ستورمانه”، ئه‌وه دروشمێكی دوو رووه. هه‌ندێك وشه هه‌یه زۆر گرنگن به لای موسڵمانه‌كانه‌وه. وشه‌ی ده‌ستور چه‌مكێكی سه‌ره‌كی فكری سیاسی سكۆلاریزمی نوێیه.
* ده‌كرێت نمونه‌ی دیكه بهێنیته‌وه؟
– گرنگرتین چه‌مكی كۆماری بریتیه له سیاده‌ی نیشتمانی. چه‌مكی سیاده‌ی نیشتمانی له فكری سیاسی سكۆلاری رۆژئاواوه وه‌رگیراوه. وشه‌ی میلله‌ت ” millet” له زمانی توركیدا دوو مانای هه‌یه، هه‌م به واتای نیشتمان و هه‌میش به مانای كۆمه‌ڵگای دینی دێت. بۆ نمونه كاتێك توركێكی خاوه‌ن بۆچونی مۆدێرن باس له سیاده‌ی نیشتمانی ده‌كات، رسته‌كه‌ی هه‌ردوو ماناكه ده‌به‌خشێت. چه‌مكی گۆڕان بۆ مۆدێرنه له جیهانی ئیسلامدا له چوارچێوه‌یه‌كی ئاینیدا دانراوه. له‌وانه‌یه ئه‌وه هۆكار بێت بۆ ده‌ركه‌وتنی ئیسلام له پاڵ زۆربونی ده‌ركه‌وتنی “مۆدێنه” له وڵاته ئیسلامیه‌كاندا.
* له‌وانه‌یه هه‌ڵه بێت وا بزانین ده‌ركه‌وتنی ئیسلامی سیاسی له توركیا، كاردانه‌وه‌یه‌كی دره‌نگ وه‌خته له به‌رامبه‌ر ریفۆرمه سكۆلاره رادیكاڵه‌كانی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتۆرك، تۆ رات چییه؟
– به‌ڵێ ئه‌وه خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی تێكڕای پرۆسه‌ی گۆڕانی جیهانی ئیسلامیه بۆ مۆدێنه. جگه له‌وه، گومان له‌وه هه‌یه كۆماری توركیا به كۆمارێكی سكۆلاری رادیكاڵ وه‌سف بكرێت. راسته به‌شێوه‌یه‌كی جیدی خۆی جیاكرده‌وه له بزوتنه‌وه ریفۆرمخوازه‌كانی پێش خۆی، به تایبه‌تی پاش 1924 (كاتێك خه‌لافه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و قوتابخانهتهقلیدیه ئاینیه‌كان داخران و ته‌كیه‌ی دهروێشهكانیش داخران). به‌ڵام ئه‌ویش له هه‌ندێك مه‌سه‌له‌دا له ئیسلامی سیاسی ده‌چێت.
* سروشتی ئه‌و مه‌سه‌له هاوشێوانه چۆنن؟
– ئاراسته‌ی ئیسلامی سیاسی هه‌وڵده‌دات موسڵمانه‌كان راكێشێ بۆ لای ئه‌و ته‌فسیره‌ی كه خۆی هه‌یه‌تی بۆ ئیسلام وله گه‌ڵ جیهانی نوێ‌دا بیگۆنجێنێت، ئه‌ویش له رێگه‌ی كرانه‌وه به‌ره‌ورووی بۆچونه هاوچه‌رخه‌كان. ئه‌ویش له رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌ن به دوای تهفسیرێكی “خاڵس”دا بگه‌ڕێن بۆ ئیسلام. بیری كۆماریش تاراده‌یه‌ك هه‌وڵیدا شتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه بكات. دژی ئیسلامی شه‌عبی وه‌ستایه‌وه‌و به كۆنه‌په‌ره‌ست و پڕ له خورافاتی دایه قه‌ڵه‌م. هه‌ر له دوای دامه‌زراندنی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت، ده‌سته‌ی ئاینی توركیا تهفسیرێكی بۆ ئیسلام خسته‌ڕوو كه پشتی به قورعان و حه‌دیسه‌كانی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای له‌سه‌ر بێت ده‌به‌ست.
* ئایا باس له‌و جهختكردنهوانهی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ده‌كه‌یت كه ده‌یوت ئیسلام “دینی عه‌قڵ و عیلمه”؟
– ئه‌وه به‌شێكی مه‌سه‌له‌كه‌یه، به‌ڵام مه‌سه‌له راسته‌قینه‌كه ئه‌وه‌یه نوێخوازه ئیسلامیه‌كان پێیان وایه ئه‌و دۆخه نێگه‌تیڤه‌ی جیهانی ئیسلام ده‌رهاویشته‌ی خودی ئیسلام نییه، به‌ڵكو موسڵمانه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه به هه‌ڵه له ته‌عالیمی ئیسلام تێگه‌یشتوون. ئه‌و نوێخوازانه ئه‌و دواكه‌وتنه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌و نه‌ریتانه‌ی كه به درێژایی مێژوو كه‌ڵه‌كه بوون. واته خواستی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئسوڵ به مانای دابڕانی ئیسلام دێت له هه‌موو مێژوه‌كه‌ی.
* تۆ به ئاشكرا دژی بزوتنه‌وه ئیسلامیهكانیت، ئاخۆ ئه‌وه هۆكاری رهخنهكانته بۆی؟
– جیاوازی من و ئیسلامیه‌كانی تورك ئه‌وه‌یه من گرنگی به دینامیكیه ناوخۆییه‌كان ده‌ده‌م بۆ گۆڕین، به‌ڵام ئه‌وان گرنگی به‌وه ناده‌ن. له لایه‌نی ئایدۆلۆژیشه‌وه، ئه‌وان لایه‌نگری ئیسلامی دهولین به مانا ماركسیهكهی. به‌رگری له‌و بۆچونه ئیسلامیه ده‌كه‌ن كه رهگو ریشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی توركیا.
* پێم وایه تۆ ئێستا باسی ئه‌و ئیسلامیه سیاسییه رادیكاڵانه ده‌كه‌یت كه له ژێركاریگه‌ری جه‌ماعه‌تی ئیخوان موسلمیندان. مه‌گه‌ر وانییه؟
– به‌ڵێ، باسی ئه‌وان ده‌كه‌م، به‌ڵام باسی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ش ده‌كه‌م كه زۆربه‌ی ده‌رچوانی دامه‌زراوه ئاینیه‌كانی حكومه‌تی توركیا‌و خاوه‌ن پله‌و پایه ئاینیه‌كان تێدا هاوبه‌شن.
* ئه‌و تێڕوانینه كه‌ی گه‌یشته توركیا؟
– له میسر، رێك دوای شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م ئیخوان موسلمین ده‌ستیان دایه ئاراسته رادیكاڵهكهیان. له‌و كاته‌دا میسر له یه‌كێتی سۆفیه‌ت نزیكتر بوو تاوه‌كو رۆژئاوا، وه‌ك ده‌زانیت ئیخوام موسلمین هه‌ندێك له تێگهیشتنهكانیان له ماركسیزمه‌وه وه‌رگرتبوو، بۆیه له‌وان زیاتر یاخی و شۆڕشگێڕتر بوون. له هه‌مان كاتدا، توركیا هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا بوو. له چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، گوتارێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئیخوان موسلمینی میسر له توركیادا وجودی نه‌بوو. ئه‌و گوتاره پاش كوده‌تای ساڵی 1960 له توركیا گه‌شه‌ی سه‌ند.
* ئیسلامی رادیكاڵ ره‌خنه‌ی ناڕاسته‌وخۆی له‌و بۆچونه ته‌قلیدیه هه‌یه كه ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ت دین ده‌پارێزێت، چه‌مكی “دین و ده‌وڵه‌ت”، ئایا ئه‌وه بوه هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی درێژ بخایه‌نێت تاوه‌كو له توركیا ره‌گ داكوتێت؟
– به‌ڵێ، تاڕاده‌یه‌ك. به‌ڵام وه‌ك ئیشاره‌تمان پێدا، هۆی ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تێڕوانینیی ئیسلامیه‌كان بۆ ئیسلام، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئیسلامه‌یه كه زۆربه‌ی موسڵمانه‌كانی تورك په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. رێبازی سۆفیزم له توركیا نفوزێكی زۆری هه‌یه، ئیسلامیه رادیكاڵه‌كان به خراپ ترین شێوازی ئاینی ده‌زانن. له‌و رێبازه‌دا شوێكهوتوهكان وه‌ك سه‌رده‌می بوت په‌ره‌ستی په‌یڕه‌وی له شێخه‌كانیان ده‌كه‌ن.
* مه‌به‌ستت ئهوهیهبڵێت رێبازی سۆفیزم زیاتر له ئیسلامی شه‌عبی ده‌چێت تا ئه‌وه‌ی له ئیسلامی سیاسی یچێت؟
– به‌ڵێ، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ستراكتۆر و تقوسهكانیانهوه هه‌یه. ئه‌وه به ته‌واوه‌تی روونه. ئه‌وانه جولانهوهیهكن ده‌چنه ناو جه‌ماوه‌ره‌وه و له‌به‌رامبه‌ر بۆچونه ده‌گمه‌نه‌كاندا ناكرێنه‌وه، به‌ڵكۆ به‌دوای هه‌مان ئه‌وجۆره خه‌ڵكانه‌دا دهگهڕَێت، بۆیه وای لێده‌كات له بۆچونی توركه موسڵمانه ساده‌كانه‌وه نزیك بێت.
* ئه‌مڕۆكه به‌هێزترین گروپی ئیسلامی له توركیا گروپی “فتح الله گولن”ی موحافیزكاره، كه دژی ئیسلامی سیاسییه. ئایا ئه‌و شعهبیهتهی كه هه‌یانه نیشانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی رادیكاڵ ته‌نیا بزوتنه‌وه‌یه‌كی كاتییه و تێده‌په‌ڕێت و توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رێبازه ته‌قلیدیه موحافزكارانهكهی خۆی؟
– ئیسلامی سیاسی كاتێك ده‌ركه‌وت كه ئایدۆلۆژیه‌كان هه‌موو شتێك بوون. دوای كوده‌تای ساڵی 1960 گه‌شه‌ی سه‌ند، هه‌ندێك ئایدۆلۆژیای دیكه‌ش له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ریان هه‌ڵدا، وه‌ك سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزمی راستڕه‌و. دوای 12 ئه‌یلولی 1980 (سێیه‌م ده‌ست تێوه‌ردانی سه‌ربازی له توركیا)، ئه‌و ئایدۆلۆژیانه پێكه‌وه هه‌ره‌سیان هێنا. به‌ڵام موحافیزكاره‌كانی ئه‌مڕۆ وه‌ك سه‌رده‌می 1960 نین. له راستیدا، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه گومان له‌وه ده‌كرێت ئه‌وان هه‌ر موحافیزكار بن. ته‌ماشای حكومه‌ته‌كه‌ی حزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان بكه، خۆی به حكومه‌تێكی “دیموكراتی موحافزكار” ده‌زانێت، ئه‌وه دروشمێكی نوێه، به‌ڵام حزبه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات وه‌ك بڵێت به هیچ شێوه‌یه‌ك موحافزكار نییه.
* ژماره‌یه‌كی زۆر له ئیسلامیه رادیكاڵیهكان ره‌خنه له حزبی دادوگه‌شه‌پێدان ده‌گرن چونكه “كراسی ئیسلامی سیاسی داكهندوه” و عه‌بای لیبرالیزمی پۆشیوه..
– لێره‌دا كێشه‌یه‌كی گه‌روه‌تر باس ده‌كه‌م. له 1980 به‌ولاوه، هه‌موو بزوتنه‌وه سیاسیه گه‌وره‌كان قاڵبه فكریه‌كانی خۆیان له توركیا خاڵی ده‌كه‌ن، چه‌پ و ئیسلامیه سیاسیه‌كان و كه‌مالیزم. ئه‌و پێكدادانه‌ی ئێستا هه‌یه له نێوان حزبی دادوگه‌شه‌پێدان و عه‌لمانیه‌كان، شه‌ڕی شكاندنی ئێسقانه. ئه‌وه‌ی نیگه‌رانم ده‌كات ئه‌وه‌یه پێم وایه وڵات پێویستی به فكر و ناسنامه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێش بكه‌وێت. ئه‌وه‌ش پێویستی به بیركردنه‌وه‌و ره‌خنه له خۆگرتن هه‌یه، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌ودوانه نابینم.
* كهواتهبهڕای تۆ ده‌بێت چی بكرێت؟
– ناوی وتارێكم كه به‌م دوایانه نوسیومه بریتیه له “بیر له‌وه بكه‌ره‌وه كه له بیرمان كردوه”. توركیا وڵاتێكه زمانه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی وا خێرا گۆڕاوه نه‌وه‌ی نوێ زۆر به سه‌ختی له زمانی ئه‌و پیاوه‌ی كه دروستی كردوه تێده‌گات. توركیای عوسمانی به هۆی به‌كارهێنانی پیتی لاتینی بوه‌ته وڵاتێكی بێگانه. ئه‌وه‌ی پێویستمانه هه‌وڵدانێكی هۆشیارانه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی رابردوو. ته‌نیا ئه‌و كاته ده‌توانیت بزانیت ده‌ته‌وێت بۆ كۆێ بچی، گه‌ر بزانیت له كوێوه هاتویت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه، ته‌نیا ئه‌وه‌ت پێده‌كرێت به ئاراسته‌ی ئه‌و ره‌شه‌با ده‌ولی و نهتهوهیانهدا كه هه‌ن.
* هه‌موو رێبازێكی ئاینی “شهجهرهیهكی نه‌سه‌بی” هه‌یه، له كۆتایدا شه‌جه‌ره‌ی كام خێزان ده‌چێته‌وه سه‌ر پێغه‌مبه‌ر. ئایا ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شه‌جه‌ره ناته‌واوه‌یه كه له قسه‌كاندا باست لێوه‌كرد بۆ به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی رابردوو؟
– سۆفیزم لایه‌نێكی گرنگه بۆ ئه‌و به‌ده‌ست هێنانه‌وه، به‌ڵێ، به‌ڵام به ته‌نها به‌س نییه. و “شه‌جه‌ره‌ی نه‌سب” چه‌مكێكه له سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌مه‌وه تاوه‌ك ئه‌مڕۆ له قوتابخانه ئاینیه‌كاندا ده‌یبینیت. چه‌مكی “ئیجازه” هه‌یه كه له كه‌سێكه‌وه ده‌ست پێده‌كات و به پێغه‌مبه‌ر كۆتایی دێت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم ره‌خنه‌ی ئیسلامیه‌كان بۆ سۆفیزم و كلتوری قوتابخانه ئاینیه‌كان یه‌ك لۆژیكی هه‌یه. هه‌ردوكیان ره‌خنه له مێژویی ئیسلام ده‌گرن، بۆیه پێم وایه هه‌ڵه‌یه‌كی ئاشكرایه كاتێك ئیسلامیه سه‌ره‌تاییه‌كان پێیان وایه ئه‌م جیهانه ئیسلامیه ته‌قلیدیه‌ی كه ئه‌وان تێدا گه‌شه‌یان كرد ناتوانێت جیهانێكی نوێ دروست بكات، بۆیه بڕیاریاندا خۆیان دابڕن له‌م شێوازه‌ی نوێژكردن و به‌جێهینانی فه‌رزانه. ئه‌و كاته كارێك واده‌كات، هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆت ده‌مێنێته‌وه خۆت و سهرچاوهكانتی، ئه‌و كاته‌ش چۆنت بوێت تائویل ده‌كه‌یت.
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له لایه‌ن په‌یامنێری ئازاد “نیكۆلاس پیرش” ئه‌نجامدراوه كه هه‌شت ساڵه له توركیا كارده‌كات و نوسینه‌كانی هاوكات له كۆمه‌ڵێك گۆڤاری وه‌ك “تایم” و “ووڵستریت جورناڵ” و “تایمز” به‌ڵاو ده‌بێته‌وه.