
ساڵێک لە چاوەڕوانیدا
ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕی بەسەر چاوەڕوانیم، ساڵێک تێپەڕی بەسەر کردنەوەی ڕۆژانەی ئیمەیڵەکانم، ساڵێک تێپەڕی بەسەر ناردنی یەکەمین ئیمەیڵ و یەکەمین تەلەفۆنم لەگەڵ بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری،سه‌رۆکی ده‌سته‌ی داکۆکیکار له که‌یسی سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌ڕینی 1991 له دادگای باڵای تاوانه‌کان. لە پارەوە من چاوەڕوانم ئیمەیڵێکم بۆ بێت، تەلەفۆنێکم بۆ بکرێت و پێم ڕابگەێنرێت کە دەستەی داکۆکیکەر بڕیاری داوە وەک بەڵگەیەکی بەهێز و وەک شاهێدحاڵێک ڕێوشوێنی پێویست ئەگرنە بەر تا لەدادگای باڵای تاوانەکان شاهێدی بدەم لەسەر ئەو قەسابخانەیەی کە سوپای هەڵوەشاوەی عێراق و گاردی کۆماری لە 31-03-1991 بۆ خەڵکی سیڤیڵی شاری هەولێریان سازکردبوو.من هەر دوای قسەکردن لەگەڵ ئەو بەڕێزە واتە ساڵی پار هەستام بەنووسینەوە و بەدۆکیمێنت کردنی ڕووداوەکە و ئامادەکردنی وەک بەڵگەیەک دژ بە سوپا و سەرانی حیزبی بەعس. بەڵام بەداخەوە بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی من و ئیدیعاکانی خۆیان، ئەو بەڕێزانە ئامادە نەبوون ئەم دەستپێشکەرییەی من بۆ چوونەوە بۆ کوردستان و لەوێشەوە بۆ بەغدای پڕ لەتەقینەوە بۆ شکاتکردن لە سوپای بەعس و گاردی کۆماری، قەبوڵ بکەن.
ئەو پرسیارانەی لێرەدا دێنە پێشەوە ئەوەیە ئایا بۆچی وەزارەتی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و دەستەی داکۆکیکار له که‌یسی سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌ڕینی 1991 له دادگای باڵای تاوانه‌کان ئەم دەستپێشکەرییەی منیان وەک هەلێک نەقۆستەوە تا شکاتێکی تر لەسەر تاوانەکانی ڕژێمی بەعس زیاد بێت و بەڵگەیەکی تر بخەنە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکان لەپێناو بردنەوەی دۆسیەیەکی خوێناوی گەورە کەبەقەد ئەندازەی ئاوی ناو مەلەوانگەی ماڵە بەرپرسێکی ئەمڕۆی کوردستان خوێن بەسەر شەقامەکانی شاری هەولێردا ڕژا؟ بۆچی ئەم دەستپێشکەرییەی من دێزە بەدەرخۆنەی پێکرا و لەبری دەستخۆشی و بەتەنگەوە هاتن، بێدەنگیان لەبەرانبەرم هەڵبژارد؟ بۆچی تۆ بڵێی بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری ئەم دەستپێشکەرییەی خستبێتە بەردەم جەنابی وەزیر و ئینجا بەکۆی دەنگ و بە نەخێر و بە بێدەنگی بوون و فەرامۆشکردنم بڕیاریان دابێ؟ یان تۆ بڵێێ کورد ئەوەندە بەهێز بێ لە بەغدای عەرەبستان و ئەوەندەی بەڵگە و شاهێد هەبێ کەپێویستی بە من و شاهێدی من نەبێ؟ یان ئەم بەڕێزانە خۆشییان بەچارەی شاعیر و ڕۆشنبیر نایەت و زیاتر حەز ئەکەن دەستوپەنچە لەگەڵ کەسانی عام و نەخوێنەواردا نەرم بکەن، تا بەئارەزووی خۆیان و ڕێک بەپێی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان هەڵیان بسوڕێنن و ڕانماییان بکەن؟ بەڵێ دوای ساڵێک لە بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ تیژکردنەوەی یادەوەریم و خۆئامادەکردن بۆ کارێکی ئاوا پڕ بەها ، کەچی لەنێوان چەند ئیمەیڵێکدا ون کرام و شوێن بزرکرام. من لەبەردەم ئەرکێکی ئینسانی و ویژدانێکی بەئاگاوە بەو بڕیارە گەیشتبووم کە بەهەر نرخێک بووە بچمە دادگای باڵای تاوانەکان و ئامادەی دانیشتنی تایبەت بەو کەیسە بم و شاهێدی بدەم، من لەهەستێکی مرۆڤانە و وەفایەکی ئینسانی بۆ زیاتر لە 30 مرۆڤ ئامادەی هەر ڕیسکێک بووم بگەڕێمەوە بۆ بەغدا و شکات لەو جەللادانە بکەم کە ئێمەیان لەناو ئاگردا سووتاند و دۆزەخێکیان لەسەر شەقامەکانی شاری هەولێر بۆ داخستین. بەڵێ من لەو هەستە و لەو بایەخەوە ئەمویست بە قوربانیانی ناو لۆرییە سووتاوەکەی شاری هەولێر بڵێم خەمتان نەبێ ئازیزان ئەوا من لەجیاتی ئێوەش شاهێدی دەدەم،ئەمویست پێیان بڵێم ئەوا من لەبری ئێوە ئەبمە شاهێدی بینینی سزا و تۆڵەی مرۆڤانەمان نەک بەخشینیان یا سووککردنی سزاکانیان. بەڵام مەخابن ئێستا ئەبێ بەو قوربانیانە بڵێم ببوورن ئازیزان ئەوەی بەسەر ئێمە هات و ئەوەی بینیمان بەبڕیاری چەند بەڕێزێک لەبایەخە سیاسی و مێژووییەکەی و لەناوەڕۆکە ئینسانییەکەی بەتاڵ ئەکرێتەوە. ئەبێ پێیان بڵێم ئازیزان بەرژەوەندی نەتەوە و کورد چەند کورتەباڵان لەئاست بەرژەوەندییە باڵاکانی حیزب. ئەبێ پێیان بڵێم خۆشەویستان سزای تاوانباران بەکەڵکی کورد نایەت و ئەوەی گرنگە بتوانین واز لەخەونەکانمان بهێنین. ئیتر بۆ دەستە و نزا ڕوو لەئاسمان لەجیاتی پاڕانەوە لە یەزدان بۆ تۆڵە کردنەوە لە سەبەبکاری مەرگمان، با خوا عێراقێکی تەژی لە تەقینەوە و کوشتن و ڕفاندن و تیرۆرمان بۆ بپارێزێت، با خوا عێراقێکی پڕ لە بەعسی و کۆنەپەرستیمان بۆ بپارێزێ، خوا با عێراقێکمان بۆ بهێڵێ کە هەموو شتێکی تێدایە تەنها ئازادی نەبێت،
کێ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بۆ مه‌به‌سته و ئه‌یپارێزێ؟ ئه‌و که‌ڵه مرۆڤانه کێن که سنووره‌کانی به‌خیلی و ته‌ماح و گه‌نده‌ڵییان به‌زاندووه و ئاماده‌ن به‌کردار نه‌ک به‌قسه به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی کورد بخه‌نه سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و حیزبییه‌وه؟ من بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی گومانه‌کانم له نووسینه‌که‌مدا بڕه‌وێنمه‌وه ده‌ڵێم ئاسنی سارد کوتانه له ته‌واوی هه‌یکه‌لی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وەزارەتێک یان لیژنەیەک یان دەستەیەک بدۆزیته‌وه به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی کوردی بۆ گرنگ بێ. ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی ڕابردوو سه‌لماندی که سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد نه‌ک هه‌ر دەستوپێ سپییە له ململانێ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که، به‌ڵکو خاوه‌ن ئاستێکی زۆر نزمیشه له دیاریکردنی توخمه گرنگ و بایه‌خداره‌کان لەڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق تا له کێشمه‌کێش و ململانێکاندا بتوانن ده‌رکه‌وته‌یه‌کی باشیان هه‌بێ و گره‌وه‌کان ببەنه‌وه و دۆسیەکان لەبەرژەوەندی کورد دا بشکێننەوە. دیاریکردنی توخمه گرنگه‌کان له هه‌یکه‌لی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشکرایه له‌ژێر تیشکی حیزبی بوون و به فه‌رمانی سه‌رکرده نه‌خوێنده‌واره‌کانی کورده‌وه‌یه بۆیه یه‌ک که‌یس شک نابه‌ی براوه بێ. من وشه‌ی دەستوپێ سپیم بۆ وه‌سفی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌کار هێنا نه‌ک وه‌ک سوکایه‌تی، به‌ڵکو وه‌ک ده‌رخستنی دۆخی غیابی عه‌قڵانیه‌ت له سیاستدا. بێ ئەزموونی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد هه‌ر له‌وه‌دانییه که خوێندنه‌وه‌ی دروستی بۆ بارودۆخه‌کان نییه، هه‌ر له‌وه‌دانییه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و کاری دیبلۆماسی کاڵفامانە و هه‌رزه‌کارانه ئه‌کات، هه‌ر ئه‌وه‌ش نییه به‌کۆمه‌ڵی کێشه‌ی سایکۆ-سۆسیۆلۆژیه‌وه ئالووده‌یه، به‌ڵکو کێشەکە له‌وه‌دایه نرخ و به‌های تاکی کورد نابینێت و مرۆڤی کوردی لا بێنرخه.
هەروەها هه‌موو ئاگاداری ئه‌و پرۆسه کۆمیدیا-تراژیدیایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بووین که چۆن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان له بیست ساڵی ڕابردوودا له‌نێو خۆیاندا دابه‌شکرد و چ نه‌هامه‌تییه‌کیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا هێنا. له‌ململانێ سیاسی و سه‌ربازییه‌کانیشدا بێجگه له‌به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه و حیزب هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تریان بۆ مه‌به‌ست نه‌بووه و نییه. وه هه‌مووشمان شاهیدی ئه‌وه ئه‌بین له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م بەڕێزانە چ له‌کوردستان و چ له‌به‌غدا، کورد دووچاری ژێرده‌سته بوونی زیاتر ئه‌بێ.
با له‌دوای ئه‌م ده‌روازه بچووکه‌وه بێمه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شاهێد و به‌ڵگه له دۆزی دادگای باڵای تاوانه‌کان، و وردتر له دید و بۆچوونی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری سه‌رۆکی ده‌سته‌ی داکۆکیکار له که‌یسی سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌ڕینی 1991 له دادگای باڵای تاوانه‌کان. سه‌ره‌تا با بزانین بەڕێز کاک عه‌بدولڕه‌حمان زێباری سه‌باره‌ت به گرنگی شاهێد ئه‌ڵی چی. بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری له 29-04-2010 دا و له‌ڕیگه‌ی سایتی ئاژانسی په‌یامنێره‌وه ده‌ڵی” ئێمه داوامان كردووه 5 شاهیدی دیكه له دهۆك شایه‌تی خۆیان بده‌ن، له سلێمانی شاهیدێكمان هه‌بوو به‌ڵام به داخه‌وه به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ی نه‌كرد و بیانوی به‌وه هێناوه‌ته‌وه كه مامۆستایه و كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانه و ناتوانێت به‌شداری بكات و ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه زیانی زۆره چونكه له سلێمانی شایه‌ت و دادخوازمان نابێت.”هه‌روه‌ها ده‌ڵی ” به هۆی گرنگی كه‌یسه‌كه داوا له خه‌ڵكی سلێمانی ده‌كه‌م وه‌ك دادخواز به‌شداری له دانیشتنه‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق بكه‌ن.”لێره‌وه ئه‌وه ڕوون ئه‌بێته‌وه که بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری له‌خه‌می په‌یداکردنی دادخوازه تا شایه‌تی بده‌ن و سوود به دۆزی کورد بگه‌ێنن. باشه ئه‌م پارێزه‌ره خه‌مخۆره که ئاوا به‌جیددی به‌شوێن شاهێدهوهیه ئه‌ی بۆچی داواکەی منی قه‌بوڵ نه‌کرد که خۆم له‌سه‌ر داوای خۆم و به‌ئاره‌زووی خۆم خۆبه‌خشانه داوام لێکرد ئاماده‌م له وڵاتی که‌نه‌داوه بێمه‌وه بۆ به‌غدا و ئاماده‌ی دانیشتنه‌کانی دادگای باڵای تاوانه‌کان بم؟ ئه‌بێ چی وای له زێباری کردبێ شاهێدێکی زیندووی کاره‌ساتێکی گه‌وره که من یه‌کێکم له ڕزگاربووه‌کان، به‌شاهێد دانه‌نێ ؟ تۆ بڵێی شاهێد ئه‌وه‌نده زۆر بن که من و به‌ڵگه‌کانم له‌ڕووی به‌هێزییه‌وه له‌ڕیزی خواره‌وه بین و که‌سانی موسته‌حه‌قتر هه‌بن و ئه‌وان ده‌کرێن به شاهێد؟ چی وا له بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری ئه‌کات دوای ئه‌وه‌ی له 18-01-2010 به ئیمه‌یڵ ئاگادارم بکاته‌وه که بهشاهێدم دائه‌نێن، که‌چی دوای نزیک بە ساڵێک مێشێکی مێوان نییه؟ یان لەبەر ئەوەی نووسه‌ر و شاعیر بووم و ترستان لێم هه‌بوو. ترستان لێمبوو به‌دڵی ئێوه قسه نه‌که‌م و خۆم ئازادانە بدوێم کەلەبەرژەوەندی حیزبی ئێوە نەبێت؟ یان هۆکاره‌که‌ی سەربەخۆ بوونم و ئەندام نە بوونم بوو له پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان؟
بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری له 30-06-2010 دا و له‌ڕێگه‌ی سایتی “سبه‌ی”ه‌وه ئه‌ڵێ ” بڕیاره 25/7 دانیشتنی 35همهینی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له‌باره‌ی كه‌یسی راپه‌ڕینی ئازاری ساڵی 1991 به‌ڕێوه بچێت، كه‌تایبه‌ت ده‌بێت به‌خستنه‌ڕوی به‌ڵگه‌نامه و دیكۆمێنته ڤیدیۆییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌م تاوانه.”
هەروەها وتیشی “داواكارین هه‌ركه‌س و لایه‌نێك كه هه‌ر به‌ڵگه‌نامه و ئه‌رشیفێكی تایبه‌ت به‌تاوانی سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕینی ئاداری ساڵی 1991ی هه‌یه، بۆ داداگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقی بنێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی كورد له‌م دادگایه به‌هێزبن، تاوه‌كو روبه‌ڕوی تاونبارن بكرێنه‌وه.”
سه‌رۆکی ده‌سته‌ی داکۆکیکار له که‌یسی سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌ڕینی 1991 له دادگای باڵای تاوانه‌کان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا”له‌دانیشتنه‌كانی ڕابردوودا چه‌ند دۆكیومێنتێكی ڤیدیۆیی خرانه‌ڕوو كه‌تاوانی تاوانبارانی ڕژێمی به‌عسی پیشان ده‌دا،” ئه‌م داوایه‌ش وه‌کو مه‌سه‌له‌ی شایه‌دییه‌که نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که به‌ڵگه‌نامه‌کانی کورد له دادگای باڵای تاوانه‌کان به‌هێز نین. ئاخر به‌ڵگه‌کانی کورد چۆن به‌هێز ئه‌بن که ئه‌م بەڕێزە شایه‌ته زیندووه‌کانی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 فه‌رامۆش بکات؟ چۆن به‌ڵگه‌کان به‌هێز ئه‌بن که ئه‌م بەڕێزە وه‌ڵامی ئیمه‌یڵی شایه‌ته‌کان نه‌داته‌وه و بەسەریان نەکاتەوە و زەمینەی بردنیان بۆ دادگای باڵای تاوانەکان خۆش نەکات؟ ئاخر ئه‌م بەڕێزە ڕۆژێک هه‌ستی کوردایه‌تی ، مرۆڤایه‌تی نهیجوڵاند و بڵێ من ئه‌م شایه‌ته که خۆی ئاماده‌یه بێته‌وه بۆ کوردستان و به‌غدا و هیچ قازانجێکی نییه له‌و دوو هه‌فته‌یه‌ی که دێته‌وه جگه له مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی، با ئه‌م شایه‌ته له‌پێناو به‌هێز کردنی به‌ڵگه‌کان به‌رمه هۆڵی دادگا و به‌تایبه‌تیش دوای ئەوەی که ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌که‌م له 7 ژماره‌ی دوا به‌دوای یه‌کدی له هه‌فته‌نامه‌ی(هه‌واڵ) بڵاو کرده‌وه. من گومانم هه‌یه جه‌نابی بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری خوێنده‌واری هه‌بێ و ئه‌گه‌ر هه‌شی بێ ته‌نها هه‌ر عه‌ره‌بی ئه‌زانێ و نازانی کوردی بخوێنێته‌وه به‌تایبه‌تیش سۆرانی.ئه‌گه‌ر وا نییه ده‌بوایه ده‌ستخۆشی لێم بکردایه که ئه‌و کاره‌ساته‌م تۆمار کردووه و کردوومه‌ته دۆکیومێنت و ئاماده‌م کردووه بۆ دادگا، هه‌ر هیچ نه‌بوایه ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی بکردایه و بیبردایه بۆ دادگا. نه‌ک داوای به‌ڵگه بکا و بڵێ به‌ڵگه‌ی به‌هێزمان نییه.
من که‌له دوانزە مانگی ڕابردوودا زۆر به‌جیددی له‌چاوه‌ڕوانی بەڕێز عەبدولڕەحمان زێباری بووم تا وه‌ڵامم لێبگێڕێتهوه و بچمه‌وه بۆ کوردستان و به‌غدا و بۆ شایه‌تی دان له‌سه‌ر تاوانەکانی خوێنمژانی به‌عس و دڕنده‌یی سوپا و گاردی کۆماری ، بۆیه بڕیارم دا که :
یه‌ک : هه‌رچه‌نده دڵسۆز بم بۆ کورد و مێژوو و خه‌ڵکی هه‌ژار، به‌ڵام ناچمه پای گه‌مه‌کانی بەڕێز عه‌بدولڕه‌حمان زێباری هاوه‌ڵه‌کانی. ئه‌و دڵسۆزییه‌م با مێژوو له‌م چه‌ند دێره‌دا بیبینێته‌وه نه‌ک له هۆڵی دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق. ناچم بۆ دادگا چونکه بایی نووکی ده‌رزییه‌ک متمانه و دڵسۆزییان تێدا نابینم.
دوو : نه‌کرام به‌شاهێد چونکه ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نه‌بووم و شاعیر و نووسه‌رێکی سەربەخۆم. بەبڕوای من ئێوه که‌سێکتان ئه‌وێ به‌ئاره‌زووی خۆتان ڕێنوێنی بکه‌ن و پێی بڵێن ئه‌بێ وا بڵێیت و وا بکه‌ی. له‌وه ئه‌ترسان شتێکی تر بڵێم. له‌وه ترسان کاره‌ساتێک باس بکه‌م که جگه له‌شه‌رمه‌زاری هیچی تری تێدا نەبێ بۆتان. نه‌خێر من هیچ نیازێکم نه‌بوو له هاتنه‌وه‌م جگه له شکاتکردن له هێزه‌کانی گاردی کۆماری و سوپای دڕنده‌ی به‌عس.
سێ : من ئه‌گه‌ر تورک یان فارس یان ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش بوومایه به جۆرێک مامڵهم له‌گه‌ڵ ئه‌کرا که‌شایانی قوربانییه‌کانم بێ نه‌ک بێبایه‌خانه لێم بڕوانن. به‌ڵام به‌سووک ته‌ماشاکردنی تاکی کورد به‌داخه‌وه خه‌ریکه ئه‌بێته کلتوور. کلتورێک که ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دایان هێناوه و به‌تووندی پشتیوانی لێئه‌که‌ن و بەردەوام بەرهەمی ئەهێننەوە. چ کارەساتە تاکی کورد بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی حیساباتی سیاسی و مێژوویی ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه که شەرعییەتی فەڕمانڕەوایی خۆی بەو تاکانەوە بەندە. بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی بووه‌ته کارگه‌یه‌ک هه‌ر خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانی ئەو کلتوورە ژیان بەخشەیە.
چوار : ئۆباڵی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی به‌هێز و شاهێد له‌دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ئه‌ستۆی به‌ڕێز عەبدولڕەحمان زێبارییه و نیشانەی بێ ئەزموونی ئەو بەڕێزەیە، نه‌ک خه‌ڵکی هه‌ژار و شه‌ریف.
پێنج : سه‌رنجی خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ ئه‌و نووسینه‌م ڕائه‌کێشم به‌ناوی ” له‌ژێر دووکه‌ڵێکی ڕه‌شدا” له هه‌فته‌نامه‌ی هه‌واڵ ژمارەکانی 371و372 و 373 و 374 و 375و 376 و 377 ی ساڵی 2010 و سایته‌کانی ده‌نگه‌کان و ئه‌مڕۆ و هاوپشتی بڵاوم کردۆته‌وه ، که به‌وردی ئه‌و چیرۆکه‌م گێراوه‌ته‌وه که له 31-03-1991 دا چۆن بووینه قوربانی و چۆن پێکراین. له‌کۆتایشدا کۆمه‌ڵی نامه و ئیمه‌ڵی خۆم و بەڕێز عەبدولڕەحمان زێباری و که‌سانی تری تێدایه که گه‌واهی ئه‌وه ئه‌ده‌ن که ئەو پارێزەرە بەڕێزە چه‌ند خه‌مساردانه ئه‌ڕوانێته که‌یسی سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌ڕینی کوردستان بەگشتی و شاری هه‌ولێر بەتایبەتی.
شه‌ش : به‌تێگه‌یشتنی من بەڕێز عەبدولڕەحمان زێباری ڕاسته پارێزه‌ره و ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستانە ، به‌ڵام دڵنیام سه‌ری له سیاسه‌ت ده‌رناچێ و بەئاگا نییە بۆ بهرژهوهندییەکانی گەلی کورد. ئەو بەڕێزە جگه له گوێڕایه‌ڵێکی حیزبی هیچیتر نییه و نابێ. ئەو بەڕێزە ڕۆبۆتێکی حیزبی سیاسییه و فه‌رمایشته‌کانی حیزب جێبه‌جێ ئه‌کات.
هه‌شت : پێویستە وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بەچاکی ئاگاداری چالاکی پارێزه‌ره خه‌مخۆره‌کانی کورد بن (لێره‌دا ڕێزم هه‌یه بۆ کاک گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی که ڕۆڵی جوانی گێرا له دادگای باڵای تاوانه‌کان سه‌باره‌ت به سەرخستنی که‌یسی هه‌ڵه‌بجه و کانی عاشقان) . من لە وەزارەتی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئەپرسم ساڵێک لە چاوەڕوانی مانای چییە؟ ئایا مانای ئەوەیە کە بەڕێز عەبدولڕەحمان زێباری سه‌رقاڵی خه‌مساردییه یان خه‌مخۆری؟
له کۆتاییشدا ئەمەوێ ئاماژە بەدوو خاڵ بکەم یەکەمیان ویژدانم ئاسوودەیە و ئەوەی لەسەرم بوو کردم و هەوڵم بۆ دا و ئەمەش نیشانەی دڵسۆزی و بەتەنگەوەهاتنی من بوو بۆ دۆسیەکە و پرسە سیاسی – میژووییەکە گەورەکەی گەلی کورد. دووەمیان تیژ کردنی عه‌قڵییه‌تی بزاڤی به‌ئه‌رشیفکردن و به‌دۆکیومێنتکردنی کاره‌ساته تراژیدییه‌کانی مێژووی تازه و کۆنی سیاسی کوردستان زۆر گرنگه و ده‌رک کردن به‌م گرنگییه ئه‌بێته هۆی کارا بوونی ئه‌و بزاڤه و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هێمای کڵۆڵ بوونی کورد نیشان ئه‌دات.من بەنووسینەوەی کارەساتەکە و بڵاوکردنەوەی نامیلکەی ” لەژێر دووکەڵێکی ڕەشدا” ئەو هەنگاوەم نا و بەئەرکی خۆم هەستام. هیوادارم ئەم نووسینەشم وەڵامێک بێت بتوانێ تینوویەتی هەموو ئەو دۆست و هاوڕێیانەش بشکێنێ کەلەخەمی چوونەوەی من بوون بۆ بەغدا و بەردەوام لەپرسیارکردندا بوون سەبارەت بە ڕەوشی گەشەی پەیوەندی من و بەڕێز عەبدولڕەحمان زێباری.
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
ڤانکۆڤه‌ر – که‌نه‌دا
ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی 2010
mashkhal@shaw.ca
abdullahsulaiman1964@yahoo.ca
abdullahsulaimanmashxal@gmail.com