سیاسەتی چەق و سیاسەتی کەمەر
شەفیقی حاجی خدر
Shafiq68@gmail.com
سیاسەتی چەق ئەو سیاسەتەیە کە راستەوخۆ جەوهەر و چەقی کێشەکە دەگرێ، هەرچەندە پرسەکە بەربڵاویش بێ بەڵام پێیوایە کە ناوەندەکەی چارەسەرکرد کرد، ئەوا یەکسەر هەمو لایەکی کێشەکە دادەگرێ، ئیدی چارەسەریەکە هەمو کونوقوژبنەکانی دەگرێتەوەو بنبڕیدەکا. هەرچی سیاسەتی کەمەریشە؛ ئەوەیە کە راستەوخۆ چەقی کێشەکە ناگرێ، چونکە پێیوایە راستەوڕاست دەرەقەتی نایەت بۆیە چوارچێوەی (کەمەری) پرسەکە دەگرێ و هەوڵدەدا سنوری کێشەکە تا بێ بەرتەسک بکاتەوە بۆئەوەی بڕستی بەسەردا بشکێ و لەدوا قۆناغدا بەئاسانی بەسەریدا زاڵ بێ.
بێگومان هەریەک لەم دوو سیاسەتە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا زەمینەو دۆخ و کەرەستەکانی خۆی دەوێ، ئەوەش هەر راستە کە رەنگبێ بەگوێرەی کێشەکان سیاسەتێک لەم دووانەی سەرودا بەسەریدا سەربکەوێ، هەروەها لەوانەشە هەردوکیان یەکدی فراژیبکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە هەردوو سیاسەتەکە بۆ بنبڕکردنی کێشەکانن کەچی هونەر و خاڵی هەرە گرنگ و دووڕیان ئەوەیە چۆن بزاندرێ کە فڵانە کێشە سیاسەتی چەقی پێویستە و فیسارە کێشەش سیاسەتی کەمەر.
ئەوەی لە سیاسەت و مێژودا تائێستا حوکمی کردووە، بەواتایەکی دی چەقی بازنە هەڵسوڕاندنی سیاسەتەکان بووە هەر چەمکی هێز بووە. بۆیە لێرەشدا توانای هێز و دەرەقەت هاتن حوکمی لێبژاردنی یەکێ لە سیاسەتە ناوبراوەکانی سەرو دەهێنێتە پێشەوە. وەلێ بۆ دەستنیشانکردنی کام سیاسەت، هەردەبێ لە پاڵ روانینە چەمکی هێز، ئەزمونی دیرۆکی کێشە و رێگاگرتنەبەری چارەسەریەکانیش بخرێتە سەر تا ببنە سەنگی محەکی دەستنیشانکردنی رێگاگرتنەبەرەکە.
کاتێکیش ئەو نواڕینەی سەرو لەسەر روکردنە کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکانی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوبکەین، پرسیارێک خۆی قیت دەکاتەوە؛ ئەرێ گەلۆ تائیستا کام سیاسەت گیراوەتەبەر؟ تۆ پبڵێی ئەوەی گیراوەتەبەر مەبەستە خوازراوەکەی هێنابێتەدی؟
هەمومان ئەوە راستیە تاڵە دەزانین کە لەوەتەی کوردستان کوردی لێدەژی، سنورە جوگرافیاکەی بەرتەسک کراوەتەوە، ئەوەی لە کۆندا کوردستان بووە ئێستا گەلستانێکی دیکەیە! ئەمەش کێشەیەکە راستەوخۆ بەرۆکی چەمکی ئاسایشتی نەتەوەییمان دەگرێتەوە.
لەراستیشدا حوکمی مێژو سەلماندویەتی کە لەپاڵ چیاکانماندا زمان مانەوەی کوردی وەک نەتەوە مسۆگەرکردووە.
کاتێکیش دێینە سەر قەڵەمڕەوێتی عێراقی ٨٠ ساڵەی سەدەی رابردوو نۆژەنکردنەوەکەی ٢٠٠٣، دەبینین پێواژۆیەکە درێژەدەری رێچکە مێژویەکەیەتی.
ئەوسا لێرەدا بە جدی پرسێک دێتە پێشەوە؛ ئەرێ خەڵکینە پێویستە پێناسەی سنوری کوردستان بکرێتەوە یان هەر خاڵێکی گرنگ (واتە دەڤەرێکی گرنگ) تیشکی بخرێتە سەر و وەک چەق تەماشابکرێ و کەمەریش بدرێتە بەر حوکمی قەدەر، یان بەپێچەوانەوە رو لەکەمەر بکەین بۆ ئەوەی چەقەکەمان بەتەواوی دەستەبەر ببێ؟
بێگومان هەویری ئەم پرسە ئاوی زۆری هەڵدەگرێ، بەڵام هەرهیچ نەبێ بادەرگای موناقەشەلەسەرکردنی بخەینە سەر پشت.