شاعیر‌و چه‌مكی باو و ئه‌كرۆباتیكیه‌ت
ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان
هیچ شاعیرێك ناتوانێت چه‌مكێكی نوێی شیعر بونیادبنێ، ئه‌گه‌ر له ناخیدا كۆنه چه‌مكه‌كان نه‌ڕوخابن، ناشتوانێ ژیان و هزر نوێ بكاته‌وه گه‌ر خۆی له نێو ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌دا نه‌ژیابێ*. به‌واتایه‌كی تر شیعر گهمهكردنه له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌دا، بۆیه به‌ر له‌مه پێویست ده‌كات شاعیر خۆی بۆ شه‌ڕی تێكشكاندنی چه‌مكه كۆن و سواوه‌كان سازدابێ، گوێ نه‌داته ئه‌وه‌ی ده‌بێ چه‌ند قوربانی بدات و چه‌ند نه‌فسی ده‌شكێ؟
شاعیر له‌سه‌ر وه‌ختی نوسیندا خاڵیه له‌هه‌موو (تابو)یه‌ك، پێوه‌ره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا گرنگیه‌كی ئه‌وتۆیان نامێنێت، كه‌سێ خۆی دایه ده‌ست شه‌پۆلی بێمهفاری شیعر نازانێ له‌كوێ و چۆن ده‌ستپێده‌كات و ده‌گاته خاڵی چ چه‌شنه نادیارییه‌ك؟ كه‌واته هیچ تابویهكی ئه‌خڵاقی و ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌روه‌خته وجودیان نامێنێ و شاعیر له‌و كاته‌دا ده‌بێته دڵۆپێك ئاو و به‌ڕوونی ده‌بینرێت(له‌وپه‌ڕی پاكیدا) نهڕهنگ و نه تام و بۆنی نیه، یان وه‌ك كاسپێر ده‌توانێ به‌هه‌موو درز و دیوار و كه‌له‌به‌ره تابۆكراوهكانا ڕۆبچێ .
ئیدی كه پله‌ی كامڵ بوونیش له وجودی هه‌موو ئینسانهكاندا هه‌یه، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی هێنده ئاسان نیه، وه‌ك ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌رده‌كرێ، شاعیری ڕاسته‌قینه‌ش ده‌گاته ئه‌م پله‌ی پێگه‌یشتن و كامڵ بوونه هه‌روه‌ك په‌یامبه‌ر، بۆیه ته‌نها خوێنه‌ره به ئه‌زموونه‌كان هه‌ست به‌م پاوه‌ره‌ی شاعیرێتیه ده‌كه‌ن له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌یدا، هه‌روه‌ك ده‌بینین شاعیری ڕاسته‌قینه ئاڕاسته‌ی هه‌موو جۆره خوێنه‌رێك ناكات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری به ئه‌زموون و پڕ هه‌ست ده‌دوێ، هه‌ردووكیانیش (شاعیر و خوێنه‌ر) له‌وه‌دا یه‌كده‌گرنه‌وه كه چێژ له‌خوێندنه‌وه وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌مه‌ی یه‌كه‌میان بۆ هه‌ڵكشانی زیاتری به‌ره‌و مه‌عریفه و بینینی هه‌نگاوی دواتر و پاشان وه‌ك هه‌وێنێك بۆ په‌رچه‌كرداری چێژ و مه‌عریفه له‌هه‌ندێك شوێنی پێویستدا سودی لێده‌بینێت، لێ ئه‌وه‌ی دیكه چێژێكی تایبه‌ت له‌خوێندنه‌وه ده‌بینێت و ده‌یه‌وێ ئه‌و چێژه له ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا به‌رچاوی بكه‌وێ و به ئاسانی په‌نجه‌ی بۆدرێژكات : كه ئه‌مه ئه‌زمونێكی نوێ نیه .
بۆیه شاكاری ئه‌ده‌بی مه‌رج نیه شاعیرێكی به‌ناوبانگ(ئه‌وانه‌ی كتێبیان زۆره به‌ڕێژه‌ی چه‌ندێتی) بینوسێ، زۆرجار هه‌یه ته‌نها په‌خشانه شیعرێكی قووڵ، چێژێكی یه‌كجار زۆر ئه‌به‌خشێته خوێنه‌ر و ئه‌شبێته مایه‌ی باری سه‌رنجێكی گه‌وره و جێگای گه‌لێ به‌ناو(دیوانه شیعر)یش ده‌گرێته‌وه، ئیتر ئه‌وه كه‌ی گرنگه ئه‌و شاكاره ئه‌ده‌بیه دیوانه شیعره یا په‌خشانی هونه‌ر ئامێز؟
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م بۆكرد، شاعیری ڕه‌سه‌ن هونه‌رمه‌ندێكی ڕاستبێژه و ناخی خۆی ئه‌نوسێته‌وه، گوێش ناداته چه‌پڵه ڕێزان و ناڕه‌زایی ئه‌م و ئه‌و، بۆیه به‌شێكی زۆری شاعیران و بگره خوێنه‌رانیش چێژ له ده‌قی پڕ گه‌مه‌ی ئهكرۆباتیكی وه‌رده‌گرن، چون حه‌زه كهبتكراوهكانی خۆیانیان تیا به‌دی ده‌كه‌ن، به‌واتایه‌كی دی شاعیر خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رهه‌می خۆی نیه به‌ڵكو ئه‌وه‌ی سوودی لێ ده‌بینێ خۆی به‌خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رهه‌مه‌كه ده‌زانێ**. هه‌رچه‌ندیشه ژیانی شاعیرانی كۆمه‌ڵگای داخراو به‌نمونه: ڕۆژهه‌ڵاتی، تاڕادده‌یه‌ك هه‌ڵێنجراوی نه‌ریتی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌تی*. بۆیه هه‌ندێ جار شاعیران له‌دوو دونیای جیاوازدا سه‌روكاریان ده‌بێت و ناتوانن ته‌واو شاعیرانه بژین، كه بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر زوویی و دره‌نگی ده‌ركه‌وتن و بگره ئه‌فڕاندنی شاعیردهبێت، وه‌ك ئه‌و شاعیرانه‌ی له كۆمه‌ڵگا ئازاده‌كاندا ڕێك خۆیانن نه ماسك ده‌پۆشن نه كێشه‌ی كلتور و ئایین و داخرانی كۆمه‌ڵگایان هه‌یه(ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیی نه‌بێت نمونه‌ی هه‌رتاكێكی كۆمه‌ڵگای كراوه شاعیربوونێكه بۆخۆی)، هه‌میشه شاعیرانی هه‌ر پنتێكی جوگرافی داخراو ویستوویانه خۆ ده‌رباز بكه‌ن له‌و ژینگانه‌ی به‌های بهشاعیربوونی ئه‌مان ده‌خاته په‌راوێزه‌وه. كاتێكیش به‌رهه‌مێكی به‌رزی هونه‌ری ئه‌بێته گه‌مه‌یه‌كی ئهكرۆباتیكی و له‌هه‌موو به‌هاكانی هونه‌رو ژیان لائه‌دا(ئه‌مه به‌پێوه‌ری كه‌سه‌كان و كۆمه‌ڵگاكان ده‌گۆڕێ) ***.
وه‌ك له ئاوێنه‌و تیشكدانه‌وه‌ی ئاوێنه له زانستی فیزیكدا، هه‌ردووكیان دیوی واقیعێكی جیاوازن.
ئیدی ئه‌م پڕۆسه شیعریه، شاعیر ده‌داته به‌ر لێزمه‌ی باران و چۆنی بوێ وای ده‌شێلێ، مه‌رجیش نیه ئه‌كرۆباتیكیه‌ت سه‌د ده‌رسه‌د پێوه‌ندی هه‌بێت به كردهگیی ژیانی واقیعی شاعیره‌وه. به‌ڵكو ئیحتیمالی زۆر هه‌یه پێوه‌ندی به (خه‌ون و خه‌یاڵ و حه‌زی كهبتكراوی شاعیره‌وه هه‌بێت)****.
شاعیر‌و به‌های گرانی ئه‌ڤین و مه‌رگ
بڕوانه به‌های گرانی (ئه‌وین و مه‌رگ) له مهم و زینی ئه‌حمه‌دی خانی دا چۆن ده‌كه‌وێته‌وه و به‌رگێكی فه‌لسه‌فی له‌به‌ر ئه‌كا:
ده‌م شه‌مع دكر ژبۆ خوه ئارمانج
كای ههمسهرو هه‌منشین و هه‌م ڕاز
تێكدا نه دتالیبن ئه‌و نه مه‌تلوب
ڤێكڕا نهموحیبن ئه‌و نهمهحبوب
بێ بههرهنه ئه‌و ژ عه‌شقبازی
فاریغ ژ حه‌قیقی و مه‌جازی
(خانی)***** له‌وێدا له‌ڕێگه‌ی به‌های گرانی ئه‌ڤین و مه‌رگه‌وه توانی وه‌ڵامی ئه‌وانه‌یش بداته‌وه كه هه‌میشه نه‌ته‌وه‌ی كوردیان به نه‌ته‌وه‌یه‌كی شهڕئهنگێزو خاڵی له به‌ها گرانه‌كانی عه‌شقی جاوید و قوربانیدان ناوزه‌د ده‌كرد، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت باكراوندی (مهم و زین)كه‌ی ئه‌و زیاتر له‌م وه‌ڵامانه له‌خۆده‌گرێ، كه وجودی عه‌شقی حه‌قیقی له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی په‌راوێزخراو به‌ڵگه نه‌ویسته نه‌ك هه‌ر ته‌نها عه‌شقی سه‌ر زه‌مینی و مه‌جازی به‌س، خانی به‌مه توانی شتگه‌لێك بكات وه‌ك:
1-به‌های ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ڤین و مه‌رگ له ده‌قێكی تازه‌و ڕه‌سه‌نی كوردیدا(به‌نیسبه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه كه به‌ده‌گمه‌ن ده‌قی كوردی دوای بابا تاهیری هه‌مه‌دانی(935-1010)******.و باشتروایه بێژم دوای جزیری*******. ده‌بینرا كه هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی تێدا مهوجودبێ) به‌یان بكات .
2-وه‌ڵامی ئه‌وانه‌یش بداته‌وه كه كوردیان به نه‌ته‌وه‌یه‌كی شه‌ڕانگێز و بێ ماریفه‌ی عه‌شقی خودایی ناس كردبوو:
وا خه‌ڵقی نهبێژێتن كو كرمانج
بێ مه‌عریفه‌تن، بێ ئه‌سڵ و بنیاد
ئه‌نواعی میلله ل خودان كتێبن
كرمانج ته‌نێ دبێ حسێبن .********
3-جوانترین داستانی دڵداری مۆركی نه‌ته‌وه‌یی بۆیه‌كه‌م جار به‌زمانی كوردی بنوسێته‌وه.
خۆی هه‌روایه بمانه‌وێ یان نا، ده‌قێك كۆمه‌ڵێك خاسیه‌تی تایبه‌ت له‌خۆبگرێت سنوری نه‌ته‌وه‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێنێت و زیاتر خۆی ده‌ناسێنێت، كه‌واته ده‌توانم ئه‌وه بڵێم ئه‌و به‌ها گرانه‌ی ئه‌ڤین و مه‌رگ له شیعره‌كانی شاعیری ڕاستێنهشدا زۆر جیاوازه له‌و به‌هایه‌ی كه له واقیعی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه ئاساییه‌كاندا بوونی هه‌یه، ئێمه له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا هه‌ركه‌سێ هه‌ست ده‌كه‌ین به شێوازێ مه‌رگ نزیكه لێمانه‌وه یان ده‌مرین، به‌ڵام ئه‌و مه‌رگه‌ی كه شاعیر به شێوازی تایبه‌تی خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێ ڕه‌نگه ئه‌وپه‌ڕی چێژیش له‌و جۆره مه‌رگه تایبه‌تیه وه‌رگرێ، به‌ڵام مه‌رگی واقیعی شتێكی تره، تا ئێستا مرۆڤ نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و حاڵه‌ته‌ی مانای مه‌رگی ڕاسته‌قینه بیبنێ و پاشان ده‌رفه‌تی هه‌بێت وه‌سفی بكات، مه‌گه‌ر له‌زاری ماری شیللی *********. و له پزیشككاریه صینیهكهی دوكتۆر ئه‌نیشتاینه‌وه شتێ له‌و بابه‌ته به‌گریمانه‌یی وه‌ربگیرێ، كه ئه‌وكات مرۆڤ دوای مه‌رگ ئاره‌زووی له ژیانه‌وه نه‌بێت چه‌ند نابوود و ترسێنه‌ره؟
به‌ڵام شاعیر له‌هه‌ر شیعرێ به‌جۆرێ مانای جوانی مه‌رگ به‌گوێچكه‌ی خوێنه‌ردا ده‌چرپێنێ، كه ئه‌ویش ئاره‌زووی چه‌شتنی لا دروست ده‌بێت، كهڕهنگبێ مه‌رگ لهههرقهسیدهیهكا مانایه‌كی ته‌واو جیاوازتری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشووتری داهه‌بێت، كه‌واته شاعیر هه‌رته‌نیا خۆی مهگبهر و خوڵقێنه‌ری خۆیه‌تی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانیتر چاوه‌ڕێی بینینی یه‌ك جۆر مه‌رگ ده‌كه‌ن كه هێشتا نازانن چیه‌و چۆنه؟
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*پرسیارێكی محمود زامداری نوسه‌ره، كاتی خۆی له‌دیدارێكی تایبه‌ت به ئه‌زموونی شیعریم ئاراسته‌ی كردبوم، به‌ڵام ئه‌مه‌یان وه‌ك به‌شی دووه‌می دیداره‌كه لای به‌ڕێزیان وون بوو، ئێستا دوای ئه‌وه‌ی لای خۆم دهسنوسێكم دۆزیه‌وه، دوای ده‌سكاریكردنێكی زۆر زۆر خۆی له‌م قه‌باره‌یه‌ی نوسینه دا. وه‌ك وه‌فایه‌ك پێشكه‌شی ده‌كه‌م به به‌ڕێزیان، به‌هیوای ته‌ندروستیه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه خزمه‌تی كۆڕی ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری.
**ئه‌نتۆنیۆ سكارمیتا-له‌ڕۆمانی سه‌بری ئاگرین له‌سه‌رزاری كاره‌كته‌ر: ماریۆ خیمهنزی پۆسته‌چی ئه‌م قسه‌یه ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه : پابلۆ نیرۆدای شاعیر و خاوه‌ن خهڵاَتی نۆبڵ 1971
***گه‌وره كۆمه‌ڵناس و دانه‌ری سیسته‌می حوكمی كۆمه‌ڵگا ژانژاك ڕۆسۆ:(مرۆڤ كوڕی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌تی).
****هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌ك له‌سه‌ر پڕهنسپڵی نه‌ریت و دابی تایبه‌ت به‌خۆی مه‌سه‌له‌كانی پێوه‌ست به (ئادابه گشتیه‌كان و ئاكاره گشتیه‌كان-الاداب العامه والاخلاق العامه) ژیانی تاكه‌كان به‌ڕێوه ده‌بات و بگره پێكهاته‌ی سیسته‌می سیاسیش هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما ئۆرگانیزه ده‌كرێت. چونكه تاكه ئاست مام ناوه‌ندیه‌كانی ڕۆشنبیری چینی ڕۆشنبیران به لاده‌ر له‌م سیسته‌مه ناوده‌به‌ن به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌مان گه‌یشتوونه‌ته ئاستێك پێوه‌ره ویژدانی و به‌حت ئینسانیه‌كان بۆ لێكدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كان به‌كار ده‌به‌ن، لێ تێنه‌گه‌یشتنی كۆمه‌ڵگا به‌گشتی له‌م خه‌ڵكه نوخبه‌یه ئیزدیواجیهتێك و پێكدادان دروست ده‌كات.
*****فرۆید
******)1650- 1707) خانی یه‌كێك له‌هۆكانی نووسینی ( مهم و زین) به‌م دێڕه ده‌رده‌بڕێ.
****** پ .د.عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سول، “نوێكردنه‌وه‌ی هزری نه‌ته‌وه‌یی كوردی”،كۆڕی بنكه‌ی كاوه‌ی ڕۆشتبیری، 19/10/2008 ، تۆڕی ئینته‌رنێت
******* (گوڵی باخی ئیره‌می بۆتانم
شه‌ب چراخی شه‌وی كوردستان‌م). خاوه‌نی ئه‌م دێڕه به‌ناوبانگه پڕ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه.
********سه‌رچاوه‌ی پێشوو
*********ماری شیللی نوسه‌ری ڕۆمانی ئه‌نیشتاینه،