
ئافره‌ت له‌نێوان رۆشنبیریی نێر و ئابڵوقه‌ی زماندا
ئافره‌ت وه‌ك سێبه‌ره، دوای بكه‌وی لێت راده‌كا، لێی رابكه‌یت دوات ده‌كه‌وێ. (په‌ندێكی ئیسپانییه)
عه‌بدلموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
به‌درێژایی مێژوو جنێو و ناو و ناتۆره و قسه‌ی سووك وه‌ك تووندوتیژییه‌كی زاراوه‌یی به تایبه‌تی له میانی ژیانی خێزانی‌دا و له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كان به‌ره‌و رووی ئافره‌ت، یان هه‌ندێجار به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له به‌رانبه‌ر خودی ئافره‌ت به‌كار ده‌هێنرێ. تووندوتیژی زاراوه‌یی ره‌فتارێكی ناسرووشتی پیاوه دژ به ژن و له هه‌موو دنیادا ده‌سته‌واژه و فه‌زای زمانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و له بواره جۆراو جۆره‌كانی زمانه‌وانیدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه و درێژ ده‌بێته‌وه بۆ نێو ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌كانی دیكه‌ی راگه‌یاندنی بینراو بیستراو، وه‌ك چۆن هه‌ندێجار سازكردنی ئه‌و فه‌زایه، مه‌رج نییه له رێگه‌ی هاتنه‌گۆی زمانه‌وه بێت، به‌ڵكو ده‌شێ سیحری بێده‌نگیش ئه‌و فه‌زایه به‌رێوه به‌رێت.
جیاكردنه‌وه‌ی نێر و مێ
جیاكردنه‌وه‌ی نێر و مێ له نێو خێزان به ره‌گه‌زی پێكهێنه‌ری هه‌موو خێزانێك داده‌نرێت، نه‌ك هه‌ر هێنده به‌ڵكو به بنه‌مایه‌كی قبوڵكراوی كۆمه‌ڵگه‌ش دێته ژماردن. ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه له هه‌موو ئاسته جیاوازه‌كانی ژیانی گشتیدا ده‌بێته رێگرێك له تێكه‌ڵبوونی نێر و مێ. (پیێر بۆردیۆ) شیكردنه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی له‌باره‌ی نێو ماڵی تیره و هۆزه‌كان كردووه و له‌وێوه بۆی ده‌ركه‌وتووه كه دنیای كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ر به‌رانبه‌ریه‌كی (نێر/مێ) هه‌روه‌ها (ده‌ره‌وه/ناوه‌وه) و (گشتی/تایبه‌تی) خۆی جێگیر ده‌كات. ده‌بێ بزانین كه ئاماژه‌كردن به به‌رانبه‌ریه‌كبوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جێگیربوونی باوك له ناوه‌وه ده‌سه‌پێنێ، به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی نایه‌كسان، له‌نێوان تاكه‌كانی خێزان نیشان ده‌دات و له‌وێشه‌وه زاڵبوونی نێر به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان به‌رجه‌سته ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته به‌شێكی به‌رفره‌وانی ئه‌و شێوه پرۆسیسه‌كردنه‌ش راسته‌وخۆ به رۆشنبیریی ته‌قلیدی و ئایینه‌وه ده‌لكێ.
له به‌رانبه‌ر نێر- مێ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه خۆی ده‌خاته روو، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌فه و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش راسته‌وخۆ پیاو ده‌گرێته‌وه، خاڵی لاوازی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش به ئافره‌ته‌وه به‌نده، یان به مانایه‌كی دیكه ده‌كه‌وێته بواری سێكسه‌وه. پیاوان سنووری شه‌ره‌فییان له حوكمكردن به‌سه‌ر ژنانه‌وه دیاری ده‌كه‌ن. لێره مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك چه‌سپاوه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ كۆمه‌ڵێك پیاو دان به پیاوه‌تی یان نێرایه‌تی ئه‌و پیاوه دابنێن، كه بانگه‌شه‌ی شه‌ره‌ف له‌نێو كۆمه‌ڵێ پیاوی دیكه به‌رز ده‌كاته‌وه. شه‌ره‌فی ژنیش له‌و شوێنه‌یه كه به‌ختی ئه‌و ژنه له‌نێو ژنانی دی دیاری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و شوێنه له بنه‌ڕه‌تدا دوای ئه‌و شه‌ره‌فه دێت كه پیاو له ده‌ره‌وه، به‌ختی خۆی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌نێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ره‌ف له‌گه‌ڵ نێرایه‌تی وه‌كیه‌ك و هاوشان دێته‌وه، بۆیه ده‌شێ بڵێین ژن به ئه‌ندازه‌ی دانپیانانی كۆمه‌ڵێك پیاوه‌وه نه‌بێ، دان به پیاوه‌تی مێرده‌كه‌یدا نانێ. نه‌ریتی رۆشنبیریی له باره‌ی شه‌ره‌فه‌وه پێمانده‌ڵێ شه‌ره‌فی پیاو پێداویستییه‌كی ژنانه‌یه، چونكه ئه‌وه پیاوه سنووری دانپیانی ژن به نێرایه‌تی خۆی دیاری ده‌كات و هه‌موو ژنێكیش له ونبوونی مێرده‌كه‌یه‌وه هه‌ست به كه‌موكوڕی و بێ نرخی ده‌كات. به‌گشتی داننان به شه‌ره‌ف له یه‌ك كاتتدا له به‌رژه‌وه‌ندی ژن و پیاودایه. له‌لایه‌كی دیكه گرفتی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به نێرایه‌تی مێرده‌وه نییه به‌ڵكو به مێیایه‌تی ژنیشه‌وه ده‌لكێ.
ده‌شێ به‌شێكی دیكه‌ی رۆشنبیریی نێرایه‌تی به ده‌سته‌واژه‌ی تووندوتیژی پیاوانه‌وه، یان رۆشنبیریی شه‌عبییه‌وه په‌یوه‌ست بكه‌ین، ئه‌و رۆشنبیرییه به‌شی هه‌ر گه‌وره‌ی له هه‌ژموونگه‌رایی نێره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به تایبه‌تی له زۆر بواری دیكه‌ی ژیانی رۆشنبیری له كۆمه‌ڵگه خۆرهه‌ڵاتییه‌كان، بۆ نموونه له كه‌لتوری شه‌عبی مه‌غریبیدا وه‌ك (فاتیمه ئه‌لمه‌ڕنیسی) له وتاری (تێگه‌یشتنی ئیسلام له‌باره‌ی سێكسگه‌رایی ئه‌كتیڤی مێیینه‌وه) ده‌یخاته روو، ده‌ڵێت: ترس له مێیینه له رێگه‌ی بیروباوه‌ڕێكه‌وه‌یه‌وه، كه پێی وایه جنۆكه‌یه‌كی بێزراو له شێوه‌ی ئافره‌تێك به ناوی “عایشه‌ی قه‌ندیش” خۆی ده‌رده‌خات، به راستی ئه‌و ژنه ترسناكه چونكه شه‌هوانی و ئاڵوش و داوێن پیسه، به‌و مه‌مكه به‌رجه‌سته‌و لێوه شه‌هوانیه‌ی به رێگه‌ی تاریك و شوێنه تاریكه‌كاندا ده‌خولێته‌وه، پیاوان ده‌خاته داوی خۆیه‌وه، گه‌وره‌ترین ئاره‌زووشی ئه‌وه‌یه كه كرده‌ی سێكسیییان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بدات، تاكو هه‌تا هه‌تایه له نێو جه‌سته‌یاندا بمێنێته‌وه.ئینجا پێیانده‌ڵێت “ئێوه دانیشتووی ئێره‌ن”. ترسان له عایشه‌ی قه‌ندیش له ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤی مه‌غریبی ئاماده‌گی ته‌واوی هه‌یه.. هه‌ڵبه‌ته به كه‌م سه‌یركردنی مێیینه له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی دنیادا له رێگه‌ی رۆشنبیرییه‌كه‌وه ده‌خریته به‌ر چاو كه به رۆشنبیریی پیاو ناو ده‌نرێت. ده‌شێ بڵێین رۆشنبیریی شه‌عبی له‌رێگه‌ی زاڵبوون و هه‌ژموونی نێرایه‌تییه‌وه ته‌واوی مرۆڤایه‌تی دووچاری جۆرێك له شۆك و سه‌رسامی ده‌كات، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه هه‌ر ته‌نها رۆژهه‌ڵات ناگرێته‌وه، به‌ڵكو له خۆرئاوا و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه ئه‌و رۆشنبیرییه نێریینه‌یه ته‌واو به‌رجه‌سته‌یه، بۆ نموونه په‌ندێكی یۆنانی ده‌ڵێت: په‌یمانه‌كانی ژن له‌سه‌ر ئاو ده‌نووسرێ. یان له په‌ندێكی بولگاریدا ده‌ڵێت: نه بڕوا به رۆژی زستان بكه نه به دڵی ئافره‌ت. یان په‌ندێكی ئیسپانی ده‌ڵێت: ئافره‌ت وه‌ك سێبه‌ره دوای بكه‌وی لێت راده‌كا لێی رابكه‌یت دوات ده‌كه‌وێ… ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ست له‌و نووسینه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌و زاراوه‌و په‌نده جۆراو جۆرانه نییه كه نێرگه‌رایی به درێژایی مێژوو به‌رهه‌می هێناوه، به‌ڵام كاتێك قسه له ئافره‌ت له‌نێوان رۆشنبیریی نێرایه‌تی و ئابڵوقه‌ی زماندا ده‌كه‌ین، ناتوانین په‌نجه بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه و زاراوه و په‌ندانه رانه‌كێشین، به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش فیكر و فه‌لسه‌فه‌ش له‌و نایه‌كسانیه‌دا رۆڵی یه‌كجار گه‌وره‌ی بینیووه و بێ په‌روا په‌یڕه‌وی هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی باو ده‌كات. كه‌واته ده‌شێ بڵێین به درێژایی مێژوو تووندوتیژی زاراوه‌یی دژ به ئافره‌ت، وه‌ك دابێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی جێگیر كردووه.
ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی
شوێنی باوك له‌نێو خێزاندا ده‌چێته میانی ئه‌و هێلكارییه‌ی كه تاكه نێره‌كانی بنه‌چه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستاوه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و هێلكارییه به هێلكاری نێرانه ناو ده‌نرێت. له زۆربه‌ی جار ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ر ته‌نها له چوارچێوه خێزاندا ناخولێته‌وه، به‌ڵكو به خزم كه‌س و كاریشه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت و هه‌ندێجاریش ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تییه‌وه، كه‌واته بنه‌چه له رێگه‌ی باوكه‌وه دیاری ده‌كرێت، نه‌ك دایك.
له كتێبی (شوێنی باوك)دا دكتۆر ألدو ناعوری (1985) له دووتوێی ده‌رئه‌نجامی نێوان گوتن و بیروڕادا له بڕگه‌یه‌ك له بڕگه‌كان ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر دایك وه‌رگیراو بێت، ئه‌وه باوك داواكراوه، ئه‌گه‌ر دایك پێدراوێكی سرووشتی بێت، ئه‌وه باوك پێویسته به‌رده‌وام جه‌ختی لێبكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش مه‌یسه‌ر نابێ ته‌نها به دانپیانانی دایك نه‌بێت. به مانایه‌كی دیكه باوك باوك نییه، ئه‌گه‌ر دایك دانی پیادانه‌نێت.
وه‌ك ده‌زانین یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی، خه‌سڵه‌تی كه‌م قسه‌كردنی نێوان تاكه‌كانی خێزانه، جا چ ئه‌و قسه‌كردنه رووبه‌رووی باوك له‌لایه‌ن ژنه‌وه بێت یان منداڵه‌كان… به‌و مانایه‌ش وه‌ك (نفیسه زردومی) ده‌ڵێت: رێزگرتنی باوك به‌ر له هه‌موو شتێك له‌و بێده‌نگییه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی خێزاندا ده‌گرێت. بێگومان هۆیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه وشه ته‌نها له‌نێوان هاوشاناندا نه‌بێ، قسه‌ی پێناكرێت، ئه‌وه‌ش به مانای ئاڵوگۆڕی وشه دێت. به‌مجۆره له میانی رۆشنبیریی ته‌قلیدیدا كاتێك یه‌كێك له تاكه‌كانی خێزان، یان ژن له رێگه‌ی وشه‌وه رووبه‌رووی مێرد ده‌وه‌ستێ، هه‌ست به وشه ناكات، ته‌نها وه‌ك نكۆڵیكردنی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت، به‌و مانایه‌ش دواندنی باوك وه‌ك جۆرێك له نكۆڵیكردنی ده‌سه‌ڵاتی باوك دێته ژماردن. به‌ڵام ئه‌و نه‌ریته‌ی نێو خێزان، واته دانانی ماوه‌یه‌كی جه‌سته‌یی له‌نێوان قسه‌كه‌راندا، ئامانجیش ئه‌وه‌یه كه نه‌باده له رێگه‌ی ده‌نگه‌وه ئاژاوه و سیحرێك بێته ئاراوه، یان له رێگه‌ی نائاگاییه‌وه جۆرێك له وڕوژان و تێكچوون و شڵه‌ژان بكه‌وێته‌وه.
یه‌كێكی دیكه له خه‌سڵه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی كه بشێ ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین خۆی له نواندنی تووندوتیژییه‌كی جیاوازدا هه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئه‌ویش تووندوتیژی بێده‌نگییه، جگه له تووندوتیژی جه‌سته، كۆی ئه‌و تووندوتیژییانه‌ش له ته‌واوی بواره‌كاندا ده‌ركه‌وتنیان زۆر به جوانی دیاره، ئه‌گه‌ر له خێزاندا ئه‌و تووندوتیژییه‌ش له ئارادا نه‌بێت، ئه‌وه پیاوی ئه‌و خێزانه به پیاوێكی كه‌م و بێ شه‌ره‌ف ده‌ژمێردرێت. هه‌ڵبه‌ته له پشت ونبوونی وشه و ئاماده‌گی تووندوتیژی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و هه‌یه، به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌شێ بێده‌نگی جۆرێك بێت له قسه‌كردنی ناوه‌كی كه ناشێ جگه له‌و شێوه‌یه، شێوه‌یه‌كی دیكه له ده‌ركه‌وتن له‌و جۆره‌وه هه‌بێت. وه‌ك ده‌زانین ده‌لاله‌تی تووندوتیژی له‌و ناوكۆییه‌دا زۆر به‌رته‌سكه و ئه‌وه‌ی كه مماره‌سه‌ی تووندوتیژی له‌و مه‌جاله به‌رته‌سكه ده‌كات، هه‌میشه دووچاری ته‌گه‌ره‌ی خودی یان ته‌گه‌ره‌ی رۆشنبیریی ده‌بێته‌وه. به‌مجۆره له رۆشنبیریی ته‌قلیدیدا ترس كلیلی وشه و تێگه‌یشتن له رێزگرتنی له‌نێو خۆیدا هه‌ڵگرتووه، ترس یه‌كێكه له جێگیره‌كانی په‌روه‌رده‌ی ته‌قلیدی شه‌عبی، بۆ ئه‌وه‌ی باوك شكۆی خۆی بپارێزێ، پێویسته وێنه‌ی پیاوێكی به شكۆ و به‌رێزی هه‌بێت. جیاوازی منداڵه‌كانیش له‌لای باوك له ته‌رجه‌مه‌كردنی رێزلێگرتن و ئه‌و مه‌سافه‌یه‌دایه كه ده‌كه‌وێـته نێوان منداڵ و باوكه‌وه.
به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین ئه‌و جۆره تووندوتیژییه، واته تووندوتیژی بێده‌نگی له‌گه‌ڵ به‌رفره‌وانبوونی خێزان به‌ره به‌ره كه‌م ده‌بێته، واته هه‌ر چه‌نده خێزان به‌رفره‌وانتر بێت، ئه‌وه‌نده ئه‌و جۆره له تووندوتیژی سنوری ته‌سك ده‌بێته‌وه.
گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی باوك به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت
بونیادنانی ده‌وڵه‌ت له قۆناغی نوێ‌دا و به تایبه‌تی دوای سه‌ربه‌خۆبوون، بووه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و پایه به‌رزه‌ی كه باوك له خێزاندا به جۆری جیا جیا به‌ده‌ستی هێنابوو. ده‌شێ گه‌وره‌ترین ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه‌مكردنه‌ی پایه‌ی باوك له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی (باوكی كۆ) یان سیسته‌می باوكسالاریدا به‌رجه‌سته بكه‌ین، وه‌ك ده‌زانین كارفرمای باوك له رابردوودا له پرۆسیسه‌كردنێكی نیمچه كۆدا خۆی هه‌ڵده‌گرته‌وه، واته له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك باوك، مام، خاڵ، كوڕی مام و خاڵ هه‌تا نێری دراوسێش، جێبه‌جێ ده‌كرا. به‌ڵام ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه داگیركه‌ر له رێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌وه به‌ده‌ستی هێنا و گه‌یشتن به ره‌تاندن و كۆچپێكردن، وای كرد كه باوكان كارفرماكانی خۆیان زێتر وه‌ك تاك جێبه‌جێ بكه‌ن. وه‌ك چۆن ئه‌و مینیتالیه‌ته كۆنه‌ش هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری فره‌چه‌شنی به‌سه‌رداهات، ئیدی عه‌قڵیه‌تی باوكسالاری شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی له ده‌سه‌ڵات هێنایه ئاراوه، كه له مامۆستای قوتابخانه و ده‌موده‌زگاكانی دیكه‌ی كار و فه‌رمانگه‌دا خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌ش ئه‌مڕۆی مۆدێرنه راسته‌وخۆ نكۆڵی له‌و به‌ها ته‌قلیدییانه‌ی بۆماوه ده‌كات، هه‌ر له‌وێشه‌وه وه‌ك ده‌بینین به‌های سامان شوێنی به‌های شه‌ره‌ف ده‌گرێته‌وه، ئیتر پیاوه‌تی چیدیكه له رێگه‌ی ئه‌و بۆ بۆماوه‌یه‌ی كه له باب و باپیارنه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه، یان له رێگه‌ی كرداری چاكه و پاراستنی پیاوه‌تی و ده‌سه‌به‌سه‌راگرتنی ئافره‌ت وه‌ك شه‌ره‌فی بنه‌چه پایه‌ی خۆی به‌رز راناگرێت، به‌ڵكو وه‌ك تاكێك و به‌رهه‌مهێنانی شایسته و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه چ وه‌ك به‌ده‌ستهێنان له رێگه‌ی كاره‌وه یان له رێگه‌ی به‌خته‌وه پایه‌كانی خۆی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌پێنێ، ئه‌و ئاڵوگۆڕییه سیسته‌می ته‌قلیدی وه‌ك بزوێنه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی و دینامیكی، ده‌خاته دواوه.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێز