Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
خرۆشان و دەستبەسەرداگرتنەکان لە بریتانیا، ژانی لەدایكبوونی (کۆمەڵگەیەکی نوێ)ن

خرۆشان و دەستبەسەرداگرتنەکان لە بریتانیا، ژانی لەدایكبوونی (کۆمەڵگەیەکی نوێ)ن

Closed
by December 27, 2010 گشتی

 زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 23.12.2010

ئه‌و كۆمەڵگەیه‌ی، كه‌ به‌ڕای گه‌لێك كه‌س ده‌مێكه‌ جوڵه‌ی لێبڕاوه‌ و دونیا ئاو بیبات، ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ر  به‌زموڕه‌زمی خۆیه‌تی و كه‌سه‌كانی ناو كۆمەڵگەكه‌ تەنیا سه‌رگه‌رمی كاروبار و كێشه‌ی خۆیانن، ته‌نها بیره‌ و جگه‌ره‌ و سێكسیان هه‌بێت، ئیدی هیچی دیکەیان له‌لا گرنگ نییه‌.

هه‌ندێكی دیکەش وایان ده‌بینی، كه‌ تاكه‌كانی ناو ئه‌م كۆمەڵگەیه‌ ده‌مێكه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكشالیارانی جارانی وڵات ‌(خاتوو تاچه‌ر‌) ‌ و به‌ پشتیوانی یەکێتییە ناوەندییە زەردەکان و پارتی كریكاران( له‌یبه‌ر پارتی)یه‌وه‌ خه‌سێنراوه‌ و له‌ جوڵه‌ خراوه‌.

كه‌چی له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌،  كه‌ پارتی تۆری و پارتی لیبراڵ دیمۆكرات جڵه‌وی میرایەتییان گرتۆته‌‌ده‌ست و پرۆژە و پلانەکانیان به‌ته‌واوەتی و بۆ ته‌واوی خه‌ڵكانی كۆمەڵگەی بریتانی ده‌ركه‌وتووه‌، هەر له‌ ده‌ركردنی كرێكاران و كه‌مكردنه‌وەی كار و سه‌رجه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان و بڕین و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بیمه‌كان و پلاندانان بۆ باجی زیاتر و زیادكردنی باجی كڕینی شتومه‌ك ته‌نانه‌ت خواردنیش له‌ ڕۆژی 01.01.2011  له‌ سه‌دا 15%ەوە بۆ لە سه‌دا 20% لە چێشتخانه‌كان و دوكانه‌ بچوكه‌كانیش. ‌زیاد كردنی سێ بەرابەری خەرجی فێریاران و خوێندكارانی زانكۆكان له‌ 3.120 پاوه‌نده‌وه‌ بۆ 9.000 پاوه‌ند لە ساڵێکدا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ساڵی 2012 وه‌ ئه‌م یاسه‌یه‌ جێبەجێ بکرێت.
خەڵکی ناڕازی ته‌نانه‌ت پێش واده‌ی تاموچێژی ئه‌م ژاره‌ به‌ ماوه‌یه‌كی زۆر، بێ ئه‌وه‌ی  چاوه‌ڕوانی پارته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بن، یاخود چاوه‌ڕوانی  ژاوەژاو و باوێشکدانی ئه‌ندامه‌كانی ناو په‌ڕله‌مان و  چه‌له‌حانێی ناو هۆڵی په‌ڕله‌مان و ڕێپێوان و خۆگیڤكردنه‌وه‌ی درۆزنانه‌ی سەندیکای ناوەندی زه‌رد، بكه‌ن. ئه‌و خه‌ڵكه‌ “نوستوو” ه‌ی ئێره‌ بێدار بووەته‌وه‌ و  هه‌ر له‌ مانگی هه‌شت/ ئۆگوستی 2010ەوە  تا  ئێستا گه‌ر ئاو له‌ ڕۆخانه‌ بڕابێت،  شه‌مه‌ له‌ ڕۆژانی هه‌فته هه‌ڵگیرابێت، به‌ڵام ده‌ربڕینی ناڕه‌زایەتی و ڕێپێوان و خۆپیشاندان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زانكۆكان و هه‌ندێك شوێنی كار و هەستان بە كار و چالاكی ڕاسته‌وخۆ له‌ زۆر بواردا بۆ ته‌نها ڕۆژێك نه‌وه‌ستاوه‌ و له‌ به‌ر چاوان بزر نه‌بووه‌.

له‌ ئێستادا كۆمەڵگەی بریتانی دووگیانه‌ ‌به‌ بزووتنەوەیه‌كەوە، كه‌ له‌ ساڵه‌كانی پەنجاكانی سەدەی ڕابوردووه‌ تا ئه‌م دواییه‌، بێجگه‌ له‌ بزووتنەوە و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی له‌ ساڵی 1990 دا دژی پۆڵته‌كس ( پۆلته‌كس باجێك بوو، كه‌ له‌لایه‌ن خاتوو تاچه‌ری كۆنه‌ سه‌رۆكشالیاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ بریتانیاوه‌ ‌ له‌سه‌ر هه‌موو تاكه‌كانی 18 ساڵ و سه‌رووتری ناو كۆمەڵگەی بریتانی دانرابوو)، به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیتوه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكمان مانگرتنه‌كانی كرێكارانی كانه‌كانی خه‌ڵوز، 1984- 1985، له‌ژێر ڕابه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌ر سكارگه‌ڵی سه‌ركرده‌ی یەکێتی كانه‌كان و مانگرتن و خۆپیشاندانه‌كانی  كرێكارانی چاپخانه‌كانی 1986 ، چه‌نده‌ها خۆپیشاندان و مانگرتنی دیکە له‌ سه‌رانسه‌ری بریتانیادا چ لەمەڕ  ده‌ركردنی كرێكاران و ده‌ركردنی یاسا و ڕێسای نوێ بۆ زیاتر كۆنترۆڵکردنی خه‌ڵكی و داماڵینیان له‌ سه‌ربه‌ستیه‌كانیان یا  ناڕه‌زاییده‌ربڕین و خۆپیشاندان دژی جه‌نگی كه‌نداوی یه‌كه‌م و دووه‌می 2003 ‌ بۆ داگیركردنی عێراق لەبیر مابن، به‌ڵام ئه‌م بزووتنەوەی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و له‌ ئارادایه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌وانه‌ی پێشو. ئه‌مه‌ی ئێستا له‌ ئاستی  ئه‌و بزوتنه‌وەیه‌، ‌كه خه‌ڵك دژی پۆلته‌كس كردیان و (خاتوو تاچه‌ر)یان له‌ فه‌رمانڕه‌وایی هێنایه‌ خواره‌وه‌ و هەوڵدەدەم لێره‌دا به‌ كورتی  گرنگی و بایەخی ئه‌م بزووتنەوەیه‌ی ئێستا له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا بخه‌مه‌ڕوو، كه هه‌ر‌ ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا هێڵێكی جیا ده‌كێشێت له‌ نێوانی ئه‌م و بزووتنەوەکانی پێشووتر:

یه‌كه‌م:  ده‌وڵه‌ت كه‌ له‌لایه‌ن پارتی تۆری  (کۆنەپارێزەران) و  پارتی لیبراڵ دیمۆكراته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، له‌ ‌هێڕشێكی ته‌واو سه‌رومڕدایه‌ بۆ سه‌ر سه‌رجه‌می كۆمەڵگەكه‌،  كه‌ له‌ منداڵێكی ساواوه‌ تاكو پیرێكی 90 یا خود 100 ساڵه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

ئه‌م هێڕشه‌ نه‌گریسه‌ی میری و ده‌وڵه‌ت سه‌رجه‌می گروپه‌كانی ناو كۆمەڵگە، وه‌كو وتم له‌ منداڵانی ساواوه‌ تاكو  فێریار (قوتابی)، خوێندكارانی زانكۆكان، بێكاران، کرێکاران، كارمەندان، كه‌مئه‌ندامان، ئه‌و دایك‌و باوكانه‌ی كه‌ به‌ته‌نها له‌تەك منداڵه‌كانیاندا ده‌ژین، كه‌مایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان تا پیر و خانه‌نشین كراوانیش ده‌گرێته‌وه‌. ئیدی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاره‌ی منداڵان، كه‌مكردنه‌وه‌ی بیمه‌كان و بڕینیان، كه‌مكرنه‌‌وه‌ی كرێی خانوو، ده‌ركردنی 650 هه‌ازار كرێكار و فه‌رمانبه‌ر له‌ به‌شی كه‌رته‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌ركردنی زیاتر له500  هه‌زاری دیکە له‌ به‌شه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌سه‌ر كار ده‌مێننه‌وه، هه‌روه‌ها ‌ گۆڕینی به‌ندومه‌رجی كاركردنیشیان.  ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌ لایه‌كی دیکەشه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك پاركه‌كان و دایه‌نگاكان و یانه‌كانی پیر و په‌ككه‌وتان، سێنته‌ری گه‌نجان و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و چاودێریكردن و خزمه‌تكردنی پیران و  فێرگەكان و خه‌سته‌خانه‌كان و یانه‌ و‌ سێنته‌ری كۆمۆنێتی كه‌مایه‌تییه‌‌ نه‌ته‌ویه‌تییه‌كان، پەرتووکخانه‌كان و به‌شه‌كانی دیکەی شاره‌وانی و گه‌ڵیكی دیکە، كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ ڕۆڵی خۆیان له‌سه‌ر ژیانی تاكه‌كانی ئه‌م گروپانه‌ ڕه‌نگ ده‌دەنه‌وه‌. كه‌واته‌ خه‌ڵكی له‌ دوو لاوه‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت یا له‌ دوو لاوه‌ هێڕشی ده‌كرێته‌ سه‌ر. به‌ڵام هه‌رچی مانگرتن و خۆپیشاندانه‌كانی ساڵانی پێشتر هه‌بوون. بێجگه‌ له‌ ڕاپه‌ڕین دژی پۆڵته‌كس، هه‌موویان كێشه‌ی به‌شێكی كه‌می خه‌ڵكی یا كرێكاران بوون نه‌ك سه‌رجه‌می كۆمەڵگەی بریتانی.

دووهه‌م:  ئه‌م بزووتنەوەیه‌ له ده‌ره‌وه‌ی پارت و یه‌كێتی و سه‌ندیكا‌ زه‌رده‌كان و‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌وانه‌وه‌ دروست بووه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ كه‌نارخستنی ئه‌وانە بوو له‌ زۆربه‌ی خۆپیشادانه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌م دوایانه‌دا. ڕه‌گی ئه‌م بزووتنەوەیه‌ له‌ ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و گروپانه‌دایە، كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی  شار و شارۆچكه‌كانی بریتانیادا، ڕیشه‌یان داكوتاوه‌ و ‌هه‌ر یه‌كه‌یان به‌رنامه‌ی خۆی و وێبسایتی خۆیان هه‌یه‌. ‌له‌لایه‌نی خۆیانه‌وه له‌ هه‌وڵی  ده‌ركردنی بەیاننامە و نامیلکە وبەرپاكردنی كه‌مپه‌ین و هه‌ڵمه‌تی  به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ و گردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكن بۆكاری پراكتکی، له‌وانه‌ كار و چالاكی ڕاسته‌وخۆ.  بێگومان هه‌ر یه‌ك له‌م گروپانه‌ زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و‌ لایه‌نه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ خۆیان ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌مان ئاگایان له‌ گروپه‌كانی دیکە هەیە و ده‌زانن كه‌ ڕاسته‌وخۆ كێشه‌كه‌یان گرێدراوه‌ به‌ كێشه‌كانی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەوه‌، بۆیه‌ ‌هه‌موو گروپه‌كان له‌تەك یەکتردا له‌سه‌ر نواندنی چالاكی یا چالاكی ڕاسته‌وخۆ له‌ په‌یوه‌ندیدان.

شایانی باسه‌، په‌یوه‌ندی نێوان گروپه‌كان ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزه‌، كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی شار و شارۆچكه‌ ده‌رچوه‌ و گه‌لێك فراوانتر بووەتەوه‌ و گه‌یشتۆته‌ ڕاده‌ی دروستكردنی ” به‌ره‌ی بەرەنگاری بۆ پاراستنی كار و دژی كه‌مكردنه‌وه‌ و بڕینی خزمه‌ گوزارییه‌كان”. ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌ 24.11.2010 له‌ له‌نده‌ن كۆنفرانسی یه‌كه‌میان بەست، كه‌ 1.700 كه‌س به‌شداری تێدا كرد و به‌شێكی زۆریان ‌له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانی بریتانیاوه‌ ها‌تبوو‌ن.

سێهه‌م:  به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای تازه‌ له‌ بواری پەیوەندی ئینته‌رنێتی وەك ئیمه‌یل و مێسنجه‌ر و تویته‌ر و فه‌یسبووك و مای پلەیس.. هتد، كه‌ ئه‌مه‌ش بواری په‌یوه‌ندیكردن و په‌یوه‌ستبوونی گروپه‌كانی نه‌ك هه‌ر ئاسانكردوه‌، به‌ڵكو هه‌واڵه‌كان و پلانه‌كان و بڕیاردان له‌سه‌ركردنی هه‌ر جۆره‌‌ چالاكیه‌كی له‌ ماوەی خوله‌كێكدا ده‌گه‌یه‌نرێت و مشتومڕی له‌سه‌ر ده‌كرێت و دواتریش پێکهاتن دروست ده‌كات و ده‌ست به ئه‌نجامدانی ‌كارە کردەییەکان ده‌كرێت.

بەمجۆرە له‌ ئێستادا به‌سه‌دان گروپ له‌تەك یه‌كتر له‌ په‌یوه‌ندیدان و چالاكیكانیان هاوکات له‌ سه‌دان شوێنی دیاریكراوی جیاوازدا ڕا‌ده‌په‌ڕێنن. بۆ نموونه‌ ئه‌و ناڕەزایەتییانه‌ی كه‌ دژی ڤۆدافۆن و كۆمپانیا و شۆپه‌كانی فلیپ گرین، له‌ لایه‌ن لاوان و فێریاران و خوێنكاران و خه‌ڵكانی تره‌وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی چالاكی ڕاسته‌وخۆ كران و تائێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن. تازه‌ترین چالاكیان له‌ ڕێکەوتی ڕۆژی شه‌ممه‌ی 18.12.2010 دا، له‌ 55 شار و شارۆچكه‌ی بریتانیادا ڕووی دا، لە کاتێکدا كه‌ پله‌ی گه‌رمی له‌ ژێر سفره‌وه‌ بوو و به‌فرێكی زۆریش ده‌باری، بێجگە لە بەگیانهاتن و تەنگەتاوی و ناڕەزایەتی خەڵك، هیچ پناوێك نەبوو بۆ مانەوەی خەڵك لەبەر سەرماوسۆڵەی وا.

ئه‌مه شێوه‌یه‌كه‌ ‌ له‌ په‌یوه‌ندیگرتن و به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیا‌ی زانیارییەکان بۆ خۆی شۆڕشێكی به‌رپاكردوه‌، كه‌ له‌ سەدەی ڕابوردوودا لە ئارادا نه‌بوو، بۆیه‌ جاران ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌تییەكان بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە هه‌موو لۆكه‌ڵی بوون و دوای ئه‌وه‌ش ده‌نگ دانه‌وه‌یان نه‌بوون.
ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ لێره‌دا قسەی لەسەربكرێت، ڕه‌نگه‌ كاریگه‌رییه‌كی گه‌لێك گرنگیشی له‌سه‌ر بزووتنەوەكه‌ی ئێستا هه‌بێت، ئه‌وه‌یه‌ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رده‌م، ده‌رفه‌تێكی بێوێنه‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م تاكه‌كانی كۆمەڵگە، تا هەریەکەیان ڕۆڵی خۆیان بگێڕێت و لێهاتووییەکانی خۆی له‌ داهێنان و ده‌ستپێشكه‌ریكردندا به‌كاربهێنیت، وەك ئەوەی ئەوڕۆکە له‌ کار و چالاکییەکانی ئەنجامی دەدەن. بێئه‌وه‌ی كه‌سێك چاوەڕوانی كه‌سێكی تر بكات، له دانانی‌ پلانه‌كان و جێبەجێكردنیاندا، دەستبەکار دەبێت، دروشمه‌كه‌یان ڕەنگدانەوەی ئەمەیە “چاوه‌ڕوانی پارته‌كان و ڕامیارەكان مه‌كه‌، چاوه‌ڕوانی یەکێتی و سەندیکاكان مه‌كە، چاوه‌ڕوانی ڕێپێوانی ئاینده‌ مه‌كه، چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ مه‌كه‌،  لەخۆتەوە ده‌ستپێشكه‌ری بكه‌ و بچۆره‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و چالاكی خۆت بنوێنه‌”.

‌ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ئێستادا وێنه‌ی زۆره‌ له‌ جۆری هه‌موو ئه‌و كار و چالاكییانه‌ی كه‌ تا ئێستا كراوون، به‌ڵام له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه بۆ‌ ناو فێریارانی فئرگه سه‌ره‌تاییه‌كان و ناوه‌ندییەکان و ئاماده‌ییه‌كانیش شۆڕبۆته‌وه‌،‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ 17.11.2010 فێریارانی هه‌ندێك له‌ فێرگه‌ ناوه‌ندییه‌كان له‌ له‌نده‌ن، ده‌ستپێشكه‌ری خۆیان له‌ هەستان بە كاری ڕاسته‌وخۆ به‌كارهێنا، بەوەی فێرگەکان به‌جێبهێڵن و بچنه‌ ناو ڕیزه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی فێریاران و خوێندكارانی زانكۆ و ئه‌وانه‌شی كه‌ پشتگیرییان ده‌كردن، كه‌ له‌ سێنته‌ری (له‌نده‌ن)دا له‌ ده‌وروبه‌ری په‌ڕله‌ماندا بوون. هه‌ندێك له‌ فێریاران كه‌  له‌لایه‌ن بەڕێوەبەرایەتی فێرگەکانەوەوه‌ ڕێگه‌یان پێنه‌درا و ده‌رگەی سه‌ره‌كیان له‌سه‌ر داخرا،  فێریاره‌كانیش له‌ ناڕه‌زایی بەرامبەر ئه‌وه‌دا ‌له‌ پۆله‌كانیان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ یانه‌ی فێرگەكاندا‌ مانیان گرت، تاكو ده‌رگەی فێرگەیان لێ بكرێته‌وه‌. شایانی باسه‌، هه‌ندێك له‌ فێرگەكان په‌یوه‌ندیان به‌ پۆلیسه‌وه‌ كرد و ئه‌وانیش ڕژانه‌ ناو فێرگەكانه‌وه‌ و بەکاری خۆیان هەستان و له‌ ده‌ره‌وی فێرگەش ڕێگەیان له‌ فێریاران ده‌گرت، تاكو ‌تێكه‌ڵاو به‌ ڕیزی خۆپیشاندانه‌كان نه‌بن‌. 

له‌وه‌ش سەرنجڕاکێشتر لەم مانگه‌ (دێسه‌مبه‌ر)دا فێریارێكی 12 ساڵان كه‌ ماڵ و فێرگەكه‌ی له‌ ژێر ڕكێفی مه‌یدانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی سه‌رۆکشالیارانی ئێستای بریتانیادایه‌، كه‌ ده‌یڤید كامیرۆنه‌‌‌، واته‌ ئه‌و (MP)یه‌كه‌یه‌تی، له‌ ڕێگەی فه‌یسبووكه‌وه‌ له‌ناو هاوه‌ڵه‌ فێریاره‌كانیدا ناڕه‌زاییه‌كی گه‌وه‌ره‌ی بەرپاكرد، كه‌ 130 منداڵ و فێریاری زۆر گه‌نج دژی ده‌یڤید كامیرۆن و پلانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌ داخستنی سێنته‌ری لاوانی ئه‌وێ و20  سێنتەری دیکە، بەدانیشتنی کۆمەڵی به‌شداریان لە گرتنی ڕێگەکاندا (Picket Line)  كرد. ئه‌م فێریاره‌  زۆر ‌سه‌ركه‌وتووانه ئه‌مه‌ی به‌ڕێكرد ‌و له‌ هه‌ندێك له‌ ڕۆژنامه‌كاندا له‌ وانه‌ش ڕۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی ‌ ده‌نگێ گه‌وره‌ی دایه‌وه‌،  تەنانەت بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پۆلیس چاوپێکەوتن و لێپرسینه‌وه‌ی له‌تەكدا بكات، گه‌رچی دواتر داوای لێبوردنیان لە دایكی کرد.
چواره‌م:  بزووتنەوەكه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزه‌ كه‌ تا ئێستاکەش نه‌ یه‌كێتییه‌كان و نه‌ سەندیکاكان نه‌یانتوانیوه‌، بیانخه‌نە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە و بیانكه‌ن به‌ پاشكۆی خۆیان. له‌ ڕاستیدا سەندیکاكان و یه‌كێتییه‌كان ده‌یانه‌وه‌ێت ببنه‌ به‌شێك له‌و بزووتنەوەیه‌ تاكو شۆره‌ و شکۆی خۆیان له‌ده‌ستنه‌ده‌ن.  بۆ نموونه‌ له‌ یه‌كه‌م خۆپیشاندانی فێریاران و خوێندکاراندا، یه‌كێتی خوێندکاران سه‌رزه‌نشت و لۆمەی چالاكی ڕاسته‌وخۆی فێریاركان و خوێندکارانی كرد، ئەوەبوو لە بەرامبەردا فێریار و خویندکاره‌ چالاكه‌كان لیژنه‌ی سەربەخۆی خۆیان هه‌ڵبژارد و بڕیاری هەستان بە چالاكی ڕاستەوخۆی دیکەیان دا و  سه‌رۆكی یەکێتی خوێندکاران به‌ په‌له‌ داوای لێبوردنی کرد و ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی پێشووی خۆیان گرت و بانگەشه‌ و به‌ڵێنی سه‌پۆرتی ئاینده‌ی به‌ فێریاران دا. له‌ولاشه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی یه‌كێك له‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین سەندیکای بریتانیای به‌ناوی یونایت (Unite) له‌ وتارێكیدا له‌ ڕۆژی 20.12. 2010  بۆ گاردیانی نوسیبوو:  بزووتنەوەی خوێندکاران و خه‌ڵكی، سەندیکای له‌ سەر هه‌ڵوێستەکانی به‌رامبه‌ر به‌ كێشه‌كان خستووەته‌‌ ژێر پرسیاره‌وه و هەروا ده‌ڵێت: ئێمه‌ ده‌بێت كار له‌تەك خوێندکاران و گروپه‌ لۆكه‌ڵییه‌كاندا بكه‌ین، پشتگیری ته‌وا له‌ كێشه‌كانیان بكه‌ین.

بەمجۆرە دەبینین، کە سەندیکا و یه‌كێتییه‌كان بوون و ده‌بنه‌ پاشكۆی بزووتنەوەكه‌، به‌ڵام پێشتر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو، ئه‌وان رابەر بوون و ئێمه‌ پاشكۆیان.‌ 

پێنجه‌م  : باوه‌ڕهێنانی گه‌لێك له‌ خه‌ڵكی به‌تایبه‌ت له‌ نێوان گه‌نجاندا، كه‌ ده‌مێكه‌ سه‌رده‌می شێوه‌ كۆنه‌كانی چالاكی و خه‌باتكردن بۆ ‌ گۆڕینی شته‌كان و‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گۆڕینی كۆمەڵگە، له‌ پەنابردن بۆ ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن به‌سه‌رچووه‌ ئه‌م چه‌شنه‌ تێكۆشانه‌ سواوه‌. گه‌رچی ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ بیروباوه‌ڕی ئه‌ناركیسته‌كان بوه‌ و له‌ ناوه‌ندێكی كه‌مدا ئه‌م تێڕوانینه‌ زاڵ بووه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌  ئێستا ئه‌م جۆره‌ بیروباوه‌ڕ و تێڕوانینانه‌ له‌ ناو ناوه‌ندێكی زۆر گه‌وره‌تردا خۆی گرتوه‌ و كاری بۆ ده‌كرێت. خه‌ڵكی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایەی كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناو كۆمەڵگە، پێویستە پشت بە خۆی ببەستێت نه‌ك بە ڕامیاره‌كان. لەلای زۆرینە ئاشكرا بووه‌، كه‌ ڕامیاره‌كان درۆزن و گەندەڵ و قێزه‌وه‌نن، ئه‌وه‌ی كه‌ لەلای ئه‌وان گرنگه‌، تەنیا گه‌یشتنە به‌ كورسی شاره‌وانیه‌كان و په‌ڕله‌مان. ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان له‌ سه‌روو پارته‌كان و به‌رژه‌وه‌نی پارته‌كانیشیان له‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی كۆمۆنێتی و كۆمەڵگەوه‌ داده‌نێن. چونكه‌ ده‌زانن پارته‌كانیان ئه‌و په‌یژه‌و پلیكانه‌ن، كه‌ پێیدا سه‌ركه‌ون و ئه‌و‌ پله‌وپایه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌و ڕێگەیه‌وه‌ دەتوانن به‌ ده‌ستی بهێنن، نوشستی پارته‌كانیان نوشستی خۆیانه‌ و دواتریش له‌ ده‌ستدانی پله‌و‌پایه‌كانیانه‌.
گه‌لێكیش له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا ئه‌وه‌ بیروبۆچونیانه‌، کە هه‌نگاوێك له‌وه‌ زیاتریش ده‌ڕۆن و لەو باوه‌ڕدان، كه‌  ده‌بێت ده‌سه‌ڵات و ده‌ركردنی بڕیاره‌كان سه‌باره‌ت به‌ ژیانیان، له‌ ده‌ستی خه‌ڵكانی بیرۆكرات و ده‌سگە بیرۆكراته‌كان و ڕامیاره‌كان، كه‌ ئه‌ندامی شاره‌وانین و ئه‌وان بڕیاه‌كان ده‌ده‌ن و بڕیاره‌كانی ئه‌وانیش جێبه‌جێكردنی بڕیاری پارته‌كانیانن، بستێننەوە و بیانگێڕنەوە بۆ ناو كۆمونێتییه‌كان و خه‌ڵكانی ناو كۆمۆنێتیه‌كان، كه‌ بە خۆیان له‌ ڕێگەی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ و ڕاستەوخۆوه‌ باشتر ده‌توانین سه‌رجه‌می كاروبارەكانی خۆیان له‌ هه‌موو بوارەكانی ژیاندا، به‌ڕێوه‌به‌رن‌.

چالاکڤانان و بەرهەلستکاران، ڕایه‌كی لۆجیكانه‌ و کەتوارانەیان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ ناڕه‌واتر و نالۆجیکیتر نییه‌، كه‌ له‌ كێشه‌كاندا یا له‌ لابه‌لایی كردنیانه‌وه‌یاندا، خه‌ڵكی تر [کەسانی دەرەوەی کێشەکە] بڕیارت بۆ بدات. ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ نزم ته‌ماشاكردنی مرۆڤه‌ و سوكایه‌تی پێكردنێتی، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ نالۆجیکیشه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌، كه‌ یه‌كێك بڕیارت بۆ بدات یا پێت بڵێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ بكه‌یت و ئه‌وه‌ نه‌كه‌یت، پێویستت به‌وه‌یه‌ و پێویستت به‌وه‌ نییه‌.

خه‌ڵكانی بەرهەلستکار لەو بڕوایەدان، ‌کە له‌ ڕێگەی خۆڕێكخستنیانه‌وه‌ له‌ناو گروپه جیاجیاكاندا له‌ ناو گه‌ڕه‌ك و كۆمۆنێتیكاندا، هه‌ر یه‌ك به‌ ڕۆڵی خۆی چالاكی خۆی بنوێنێت و بۆ ڕێكخستنی چالاكی كاری ڕاسته‌وخۆ، له‌ په‌یوه‌ندی  سه‌رومڕیشدابن له‌تەك سه‌رجه‌می گروپه‌كانی تردا. له‌و ڕێگەیه‌وه‌  ده‌توانن ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خودی كۆمۆنێتیه‌كان یا سەراپای كۆمەڵگەكه‌ خۆی. بۆ نمونه‌ له‌و شاره‌وانییه‌ی كه‌ منی لێده‌ژیم و كاریشی لێده‌كه‌م، پێشتر76 لۆكاڵ گروپ هه‌بوون و ئێستا زیاتر  له‌ 10 گروپی نوێی دیکە دروست بوون و له‌ هه‌موویان گه‌وره‌تر و  بەهیزتر گروپێكی تازه‌یه‌، كه‌ به‌نێوی(Haringey Alliance for Public Service (HAPSە، كه‌ له‌ مانگی ئەپڕیلی ئه‌مساڵدا دروست بووە و تاکو ئێستا زیاتر له‌ 30  گروپ له‌و 76 گروپه‌ لۆکاڵییە، هاتوونه‌ته‌ ناویه‌وه‌ و بەشدارانیان به‌شداری ‌ كۆبونه‌وه‌ی مانگانه‌ی ئه‌م گروپه ده‌كەن، كه‌ له‌ ناویاندا نوێنه‌ری زیاتر له‌ 4 سەندیکای سه‌ره‌كیش به‌شداری له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش بەو واتایە نییه‌، ئه‌و گروپانه‌ی كه‌ خۆیان  به‌م گروپه‌ گه‌وره‌وه‌ په‌یوه‌ست كردووه‌، ئیدی ده‌بێت گروپه‌كانی خۆیان بتوێننەوە و ده‌ستبه‌رداری كاروباری لۆکاڵی خۆیان ببن. تەواو به‌ پێچه‌وانه‌وه،‌ ده‌بێت هانی خه‌ڵكی بدرێت، كه‌ ده‌ستبه‌رداری گروپه‌كانیان نه‌بن و بگره‌  بۆ پێداویستییەکانیدیکەر گروپی دیکەش دروست بكه‌ن.

ئەوەی لەم نموونەدا بەلامەوە گرنگە، ئەوەیە کە چۆنیەتی ڕێکخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە بنکەوە یا خوارەوەڕا نیشان بدەم، کە چۆن دەتوانرێت ڕێگە لە دەستەمۆکردن و دۆمینەیتکردن و بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەکە لەلایەن ڕامیارە ڕیفۆرمیست و دەسەڵاتخوازەکان یا جیابووەکانی ناو پارتە دەسەڵاتدارەکان بگیردرێت و سەرنجی خوێنەری كورد بۆ ئەوە ڕابکێشم، کە چۆن لە پشتبەستن بە ڕامیارەکان و کەسانی دەسەلاتخواز و گەندەڵانی دوێنێ، توانرا بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و گۆڕانخوازی هەرێمی کوردستان یا بزووتنەوەی گۆڕانخوازی ئێران شکستیان هێنا و کرانە پەیژەی سەرکەوتنی چەند دەسەلاتخوازێك بۆ پارلەمان و دەسەڵات و دابینکردنی ژیانی شاهانە و خانەنشینی شاهانە لە داهاتوودا بۆیان و لە پشتەوەڕا دەنگی نیوملیۆن خەڵکی ناڕازییان کردەوە گیرفانی سەرۆکایەتی ئەم و ئەو و بە هەندێك پاگەندەی پوچی ناسیونالیستانە دەستتێکەڵی خۆیان لەتەك دەسەلاتداراندا پاساو دایەوە.

هەروەها ویستم ئەوە بڵێم، كه‌ ئەوانەی دەیانەوێت له‌ هەرێمی كوردستاندا گۆڕانكاری ڕووبدات و ژیانیان باشتر بکەن،كارێكی خراپ نییە، ئەگه‌ر ئه‌م ڕێگەیه‌ش ئەزموون بكه‌ن، كه‌ بە هۆیەوە زۆر شتی زیاتر به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن،له‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا به‌هۆی بزووتنەوەی ڕامیارانه‌ی لیستی گۆڕانه‌وه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه، وەك لە سەرەتاوە بۆ زۆرێك دیاربوو و دەریشکەوت، لیستی گۆڕان ‌بلۆفێكی تره‌ له‌ خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك له‌ژێر ڕا‌به‌رایه‌تی ‌ ڕامیاره‌ تێکشكاو و مایه‌پوچ و گه‌نده‌ڵه‌كاندا، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كییان به‌كارهێنانی  ئه‌و خه‌ڵكه‌یە، كه‌ دوایان كه‌وتووە، وه‌كو‌ چەکێکی فشار بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و خێزانیان و تیره‌ و تایه‌فه‌یان.

بۆ زیاتر ئاشنابوون، بە شێوەکار و خۆڕێکخستن و میکانیزمەکانی بەرگرتن بە خۆسەپاندنی ڕامیارەکان و پارتەکان لەو گروپانەدا، کە لە سەروەوە ئاماژەم بۆ کردن، پێگەی ئینتەرنێتی دووانیان دەخەمە بەردەستی خوێنەرانی هێژا، بە هیوای ڕزگارکردنی بزاڤی گۆڕانخوازی هەرێمی کوردستان لە دەستەمۆیی دەسەلاتخوازان و پاشکۆیی گروپە ڕامیارەکان و گێرانەوەی بڕیار و جێبەجکردنی کاروبارەکانی کۆمەڵگە بۆ خۆدی تاکەکان و گروپە لۆکاڵییەکان.

Haringey Solidarity Group (HSG) : http://www.haringey.org.uk/content

UK Uncut Direct Action against the cuts : http://www.ukuncut.org.uk/actions
      
contact:Twitter Facebook Newsletter

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.