Skip to Content

Thursday, March 23rd, 2023
دوا شه‌وی ساڵ …. به‌ندی عه‌لی

دوا شه‌وی ساڵ …. به‌ندی عه‌لی

Closed
by December 27, 2010 هۆنراوە

.. 2010

به‌دوی سێبه‌ری ده‌هرا ڕائه‌که‌م
هه‌ناسه‌سوارو شه‌که‌ت و ماندوو
نه‌من چمکێکی یه‌خه‌ی ئه‌و ئه‌گرم
نه‌ئه‌و ساتمه‌یه‌ک ئه‌کا بۆ پشوو

له‌ڕیتمی ڕه‌وتا له‌ئاسک ئه‌چێ
ئه‌و چوستوچالاک ، سرکو گورجوگۆڵ
من خلیچک و خاو ، به‌ڕه‌وتی کیسه‌ڵ
به‌ردی سیزیفم هه‌ڵگرتووه‌ به‌کۆڵ

تۆ ئه‌ی ته‌می خه‌م ، لا له‌به‌ر چاوم
من خۆم له‌گۆمی عومرا چه‌قیوم
له‌جه‌نگی نێوان ئاسک و کیسه‌ڵا
بێگومان هه‌ر من ، ته‌نیا به‌زیوم

ئه‌گه‌ر من و ئه‌و سه‌یری خۆمان که‌ین
له‌به‌ر ئاوێنه‌ی چاوی قه‌ده‌ردا
مه‌علومه‌ کێمان شه‌نی عومر ئه‌کاو
کێمان خه‌رمانی گشت به‌هه‌ده‌ردا

دیسان وا شه‌وی کۆتایی ساڵه‌و
ده‌هر هه‌ر جوان و نوێ ئه‌بێته‌وه‌
باوه‌جو کێوی عومری سپی من
چنگێ له‌به‌فری لێ ئه‌توێته‌وه

وه‌لێ وێڕای خه‌م ، وێڕای ژانی دڵ
ئه‌ی ده‌هری بێباک ، من هه‌ر به‌هیوام
ئه‌م دواشه‌وه‌ی ساڵ ده‌روازه‌یه‌ک بێ
بۆ ده‌هرێکی نوێی بێ دڕک و بێ زام

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.