
كه‌لتوری به‌جیهانیبوون
بوڕهان غه‌له‌یون
وه‌رگێڕانی: جه‌مال پیره
تا ئێستا بابه‌تی به‌جیهانیبوون Globalization یه‌كێكه له‌و بابه‌ته سه‌ره‌كییانه‌ی كه له وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و جیهان به‌گشتیدا وتوێژێكی فراوانی لێكه‌وتۆته‌وه، ناوهێنانی ئه‌م چه‌مكه راسته‌وخۆ وابه‌سته‌كراوه به ئاینده، بیركردنه‌وه‌ش لێی هاوكات بیركردنه‌وه‌یه له داهاتووێكی نزیك. به‌ڵام گه‌ر چه‌مكه‌كه له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنییه‌وه به‌تایبه‌ت وابه‌سته بووه به‌جیهانی ئابوری‌و جیهانی سه‌رمایه‌وه،ئه‌وا ئه‌مڕۆ له نێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه په‌یوه‌نداره‌كانه‌وه مه‌یلی وروژاندنی به‌جیهانیبوون به ئاراسته‌ی جیهانی رۆشنبیرییه‌وه به‌ره‌و زیادبوو ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ی كه له‌مباره‌یه‌وه له‌جیهانی عه‌ره‌بی‌و نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتییدا ئاگاداری ئه‌و گفتوگۆ‌و تاوتوێكردنانه‌بێ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كه خۆی له چوار پرسیاری سه‌ره‌كیدا ده‌بینێته‌وه:
1- ئایا به‌جیهانیبوون بزاڤێكی بابه‌تیی‌و حه‌تمییانه‌یه‌و هیچ رێگه‌چاره‌و ئۆپشنێكی ترمان بۆی نییه؟، یاخود چه‌ند سیاسه‌تێكی خوودییانه‌یه‌و ده‌كرێ خۆمانی لێ لابده‌ین‌و سه‌رگه‌رمی كاركردنی خۆمان بین وه‌ك ئه‌وه‌ی كه چه‌مكه‌كه له‌ئارادا نه‌بێت، بگره له‌پێناو پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی‌و ئازادیی‌و سیاسه‌ته‌كه‌ماندا به‌ره‌نگاریشی ببینه‌وه؟!.
2- ئایا به‌جیهانیبوون واتای هه‌ژموونی جیهانی ده‌گه‌یه‌نێت‌و په‌یوه‌سته به‌هه‌ژموون‌و هه‌یمه‌نه‌ی هه‌ندێك وڵاته‌وه؟، یا دینامیه‌تێكی نوێیه‌و رێگه‌ده‌دات له‌هه‌ژموونه‌وه بێته‌ده‌ره‌وه‌و هه‌لی گه‌وره‌تر ده‌ڕه‌خسنێت بۆ ئازادكردنی كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان، به‌به‌هێز‌و لاوازه‌كانییه‌وه دواجار ده‌رگا له‌به‌رده‌م ئازادی گه‌لانی هه‌ژار‌و تازه‌فراژووبودا ده‌كاته‌وه كه به‌ده‌ست شوێنه‌واری داگیركاریی‌و پاسه‌وانیی بیانییدا ناڵاندوویانه؟ یان ئایا ئه‌م چه‌مكه وێڕای ئه‌گه‌ری لێكه‌وتنه‌وه‌ی حاڵه‌تی نێگه‌تیڤ دواتر شوێنه‌واری پۆزه‌تیڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێته ئاراوه؟ یاخود هێزێكی ڕه‌های ده‌ستبه‌سه‌راگره‌و مه‌به‌ستی شكاندنی ویست‌و ئیراده‌و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئابوری‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكان‌و سڕینه‌وه‌ی رۆشنبیریی‌و كه‌لتورمانه؟.
3- ئایا به‌جیهانیبوون واتای به ئه‌مریكاییكردنی ئابوری‌و بواری كه‌لتوریی ده‌گه‌یه‌نێت‌و ئه‌و كه‌شه ده‌ڕه‌خسێنێت كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت؟ تا پێگه‌ی سه‌قامگیریی هه‌یمه‌نه‌و هه‌ژموونی خۆی پته‌وبكات؟ یان به‌پێچه‌وانه‌وه كرانه‌وه‌ی دوولایه‌نه‌یه بۆ كه‌شی ئابوریی‌و كه‌لتوریی‌و میدیایی، هاوكارده‌بێت له گه‌شه‌پێدان‌و قوڵكردنه‌وه‌ی پلوڕالیزمی شارستانی‌و كه‌لتوری‌و سیاسییه‌وه؟
4- ئایا كۆمه‌ڵگا لاوازه‌كانمان توانای پێویستیان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و فشارانه‌ی كه به‌جیهانیبوون له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێته ئاراوه، هاوكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو له‌پێناو خۆلادان له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌دا؟ ئه‌ی مه‌رجه‌كانی كریستالیزه‌بوونی(بلوره) ستراتیژییانه‌ی روبه‌ڕوبوونه‌وه یاخود چاره‌سه‌ریی كارا‌و كاریگه‌ری ئالته‌رناتیڤی ئه‌م چه‌مكه چین؟.
1- چه‌مكی به‌جیهانیبوون
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه بده‌ینه‌وه، پێویسته پێشتر بزانین به‌جیهانیبوون چییه‌و یاخود له‌مڕۆدا چ مه‌به‌ستێك ده‌گه‌یه‌نێت؟. هه‌ڵبه‌ته ئاراسته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی جیهان له‌ناو تاكه مه‌نزومه‌یه‌كدا كۆنه‌و له‌گه‌ڵ بزاڤ‌و په‌لهاویشتنه‌كانی ئیمپراتۆرییه‌ته‌كانه‌وه دێت، له‌قۆناغێكی نزیكتریش له ئێمه‌وه كه ناویده‌نێن قۆناغی داگیركاریی‌و ئیمپریالی، بێگومان به‌كردار جۆره یه‌كگرتنێكی جیهان هاته‌ئاراوه، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی لكاندنی وڵاته كشتوكالییه‌كان ئه‌وانه‌ی له رووی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌و ته‌كنه‌لۆژییه‌وه لاوازبوون، به وڵات‌و ئیمپراتۆرییه‌ته سه‌رمایه‌داره‌كانی وه‌ك هۆڵه‌ندا‌و پورتوگال‌و ئیسپانیا له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا، دواتر له قۆناغی دووهه‌مدا لكاندنیان به ئیمپراتۆریه‌ته پیشه‌سازییه‌كانی وه‌ك فه‌ڕه‌نسا‌و به‌ریتانیا، دواجاریش به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه.
ئه‌م له‌یه‌كدان‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه له‌رێگه‌ی كۆنتڕۆلی سه‌ربازی‌و سیاسییه‌وه یان به‌به‌كارهێنانی هێزه‌وه هاتۆته‌كایه‌وه. له‌ده‌ره‌نجامه سه‌ره‌كی‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانیشی له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا دۆزینه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا‌و نیشته‌جێكردنی دانیشتوانی گه‌لانی ئه‌وروپی بوو له‌م وڵاته‌دا، پاشان گۆڕانی وڵاته‌كه بۆ گرنگترین سه‌نته‌ری به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی‌و ته‌كنیكی. هه‌روه‌ها ده‌ره‌نجامێكی تر له‌و ده‌ره‌نجامه سه‌ره‌كی‌و یه‌كلاكه‌ره‌وانه‌دا بریتییه له گشتاندنی شێوازه‌كانی په‌یوه‌ندییه سه‌رمایه‌دارییه‌كان‌و ئه‌فراندنی ئه‌و جیهانه‌ی كه ئه‌مڕۆ ده‌یناسین له‌سه‌ر بنه‌مای زیادبوونی به‌قوتبكردن له‌ناو تاك سیستمی سه‌رمایه‌دارییدا، له‌نێوان باكوری پیشه‌ساز‌و پێشكه‌وتووی ته‌كنیكیی‌و باشوورێكدا كه به‌رده‌وام به‌ده‌ست قه‌یرانی گه‌شه‌كردنه‌وه ده‌ناڵێنێت، یاخود گیریخواردووه به‌ده‌ست كورتهێنانی سه‌قامگیربوونی به‌رهه‌می تازه‌و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كارا‌و ته‌واوكار.
هه‌رچی ده‌ره‌نجامه سیاسیی‌و كه‌لتورییه‌كانیشه كه‌مبایه‌ختر نیین له‌و ده‌ره‌نجامه ئابورییانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدان، بۆیه‌شه له‌یه‌كدان‌و یه‌كگرتنه‌وه‌كه له‌مڕۆی جیهاندا گشتاندنی شێوه‌كانی رێكخستنی سیاسیی باو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، واته نمونه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌و نه‌ته‌وه‌یی، كه تێیاندا تێكڕای گروپه مرۆییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنه زمانی‌و كه‌لتورییه‌كانه‌وه دابه‌شكراون، له‌كاتێكدا پێشتر له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌ته‌كاندا به‌پێی هاوسه‌نگی هێزه هه‌رێمییه‌كانه‌وه دابه‌شكرابوون. له‌پاڵ ئه‌مه‌شه‌وه هێنانه‌كایه‌ی سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی جیهانی له‌ئارا، كه گره‌نتیی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه، له‌رێگه‌ی پابه‌ندبوون به پره‌نسیپه‌كانی سه‌روه‌ری نیشتیمانیی‌و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌كاورباری ناوخۆیی‌و قه‌ده‌غه‌كردنی به‌هێز لكاندنی خاك به هیچ وڵاتێكه‌وه، ئه‌مه كۆی پره‌نسیپی سیستمه‌كه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لادان‌و به‌زاندنانه‌ی له‌دواییدا هاتنه‌كایه‌وه، كه هێزی باڵاده‌ستی وڵاته پیشه‌سازییه‌كان له‌پاڵییه‌وه‌ن.
بۆیه‌شه له‌یه‌كدان‌و یه‌كگرتنه‌وه‌كه به‌هه‌مان شێوه ئه‌و بیروباوه‌ڕه سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌شی گه‌ڕانده‌وه كه ژیانی هزریی‌و سیاسیی ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكانی سه‌ر رووی زه‌مینی كۆنتڕۆڵكردووه، به‌ته‌نیا ژماره‌یه‌ك گروپی بچوك نه‌بێت كه توانیویانه پارێزگاری له مانه‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن ئه‌وانیش هه‌ندێجار له‌به‌ر هۆكاری جوگرافییه‌وه بووه توانیویانه وابكه‌ن‌و دووربن له بزاڤی پێشكه‌وتنه‌وه، وه‌ك هه‌ندێك تیره‌ی ئوسترالی‌و ئه‌مریكایی لاتینی.
ئه‌و ململانێیه هزرییه‌ی له‌ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی رابردووه‌وه له‌ئارادابوو، به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌باره‌ی ئه‌و به‌هایانه‌وه بووه كه په‌یوه‌ست بوون به سۆسیالیزم یان لیبڕالیزم یاخود ناسیۆنالیزمه‌وه، سه‌رجه‌میان بیروباوه‌ڕی نوێ بوون‌و له‌ده‌ره‌نجامی هه‌نگاونان‌و چوونه ناوه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكانه‌وه بوو بۆ نێو ئه‌و سه‌رمایه‌دارییه هزریی‌و كه‌لتوریه‌ی كه له‌لایه‌ن سیستمی سه‌رمایه‌داری جیهانییه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا، ته‌نانه‌ت ره‌وته زۆر جیددیه‌كانیش كه له‌مڕۆدا له‌شێوه‌ی به‌ناو فه‌نده‌مێنتالیزمی ئاینییه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، وه‌ك هه‌ندێك بزاڤی ئیسلامی‌و نه‌ته‌وه‌یی(ئه‌تنی)، وه‌ك بزاڤه راسیست‌و نه‌ته‌وه‌یییه په‌ڕگیره دژه بیانییه‌كان، هه‌روه‌ها ره‌گه‌زپه‌رستییه‌كان كه ره‌نگدانه‌وه‌ی پاشه‌كشه‌ی هه‌رسێ بیروباره جیهانییه كلاسیكییه‌كه‌و قه‌یرانه‌كه‌یانن كه په‌یوه‌ستن به قه‌یرانی خودی چه‌مكی پێشكه‌وتنی مێژوو وكارابوونی چه‌مكی مۆدێرنێته، لێره‌دا ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت ئه‌م بیروباوه‌ره نوێیانه‌ش هیچ شتێك نه‌بوون جگه له گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان له به‌رگی جیاوازجیاواز‌و شێوه‌ی شێواو‌و پێكهاته‌ی تێكه‌ڵاوی بیروباوه‌ڕه كلاسیكییه‌كانی پێشووه‌وه، فه‌نده‌مێنتاڵیزمیش هاوشێوه‌ی ناسیۆنالیزمی په‌ڕگیری نوێیه‌و، دواجار شتێك نییه جگه له ناسیۆنالیزمێكی داڕماو، كه داڕمانییه‌كه‌ی له شێوه‌ی هه‌ڵسانه‌وه به‌ڕووی ناسیۆنالیزمه‌وه ره‌نگده‌داته‌وه، ئه‌مه ناسیۆنالیزمێكی دژ‌و تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه جۆراوجۆره‌كانی به‌رگریكردن له شوناس‌و خه‌وبینین به دادپه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌تر، له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ستبوون به سۆزداری زیاتر بۆ خاك‌و كۆمه‌ڵ‌و مێژووه‌وه(1).
ئه‌م دینامیكیه‌ته‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌یه ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو به‌سه‌ر خودی بواری زانستیشه‌وه، به‌تایبه‌ت به‌سه‌ر زانستی مێژووه‌وه، كه دواتر چه‌ند تیۆرییه‌كی لێوه به‌رهه‌مهات‌و هه‌ندێك گه‌وره مێژوونووسیش به‌رگرییان لێكرد‌و خودی مێژوویان له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ك مێژووی جیهانی ده‌بینی.
(فیرناند بڕۆدوێل) وا له هه‌ر قۆناغێك له قۆناغه‌كانی مێژوو ده‌ڕوانێت كه له ده‌وری ناوه‌ندێكی ئابوری جیهانیدا سێنتڕالیزه‌بووه، له شارێكی سه‌ره‌كییدا رۆڵی سێنتڕاڵیی ده‌بێت له ئابوری جیهانیدا(2).
هه‌مان شت به‌سه‌ر(ئه‌مانۆێل ڤالیرشتی)دا ده‌سه‌پێ، كاتێك كه له‌باره‌ی سیستمی جیهانییه‌وه ده‌دوێت‌و وایده‌بینێ هاوبه‌ندییه‌كی قوڵ‌و به‌رده‌وام له‌نێوان بزاڤ‌و دیارده مێژووییه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاجیاكاندا هه‌یه، كه له‌قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوویی‌دا رووده‌ده‌ن، ئه‌و ناتوانێت به‌هیچ شێوه‌یه‌كی تر له سه‌رمایه‌داری بڕوانێت ته‌نها به‌م وه‌سفه‌ی خۆی نه‌بێت كه سیستمێكی جیهانییه(3).
به‌ڵام له‌دیدی مندا بوونی ئابوری جیهانی‌و سیستمی جیهانی گوزارشت له به‌جیهانیبوون ناكه‌ن‌و ناچنه ناو ئه‌م قاڵبه‌وه، به‌ته‌نها واده‌رده‌كه‌وێت له هه‌ر قۆناغێكی مێژوییدا سه‌نته‌رێكی جیهانی كارا هه‌یه‌و ئه‌و بزاوتانه‌شی كه له‌ده‌وروبه‌ری خۆیدا هه‌ن، سه‌ربه‌خۆ نین له‌وه‌ی كه له‌ناو سه‌نته‌ره‌كه‌دا هه‌یه، واتا به‌رده‌وام كارلێك له‌نێوانیاندا هه‌یه، مێژووش بۆی ناكرێ له‌وه تێبگات ته‌نها مه‌گه‌ر ئه‌م كارلێكه به‌هه‌ند وه‌ربگرین.
جیهانگیریی واتایه‌كی تر ده‌گه‌ینێت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان سه‌نته‌ر‌و ده‌وروبه‌ر‌و پاڵنه‌ره‌كانی هاوبه‌ندبوون له رووداوه مێژووییه‌كان‌و پێكهاتووه ئابورییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و میكانیزمه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م هاوبه‌ندییه ده‌به‌زێنێت، ئه‌و له‌نێو سه‌رهه‌ڵدانی به‌كرداری تۆڕی په‌یوه‌ندییه جیهانییه‌كاندا به‌رجه‌سته ده‌بێت‌و سه‌رجه‌م ئابوریی‌و وڵات‌و كۆمه‌ڵگاكان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و ملكه‌چی تاكه بزاڤێكیان ده‌كات.
ره‌نگه نمونه‌كه روونتر بێت له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه نوێیه‌ی هاوبه‌ندی‌و په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه جیهانییه جیاجیاكاندا ئه‌میش به‌له‌یه‌كدانی هه‌رسێ سیستمه سه‌ره‌كییه‌كه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و نێوده‌وڵه‌تییه له‌ئاراكاندا:
سیستمی یه‌كه‌م سیستمی داراییه، له‌ئێستادا وامان لێهاتووه له‌نێو چوارچێوه‌ی تاكه بازاڕێكی سه‌رمایه‌و تاكه بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه ده‌ژین، وێڕای فره‌یی‌و زۆری سه‌نته‌ری چاڵاكییه‌كانیی چوارچێوه‌كه.(4)
سیستمی دووهه‌میش سیستمی راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانه، وه‌ك ده‌بینرێت سه‌رجه‌م دانیشتوانی جیهان ئه‌وانه‌ی كه توانای كڕینی سێڵێكی هه‌واییان هه‌یه ده‌توانن له‌م رێگه‌یه‌وه سه‌رجه‌م كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی جیهان ببینن، كه زۆرتر بۆ جه‌ماوه‌رێكی جیهانی‌و به‌جیهانیكرا‌و په‌خشده‌كرێن وه‌ك له‌وه‌ی بۆ جه‌ماوه‌ری لۆكاڵی په‌خشی خۆیان بوه‌شێنن.(5)
سیستمی سێهه‌میش سیستمی زانیاریی ئامێزه كه زۆر به‌روونی له‌لایه‌ن تۆڕی زانیاری ئینته‌رنێتییه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێـت، ئه‌مه‌ش تۆڕێكه تاكه‌كان به‌هۆیه‌وه به‌شداریده‌كه‌ن‌و تێیدا به‌چاوپۆشی‌و بێ ره‌چاوكردنی سنووره سیاسیی‌و تایبه‌تمه‌ندێتییه رۆشنبیرییه‌كان زانیارییه‌كانیان ده‌ستده‌كه‌وێت.(6)
لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه له‌چه‌ندین ئاستی جیاجیادا چووینه‌ته نێو قۆناغێكی قووڵتری له‌یه‌كدان‌و تێكه‌ڵبوونی جیهانی، له‌لایه‌كه‌وه یه‌كگرتنێكی گه‌وره‌ی سه‌رچاوه‌كانی زانیاری بۆ خواست‌و خستنه‌ڕووه‌كان، واته بۆ ده‌سته‌بژێری نمایشكراو‌و جه‌ماوه‌ر. له‌لایه‌كی تریشه‌وه یه‌كگرتنێكی سه‌راپاگیرتری تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی‌و ئامرازه‌كانی هه‌یه، هاوكات له‌لای سێهه‌میشیان له‌یه‌كدانێكی به‌هێزتری ئامراز‌و هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیی هه‌یه. لێره‌دا جیاوازییه‌كی گه‌وره به‌دیده‌كرێت له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتیی جیهانی‌و به‌جیهانیبوونه‌كه‌ی له‌رێگه‌ی شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان‌و رێكخستنی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه به‌ده‌ستیدێنێت، هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی ته‌كنیك‌و ئامرازه‌كانی تری هاوشێوه، كه له ده‌ستكه‌وته مێژووییه‌كه‌یدا ملكه‌چی بارودۆخێكی تایبه‌ت ده‌بێت به‌هه‌موو كۆمه‌ڵگا‌و ده‌رامه‌ته‌كانییه‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ده‌ی رابردوودا روویدا، جیاوازه له‌گه‌ڵ یه‌كێتییه‌ك كه له‌رێگه‌ی به‌شداریكردن له تۆڕێكی یه‌كگرتوودا به‌ده‌ستدێت.
له‌نێوان ئینتیمابوونمان بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كه له‌رووی به‌ها‌و ئامانج‌و ئامرازه‌كانه‌وه هاوشێوه بێت جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیتنتیماكردنی جیهان بۆ سیستمێك به‌مه‌به‌ستی كۆنتڕۆلكردن‌و هێز به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تێبپه‌ڕێنێت‌و ملكه‌چی بنه‌مایه‌كی تری نوێی كار‌و ئاراسته‌یه‌كی به‌های هاوبه‌ش بێت، وه‌ك به‌های مافه‌كانی مرۆڤ‌و دیموكراسی.
هه‌روه‌ها جیاوازی هه‌یه له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی نیشتیمانی خۆی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگاكان له‌نێو تۆڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنیدا هاوبه‌ش بن، به‌شێوه‌یه‌ك كه سنوری نیشتیمانی ببه‌زێنێت.
له‌نێوان ده‌وڵه‌تێك كه به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی خاوه‌نی ئابورییه سه‌رمایه‌دارییه‌كه‌ی‌و بازاڕی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت، له سیستمێكی كرێ‌و نرخ‌و ئاڵووێری خۆیدا، وێڕای په‌یوه‌ستبوون به بازاڕه‌كانی دیكه‌وه، جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی كه بڕواته ناو تاكه بازاڕێكی سه‌رمایه‌داری‌و تێیدا به‌پێی توانا‌و پله‌ی ته‌حه‌كومی ته‌كنیكی‌و زانستی‌و پیشه‌سازییه‌كه‌یه‌وه پێگه جیاوازه‌كانی خۆی تێدا به‌رجه‌سته بكات.
له‌دۆخی یه‌كه‌میاندا ئه‌وه‌ی كه به‌دیده‌كرێت له‌یه‌كچوونی شێوازه‌كانی به‌رهه‌مێنان‌و رێكخستن‌و به‌كاربردنه، هه‌روه‌ها كارێلككردنه له‌نێوان ده‌وروبه‌ری سیستم‌و ناوه‌نده‌كه‌یه‌وه، هه‌رچی دۆخی دووه‌مه بریتییه له دینامیه‌تێك كه سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگاكان ملكه‌چی ته‌نها شێوازێكی به‌رهه‌مهێنان ده‌كات‌و دووباره ریزبه‌ندی بۆ پێگه‌كانی گروپ‌و تاكه‌كان ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رمایه‌دارییه ماددی‌و مه‌عنه‌وییه به‌جیهانیكراوه نوێیه‌و پله‌ی كۆنتڕۆلكردنه‌كه‌ی به‌هۆی ره‌گه‌زه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، كه ده‌شێت به سه‌رمایه‌و ده‌رامه‌ت‌و تواناكانییه‌وه به‌جیهانیی بكرێت، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیما نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی یاخود سیاسی‌و خاوه‌ندارێته سه‌رمایه‌داری‌و ره‌گه‌زه‌كانی به‌رهه‌مهێنان‌و ده‌رامه‌ته تایبه‌تییه‌كانییه‌وه بێت.
له‌دۆخی دواییشدا، نیشتیمانگه‌ریی، ده‌سته‌بژێره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هێزی خۆیان له هێزی ئه‌و ئابورییانه‌وه وه‌رده‌گرن كه پێشتر ته‌به‌نیان كردووه، ئه‌مه‌شه به‌ئاراسته‌ی ته‌به‌نیكردنی سیاسیه‌ته خودیه‌كانه‌وه پاڵیان پێوه‌ده‌نێت، ئه‌م ده‌سته‌بژێره كۆمه‌ڵایه‌تیانه له دۆخی یه‌كه‌مدا هێزی خۆیان له به‌های ده‌رامه‌ته ماددی‌و مه‌عنه‌وییه به جیهانیكراوه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرن، واته له‌و ده‌ارمه‌تانه‌ی كه ده‌كرێ له بازاڕی جیهانیدا به‌رهه‌مهێن بن، كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگای لۆكاڵی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێن یاخود ئاراسته‌ده‌كرێن، ئه‌م كاره‌ش واده‌كات ده‌سته‌بژێره‌كان سیاسیه‌ته‌كانیان ته‌به‌نی بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك كه ملكه‌چی به‌ها نیشتیمانی‌و پێوه‌ركانیه‌وه نه‌بن، به‌لام ملكه‌چی پێوه‌ره‌كانی مانه‌وه له‌ناو كێبڕكێیه جیهانییه‌كان ده‌بن.
ثقافة العولمة و عولمة الثقافة
الدكتور برهان غلیون والدكتور سمیر أمین
دار الفكر المعاصر- بیروت