
سه‌یره دڵنیا خۆی بچووك ده‌كاته‌وه!
وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د
ئه‌وه ئێمه نین دڵنیا قه‌ره‌داغی بچووك ده‌كه‌ینه‌وه، چونكه وه‌ك ده‌نگێكی ژن، ئێمه هه‌میشه به‌چاوی گه‌وره و ڕێزه‌وه له‌و خاتوونه هونه‌رمه‌نده‌مان ڕوانیوه، كاتێكیش له‌و دیده ته‌سه‌له‌وه سه‌یری دڵنیا ده‌كه‌ین، نه بۆ جوانییه‌كه‌ی و نه بۆ حزبیبوونهكهیهتی وه‌ك پارتییه‌ك، ئێمه هونه‌ره‌كه‌ی ده‌خوێنینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كین بۆیه به‌گه‌وره‌ی ده‌بینین، واته ئه‌و خاوه‌نی هونه‌رێكی گه‌وره‌یه، نه‌ك خه‌باتكارێك بۆ حزبه‌كه‌ی، چونكه زۆرن ئه‌وانه‌ی سه‌د بارته‌قای دڵنیا قوربانییان بۆ ئه‌و حزبانه داوه و له ئێستایشدا كه‌وتوونه‌ته په‌راوێزه‌وه، به‌ڕاست ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه ئه‌وه‌نده خۆشباوه‌ڕ و دڵسافن، یان نیشتمان و كورد په‌روه‌رن، كه ده‌گاته باری ده‌نگدانیش ده‌نگه‌كانیان هه‌ر بۆ ئه‌و حزبانه ڕه‌وانه ده‌كه‌ن، كه‌واته ئه‌و داد و فیغانه‌ی دڵنیا له‌پای بانگێشتنكردنێك بۆ گۆرانیگوتن له كۆنگره‌ی پارتی ده‌یكات، شتێك نییه جیا له خۆ بچووككردنه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێزی له ڕاده‌به‌ده‌ر له‌و خاتوونه هونه‌رمه‌نده ده‌گرم و زۆر جاریش له‌باره‌یه‌وه دوواوم، هاوكات تا ئه‌م ده‌مه‌یش پێموایه یه‌ك له ده‌نگه بوێره‌كانی گۆرانیی ژنانه له كوردستاندا، بۆیه له ژێر ئه‌م مانشێته‌وه مه‌به‌ستمه له‌و خۆ بچووككردنهوهیهیدا گه‌وره‌ییه‌كه‌ی پێشان بده‌م و وه‌ك خه‌ڵاتێك پێشكێشی بكه‌م.
نابێ دڵنیا داد و فیغان بكات و هۆكاری ڕه‌نجانی له حزبه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته ئاستی بانگهێشتنكردنێك له ئاهه‌نگی كۆنگره‌یاندا، ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی حزبی خۆی ده‌خوێنێته‌وه، له‌مه‌یاندا ناچارمان ده‌كات ئێمه‌یش بۆ داهاتوو وه‌ك گۆرانیبێژی حزب هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین كه پێموانییه ئه‌و خاتوونه پێویستی به‌م به‌یت و بالۆره‌یه بێت.. ده‌بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێت حزب لێی بپاڕێته‌وه تا دڵنیا گۆرانی له كۆنگرهكهیدا بڵێت نه‌ك ئه‌و له حزب بپاڕێته‌وه، ئاخر چ كون و كه‌له‌به‌رێك له‌م كوردستانه ماوه دڵنیا خان گۆرانیی تێدا نه‌ڵێت تا پێویستی به‌ئاهه‌نگی كۆنگره‌ی پارتی بێت؟ به‌ڕاست ئه‌وه‌نده‌ی پارتی بیری له بانگهێشتنی دڵنیا نه‌كرده‌وه، خۆ بیری له سه‌دان هونه‌رمه‌ندی تریش نه‌كردووه‌ته‌وه كه وه‌ك ئه‌و خۆیان به‌مه‌غدوور ده‌زانن، بڕوا ناكه‌م ئه‌وه‌ش عه‌مه‌لی بێت هه‌رچی گۆرانیبێژی پارتی هه‌یه له كۆنگرهكهیدا گۆرانی بڵێن.. ئه‌مه داكۆكیكردن نییه له پارتی و بڕوا ناكه‌م كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی من له‌و حزبه ڕه‌نجابێ، به‌ڵام ده‌بێ ڕه‌نجان به‌هۆی پره‌نسیپه جێگیر و مهغدوورییهته ڕاستینهكان بێت نه‌ك گوتنی گۆرانییه‌ك له كۆنگره‌دا كه دڵنیا هه‌رگیز پێویستی به‌و خۆده‌رخستنه نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوو و ده‌ركه‌وتووه.
جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه، دڵنیا قه‌ره‌داغی وه‌ك خاتوونه هونه‌رمه‌ندێكی بوێر و كاریگه‌ر له رشِهوته هونه‌رییه‌كه‌ی ده‌نگی ژن له گۆرانیی كوردیدا، ده‌خوازێ خۆی له‌وه گه‌وره‌تر ببینێ كه داوای گۆرانیگوتن له هه‌ر شوێن و بۆ هه‌ر بۆنه‌یه‌ك بكات، ئه‌و ده‌بێ داوای لێ بكرێ نه‌ك داوا بكات. ئه‌وه دڵنیا نییه بۆ هونه‌رێكی مه‌ودا دوور دڵنیامان بكاته‌وه كه كۆڵ نادات، ئه‌وه دڵنیایه كه بوێرانه گۆرانی بۆ كوڕانی كورد له هه‌موو ڕه‌نگه‌كان بڵێت به‌هه‌موو حزبه‌كانه‌وه نه‌ك ته‌نیا پارتی.
ئه‌وه‌تا خۆیشی باس له‌وه ده‌كات كه قوربانییه‌كانی بۆ حزب وه‌ك گۆرانیبێژێك به‌شێك له جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی لێ ته‌ریك كردووه، كه‌واته خۆده‌رخستن وه‌ك حزبییه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی زیانی پێ ده‌گه‌یه‌نێ، كه‌متر خزمه‌تی ده‌كات، هونه‌رمه‌ندیش پێویستی به‌جه‌ماوه‌ری فراوانه تا بتوانێ به‌رده‌وامییه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بكات.. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌یی هونه‌رمه‌ند له ئاست حزب و به‌رپرساندا پێشانی دڵنیا خان بده‌م، فه‌رموون ئه‌م نموونه زیندووه بخوێننه‌وه:
له ساڵی 2000دا پێشانگه‌یه‌كی پهیكهرتاشیمان بۆ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌دی باوكم له هۆڵی میدیای هه‌ولێر كرده‌وه، ئه‌وكات دكتۆر شه‌فیق قه‌زاز وه‌زیر بوو و یه‌ك له میوانه‌كانی ئه‌و پێشانگه‌یه بوو، دوای ئه‌وه‌ی ته‌ماشای په‌یكه‌ره‌كانی كرد و تێبینییهكانی خۆی نووسییه‌وه، ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د داوای لێ كرد و گوتی “مامۆستا یارمه‌تی هه‌یه وێنه‌یه‌ك پێكه‌وه بگرین؟” دكتۆر شه‌فیقیش گوتی “ببووره ده‌بێ من ڕوخسه‌ت له جه‌نابیت وه‌ربگرم كه ڕازی بیت وێنه‌یه‌كت له‌گه‌ڵدا بگرم، چونكه تۆ هونه‌رمه‌ندی”.
كه‌واته ده‌بێ حزبه‌كان ڕوخسه‌ت له هونه‌رمه‌ند بخوازن بۆ گۆرانیگوتن نه‌ك هونه‌رمه‌ند خۆی بچووك بكاته‌وه و داوا بكات.. هیوادارم ئه‌وه‌نده‌ی دڵنیامان به‌گه‌وره‌یی بینیوه، به‌هه‌مان گه‌وره‌یی خۆی له چاوانمان ون نه‌كات.