
فانتازیای بۆن …. حه‌مه مه‌نتك
فانتازیای بۆن
له چیرۆكی (ته‌مه پیاو)ی جه‌بار جه‌مال غه‌ریب
حه‌مه مه‌نتك
چیرۆكنووس بۆ وه‌به‌رهێنانی ده‌قێك په‌نا بۆ گه‌لێك كه‌ره‌سته و ته‌كنیكی جیا ده‌بات. هێندێكی له‌و كه‌ره‌ستانه له ئه‌زموونی ژیانی خۆیه‌وه هه‌ڵده‌هێنجێ و هێندێكی تری ده‌نێو فه‌نتازیا و خه‌یاڵه‌وه. مامه‌ڵه‌كردن ده‌گه‌ڵ ههرهیك له‌م كه‌ره‌ستانه ته‌كنیك و شێوازی تایبه‌تی خۆی ده‌وێت، به‌مانایه‌كی تر هه‌ر نووسه‌ره و ته‌كنیك و شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك به‌درێژایی ئه‌زموونی نووسینی نه‌یتوانی شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆی بۆ نووسینی ده‌قه‌كانی دابهێنێ، ئه‌وا به‌بڕوای ئێمه نووسه‌رێكی مردووه، با به‌رده‌وام نووسین و به‌رهه‌می نوێی له ڕووی زه‌مه‌نه‌وه هه‌بێت، لێ ئه‌و نووسینه مۆركی ئه‌وی پێوه نابێت. كه‌واته ده‌ق ده‌توانرێت ببێت به‌ناسنامه‌ی نووسه‌ر. مه‌به‌ستمان لێره‌دا ئه‌وه‌یه نووسه‌ری به‌توانا و خاوه‌ن به‌رهه‌می نایاب ده‌سن بۆ هه‌ر كه‌ره‌سته‌یك ببات ده‌زانێت چۆن مامه‌ڵه‌ی ده‌گه‌ڵ ده‌كات و سوودی لێوه‌رده‌گرێت. به‌شێوه‌یه‌ك گه‌مه‌ی پێده‌كات خوێنه‌ر هه‌ستده‌كات یه‌كه‌مجاره ئه‌و ته‌كنیكه له‌لایه‌ن ئه‌و نووسه‌روه داهێنراوه. كه‌واته گونجاندنی ناوه‌ڕۆكێك له‌گه‌ڵ فۆرمێكی هونه‌ری كارێكی هه‌روا ئاسان نییه، لێره‌دایه كارامه‌یی و هونه‌رمه‌ندی نووسه‌ر به‌دیارده‌كه‌وێت. چه‌ندان ده‌قمان هه‌ن، له‌یه‌ك له‌م دوولایه‌نه لاوازن، لێ ده‌نێو ده‌قی نایاب و جوان به‌شێوه‌یه‌ك كار له‌سه‌ر ئه‌م دو لایه‌نه كراوه خوێنه‌ر له‌ئاستیدا سه‌ری سوڕده‌مێنێ. شاعیری گریگی (یانس ڕیتۆستۆس) ده‌ڵێ: ” دێرێك ده‌نووسم، دونیایه‌ك ده‌نووسم” ده‌كارێت ئه‌م گوته‌یه چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبگرێت، نووسینی یه‌ك دێری هونه‌ری و پڕ له ئێستاتیكا وا له‌خوێنه‌ر ده‌كات له‌و واقیعه‌ی تێیدایه داببرَێت و تێكه‌ڵی دنیای ده‌قه‌كه ببێت.
چیرۆكی (ته‌مه پیاو) یێكێكه له چیرۆكه‌كانی (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) له كۆمه‌ڵه چیرۆكی (نامه‌كانی ژاكۆن)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. با سه‌ره‌تا ئه‌و بێژین كاركردنی (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌نێو هونه‌ری گێرانه‌وه‌دا له‌سه‌ر زمانه، واته ئه‌و هه‌موو قورساییه‌كی ته‌كنیكی و هونه‌ری ده‌نێو چیرۆك و ڕۆمانه‌كانی ده‌خاته سه‌ر زمان. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه، لایه‌نه‌كانی تری هونه‌ری له چیرۆكدا وه‌كوو وێنه و دایه‌لۆگ و مه‌نه‌لۆگ…تاد فه‌رامۆش ده‌كات. نه‌خێر ئێمه ده‌بێژین ئه‌و به‌پله‌ی یه‌كه‌م بایه‌خ به زمان ده‌دات. ئه‌مه‌ش هه‌ندێكجار كاری كردۆته سه‌ر بونیادی ده‌قه‌كان و ئالۆزیكردووه. واته زمانی گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئالۆزكردووه. خۆیشی دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێت و ده‌ڵێت:” من بۆ كه‌سێكی تایبه‌ت نانووسم، به‌ڵام بۆ خوێنه‌رێكی تایبه‌ت ده‌نووسم كه سه‌ركێشه و حه‌ز به‌زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵی جیاواز ده‌كات، دواجار ده‌گاته حاڵه‌تێكی شیعری و كتێبه‌كه‌م هه‌ڵده‌داته ناو لافاوێك له خوێن كه بێگومان خوێنی دڵیه‌تی، من بۆ هه‌ر ڕۆمانێك یه‌ك تاكه خوێنه‌ری وام هه‌بێت ده‌توانم درێژه به‌نووسین بده‌م” (1) ئه‌م گوته‌یه‌ی به‌سه‌ر چیرۆكهكانیشیدا جێبه‌جێ ده‌بێت. ئیشكردنی چیرۆكنووس ده‌نێو زماندا به‌پله یه‌ك دێ، لێره‌دا ده‌پرسین ئایا خوێنه‌ری تایبه‌ت بوونی هه‌یه؟ ڕه‌نگه ئه‌و سیفاتانه‌ی ئه‌و بۆ ئه‌و خوێنه‌ره تایبه‌تییه‌ی داناوه، هیچ خوێنه‌رێك بوونی نییه كه حه‌ز بهفانتازیا و خه‌یاڵ نه‌كات، له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا ئه‌گه‌ر ده‌قێكی گێڕانه‌وه خاڵی بێت له خه‌یاڵ و فانتازیا، سه‌د له‌سه‌د واقیعیی بێت ئه‌وا له‌لای خوێنه‌ره‌وه ڕه‌تده‌كرێته‌وه، منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم هه‌موو كه‌سێك خوێنه‌ر نییه، به‌واتایه‌كی تر هه‌موو خوێنده‌وارێك خوێنه‌ر نییه، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت بخوێنێته‌وه، لێ ڕه‌نگه نه‌توانێت ببێت به‌خوێنه‌ر. لێ ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه خوێنه‌ری تایبه‌ت و گشتیمان هه‌بێت. ڕاسته ده‌ق گه‌لێكمان هه‌ن خوێنه‌ری خۆیان ده‌وێت، ئه‌وه‌ی عاشقی كتێب بێت به‌پێی ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی خۆی ده‌بێته خوێنه‌رێك ده‌قی نایاب و ده‌قی لاواز له‌یه‌كتر جیا بكاته‌وه، بۆیه هه‌موو كتێبێك به‌شایه‌نی خوێندنه‌وه نازانێت. كه‌واته پرۆسه‌ی نووسین پرۆسه‌یه‌ك نییه بۆ خه‌ڵكێكی ده‌سته بژێر بنووسین، وه‌كوو سه‌رده‌می كلاسیك زمانێكیان به‌كارده‌برد كه ته‌نها چینی خوێنده‌وار تێی بگات. كه‌واته پرۆسه‌ی نووسین پرۆسه‌یه‌ك نییه بۆ خه‌ڵكێكی ده‌سته بژێر بنووسرێت، كه‌واته پرۆسه‌ی نووسین پرۆسه‌یه‌كی پڕ لهسیمبوول و ئالۆز نییه، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی تر و كلتووری تر له ڕێگای نووسه‌ره‌كانییه‌وه بناسین. وه‌ك (هۆشه‌نگ گوڵشیری) ده‌ڵێت: ” ئێمه ده‌نووسین تا وێڕای هه‌واڵ و وێنه و ته‌له‌فزیۆن و فیلمهبانگهشهییهكان، خوێنه‌ر بتوانێ خه‌ڵك و گه‌لانی جیاواز له چاوگه‌ی نووسه‌رانی ئه‌و گه‌ل و خه‌ڵكه‌وه بناسێ” (2)
ئه‌گه‌ر له ناونیشانی چیرۆكه‌كه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین (ته‌مه پیاو) ده‌توانین بڵێین ناونیشانێكی ئێستاتیكییه، واته پڕه له‌جوانی و سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا ڕاده‌كێشێ. ناونیشانه‌كه كه‌سێك ده‌گرێته‌وه كه بووه‌ته ته‌م و له‌شێوه‌ی ته‌م به‌دیار ده‌كه‌وێت. مانای وایه كه‌سێكه به‌هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كانی كلتووری كۆمه‌ڵگا ڕایكردووه و نه‌مردووه، له‌به‌ر چاوی دایكی له‌شێوه‌ی ته‌م له‌سه‌ر ڕووبار به‌دیار ده‌كه‌وێت. لێ ئه‌وان ئه‌وانه‌ی به‌دوای كه‌وتبوون وایانزانیووه مردووه. لێ ئه‌و بووه‌ته تارماییی و بزر بووه. ئه‌م نانیشانه شێوه‌یه‌كی فانتازی هه‌یه، واته پیاوێك له بووندا نییه له‌شێوه‌ی ته‌مدا بێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خوێنه‌ر هه‌ست بكات به چوونه نێو ڕووداوه‌كانی چیرۆكه‌كه، تێكه‌ڵبوونه ده‌گه‌ڵ دنیای فانتازی.
ده‌سپێكی چیرۆكه‌كه به‌هه‌مان شێوه‌ی ناونیشانه‌كه‌ی سه‌رنجڕاكێشه، چونكوو له‌وێدا چیرۆكنووس چیرۆكنووس یه‌كسه‌ر هه‌موو زانیارییه‌كان نادات به‌ده‌سته‌وه. ده‌بینین له ده‌سپێكدا وێنه‌یه‌كی سه‌روو واقیعمان بۆ ده‌كێشێت ده‌نێو سرووشتدا ” هه‌تاوێكی سپی به‌سه‌ر پشتی ئاسۆسدا ده‌ڕژا، له‌سه‌ر زوقمه سپیه‌كه‌ی سه‌ری دهپرینگایهوه تێكه‌ڵ ئاسمان و ڕووبار و ڕووی خه‌ڵك ده‌بوو. به‌بن به‌رد و تاوێر و كاوه شاخاندا شۆڕده‌بۆوه له‌سه‌ر ئاوه‌كه مۆڵ ده‌بوو. مراوی دهنهوینه نێوی و ده‌ندووكی پانییان تێدا ق‌م ده‌كرد و هه‌ڵده‌ستانه‌وه…” ئه‌م كێشانی وێنه‌ی سرووشته نیشانمان ده‌دات شوێنی ڕوودانی ڕووداوه‌كان گونده، واته ڕووداوه‌كان زیاتر له سرووشته‌وه نزیكبووه.
له‌م چیرۆكه‌دا هه‌ستی بۆنكردن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر فانتازی مامه‌ڵه‌ی ده‌گه‌ڵ كراوه. مرۆ به‌هۆی هه‌ستی بۆنكردنه‌وه ده‌توانێت هه‌ست به زۆر شت بكات. هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌سته زیاتر تایبه‌ته به‌هه‌ندێك ئاژه‌ڵ( مه‌به‌ستمان له‌وه‌دا ئه‌وه‌یه به‌كارهێنانییه‌تی به‌پله یێكه‌م بۆ سوود لێوه‌رگرتن و ڕاپه‌ڕاندنی ژیانی وه‌كوو سه‌گ). مرۆ ده‌توانێت له‌ڕێگای هه‌سته‌كانییه‌وه په‌ی به‌زۆر شتی جوان و ناشرین له‌ژیاندا به‌رێت. له‌م چیرۆكه‌دا بۆن تایبه‌تكراوه، به‌مانایه‌كی تر دراوه‌ته پاڵ مرۆیه خراپه‌كاره‌كان. ئه‌م مرۆییانه له‌دڵه‌وه نه‌خۆشن، گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌مووشتزانه، ئاگاداری سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كانه ، جارجاره‌ش جڵه‌وی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان له ڕێگای به‌كاربردنی ته‌كنیكی مه‌نه‌لۆگ و دایه‌لۆگه‌وه ده‌داته ده‌ست كه‌سایه‌تییه‌كان، وه‌كوو مه‌نه‌لۆگی (پووره شه‌م)ی دایكی (وسو) له لاپه‌ڕه (106). دایه‌لۆگی نێوان (پووره شه‌م) و (سالهڕێوی). چیرۆكنووس له‌م چیرۆكه‌دا هه‌وڵده‌دات له رێگای هه‌ستی بۆنكردنه‌وه ناخ و هه‌ڵوێستی مرۆیه خراپه‌كان پیشان بدات، چونكوو ئه‌و مرۆیانه چۆن ناخیان بۆگه‌نه، ئاوهاش بۆنی گه‌نیوی ناخ و له‌شیان به‌هه‌موو سرووشدا بڵاوده‌بێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (وسو) ده‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا ڕاده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن هه‌ندێك له پیاوه خراپه‌كانه‌وه وه‌كوو (ساله ڕێوی) و (خله گورگ) به‌دوایاندا ده‌كه‌ون و (وسو) بریندار ده‌بێت، لێ ناتوانن بیگرن و بزر ده‌بێت، له‌به‌ر چاوی(پوورهشهم)ی دایكی (وسو) هه‌موو به‌یانییه‌ك وسو له‌شێوه‌ی ته‌مێك له‌سه‌ر ڕووبار به‌دیار ده‌كه‌وێت، قومێك ئاو ده‌خواته‌وه و شوێنی لێوه‌كانی به‌جێ ده‌مێنێ. باسكردنی په‌یوه‌ندی نێوان له‌ش و هه‌ستی بۆنكردن وه‌كوو لێره‌دا باسكراوه، به‌هه‌مان شێوه له ڕۆمانی (عه‌تر)ی ڕۆماننووس (پاتریك سویسكیند)ه‌وه باسكراوه و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هونه‌رییانه. ئه‌م ڕۆمانه ڕاسته‌وخۆ له زمانی ئه‌لمانییه‌وه (كه‌ریم په‌ڕه‌نگ) به‌كوردی كردووه.لێ هه‌روه‌ك دیاره له ڕۆمانه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر و فانتازیتر باسكراوه. چونكوو پانتایی و فه‌زای ڕۆمان له چیرۆك فراوانتره، لێ باسكردنی په‌یوه‌ندی نێوان له‌ش و بۆنكردن ده‌نێو ئه‌م دوو ده‌قه‌دا به دوو ئاراسته‌ی جیادا ده‌ڕۆن و باسكراوه. هه‌روه‌ك باسمانكرد له‌م چیرۆكه‌دا (ته‌مه پیاو) به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك باسی پێوه‌ندی نێوان له‌ش و بۆنكردن كراوه، ته‌نها جه‌سته‌ی ئه‌و مرۆیانه بۆنییان لێدێت كه مرۆی خراپن و هه‌وڵی كوشتنی جوانی و عه‌شق ده‌ده‌ن. ئه‌وانه بكوژی جوانییهكانن، مر لێره‌دا وه‌كوو دڕنده‌یه‌ك وێنه‌ی كێشراوه وه‌كوو (پوورهشهم)ی دایكی(وسو)ی سته‌ملێكراو ده‌ڵێت: ” هه‌موو شه‌ویش دێته‌وه ده‌وری ماڵان و ده‌ڵێ، دایه فریشته‌كه‌م مرۆ بۆنێكی هێنده دڕنی لێدێ، هاڵاوه بۆگه‌نیوی هێند چڕ له‌ماڵان بڵند ده‌بێ، هه‌ر مرۆ ده‌توانێ بۆنی كا،سه‌یره ئه‌و ڕووحه‌ی ((ئاده‌م)) ئه‌و ڕووحه شیره ده‌نێو ئه‌و بۆنه‌یدا برشی هه‌ڵنایه” باسكردنی بۆن به‌م شێوه فانتازییه، ئه‌وه‌مان پیشان ده‌دات كه بۆن چ ده‌ورێكی گرنگی له ژیانی مرۆدا هه‌یه. ده‌بینین كاتێك مرۆ ده‌مرێت ئه‌گه‌ر یه‌ك دوو ڕۆژ نه‌خرێته ژێر خاكه‌وه ئه‌وا بۆنێكی گه‌نیوی لێدێت. بۆیه مرۆ به‌لای ئێمه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووحه جوانه‌ین ئه‌و عه‌قله جوانه‌ی كه هه‌یه‌تی بهكارنهبات، ئه‌وا ده‌بێته دڕنده‌ترین دڕنده، وه‌كوو له‌به‌ر چاویشمانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌وه چه‌نده‌ها ساڵه ئه‌و سرووشته جوانه‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه له‌بن نه‌هاتووه‌كانی له‌ناو بردووه. له‌م چیرۆكه‌دا باسی بۆنی (خله گورگه) ده‌كرێت، له‌ڕێگای بۆنكردنی خوێنی (وسو) به‌دوایاندا ده‌ڕوات. بۆیه‌ش هه‌ر سیفه‌تی گورگی پێدراوه، چونكوو گورگی برسی هه‌ر كاتێك بۆنی خوێن بكات، ئیدی به‌دوایدا ده‌ڕوات.
هه‌رچی باسكردنی په‌یوه‌ندی نێوان له‌ش و بۆنكردنه له ڕۆمانی (عه‌تر)دا پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕووداوانه‌یه. هه‌رچه‌نده (گرینۆی) كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی نێو ڕۆمانه‌كه بكوژی كچانه، بۆ دروستكردنی بۆنێك كه هه‌ر خۆی هه‌ستی پێده‌كات. ئه‌و هه‌ستی بۆنكردنی زۆر به‌هێزه‌ن هه‌موو شتێك لهبۆنكردندا ده‌بینێته‌وه. ئه‌و بۆنه‌ی ئه‌و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت ته‌نها له‌جه‌سته‌ی كچاندا دهیدۆزێتهوهن هه‌رواش ده‌كات.” ئه‌و له‌ڕێی لووتیوه جیهان وه‌سفده‌كات، به‌وه‌ی قهبارهیهكه له عه‌تر، عه‌تر سرووشت و زینده‌وه‌ر و مرۆڤه‌كانی پێچاوه‌ته‌وه، عه‌تر ڕێنماییی مرۆڤ ده‌كات به‌ره‌و چێژ و ده‌سه‌ڵات و ژیانكردن، عه‌تر خولیایه و مه‌راقی مرۆڤ، عه‌تر سه‌رچاوه‌ی ژیان و مردنه، جیهان و عه‌ده‌مه، عه‌تر ئاراسته‌ی مرۆڤه‌كان ده‌كات بۆ ناسینه‌وه ڕێگه‌كان و وێنه‌كان و سرووتی دنیایی و ڕۆحی به مرۆڤ ده‌به‌خشێت” (3). ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌كاربردنی هه‌ستی بۆنكردن ده‌نێو ئه‌م ڕۆمانه‌دا بكه‌ین ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌كی سیحر ئامێز به‌كاربراوه. ده‌بینین له‌كاتی هێنانی (گرینۆی) بۆ مه‌یدانی له‌سێداره‌دان، ئه‌و بۆنه‌كه بڵاوده‌كاته‌وه له ڕێگای هه‌وادا، له‌م چركه ساتهدابۆن ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت. هه‌رچی له‌م مه‌یدانه‌یه به پیاو و ئافره‌ت ئاوێزانی یه‌كتر ده‌بن و سێكس ده‌كه‌ن، گرینۆی ئه‌و هه‌موو كوشتاره‌ی له‌پێناو ئه‌و دیمه‌نه‌دا كردووه. ڕۆلی بۆنكردن لێره‌دا به‌خشینی ژیانه، جوانكردنی ژیانه، گه‌یشتنه به ترۆپكی ئۆرگانیزم و چێژ و جوانی. لێ بۆن له چیرۆكی (ته‌مه پیاو)ی (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب)دا ڕۆلێكی تر ده‌بینێت، لێره‌دا بۆن بۆ مه‌به‌ستی كوشتنی جوانی و ژیان به‌كارهاتووه، واته ئه‌ركێكی تر ده‌بینێت. بۆنكردن بۆ دۆزینه‌وه‌ی عه‌شق به‌كاربراوه. بۆن له‌لایه‌ن مرۆییه به‌دكاره‌كان به‌كاربراوه. لێ ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خه باسكردنی په‌یوه‌ندی نێوان له‌ش و بۆنكردن له‌م چیرۆكه‌دا پێش وه‌رگێڕانی ڕۆمانی (عه‌تر)دا هاتووه. ئه‌م چیرۆكه له‌ساڵی (1989)دا نووسراوه. لێره‌دا ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م چیرۆكه دوای وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه نووسرابا، ئه‌وا گومانی تێدا نه‌بوو كاریگه‌ری ئه‌م ڕۆمانه به‌سه‌ر چیرۆكنووسه‌وه ده‌بوو. لێ ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نییه چیرۆكنووس كاریگه‌ری ئه‌ده‌بیات و ڕێبازی تری به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت.
ئه‌م چیرۆكه له ڕووی زمانه‌وه، زمانێكی هونه‌ری پڕ لهفانتاوی هه‌یه. زۆر هونه‌رییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وشه‌كاندا كراوه، هه‌رچه‌نده شێوه‌زاری ناوچه‌ی موكریانی به‌كاربردووه، ئه‌ویش بێگومان به‌هۆی ئه‌وه‌یه له‌وده‌مدا چیرۆكنووس له‌ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ ده‌ژیا، قه‌ڵادزێش له ناوچه‌ی موكریانه‌وه نزیكه و هامووشۆییان به‌سه‌ریه‌كه‌وه هه‌یه، به‌ڕای ئێمه‌ش شێوه‌زاری موكریان زۆر خاوێنه و بۆ نووسین زۆر شیاوه. زمانه‌كه‌ی ساده و بێ گرێوگۆڵه، ده‌گه‌ڵ به‌كاربردنی چه‌ندان وێنه‌ی فانتازی، زمانی فانتازی به‌كاربردووه. هه‌روه‌ها زمانه‌كه زیاتر زمانێكی شیعرییه، وه‌كوو دهقهكانیتری زمانی گێڕانه‌وه‌ی شیعرییه‌تی تێدایه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زمانی گێڕانه‌وه‌كه‌ی تۆزێكیش گران بێت، زمانه‌كه‌ی شێوه‌یه‌كی گوندی هه‌یه‌ن ئه‌مه‌ش دهستڕهنگینی چیرۆكنووس ده‌سه‌لمێنێت.
چیرۆكنووس ده‌نێو ئه‌م چیرۆكهیدا زۆر ته‌كنیكی هونه‌ری به‌كاربردووه، وه‌كوو دایه‌لۆگ و مه‌نه‌لۆگی به‌كاربردووه. هه‌روه‌ها ڕێره‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان له‌سه‌رتاوه ده‌ستپێده‌كات بۆ ناوه‌ڕاست و كۆتایی و دواتر به‌هه‌مان ئه‌و چه‌ند ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ی پێ ده‌ستپێكردووه چیرۆكه‌كه‌ی پێ قوفڵ ده‌دات به‌م شێوه هێڵكارییه‌ی خواره‌وه:
سه‌ره‌تا ناوه‌ڕاست كۆتاییی سه‌ره‌تا
واته ده‌سپێكردنی ڕوودانی ڕووداوه‌كان شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی ده‌بێت، كه‌واته ئه‌م چیرۆكه كۆتاییه‌كی كراوه‌ی نییه‌ن به‌ڵكوو كۆتاییه‌ی داخراوی هه‌یه. به‌مه‌ش خوێنه‌ر ناتوانێت، له‌خه‌یاڵی خۆی درێژه به ڕوودانی ڕووداوه‌كان بدات. به‌هه‌رحاڵ (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) یێكێكه له‌و چیرۆكنووس و ڕۆماننووسانه‌ی زۆر گرنگی به‌زمان ده‌دات. زمان لای ئه‌و ئه‌وپه‌ڕی نواندنی هونه‌ره، لێ هه‌موو ته‌كنیك هونهرهكانیتری گێڕانه‌وه گرنگی و بایه‌خی خۆیان هه‌یه.
سه‌رچاوه‌كان:
1.پێنجه‌مین كتێب، ڕۆمان، جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، ده‌زگای موكریان، هه‌ولێر، 2009.
2.بۆچی چیرۆك ده‌نووسین؟، هۆشه‌نگ گوڵشیری، و/به‌ڕۆژ ئاكره‌یی، فه‌رهه‌نگی هه‌ولێر،ژ/42 ی ئابی 2010، ل22.
3. عه‌تر چیرۆكی بكوژێك و بكوژی چیرۆكه‌كان، هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د، گۆڤاری هه‌نار، ژ/53، یۆنیۆی 2010،ل47.