Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دادگا و نوسەر! …. شەفیقی حاجی خدر

دادگا و نوسەر! …. شەفیقی حاجی خدر

Closed
by January 6, 2011 گشتی

کاتێ ئاساییانە بەگوێرەی بنەماکانی دێموکراسی و دەوڵەتی قانون، لەم ناونیشانەی سەرو بڕوانین، بارێکی نائاسیی دێتە‌پێشەوە و تەنانەت هێدمەگرتیش دەبین؛ چونکە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان ناواخنی پیشەی هەردوو تای هاوکێشەی ناونیشانەکە نابیندرێ؛ کەواتە بۆچی لەتەنیشت یەکدی ریزکراون؟

جارێ لەبەراییەوە کە دادگا لە پرسێک دەکۆڵێتەوە، ئەوا راستەخۆ بزوێنەرێکی هەیە. واتە ئۆتۆماتیکیانە لەسەر بارێکی لەنگ هەڵناداتێ، بەڵکو لەڕێی دەزگایەکی گرنگەوە کە داواکاری گشتییە، هەڵدەداتێ. حیکمەتی ئەمەش هەموی بۆسەرەتای بێلایەنی و دادپەری و دەگەڕێتەوە. بۆیە کاتێک پرسی نوسەرێک دەچێتە بەردەم دادگا ئەوا رەهەند و لێکەوتەی دیکەی هەیە.

لەسۆنگەی تریاس پۆلتیکای مۆنتسکیۆوە ئەلفوبێیەکی قانونیە کە سێ دەسەڵاتی لەیەکجیاواز و سەربەخۆ هەبن. رەنگبێ ئەو سەربەخۆییەتیە لە هەردوو دەسەڵاتی قانوندانان و کارگێڕیەوە زیاتر شتێکی تیۆری بێ، چونکە تێکچڕژاون. ئەمەش بابەتێکە دەچێتە خانەی قانونی دەستوری و لەم کورتە وتارەماندا جێی نابێتەوە.
لی گەلٶ ئەوەی قانونناسان لەسەری رێککەوتون بێلایەنی وسەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەرییە.
بابێینەوە سەر بنجوبانوانی پرسەکەمان. کاتێک پێوواژۆیەکی دادوەری دژی نوسەرێک رێکدەخرێ، بەگوێرەی قانونی عێراقی و لای خۆمان بە فلتەری داواکاری گشتیدا رەتدەبێ. دیاریشە هێشتا لای ئێمە داواکاری گشتی سەربەدەسەڵاتی کارگێڕییە و نەچۆتە نێو دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەری. ئەمە لەسەرێکەوە  لەسەرێکی دیکەشەوە هەر لای ئێمە خودی دەسەڵاتی دادوەری بە لایەنە ماددی و واتاییەکەوە بە فلتەری هەردوو دەسەڵاتەکانی قانوندانان و کارگێڕیدا رەتدەبێ، یەکەمیان ئەوەیە کە قانونەکانی دەسەڵاتی یەکەم دەبێ پەیڕەوبکا، دووهەمیشیان چۆنیەتی دامەزراندن و دەرهاوێشتەکەی بە فلتەری دەسەڵاتی کارگێڕیدا رەتدەبێ، لەسەروی هەموشیانەوە پرسی بەحزبووبوونی جومگەکانی دەوڵەت. بێگومان ئەم رێکارەش راستگۆییەتی سەربەخۆیەتی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری دەباتە سەر سەنگی محەک.
هەرچەندە مێژوش پڕە لەو پێشهاتانە، بەڵام دەمێکە مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی حاشایان لێکردووە و سیستمی دێموکراسی و دەوڵەتی قانونیش بەرنەفرەتیانداوە.

ئەوەی جێی سەرنجە پرسی دادگاکردنی نوسەران کەزیاتر لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماددەی ٤٠٣ی قانونی سزادانی عێراقیدا خۆیدەبینێتەوە، چەند سەرەداوێکی لێدەبێتەوە: یەکەمیان دەقی قانونەکە بەو شێوەیەی ئێستا لە ١٩٨٩ گۆڕاوە، دیاریشە فەلسەفەی رژێم لە داڕشتنەوەی ماددەکە چی بووە. دووهەمیش ئەوەیە تۆبڵێ کێ بتوانێ پێناسەی ئەو کارانە بکا کە” ناموس و ئادابیی گشتی’ دەوڕوشێنن، وەک لەدەقی ماددەکەدا هاتووە. ئەو جۆرە پێناسە گشتگرانە راڤەی زۆر هەڵدەگرن، هەمودەم بوونەتە دوخی شمشێر بەدەست نیازی دەسەڵاتداران بۆ ئیجراکردنی حوکمیان.

هەروەها شتێکی دیکەی هاوپێچیش؛ زۆرجار وایە لێکدانەوەی پێناسەی ماددەکە بەدیینەوە گرێدەدرێ یان پیاوانی ئایینی لەسەری هەڵدەدنێ. دەکرێ لەم پانتاییەشدا بگوترێ گەرهاتبا و هەمان لۆژیک سەد دووسەد ساڵێک لەمەوبەر هەبووایە، ئەوا شاعیر و نوسەری کورد ” زۆربەیان لەلانکەی مەلایەتییەوە پێگەییون” لەبەر حوکمی دادگاکە دەرنەدەچوون. ئیدی دادگای سەدەکانی ناوەڕاستی ئاوڕوپا لەنێو کوردەواریشماندا پەیڕەودەبوو. ئاخر لەبارەی کچ و مەی و عەشق و فەنابوون و رەمزو رموزەکانییەوە هەر لە حەزرەتی نالی وە بگرە تا شێخێکی تەریقەتی وەک سافی هیرانی، پێچەوانەی لێتێنەگەیشتن و لێکدانەوە سادەییە هەنوکەییەکەی داواکاری گشتی و دادگایە کە خاوەن قەڵەمێکی پێدادگادەکەن.
سەیر لەوەدایە فەلسەفەی داواکاری گشتی و داگا بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانە، کەچی ئەنفالچییەک بەنوێژی نیوەڕۆ دێت و دەچێت، بەڵام رۆح پەپولەیەکی نوسەر کە هەمیشە وەک مۆم بۆ نەتەوەکەی دەتوێتەوە دەکەوێتە بەر شمشێری دیمۆکلیسی ئەوەی پێی دەگوترێ  ماددەی ٤٠٣ و دەرهاوێشتە سەقەتەکانی تێگەیشتنی داواکاری گشتی و دادوەری لای خۆمان.

شەفیقی حاجی خدر
Shafiq68@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.