Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مەلاکان بەتەنها نین! …. کازم قادر

مەلاکان بەتەنها نین! …. کازم قادر

Closed
by January 8, 2011 گشتی

دیارە کارنامەو مێژووی دەسەڵاتی بیست ساڵەی ناسێونالیزمی کورد،هەر ئەوە نییە کە سەرەتاو لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕیندا،بەنێو تاڵانکردن و دزینی کەرەستەی دەزگەودامەزراوەکانی ڕژێمی پێشوودا گوزەریکرد،هەر ئەوە نییەو نەبوو کە هەر شتێک پارەی دەکرد دەدزراو ئاودیو دەکرا،بەتەنها شەڕی دڕندانەو کۆنەپەرستیی ناوخۆش نەبوو کە هەموو بەهای مرۆیی دەخستە ژێر چەکمەی جەنگاوەرە دڵ ڕەقەکانی،ئەو جەنگاوەرانەی(پێشمەرگانەی)پەڕۆی زەردو سەوزیان لە دەمی کوژراوە بەجێماوەکانی بەرەی جەنگەکانیان دەئاخنی،دیلەکانیان ئەتک و گوللەباران دەکردن،بەتەنها قارەمانانی ژن کوژیییش نەبوون،هەر ئەوەش نەبوون لەشکری دەوڵەتە دڕندەکانی ناوچەکەیان دەهێنایە سەر خەڵکی کوردستان و…
هەڵبەت ژماردنی کارنامەی بەدو ناشیرینی ناسێونالیزمی کورد دوایی نایێت،مەبەستیشم ژماردنی دزێویێکانی نێو ئەو مێژووە نییە کە تا لەسەری بدوێی تۆقێنەرترو فرەوانتر دەبێت،بەڵکو هەمیشە ئاوڕدانەوە لە مێژوو،لە ئەرشیفی مێژوو،هەم بەرچاومان ڕوونتر دەکاتەوەو هەم دەتوانین هەلومەرج و بابەتە فەرهەنگیی و سیاسیی و کۆمەڵایێتییێکانی ئەمڕۆی پێخوێنینەوە.واتە شاڕەگی باری کۆمەڵایێتیی هەر سەردەمێک لەنێو مێژوودایە،هیچ شتێک و هیچ دیاردەیێکی کولتوریی سیاسیی و کۆمەڵایێتیی هەنووکەیی کە خەریکە زیندەگیی وێران دەکات،پەلاماری ویستی ئازادییێکان دەدات،نوسەران و قەڵەمەکانیان لەغاو و تیرۆر دەکات،دیکتاتۆرەکان دروست دەکات…تاد،لە دەرەوەی مێژووەوە نەهاتوون و نایێن.
بەڵام مێژوو تەنها وشە یان زاراوەیێکی ڕووت_ئەبستراکت نییە کە لە زۆر نوسیندا زۆر ڕووکەشانەو بەبێ باکگراوندێکی تێۆریی قووڵ بەرجاومان دەکەوێت و دەیخوێنینەوە،یانیش دەیبیستین.مێژوو واتە دوێنی چی کرا!چالاکییە کۆمەڵایێتییێکانمان چ بوون و بە چ ئاراستەیێکدا پاڵمان پێوە دەنا؟ئایا خەریکی دروستکردنی ماڵێکی مرۆیی بووین لەنێو ژیاندا یان وێرانکردن؟کەرەستەکانمان ڕەش یان ڕەنگین بوون!بە کورتیی مێژوو،واتە کۆی چالاکییێکانی مرۆڤ،کۆی شتە مادیی و هزرییێکان،لە دروست کردنی خانوویێکەوە تا دەگاتە کایێکانی هزرو هزرگەریی.ئەو کۆشکەی دوێنێ دروستکراوە ئەگەر لەسەر بنەمای زانستی تەلارسازیی دروست نەکرابێت،دەشێت بێهێزترین زەمینلەرزە وێرانی بکات،سەبارەت کایە هزریی و هزرگەرییێکانیش کە لە توێیدا چەندین بابەتی وەک:هونەرو وێژە، ساسەت،ئەخلاق و نەرێتە کۆمەڵایێتییێکان و…تاد هەیەو دەتوانین لەنێو زاراوەی کولتوردا هەم کۆیان بکەینەوەو هەمیش پەی بە خەسڵەتە ڕەش یان ڕەنگینەکانیان ببەین.واتە دۆخی فەرهەنگیی و کۆمەڵایێتیی هەنووکەیی ئەو ئاوێنەو سەرزەمینەیە،دەتوانین لێیێوە بزانین لەنێو مێژوودا چیمان کردووە،چ کۆشکێکمان دروست کردووەو چ فەرهەنگێکی جوان یان ناشیرینمان بەرهەم هێناوە!
دوای ئەم سەرەتا کورتە،پێویستە بە دوای هەراسانبوون و هیستریای مەلاکان لە نوسین و هزرگەران (ڕۆشنبیران)و دەنگی بۆ ئازادییخوازییدا بگەڕێین،ئەو کێڵگە بە پیتە دۆزەخییانە بدۆزینەوە تێیدا فەرهەنگی مەلاو کۆنەپەرستیی گەشە دەکات.
بەبۆچوونم،گەڕان و پەیبردن بە قیژەقیژو چەقۆهەڵکێشانی مەلاکان بەبێ تێگەیشتن و پەیبردن بە دەسەڵات و فەرهەنگی سیاسیی پارتیی و یەکێتیی هیچ واتایێکی نییە.لە هاوکێشەی نێوان مەلاو دەسەڵاتی کوردییدا،کۆمیدیترین شت ئەوەیە بچین ئێخەی مەلاکان بگرین!مەلاکان تەنها گۆپاڵی کۆنەپەرستیین بەدەست دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی کوردستانەوە.من لەچەند نوسینیتردا بە کورتیی و کۆنکریتیی ئاماژەم بەو بارودۆخە ترسناکەداوە ،کە مەلاکان بە درێژایی مێژووی دوای ڕاپەڕین و بە تایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا ‌قۆڵی ڕەهای کۆنەپەرستییان هەڵماڵیوەو ڕاست و چەپ شاڵاو دەکەنە سەر نوسەران و قەڵەمەکانیان،‌هێرش دەکەنە سەر شیعرو ئەدەبیات و هەر خەون و خەیاڵێک بۆنی جوانیی و مرۆڤایێتیی لێبێت.مەلاکان ئینتیهازیترین و سەرخوارترین توێژی مرۆیی نێو کۆمەڵگەن،بەهۆی پێگەی مشەخۆریی و چاولەدەستیی ئەوانیترەوە لاوازترین کەسایێتییان هەیە.ئەو پاڵەوانبازییێی مەلاکان لەبەرامبەر هزرو وشەو خەیاڵ و جوانییێکانی هونەردا،کەم و زۆر پەیوەندیی بە ئازایێتیی و سەرسەختییانەوە نییە لە بیروباوەڕە ئایینییێکانیان_ئەگەرچی ئەو قیڕەقیڕەش دەکەن_بەڵکو گرێدراوی ئەو فەزا کۆنەپەرستییە ڕەهایەیە کە دەسەڵاتی کوردیی خولقاندوویێتی.مەلاکان ئەگەر هیچ شتێک نەزانن بەڵام ئەوە دەزانن دەسەڵاتی کوردیی لانکەی ئەوانە،ئەو مینبەرو منارە دۆزەخییێیە ئەوان تێدا دەتوانن ئازادانە بقیڕێنن و فتوای لەت وپەتکردنی نوسەران و قەڵەم و تابلۆ و پەیکەرەکانی بۆ ئازادیی بدەن.بەکارهێنانی مەلاکان ئامرازوگەمەیێکیتری دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کوردە لەبەرامبەر ئەو دەنگ و تروسکاییە ڕۆشنگەرە_بەڵام خەفەکراوەی کۆمەڵگە بۆ ئازادیی.ئەوە کە دەسەڵاتی کوردیی و بە تایبەت پارتیی وەک هێزێکی تەواو کۆنەپەرست و ستەمگەر دەستی مەلاکان و چەقۆکانیان تا گەرووی نوسەران دەبات،دەکرێت لە سێ لاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت:یەکەم پارتی خۆی ڕاستەوخۆ و بە شێوازی بێشەرمانەی مەلاکان(گوتم وەک مەلاکان)ناتوانێت فتوای کوشتن و دەم بەستنی خەونی گەورەی بۆ ئازادیی بدات،ئەگەرچی بە شێوازی خۆی درێغیی لە خوڵقانددنی فەزای ترس و تۆقێنەردا نەکردووە.
دووەم،پارتیی و خەون و دونیای مەلایێتیی،واتە کۆنەپەرستیی،پیرۆزڕاگرتنی بنەماخێڵایێتییێکان،بە کۆیلەکردنی ژنان،دژایێتیی هەر شتێك بۆنی ژیان و ئازادیی لێبێت،پێکهاتەیێکی نەگۆڕی تەواوی دونیابینیی پارتییە،ئەوە کە پارتیی و مەلاکان وەک ئەژدیها لێک ئاڵاون و موتوربەی یەکتر بوونە،هەر یەکەو بە ئاوازێکی ناخۆش و تۆقێنەر پەلاماری خواست و ئارەزووەکانی خەڵکیی دەدەن،هیچیتر نییە بێجگەی یەکبوونیی و بە ئۆرگانیزەبوونیان.
سێهەم و لە هەموویان ترسناکتر ئۆرگانیزەبوونی کۆنەپەرستییە لە دەسەڵات و دامەزراوە حکومییێکاندا. بێمانایە باوەڕمان وابێت مەلاو مایکرۆفۆنی مزگەوتەکان لە دەرەوەی ئۆرگان و سیستەمی حوکمڕانییەوەیە.چوونکە ئەوە گرنگ نییە ئۆرگانەکان چ ناوێکیان هەیە،بە چ دەمامکێک داپۆشراون و چ بانگەشەیێک دەکەن،بەڵکو قسە لەسەر خەسڵەت و ئەو باکگراوندە کولتوریی و هزریی و سیاسەتانەیە کە ڕۆحی ئۆرگانەکان دەبزوێنێت. بۆ نمونە پەرلەمانی کوردستان لە دوێخانێک زیاتر هیچ نییە(ئەمە بەجیا لەوەی دیموکراسترین پەرلەمان لای هیچ بایێخێکی نییە)پەرلەمانی کوردستان تێکەڵەیێکە لە لۆژیک و نەرێتی خێڵ و ئایین.هەڵبەتە کە دەڵێین پارتیی و دەسەڵاتی کوردیی خێڵەکیی و ئایینییە، بەو مانایە نییە بیانکەینە دەرەوەی ئیدێۆلۆژیی ناسێونالیزمەوە،وەک ئەوەی بڕێک لە قەڵەمە ناسێونالیستەکان ئەو بانگەشەیە دەکەن گوایە پارتیی و یەکیتیی ناسێونالیزم نین.چوونکە نەتەوەپەرستیی لەهەر فۆرمێکدا بێت و هەر دەمامکێک بپۆشێت کۆنەپەرستییێکی ڕەهایە،بەرهەمی قۆناغێکی مێژووی مرۆڤایێتییە کە هێشتا دەرگیریی ئەفسانەکانە،بەرهەمی سیستەمی کوێری سەرمایەدارییە.
بۆ پتر تێگەییشتن لە فەزای حوکمڕانیی و هاوکات دۆخی کۆمەڵایێتیی و فەرهەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان،پێویستە چاو لە گوتاری ناسێونالیزمی کورد بە شێوەیێکی گەشتیی و پارتیی بە تایبەت بکەین.چونکە پارتیی بەهۆی باڵادەستییێکی کۆمیدیی و بەزۆر سەپاودا سەری ڕمەکەیە،زیاتر لە هەر لایێنێک ئەمڕۆ پارتیی دۆزەخی مەلاکان جۆش دەدات،ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکات،بەلێشاو سکاڵای هیستریانە لە سەر ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەکان تۆمار دەکات.ئەوە پارتییە دادوەرو دادگەکانی بێسەرو بێبەها کردووەو کردوێتییە ئۆرگانێکی پاراستن!پارتییە لەلایێک جبەومێزەری مەلاکانی بەرداوەتە دەست و پەنجەو قەلەمەکان و لەولاشەوە لە ڕێگەی بە فاشیست کردنی یاساوە،خەریکی چەسپاندنی دادگەی پشکنینی چاخە تاریک و تۆقێنەرەکانە.
مەسعود بارزانی ئەگەر نەڵێت بە ناوی خوای دلۆڤان نازانێت قسان بکات!بەڵام با بزانین لە پشتی ناوی خودای دلۆڤانەوە ج ڕاوەستاوە،چ دۆزەخێک و چ تاریکستانێک،چ فەرهەنگ و باکگراوندێکی ترسناک؟ ئەو شاڵاوی جەهلە کە لە ڕێگەی مەلاکانەوە دەکرێتە سەر نوسەران و هاواری بۆ ئازادییخوازیی،ئەو مێژووە لە ڕەشەکوژیی ژنان،ئەو پەرلەمانەی یاسای فرە ژنیی(ڕیسواکردن و بەکاڵاکردنی ژنان) پەسەند کرد،ئەو باندە ترسنۆکەی گولەی نا بەدەمی سەردەشت عوسمانەوە…ئەوانیتریش،هەموو ئەو فوارەی خوێن و ستەمگەرییە،لە پشتی ئەو ناوی خودای دلۆڤان و ئەو پاشخانە هزریی و کولتورییێدا تێپەڕین.
بیست ساڵە پارتیی و_هەڵبەت ناسێونالیزم کورد بەهەموو باڵە ڕەنگاوڕەنگە ناشیرینەکانێوە_یەک گوتاری کۆنەپەرستیی خێڵەکیی ئایینیی ئاراستە دەکەن،ئەم حکومەت و بزوتنەوەیە لەهەر ڕەوت و بزوتنەوەیێکی ئایینیی توندڕەو و کۆنەپەرست زیاتر کۆمەڵگەیان بەرەو دواکەوتویی فەرهەنگیی بردووە، شەڕی جەهلیان بە هەمان چەکی جەهل کردووە،لە بەروامبەر ئیسلامییێکاندا،هەردەم ڕوو بە کۆمەڵگە جەختیان لە ئیسلام بوون و پابەندبوونی خۆیان بە نەرێتە کۆن و داڕزیو و خێڵەکییێکان کردووە.ئەوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا ئیسلامییێکان بە سەدان هەزار دەنگ دەهێنن،بەرئەنجامی ئەو شەڕی جەهلەیە بە جەهل،قیڕەی مەلاکانیش لە منارەکانی بەخشینەوەی ترس و مەرگەوە،بێڕیشە نییە…!

کازم قادر
08.01.2011

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.