نامه‌کاني عيشق حه‌زێکی سه‌رشێتانه
ئازیزه‌که‌ی هه‌میشه له یادم رۆزه‌خان
سڵاوێك له حه‌ره‌می ته‌نيايي جه‌سته‌و ناخه‌وه بۆ ئازيزترين و شيرينترين خۆشه‌ويستم
شيرينه‌که‌م ………
ده‌کرێ کاتێکی خۆتم بۆ ته‌رخان و واڵا بکه‌يت ، گوێ له ئازاره‌کانی شه‌وێکی ته‌نياييم بگريت ، ئه‌و ئازارانه‌ی زۆرجار له سه‌رو بنی لێوه‌وه درکاندوومن خۆت لێ‌دوور گرتووم ، لای من نيوه‌ی شه‌و ده‌مێکه گوزه‌ری کردووه لای تۆيش ره‌نگه که‌مێکی دی بۆ نوێژی گزنگ و به‌خشين بوون ڕاچه‌نیت و منيش هه‌ر بۆ ئه‌وین و عیشقی تۆ له ته‌ک حه‌رف و وشه و قه‌ڵه‌م وهزر و بیرکردنه‌وه‌تدا گێنگڵ بخۆم و خۆم بخۆمه‌وه تۆیش له ئامێزێکی چڵکن ، ئه‌و ده‌مانه له کڵاوڕۆژنه‌ی ژووره‌که‌مه‌وه ده‌ڕوانمه ئاسمانی پڕله جريوه‌ی ئه‌ستێره ، ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی چاو بۆ عیشقی ئه‌زه‌لی دوو ره‌گه‌ز ده‌بریسکێننه‌وه به ته‌نێ له ژوورێکی سارد و سڕ و ئامێزانی نه‌ک خاڵی بگره وێران و شه‌که‌ت بۆ ئازیزان ئۆقره‌ی لێبڕیووم ، ده‌فکرمه شه‌وانی هاوسه‌ریبوونمان و ئولفه‌تگرتن له سه‌ر یه‌ک سه‌رین و شینداگرتن بۆ جه‌سته‌ی یه‌کدی ، له ناخه‌وه بۆ ئه‌وین و تینوێتی یه‌کتر و جووتبوونمان جۆشبین و غه‌ریزه‌کانمان له ناو یه‌کدی بتوێنینه‌وه .
ئازیزم …..
ده‌زانی ته‌ماسگرتن له گه‌ڵ یه‌کتر یانی ته‌ماسکردن له گه‌ڵ غه‌ریزه‌کانی ناخمان و توانه‌وه له که‌ف و کوڵی ده‌روونمان ، هه‌نگی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌مان وه‌ک گڕه ئه‌زه‌لییه‌که‌ی باوه‌گوڕگوڕ بۆ توانه‌وه‌یه‌کی دی جۆشده‌گرێت ، له گه‌ڵ ریتم و میلۆدی ئیشق کڵپه‌گرتووتر ده‌بێ ، ئه‌رێ تۆ ده‌زانی بۆ خۆت ده‌توانی ئه‌و عه‌قڵه ژه‌نگگرتووه‌ی که‌لتوور تووڕ ده‌ی و له گرێژنه‌وه هه‌ڵیته‌کێنیت ، به‌ئارامگرتن و ئۆخه‌ی کردنت له ئامێزی ته‌نیاییم و پووکانه‌وه‌شی هه‌ر دوو رۆح و جه‌سته ده‌خولقێ بۆ سه‌ر له نوێ زیندووبوونه‌وه‌ی عیشقێکی نه‌مروود و نه‌بیستراو ، که‌چی تۆ غه‌ریزه‌کانت به نائومێدی و له نامورادیا ده‌توێنه‌وه و دڵ و حه‌زه‌کانت له ته‌ک دڵ و ده‌روونما ئاوێته ده‌بن ، وه‌لێ جه‌غار ئه‌و هۆگر بوونه‌ی دڵت ساتێ ئه‌و سنووره عه‌قڵ ژه‌نگگرتووه‌ی تووڕ نه‌دا تاوه‌کو له‌حزه‌یه‌ک له ئامێزی ته‌نیاییما خه‌ونه‌کانی به‌دی بێنێت ، مه‌رامه‌کانی ئه‌وین مه‌یسه‌ر بکه‌ین ، ده‌زانم تۆیش هێنده‌ی من بۆ تۆ تۆ بۆ من له مه‌راق و تاسوقی جه‌سته‌مای ، لێ شه‌رم وحه‌یاو ترس و عه‌یبه له نیوه رێ پێم ده‌ڵێ تا ئێره و به‌س ئه‌مه‌یش هه‌تره‌شی بردووی ، منیشت له‌تله‌ت و ئه‌نجن ئه‌نجن کردووه ساتێ ناپرسیت چیم به سه‌رهاتووه ، مروه‌ت و ئاوڕه‌کانت هه‌میشه ساردن جێی ته‌نیاییم گه‌رم ناکه‌نه‌وه ،جه‌سته‌ی گڕگرتووم حه‌زه‌متبووه‌کانی له بار ده‌چن و ئه‌و کۆرپه‌له‌یه‌ی له ژانی خۆی راناچه‌نێ تا هاوێربوونی غه‌ریزه‌کان به جه‌سته‌ی نامۆ بوونمان هه‌ڵبزنێت .
ئازیزم…………..
دووری مه‌ودا وای کردووه یه‌کدی بینین له زه‌مه‌نی نزیکدا له قاڵبدانی نیمچه مه‌حاڵدا چه‌قببه‌ستێت، هه‌ر خه‌ون و خه‌یاڵیشه ده‌بنه واقیعێکی سه‌رشێتانه ، بشێ ئه‌وه مه‌یسه‌ر ببێت ؟ ئه‌رێ ئه‌و زه‌مه‌نه سه‌رگوزشته و یاده‌وه‌ری خۆی بۆ ده‌هاتوو تۆمار ده‌کات و ده‌نووسێته‌وه ؟ با نهۆبه کامی دڵ حه‌زه شێت و هاره‌کانمان پێک بگه‌ن و به‌س هێنده سه‌ره‌تاتکێ بۆ یه‌کدی بکه‌ن ، با مه‌رامه‌کانمان له نێو هه‌نگڵی شنه‌باوه به سه‌ر باڵی ئه‌ستێره‌کانه‌وه به یه‌کبگه‌ن ئه‌و له‌زه‌ته پڕ خرۆشه مه‌حف بکه‌نه‌وه، ئه‌و ده‌مانه‌یش وه‌ک تۆزی به‌ر پێت جارێکی دی راست ده‌بمه‌وه‌وبه باڵاتا هه‌ڵده‌زنێم و دبێژم حه‌زم لێته با تێکه‌ڵ بینه‌وه ، ئه‌ز قه‌ت له تۆ و له جوانی چاوه‌کانت و دیقه‌تی باڵا و بۆن‌کردن و ماچبارانت تێر نابم ، ئیدی چۆن پێم ناڵێی له حه‌ژمه‌ت ئه‌وانی دی ناپووکێمه‌وه و نابمه ره‌ژووی کوانووی ئاگردانت ؟ به‌ڵکو به‌زه‌ییه‌کت پێم‌دا بێته‌وه به فوویه‌کی کووانووه‌که ته‌پ و تۆزی ژیله‌مۆییم به سیما و رووخسار و سینه و جه‌سته‌ته‌وه ده‌نووسێ و تا ده‌مانی رووناکی رۆژ خاوبوونه‌وه‌م ناتۆرێت و به هه‌ر جارێکی دی فووکردنت له ئاگردانه‌که بۆ حه‌زه‌کانم زیندوو ده‌بمه‌وه عیشقیشم له نمه بارانه‌وه ده‌بێته رێژنه‌ی به‌خووڕ و شه‌سته و هه‌میشه به باڵای خوان و چاوه پڕ له جیلوه‌کانی عتشقت راده‌گوزه‌رێم و نوێ ده‌بمه‌وه هه‌ر نوێ ده‌بمه‌وه قه‌ت تێرت لێناخۆم ئازیزم …. ده‌سا روحمێک
15/10/2010
سه‌ردار جاف
به‌لجيکا