
به گۆدۆ بڵێن ئێمه نایه‌ین
((سه‌باره‌ت به بهیاننامهپڕ ئیمزاکه))
کاتێک ئه‌و بایاننامهیهم بینی که 1300 ناسراو به ڕۆشه‌نبیر ئیمزایان کردبوو، تووشی شۆک نه‌بووم.زۆر ساده‌یه، که‌سێک تووشی شۆک ده‌بێت که لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌و ناوانه هه‌بێت که ئیمزایان له‌سه‌ر به‌یاننامه‌که کردووه.من پێم وایه به‌شێک له‌وانه ئاگایان له ناوه‌ڕۆکی به‌یاننامه‌که نییه، جا چۆن ئیمزاکانیان که‌وتۆته سه‌ری ،ئه‌وه‌یان پێویستی به وه‌ڵامدانه‌وه‌و ڕوون کردنه‌وه‌یه.من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌م که له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا چ به گروپ و چ وه‌کو تاکه‌که‌س به‌شێک له ئیمزاکه‌ره‌کان داوای لێبوردن بکه‌ن و شانی خۆیان له هه‌ڵگرتنی ناوه‌ڕۆکی به‌یاننه‌مه‌که خاڵی بکه‌نه‌وه.
کێ تووشی شۆک ده‌بێت؟
تا ئێستا ده‌یان ووتارو باس و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر چه‌مکی ((ڕۆشهبیر)) کراوه،ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکێکی زۆر تووشی شۆک ده‌کات کاتێک به‌یاننامه‌یه‌کی له‌م جۆره ده‌بینێت،ئه‌و پێناسه نا درووستانهیه که بۆ ڕۆشه‌نبیر ده‌کرێن.له لای من کێشه‌که ته‌نها له‌وه‌دا نییه که 1300 که‌سی ناسراو و به ناوبانگ به‌یاننامه‌یه‌کی له‌م جۆره ئیمزا ده‌که‌ن،به‌ڵکو کێشه‌که له‌وێدایه که ئێمه تا ئێستا نه‌مان توانیووه چه‌مکی ڕۆشه‌نبیر بخه‌ینه نێوان دوو که‌وانه‌وه.
تا ئێستاش بۆچوونێک باوه بره‌و به‌وه ده‌دات که ڕۆشه‌نبیر که‌سێکه توانای ڕاڤه کردن و تێگه‌یشتن له هه‌موو کایه‌کان و عیلاج دۆزینه‌وه بۆ هه‌موو زامه‌کانی هه‌یه،له‌مه‌ش گرنگ تر ئه‌و که‌سێکه به حوکمی (ڕۆشه‌نبیر )بوونی مه‌سئولیه‌تێکی ئه‌خلاقی له‌سه‌ر شانه که چوار چێوه بۆ وه‌زیفه‌کانی ده‌کێشێت،واته ڕۆشه‌نبیر ئه‌و که‌سه‌یه که ته‌واوی ژیانی خۆی بۆ خزمه‌ت کردنی کۆمه‌ڵگا له هه‌موو بواره‌کاندا ته‌رخان ده‌کات.که ئه‌مه بوو به پێناسه‌ی ڕۆشه‌نبیر ئیتر چاوهڕوانییهکانیشمان له ژماره‌یه‌کی زۆر له‌وانه‌ی که ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌یان ئیمزا کردووه زۆر له‌وه گه‌وره‌تر ئه‌بێت که له واقیعدا ده‌بێت هه‌مان بێت.
له‌لای من ڕۆشه‌نبیر ئه‌و که‌سه نییه که تا ئێستا پێناسه کراوه،بۆ من ڕۆشه‌نبیر زۆر به ساده‌یی که‌سێکی به مهعریفهتهو توانای ڕاڤه کردن و ده‌ست خستنه سه‌ر کێشه‌کانیشی زۆره‌و ڕه‌نگه ده‌رمانی چه‌ند دهردێکیشی له‌لابێت،ئه‌مه‌ش به‌شی یه‌که‌می ئه‌و پێناسه‌یه‌یه که بۆ ڕۆشه‌نبیر کراوه،به‌ڵام به‌شی دووه‌م که بارگاوی کردنییه‌تی به مهسئولیتێکی ئه‌خلاقی ،ئه‌مه‌یان هه‌ڵه‌یه‌که زۆر له‌وه خه‌ته‌رتره که ڕابه‌رایه‌تی خۆپیشاندنێک بۆ دیفاع کردن له حه‌یوان ببه‌خشیت به که‌سێک که قه‌فه‌سێکی پڕ له ڕیشۆڵه‌ی پێ بێت.
ئه‌گه‌ر له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا کۆمه‌ڵگا چاره‌نووسی خۆی ته‌سلیم به‌و ناوانه نه کردایه که وه‌کو ڕۆشه‌نبیر و پێناسهشمان بۆ ڕۆشه‌نبیر ئه‌و پێناسه‌یه نه‌بوایه که ئاماژه‌مان پێ‌کرد،ئێستا به دڵنیاییه‌وه نه ده‌گه‌یشتین به‌و خاڵه‌ی که ئێستا پێی گه‌یشتووین.
گاڵته‌جاڕی ئه‌وه‌ی که به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی ڕۆشه‌نبیر بکه‌یت ،هیچ له‌و گاڵته جاڕییه که‌متر نییه که شاعیر وه‌کو که‌سێکی نه‌رم و نیان و ناسک و به‌سۆز پێناسه ده‌کات ئه‌م پێناسه‌یه‌مان بۆ شاعیر هه‌یه‌و له‌و لاشه‌وه سه‌دان بگره هه‌زاره‌های وه‌کو عه‌بدول ڕه‌زاق عه‌بدول واحیدمان هه‌یه که له فیستیڤاڵه شیعرییه‌کاندا له هه‌وڵی ئارایش کردنی ناشیرینیه‌کانی سه‌دام و شوشتنه‌وه‌ی گوناهه‌کانی و پڕ کردنی ده‌مانچه‌که‌ی له گووله و ده‌روونی له ڕق و قینه‌و چاندنی حه‌زی تاوان له خانه‌کانی مێشکیدا بوو.
بۆ من ئه‌وه‌ی ڕۆشه‌نبیر له نا ڕۆشه‌نبیر جیاده‌کاته‌وه ته‌نها ئه‌و بڕه مه‌عریفه‌یه‌یه که هه‌ریه‌کێکیان پێیه‌تی،ده‌کرێت که‌سێکی نا ڕۆشه‌نبیر بیت ،به‌ڵام مه‌سئولیش بیت به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگاو له‌و ئاکسیۆنانهشدا هه‌بیت که ئامانجیان پاڵنانی کۆمه‌ڵگایه به‌ره‌و سکولاریزم و به قه‌د ئه‌و بڕه مه‌عریفه‌یه‌ش که پێته نهقشت هه‌بێت له گه‌یاندنی کۆمه‌ڵگا به که‌ناری پێشکه‌وتن،که‌چی ده‌کرێت ڕۆشه‌نبیریش بیت و له‌سه‌ر کورسییه‌ک که ده‌سه‌ڵات پێت ده‌به‌خشێت نه‌خشه‌ی دواکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا داڕێژیت،ده‌کرێت ڕۆشه‌نبیر بیت و له قوتابخانه‌یه‌کدا مناڵان فێری ئه‌و وانانه بکه‌یت که تاکێکی ترسنۆک و بێ مه‌عریفه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنێت.ده‌کرێت ڕۆشه‌نبیر بیت و له مزگه‌وتێکدا حوکمی مردن به‌سه‌ر شیعرێکدا بسه‌پێنیت،تابلۆیه‌ک ڕه‌جم بکه‌یت،خه‌ڵکی کۆبکه‌یته‌وه بۆ هۆی ها کردن له قه‌ڵه‌مێک ،ده‌کرێت ڕۆشه‌نبیر بیت و هه‌موو سکولاریزمی کۆمه‌ڵگا به ده دینار نه‌کڕیت و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگاش هه‌راج بکه‌یت.
ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌کرد که نه‌ک 1300 ئیمزا،به‌ڵکو نه‌ک هه‌ر ئیمزا،له‌مه‌ش زیاتر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌کرد که ڕیزی هه‌موو ئه‌وانه ڕێک بخرێن که درک به‌و خه‌ته‌ره ده‌که‌ن که ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگا دوو چاری بۆته‌وه،بۆ جیا کردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت ،که ئه‌مه وه‌زیفه‌ی ئێستای ئه‌و نوخبه‌یه نییه که ده‌توانن ڕیزه‌کان بۆ کارێکی له‌م بابه‌ته ڕێک بخه‌ن،به‌ڵکو وه‌زیفه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوویان بوو.
من هیچ دڵخۆشهکم بۆ هه‌ندێک له‌و ناوانه نه‌بووه که به‌یان نامه‌که‌یان ئیمزا کردووه و هیچ ئومێدێکیشم پێیان نه‌بووه که بتوانن بچووکترین هه‌نگاو بۆ بچووکترین گۆڕانکاری ئیجابی بنێن،به‌ڵام سه‌یرم له هه‌ندێک ناوی تر دێت که داوا ده‌که‌ن خوتبه‌ی جومعه له ڕیی سه‌ته‌لایته‌کانه‌وه ڕاسته‌وخۆ بگوازرێته‌وه.ئه‌مه داواکاری ئه‌و شاعیر‌و شانۆکارو وێنهکێشانهیه که تا ئێستا نه کۆڕێکی شیعریان،نه شانۆگه‌رییه‌کیان،نه مهعرهزێکیان،نه سیمینارێکیان،نه‌ک هه‌ر ڕاسته‌وخۆ ،به‌ڵکو به تۆمار کراویش له ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه په‌خش نه‌کراوه،بۆ ئه‌وان کامه‌یه‌ن داواکارییه‌کی ڕه‌وایه،کامیان زه‌روره‌ته،کامیان وه‌زیفه‌یه؟ گواستنه‌وه‌ی خوتبه‌ی جومعه یان کۆڕی شیعری و شانۆگه‌ری و مه‌عره‌زی ڕه‌سم و چالاکییه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانی تر؟ئه‌گه‌ر ئه‌رکێکی گرنگی ڕۆشه‌نبیران ئاگادار کردنه‌وه بێت،ئه‌وه ده‌بێت ده‌ست خۆشی له‌و براده‌رانه بکه‌ین که له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ئه‌رکی خۆیان له ئاگادار کردنه‌وه‌و سه‌رنج ڕاکێشانی مه‌لاکان به‌جێ گه‌یاندووه له گواستنه‌وه‌ی خوتبه‌کانی جومعه نه‌ک له که‌ناڵه لۆکهڵیاکانهوه به‌ڵکو له سه‌ته‌لایته‌کانه‌وه ،تاوه‌کو ئێمه‌ش که له هه‌نده‌ران نیشته‌جێین لێیان بێبه‌ش نه‌بین.
شتێک له ناوه‌وه پێم ده‌ڵێت به‌شێک له‌و ناوانه‌ی که له‌سه‌ر به‌یاننامه‌که‌ن ئاگایان له ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی نییه‌و ڕوون کردنه‌وه‌ی خۆشیان له‌م باره‌یه‌وه ده‌ده‌ن،ئه‌مه ڕه‌نگه حه‌ز بێت ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر حه‌قیقه‌ت بێت، ئه‌وه ده‌بێت گۆدۆ چاوه‌ڕوانی ئێمه بکات تاوه‌کو گڵۆپی مۆدرینیزم و سکولاریزم له تاریکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌ڵ بکه‌ین.
12-1-2011