ئەو شاژنەی عەرشم لەبەردەمی لەرزا…
ئەی شاژنەکەم….
دابەزە لەو بەرزیە ،
تۆ بۆ خۆت بەرزی ،
نایەوێ لە سەر پەنجەکانت بەرزەپێ بیت ،
خۆ درەختی باڵات بەرزە..
ئەی شۆخەژنەکە..
با عەرشی پیاوەتیم ،
لەبەردەم رازی ژنایەتیت ،
تاوێک بچەمێتەوەو
بڕبڕەکەشم کووڕ ببێتەوە…
ئەوە کورسی عەرشەکەمە ،
فیدای چۆک دانێکی تۆ بێ و
با لە سەرسینگم بیگرسێنەوە…
دەبا قودرەتم لە بەرامبەر قادرت ،
بە قوربانی یەک تەشریفی خێرت بێ..
بە بێ فەرمانی ،
موتلەقی شاهانەت ،
ئەو کۆشکەم بە کۆریتێک ،
ئەزانم..
خەونە سپیەکانم ،
لە بن سێبەری تارای جەبەرۆتت ،
سیحریان بەتاڵ ئەبن و
بوون ونەبوونم وەکو یەک ئەبن…
لە بازاڕی موزایەدەیەکی کەرامەت وکبریائەتدا ،
پولێکی قەلپ ناهێنن…
من لە بەردەم ئەو تەخت وتاراجەتدا ،
باڵدارێکی باڵشکاوو…
جەستەیەکی بێ رۆحم..
ئاسودەم بە تەقدیس وتەکریمی ،
تاجی سەر سەرت…
خۆشبەختیە ئەو ملکەچی ،
بوونە….
من کە سوجدە بۆ نووری چاوی تۆ ،
نەبەم ،
میحراب ونوورو بەهەشتی دوای قیامەتم ،
لۆچیە ،
کە قیامەت و رۆژی حیسابم ،
لە دووری ئامێزی تۆوە بێت ،
سوتانم لە وجەهەنەمەی فیراقت ،
کوفرو ئیلحاد نیە…
ئەوانە برژانگم نین ،
فەرشی سۆرو مۆرن ،
پێیان لە سەردانێ…
با رەوتی شاهانشاهانەت ببینم ،
وەکو پۆڕ تێپەڕێت…
جۆڵانەی ئەرخەوانی سەرخەوێکی مەلیکانەت ،
بە رایەلی شادەمارەکانی دڵم ،
هەڵواسە….
هەمیشە بە سەفای راژەنینێک…
لە بەر پێی هاتنی فەخامەتت ،
ئەبنە خاکوخۆل و
خۆیان رائەخەن…
سەرکەوە با نوکی کەعبی پێڵاوەکانت ،
لەو دڵ ورۆحەم زیاتر راچێت ،
دەبا لە بن پێت باشتر بپلیشێنەوە…
ئەگەر دڵێک لە رێگەتە سەر دانەنێت ،
شەهیدێکی نەمر نیەو
با سەد جار بمرێت…
ئەوە لە بەخشندەیی خۆتە ،
ئەگەر جار نا جارێ ،
بە تیلە رقێک و
نەرمە خێسەیەکیش ،
ناوم بە سەر نوکی زارت بێنی و
لایەکی ئەو سەحرایەم ،
لێ بە بەهەشت کەیتەوە….
١٢-١-٢٠١١
هۆڵەندە-دێلفت